2 کاتژمێر پێش ئێستا
65 جار خوێنراوەتەوە
لە تیرۆرکردنی "سیپان"ەوە بۆ پشێویی زیندان؛ لە رۆژئاوای کوردستان چی ڕوویدا؟
لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەدا، ڕووداوێکی دڵتەزێن و کارەساتبار شاری کۆبانی و ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستانی هەژاند، کاتێک ئاگرێکی گەورە لە بینای زیندانی شارەکەدا هەڵگیرسا. ئەم ڕووداوە کارەساتبارە کە هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلێکی توندی گرژی و ئاڵۆزیی ئەمنی، زیانی گیانی و مادی زۆری لێکەوتەوە و قووڵایی کێشە و قەیرانە ئەمنییەکانی ناوچەکەی زیاتر خستە ڕوو.

قوربانییانی کارەساتی زیندانی کۆبانی
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان و سەرچاوە خۆجێییەکان، ئاگرەکە لە دەوروبەری کاتژمێر دووی بەرەبەیانی لە یەکێک لە بەشەکانی زیندانی کۆبانی کەوتووەتەوە. هۆکاری سەرەتایی ئەم ئاگرە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی دۆخێکی پڕ لە ئاڵۆزی، ناسەقامگیری و ناڕەزایەتی لە ناو زیندانەکەدا، کە ئەوەش لەسەر بنەمای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گواستنەوەی ژمارەیەک لە زیندانیان بۆ شوێنی تر سەری هەڵدا. لە ئەنجامی ئەم پێکدادان و پشێوییە ناوخۆییەدا، ئاگرەکە تەشەنەی سەند و کارەساتی لێکەوتەوە.
تاوەکو ئێستا ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان دەریدەخەن کە ٩ کەس لە دەستبەسەرکراوان و زیندانیان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها نزیەکەی ١٧ بۆ ٢٠ کەسی تریش بەهۆی سووتان و دووکەڵ و هەناسەتەنگییەوە بریندار بوون. بریندارەکان بە خێرایی بۆ نەخۆشخانەی کۆبانی و نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە شارەکە گواستراونەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت، لە کاتێکدا ترس و نیگەرانیی بەهێز هەیە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان بەهۆی سەختیی باری تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکانەوە. هاوکات، ژمارەیەک لە زیندانییەکان توانیویانە لە کاتی ئاژاوە و پشێوییەکەدا هەڵبێن.

هۆکارە سەرەکییەکان: ترۆپکی قەیرانەکە لە کوشتنی "سیپان"ەوە دەستپێدەکات
ئەم ئاگر و پشێوییە لە زیندانی کۆبانێدا لە هۆکارێکی قووڵتر و سیاسی-ئەمنی سەرچاوە دەگرێت کە پێشتر شارەکەی خستبووە دۆخێکی بارگرژییەوە. ڕووداوەکان دوای شەپۆلێک لە ناسەقامگیری دەستپێکرد، کە سەرەتا بە ڕفاندن و تیرۆرکردنی شەڕڤانی کورد "سامي شيخموس حەسۆ" (ناسراو بە سيپان حوزنی) لە حەسەکە دەستی پێکرد. سیپان کە پێشتر لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو و دواتر پەیوەندی بە لیوای حەسەکەی وەزارەتی بەرگریی سووریاوە کردبوو، دوای وەرگرتنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ڕفێنرا و پاشان تەرمەکەی لە گوندی "حلو" دۆزراوەتەوە.
ئەم تاوانە وەک پیلانگێڕییەکی ڕێکخراو و سیاسی لێکدرایەوە کە ئامانج لێی نانەوەی ئاژاوی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە و تێکدانی ئارامیی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، روانگەی سوریا دەڵێت هەواڵگری تورکیا لە دیمەشقەوە پلانی ئەم کارەی داناوە، بەدوای ئەم ڕووداوەدا، شەپۆلێکی تووڕەیی جەماوەری و خۆپیشاندان شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ، عامودا، دێرک و تربەسپی گرتەوە و داوای بەدواداچوونی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوەی بەپەلە کرا. لە بەرامبەریشدا، هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتی دەستبەسەرکردنیان دەستپێکرد و چەندین کەسیان گرت، کە ئەمەش گرژییەکانی ناوخۆی زیاتر کرد و دواجار کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ناو زیندانەکان و تەقینەوەی دۆخەکە هەبوو.

هەڵوێست و داواکارییە فەرمی و مەدەنییەکان
لەم چوارچێوەیەدا، دەنگە ناڕازی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کاردانەوەی توندیان هەبوو. دەزگای خێزانی شەهیدان لە کۆبانی بە توندی ئیدانەی "دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و سوکایەتی بە خەڵکی مەدەنی" کرد کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوشوێنە ئەمنییەکاندا ڕووی داوە و بەرپرسیارێتیی ڕووداوی زیندانەکەی خستە ئەستۆی قایمقامییەتی کۆبانێ و هێزە ئەمنییەکان.

لای خۆیەوە، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ داوایەکی بەپەلە، شەفاف و سەربەخۆی ئاراستە کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئاگرەکە، دیاریکردنی هۆکارەکان، پشکنیینی ڤیدیۆکانی چاودێری، و گوێگرتن لە شایەتحاڵ و ڕزگاربووان. ڕوانگەکە جەختی لەوە کردەوە، پێویستە پاراستنی تەواوی زیندانییەکان دابین بکرێت و ڕێگری لە هەر کاردانەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە بگرێت، چونکە ئەم مێژووە تاریکە پێویستی بەوە هەیە ڕاستییەکان بە ڕوونی بۆ ڕای گشتی بخرێنە ڕوو.
-
سەرۆکی ئەمریکا: جەنگی ئێران کۆتایی دێت و حوسییەکان نایانەوێت ڕوبەڕوومان ببنەوە
|
-
مەرجی نوێی هەولێر و بەغدا بۆ بودجەی ٢٠٢٧؛ وردەکاری کۆبوونەوەکانی وەفدی هەرێم
|
-
لە تیرۆرکردنی "سیپان"ەوە بۆ پشێویی زیندان؛ لە رۆژئاوای کوردستان چی ڕوویدا؟
|
-
١١ ی سێپتەمبەر؛ ئەو رۆژەی ئەمریکا و جیهانی گۆڕی
|
-
وەڵامەكەی تاران بۆ ریاز: حوسییەكان بە ئێمە ڕاناگیرێن
|
-
لە نێوان سەدان ملیار داهاتی "ڕووناکی" و نۆ ملیار دۆلار قەرزدا؛ قەیرانی کارەبا و پرسیارە بێوەڵامەکە
|
-
بەهۆی قەرەباڵغی زیندانەکانەوە؛ عێراق پەنا بۆ ئازادکردنی زیندانییان دەبات
|
-
دەنگێکی تۆمارکراو گومان لەسەر هۆکاری خنکانی خوێندکارە کوردەکەی چین دروست دەکات
|
-
لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا؛ گفتوگۆ یان شەڕ دەستپێدەکات؟
|
|
|
|