1     کاتژمێر پێش ئێستا 61 جار خوێنراوەتەوە

کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق؛ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگە دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان

لە کاتێکدا ئەمریکا و هاوپەیمانان بەفەرمی کۆتاییان بە ئەرکە سەربازییەکانیان لە عێراق هێنا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگە دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، لە بەرامبەردا شارەزایان هۆشداری دەەن لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان.

کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و پەیامی سەرۆکی حکومەت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک لە هەولێر، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوا وادەی ئەركی هێزە هاوپەیمانەكانە دژی داعش لە عێراق و هەرێمی كوردستان. ناوبراو بەناوی خەڵكی كوردستانەوە سوپاسی ئەمریكا و هەموو هاوپەیمانانی کرد بۆ هاوکارییان لە تێكشكاندنی داعش و بەهێزكردنی تواناكانی پێشمەرگە و قوربانییەکانیان.

سەرۆکی حکومەت دڵنیایی دا، "کۆتایهاتنی بوونی هاوپەیمانان مانای كۆتایهاتنی ئەركی ئەوان نییە، بەڵكو پێدەنێینە قۆناغێكی نوێی هاوكاری و پەیوەندی لە هەموو بوارەکاندا". وتیشی: "رەنگە دوژمنان و ناحەزان پێیانوابێت بە كۆتایهاتنی بوونی هاوپەیمانان مەترسی زیاتر دەكەوێتە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە هێزەكانمان ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك بەرۆكی هەرێمی كوردستان بگرێت."

هەڵوێستی فەرمی پەنتاگۆن؛ گۆڕینی شێوازی پشتیوانییەکان

لای خۆیەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێكدا جەختیکردەوە، ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فەرمی کۆتاییان بە ئەركەكانیان لە عێراق هێناوە و کشانەوەی ڕێکخراوی هێز و کەرەستەی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانی هەولێر کۆتاییهاتنی ئەرکە سەربازییەکەیە.

پنتاگۆن ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی راهێنانی ئامانجدار و پاڵپشتی هەواڵگری بۆ هاوبەشە عێراقییەکان، چاوەڕوان دەکرێت هێزە ئەمنییەکانی عێراق سەرکردایەتی هەوڵە بەردەوامەکان بکەن بۆ ئاسایشی وڵات و سەرکوتکردنی پاشماوەکانی داعش.

کشانەوەی سەربازی بە مانای تەسلیمبوون بە ئێران نایەت

سەبارەت بە ڕەهەندە سیاسی و ستراتیژییەکانی ئەم کشانەوەیە، هێرش عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری باڵای هەواڵگری و داتا لە واشنتۆن دی سی، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ (ئیرادە میدیا) ڕوونیکردەوە، ئەمریکا بەتەواوی عێراق بەجێ ناهێڵێت؛ ئەوەی کۆتایی پێدێت تەنیا ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری کشانەوەی سەربازی تێکەڵەیەکە لە تێکشکانی داعش و هەروەھا مەترسی و خەرجیی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە بە مانای تەسلیمبوون بە ئێران نایەت، بەڵکو ئەمریکا بڕیاریداوە لە ڕێگەی هێزی ئاسمانی، دەریایی، ڕاگرتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی و سزادانی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی هەژموونی ئێران ببێتەوە.

مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان؛ لە نێوان عێراق و گرووپە چەکدارەکاندا

لە باسی کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان، د. هێرش عەبدولڕەحمان پێی وابوو لە ڕووی سەربازییەوە زیانێکی گەورە بەر هەرێم دەکەوێت بەهۆی لەدەستدانی ڕادار، پشتیوانی ئاسمانی و زانیاری هەواڵگری ئەمریکا. هاوکات لە ڕووی ئیداری و سیاسییەوە، بەغدا بەهێزتر دەبێت و دەسەڵاتە ئیدارییەکان لە هەولێر دەسێنێتەوە.

ناوبراو مەترسییەکانی بۆ سەر هەرێم دابەشکردە سەر دوو بەرەی تەواوکەری یەکتر:

  • گرووپە چەکدارەکان: لە ڕووی ئەمنییەوە بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر کێڵگە نەوتی و فڕۆکەخانەکان بۆ تێکدانی ئابووری هەرێم.
  • حکومەتی فیدراڵی: لە ڕووی یاسایی و داراییەوە (وەک بڕینی مووچە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی) هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم دەدات.

بانگەوازی سەرۆکی حکومەت بۆ ناوماڵی کوردی

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان و ڕایگەیاند کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هاوکار دەبن، هاوکات چاوەڕوانیش دەکەن بەغدا بە ئەركی دەستووری و دادپەروەری خۆی بەرامبەر بە هەرێم هەستێت.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە: "لەگەڵ هەموو هێزە كوردستانییەكانیش بەردەوام دەبین و داوایان لێدەکەم ئەوانیش بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و بێن پەرلەمان کاربکەنەوە کە هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی حکومەتە و زۆر دواکەوتووە."

  • فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان: "کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای کۆتاییهاتنی جەنگمان دژی تیرۆر نایەت"

  • کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق؛ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان

  • ئۆجەلان: هەڵوەشانەوەی پەکەکە کۆتایی و تەسلیمبوون نییە بەڵکو قۆناغێکی نوێیە

  • تراژیدیایەکی نوێ لە پردێ؛ دژەتیرۆری عێراق دوو کورد بە هەڵە دەکوژێت و کەسوکاریشیان سکاڵا تۆمار دەکەن

  • ململانێی تاران و واشنتۆن؛ ئێران چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەمریکایە و ترەمپيش هەواڵی ڕێککەوتن ڕەت دەکاتەوە

  • بەسێ هۆزات: تا دەستووری تورکیا نەگۆڕدرێت ئاشتی نایەتەدی؛ لە باشووریش پێویستە دەسەڵاتی بنەماڵەیی کۆتایی پێبێت

  • هەڕەشەی رووخاندنی حکومەتی عێراق دەکرێت؛ گرووپێکی چەکدار مەرج دادەنێت

  • "جێهێشتنی هەرێم لەلایەن ئەمریكاوە بەبێ دابینکردنی سیستەمی بەرگری مایەی نیگەرانییە"

  • عێراق لە سزاکانی ئەمریکا دەربازی دەبێت؟ وردەکاریی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان تاران و بەغداد

سەرەکی