1 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
کەجەکە: کورد لە سوریا بێخاوەن نییە
"دەبێت حکومەتی کاتیی لە دیمەشق خۆی لە زیانگەیاندن بە گەلی ڕۆژئاوا بەدوربگرێت"
کەجەکە رایگەیاند، کەمبوونی ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە رۆژئاوا و سوریا بەراورد بە پارچەکانی تری کوردستان، بەو واتایە نییە کە بێخاوەنن و هێرشکردنەسەریان قبوڵ ناکرێت، وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕەخنە لە ڕێککەوتنی تێکەڵکردنی هەسەدە و سوپای سوریا دەگرێت و دەڵێت "جێبەجێکردنی لەسەر زەویی گرنگە".

کوژرانی سیپان و سەرهەڵدانی کێشەکان
لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەدا، ڕووداوێکی دڵتەزێن و کارەساتبار شاری کۆبانی و ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستانی هەژاند، کاتێک ئاگرێکی گەورە لە بینای زیندانی شارەکەدا هەڵگیرسا. ئەم ڕووداوە کارەساتبارە کە هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلێکی توندی گرژی و ئاڵۆزیی ئەمنی، زیانی گیانی و مادی زۆری لێکەوتەوە و قووڵایی کێشە و قەیرانە ئەمنییەکانی ناوچەکەی زیاتر خستە ڕوو.ئەم ئاگر و پشێوییە لە زیندانی کۆبانێدا لە هۆکارێکی قووڵتر و سیاسی-ئەمنی سەرچاوە دەگرێت کە پێشتر شارەکەی خستبووە دۆخێکی بارگرژییەوە. ڕووداوەکان دوای شەپۆلێک لە ناسەقامگیری دەستپێکرد، کە سەرەتا بە ڕفاندن و تیرۆرکردنی شەڕڤانی کورد "سامی شیخموس حەسۆ" (ناسراو بە سیپان حوزنی) لە حەسەکە دەستی پێکرد.
سیپان کە پێشتر لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو و دواتر پەیوەندی بە لیوای حەسەکەی وەزارەتی بەرگریی سووریاوە کردبوو، دوای وەرگرتنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ڕفێنرا و پاشان تەرمەکەی لە گوندی "حلو" دۆزراوەتەوە.ئەم تاوانە وەک پیلانگێڕییەکی ڕێکخراو و سیاسی لێکدرایەوە کە ئامانج لێی نانەوەی ئاژاوی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە و تێکدانی ئارامیی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، روانگەی سوریا دەڵێت هەواڵگری تورکیا لە دیمەشقەوە پلانی ئەم کارەی داناوە، بەدوای ئەم ڕووداوەدا، شەپۆلێکی تووڕەیی جەماوەری و خۆپیشاندان شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ، عامودا، دێرک و تربەسپی و ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.

کەجەکە لەبارەی ڕووداوەکە هاتە دەنگ
کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەم نیشانەیەی حکومەتی دیمەشقی کاتی نەک تەنها لە ڕۆژئاوا و سووریا، بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستان و سەرانسەری جیهاندا بووە هۆی ناڕەزایەتی کوردان. دەم پارتی دەستێوەردانی لە کۆبانێ وەک ئاژاوەگێڕییەک لە دژی پرۆسەی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک لێکدایەوە. کەمبوونی ڕێژەی دانیشتووانی کورد لە ڕۆژئاوا و سووریا بە بەراورد بە پارچەکانی تری کوردستان بەو واتایە نییە کە بێخاوەنن و ئەم هێرشە قبووڵ دەکەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سیپان حوزنی دەکەین کە لە حەسەکە شەهید کرا، هەروەها لە بنەماڵەی ئەو ٩ هاووڵاتییەمان کە لە زیندانی کۆبانێدا گیانیان لەدەستدا، و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
"شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـدا لە چوارچێوەی پلانێکی نێونەتەوەییدا بووە ئامانجی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەتەشە پێکدێن. ڕێبەر ئاپۆ لە دژی ئەم هێرشانە داوای کرد کە کێشەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئیتێگراسیۆنی دیموکراتیکدا بە ڕێگای ئاشتیانە چارەسەر بکرێن، کە لە سەرەتادا بۆ تورکیا و دواتر بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەستنیشانی دەکات. بەدوای ئەم بانگەوازەدا، لە نێوان حکومەتی کاتیی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕێککەوتنێک هاتە ئاراوە. ڕێبەر ئاپۆ پێشتریش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دیموکراتیکبوونی سووریا پێشنیاری دابوو. چەندین جاریش بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای ڕاگەیاندبوو کە ئەم تێڕوانینە بە ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەتوانێت جێبەجێ بکرێت. ئینتیگرەیەک کە لەسەر بنەمای دیموکراتیکبوون بێت. لایەنی دیموکراتیکی ئەم ئیتێگراسیۆنەش بە دانان بە هەموو ناسنامە جیاوازەکان بە شێوەیەکی یەکسان و ئازاد دەتوانێت جێگیر ببێت".

