1 کاتژمێر پێش ئێستا
55 جار خوێنراوەتەوە
عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکاندا؛ لە بریمەرەوە تا وتارەکەی زەیدی لە نەتەوە یەکگرتووەکان
پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوە یان هێنانی گروپە چەکدارەکان بۆ ژێر چەتری دەوڵەت، یەکێکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین دۆسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی دەوڵەتی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق لەلایەن بڕیارەکەی پۆڵ بریمەرەوە، بۆشاییەکی ئەمنی گەورە دروستبوو. ئەم بۆشاییە بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گروپی چەکدار بە ئایدۆلۆژیا و ئامانجی جیاوازەوە، لەوانە: ملیشیا تایفەییەکان و هێزە مەزهەبییەکان کە بەشێکیان بە پاڵپشتیی ناوچەیی گەشەیان کرد، و گروپە یاخیبووەکان کە ڕووبەڕووی هێزەکانی هاوپەیمانان و دەسەڵاتی نوێ بوونەوە. هەروەها دەرکەوتنی داعش لە عێراق و هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر مووسڵ و ناوچەکانی تر، بووە هۆی دروستبوونی دەستەی حەشدی شەعبی بە فەتواکەی مەرجەعیەتی نەجەف (فەتواکەی جیهادی کفایی)، کە دواتر بە فەرمی لە پەرلەمانی عێراق بوو بە بەشێک لە سیستمی ئەمنی عێراق.

ئاستەنگەکانی بەردەم چەکداماڵینی گرووپەکان
چەکداماڵینی ئەم گروپانە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی بووەتەوە؛ بەشێکی زۆر لە گروپە چەکدارەکان باڵێکی سیاسیی بەهێزیان لە پەرلەمان و حکومەتدا هەیە، ئەمەش دەسەڵاتی سیاسییان پێدەبەخشێت بۆ ڕێگریکردن لە هەنگاوەکانی چەکداماڵین. لە لایەکی ترەوە، هەبوونی پشتیوانیی بەهێزی دەرەکی، دارایی و لۆجیستی بۆ هەندێک لەم گروپانە، دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لاواز کردووە، و ئەوەش وایکردووە چەکی قورس و سەربازی لە دەستی عەشیرەتەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقدابێت و بەردەوام هەڕەشەبن بۆ سەر سەقامگیری و جێبەجێکردنی یاسا.
سەبارەت بەم دۆخە، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، لە لێدوانێکی تایبەت بە میدیای ئیرادەدا ڕایگەیاند کە لە ئێستادا دۆخەکە جیاوازە، چونکە بەشێکی زۆری سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی عێراق قایل بوون بە بڕیاری چەکدانان. بە باوەڕی جەبار یاوەر، لە سەروی هەموویانەوە گرووپەکەی موقتەدا سەدر ڕازی بووە بە چەکدانان، کە ئەمەش پاڵنەرێکی بەهێز و سەرەکییە بۆ ئەوەی سەرجەم گروپەکانی دیکەش بە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق ڕازی بن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە بێهێزبونی ئێران لە بەرانبەر ئەمریکادا هۆکارێکی بەهێزە بۆ بێهێزبوون و ملدانی ئەو گرووپانە بە بڕیاری چەکدانان.

هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرك جەختی لەوە کردەوە کە ئەولەویەتەکانی حوکمڕانییان ئەوەیە کە دەوڵەت تاکە بڕیاردەر بێت لە بابەتی ئاشتی و شەڕدا و چەک و کەرەستەی دەسەڵات تەنها لە دەستی دامەزراوە دەستوورییەکانیدا بمێنێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ کۆتایهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، پەیوەندییان لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانیان لە هاوکاریی سەربازییەوە دەگوازنەوە بۆ هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات. هەروەها حکومەت بەردەوامە لە شەڕی دژی گەندەڵی، پاراستنی سامانی گشتی، و چاکسازیی بنەڕەتی بۆ بەرزکردنی کارایی کارکردن و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بە ئامانجی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و ئابوورییەکی هەمەچەشن و هاوچەرخ.