کەجەکە باس لەوەشدەکات، "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی چەندین مانگە بۆ ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک هەم لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا گفتوگۆ دەکات و هەمیش لەم بابەتەدا تێکۆشانێکی کۆمەڵگەیی بەڕێوەدەبات. بەڵام لەم دواییانەدا دەبینرێت کە لە پرسی ئیتێگراسیۆنی دیموکراتیکدا کێشە ڕوودەدەن. لە جیاتی ئەوەی پەروەردەی زمانی دایک لە دەرەوەی گفتوگۆ بێت، دەخرێتە ژێر فشارەوە کە ١٤ ساڵە لە ڕۆژئاوا و ناوچە کوردییەکاندا دەوترێتەوە. هەوڵ دەدرێت پەروەردەی کوردی بە شێوازێکی کاریگەر سنووردار بکرێت، ئەم هێرشە بۆ سەر پەروەردەیەک کە ١٤ ساڵە بەردەوامە، دەریدەخات کە حکومەتی کاتیی دیمەشق نایەوێت بوونی کورد بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بناسێت. بەم شێوەیەش نموونەیەکی مەزهەبی لە نەتەوەپەرستی بەعس دەسەپێنرێت".
"گەل و گەنجانی ئێمە چەندین ڕۆژە لەسەر پێ وەستاون لە دژی ئەمە. نیشانیاندا کە خاوەندارێتی لە پەروەردەی زمانی دایک دەکەن. ئەم هێزە ڕێکخراوەییەی گەلی کورد وادەکات کە پەروەردەی زمانی دایک بەردەوام بێت. گەل و قوتابییان دەڵێن: پەروەردەی زمانی دایک هێڵی سووری ئێمەیە. وتنی ئەوەی کە “لە سەردەمی بەعسدا قەت نەدەخوێندرا” تەنها دیماگوژییە. ئەگەر بابەتەکە بە ڕژێمی بەعس بەراورد بکرێت، ئەمە لە سەرەتاوە بە واتای دروستکردنی زەمینەیەک دێت بۆ سنووردارکردنی ژیانی دیموکراتیک و ئازادی گەلی کورد. گەلی ئێمە نیشان دا کە لایەنگری یاریی بەم شێوەیە ناکات و قبووڵی ناکات". کەجەکە وا دەڵێت.
"ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کۆبانێ نیشانیاندا حکومەتی کاتیی دیمەشق ئیرادەی خۆجێیی ڕەت دەکاتەوە"
باس لەوەشدەکات "ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک بەر لە هەر شتێک بە قبووڵکردنی دیموکراسی خۆجێیی و بە قبووڵکردنی ئیرادەی خۆجێیی دەبێت. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کۆبانێ نیشانیاندا کە حکومەتی کاتیی دیمەشق ئیرادەی خۆجێیی ڕەت دەکاتەوە. بۆ کێشەگەلێک کە لە بواری ناوخۆییدا چارەسەر دەکرێن، ناردنی هێز لە دیمەشق و حەلەبەوە بە واتای بەردەوامبوونی کولتووری بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی بەعس دێت، ئەم نیشانەیەی حکومەتی دیمەشقی کاتی نەک تەنها لە ڕۆژئاوا و سووریا، بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستان و سەرانسەری جیهاندا بووە هۆی ناڕەزایەتی کوردان. دەم پارتی دەستێوەردانی لە کۆبانێ وەک ئاژاوەگێڕییەک لە دژی پرۆسەی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک لێکدایەوە. کەمبوونی ڕێژەی دانیشتووانی کورد لە ڕۆژئاوا و سووریا بە بەراورد بە پارچەکانی تری کوردستان بەو واتایە نییە کە بێخاوەنن و ئەم هێرشە قبووڵ دەکەن".
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە "کوردەکانی ڕۆژئاوا و سووریا ئەو کوردانەن کە شۆڕشی دیموکراتیکیان ئەنجامدا. ئەم شۆڕشە هۆشیاری، ئیرادە و ڕێکخراوەیی پێداون. گەلی ئێمە دەتوانێت ئەم هێزەی خۆی بە چالاکی دیموکراتیک نیشان بدات و هەموو جۆرە هێرشێک تێکبشکێنێت. دیموکراتیکبوون و مافە دیموکراتیکییە بنەڕەتییەکان بە چاوەڕوانی پارێزگاری لێ ناکرێت و بەدەست نایەت! لەبەر ئەوە، گەلی ئێمە دەتوانێت مافە دیموکراتیکییەکانی خۆی لە ناو ڕەواییدا بەکار بهێنێت. هەڵوێستی گەل و قوتابییان بۆ پەروەردەی زمانی دایک نموونەیەکی گرنگی بەکارهێنانی مافە دیموکراتیکییەکانە. بۆ ئەوەی تێکۆشانی دیموکراتیک بەهێز و بەردەوام بمێنێتەوە، زۆر گرنگە کە ڕێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرفراوان و قووڵتر بکرێتەوە".
لە کۆتاییشدا دەڵێت "حکومەتی کاتیی دیمەشق دەبێت خۆی لەو هەڵوێست، نیشانە و دەستێوەردانانە بەدوور بگرێت کە زیانی پێدەگەیەنێت. دەبێت هێزی کوردان بۆ دیموکراتیکبوون و ئارامی سووریا بەکار بهێنێت. دەوڵەتی سووریا کاتێک کە ژیانی دیموکراتیک و ئازادی هەموو ناسنامە و باوەڕەکان بناسێت، ئەو کاتە دەتوانێت ئارام و بەهێز بێت".

هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە
شەوی 25 ی ئابی 2026 مەزڵوم عەبدی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، بەڕێوەبەریی خۆسەر و سەرجەم پێكهاتە سەربازی و مەدەنییەكانی سەر بەو ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستانی ڕاگەیاند.
عەبدی جەختی لەوە كردووەتەوە، پاش ئەم بڕیارە، سەرجەم ئەو دامەزراوە و هێزانە بەتەواوەتی تێكەڵی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكرێن.
ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان یان ئیدارەی خۆسەری دیموكراتی (كە بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش ناسراوە)، سیستمێكی خۆسەر بوو كە لە ساڵی 2014ـەوە لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا دامەزراوە.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسی و سەربازییانە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی 29ی كانوونی دووەم و چوونە نێو ئەو "قۆناغە نوێیە" دێت كە مەزڵوم عەبدی پێشتر ڕایگەیاندبوو.

تورکیا ڕەخنە لە تێکەڵبوونەکە دەگرێت
تورکیا کە پێشتر داوای هەڵوەشاندنەوە و دواتر تێکەڵکردنی ئەندامانی هەسەدەی دەکرد بە شێوەی تاک لەناو سوپای سوریادا، بەڵام ئێستا کە تێکەڵبوون ڕوویداوە و بەڵام بە شێوەی تاک نییە، هاكان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا كۆنگرهی رۆژنامهوانی هاوبهشدا لهگهڵ هاوتا سورییهكهی له دیمهشق رایگەیاند راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هێزهكانی سوریای دیموكرات (ههسهده) گرنگە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەیبینین، بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر زەویش گرنگە.
وتیشی" لە دیمەشق باسمان لە سەردانەکەی سەرۆک ئەردۆغان کرد بۆ سوریا، کە زۆر بە زوویی ئەنجام دەدرێت".
-
حوسییەکان بە سەرپەرشتی ئێران و چاوپۆشی ئەمریکا چۆن گەیشتنە دەروازەی بابولمەندەبن؟
|
-
کەجەکە: کورد لە سوریا بێخاوەن نییە
|
-
هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: چوارشەممە مانگرتنی گشتییه بۆ ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی
|
-
سەرۆکی ئەمریکا: جەنگی ئێران کۆتایی دێت و حوسییەکان نایانەوێت ڕوبەڕوومان ببنەوە
|
-
مەرجی نوێی هەولێر و بەغدا بۆ بودجەی ٢٠٢٧؛ وردەکاری کۆبوونەوەکانی وەفدی هەرێم
|
-
لە تیرۆرکردنی "سیپان"ەوە بۆ پشێویی زیندان؛ لە رۆژئاوای کوردستان چی ڕوویدا؟
|
-
١١ ی سێپتەمبەر؛ ئەو رۆژەی ئەمریکا و جیهانی گۆڕی
|
-
وەڵامەكەی تاران بۆ ریاز: حوسییەكان بە ئێمە ڕاناگیرێن
|
-
لە نێوان سەدان ملیار داهاتی "ڕووناکی" و نۆ ملیار دۆلار قەرزدا؛ قەیرانی کارەبا و پرسیارە بێوەڵامەکە
|
|
|
|