دەرئەنجام و ڕێگەچارەکان
سەرئەنجام، چەکداماڵینی تەواوەتیی گروپە چەکدارەکان لە عێراق تەنها بە بڕیارێکی سەربازی یان ئیداری جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو پێویستی بەم هەنگاوانەیە:
· رێککەوتنی سیاسی ناوخۆیی: بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و بێلایەنکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان لە دەستتێوەردانی حزبی.
· چاکسازی لە کەرتی ئەمنی: داڕشتنەوەی سوپا و حەشد لەژێر یەک فەرماندەیی ڕاستەقینەدا.
· کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمایەتییەکان: چونکە سەقامگیریی ناوچەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چالاکی ئەم گروپانە دەبێت.
ئایندەی پرۆسەی چەکداماڵین لە عێراق بەستراوەتەوە بە ئیرادەی سیاسیی لایەنە بەغداییەکان و توانای دەوڵەت لە سەپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر تەواوی خاکی وڵاتدا. لەم ڕوانگەیەوە، جەبار یاوەر گەشبینیی خۆی بە پرۆسەکە نەشاردەوە و ڕایگەیاند کە بەگوێرەی پێشهات و پێشبینییەکان، پێدەچێت پرۆسەکەی حکومەتی عێراق سەرکەوتوو بێت و لە ئایندەدا میلیشیا و گروپی چەکداری لە عێراق تەواو لاواز ببن.
فەریق سەعد مەعن، وتەبێژی سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق رایگەیاندووە، رادەستكردنەوەی بارەگای سەرەکی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدادو رێککەوتن لەگەڵ تورکیا كراوە لەسەر کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لە بنكەی بەعشیقە لە پارێزگای نەینەوا، جەخت لەسەر توانای بەردەوامبوونی هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەکەنەوە لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش و بە شێوازێک سەربەخۆیی بڕیاری عێراقی بپارێزێت.
سەعد مەعن بە رۆژنامەی "سەباح"ی وتووە: حکومەت بووەتە خاوەنی بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە لە دیاریکردنی سروشتی بوونی سەربازی و ئەمنی لەسەر خاکی وڵات. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی، لەگەڵ بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی دۆسیە ئەمنییەکەی، کۆڵەکەی سەرەکیین بۆ سەقامگیریی وڵات و پاڵپێوەنانی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بەرەو ئاسۆی بەرفراوانتری هاوکاریی بەرهەمدار. لە لایەکی دیکەوە، فەریق خالید تەمیمی فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە هیچ هێزێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ ئەرکێک لە ناو خاکی عێراقدا جێبەجێ ناکات. تمیمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، سەرجەم ئەرکە ئاسمانییەکان لە ناوەوەی عێراقدا بە سەربەخۆیی تەواو لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێن، و فڕۆکەکانی F-16ی عێراقی زیاتر لە 10 ڕۆژە ئەرکەکانیان بێ دەستوەردانی بیانی جێبەجێ کردووە، هەروەها چاککردنەوەی فڕۆکەکانی F-16 بە ڕێژەی 100٪ لەلایەن کادر و تواناکانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت.
-
عێراق لە سزاکانی ئەمریکا دەربازی دەبێت؟ وردەکاریی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان تاران و بەغداد
|
-
عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکاندا؛ لە بریمەرەوە تا وتارەکەی زەیدی لە نەتەوە یەکگرتووەکان
|
-
کۆتایی هەژموونی حزبی یان بەردەوامیی ئاستەنگەکان؛ ئایا هەرێم دەبێتە خاوەن سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو؟
|
-
دۆسیەی نێودەوڵەتی و کارتی فشاری کورد؛ نەتانیاهۆ و ئەردۆغان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێدا
|
-
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کۆتایی هات و سوپای پاسداران کەمپێکی پەنابەرانی لە کۆیە بۆردومان کرد
|
-
تەزکیەی حزبی گەیشتە رۆژئاوا؛ پارتی چۆن خەونی کوردی بەشەکانی تر دەگۆڕێت بە دۆزەخی هەواڵگری؟
|
-
ژمارەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێم دەگاتە 110 هەزار کەس و 30 هەزاریان بێ مووچەن
|
-
پەلامارە مووشەکییەکان و کشانەوەی ئەمریکا؛ مەسرور بارزانی هۆشداریی لەبارەی مەرگی قەوارەکە دەدات!
|
-
جەبار یاوەر :هەرێم داوای بەشداری و پشک لە بنکەکەی ناتۆ لە عێراق دەکات
|
|
|
|