2   کاتژمێر پێش ئێستا 51 جار خوێنراوەتەوە

زاگرۆس هیوا پەردە لەسەر فێڵە ستراتیژییەکانی تورکیا لادەدات؛دیداری ئیمراڵی و فێڵی ڤێلاکەی تورکیا چییە؟

"چارەنووسی قەندیل و هۆڵۆکۆستی ژینگەییی بادینان؛ تاڵانیی داربەڕووەکان لەلایەن کۆمپانیای 'جەنگیز هۆڵدینگ'ەوە"

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس ئاشکرای دەکات، پرۆسەی نوێی گفتوگۆکان بە تەواوەتی لە هەوڵەکانی ڕابردوو جیاوازە. لە پرۆسەکانی پێشتری ئاشتیدا، یان عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئاگربەستی ڕادەگەیاند یان لایەنێکی ناو دەوڵەت بە شاراوەیی (وەک نێوەندگیریی سەرۆک مام جەلال لە ساڵی ١٩٩٣ لە نێوان ئۆجەلان و تورگوت ئۆزالدا) پەیامی ئاڵوگۆڕ دەکرد.

وەک وتەبێژی کەجەکە ئاماژەی پێدەکات، بەڵام لەم قۆناغە نوێیەدا، دەوڵەت باخچەلی وەک وتەبێژی فەرمیی "دەوڵەتی قوڵ" و بزوێنەری سەرەکیی جەنگی ٤٠ ساڵەی دژ بە پەکەکە، ڕاستەوخۆ و بە بێ پەیامی نهێنیی پێشوەختە بانگەوازی بۆ ئۆجەلان کرد. ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە کە شێوازی سەربازیی تورکیا بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی پەکەکە بە تەواوەتی گەیشتووەتە بنبەست، و دەوڵەتی قوڵی تورکیا گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە بە شەڕ و توندوتیژی کێشەی کورد چارەسەر نابێت.

ئامار و داتا ئابوورییە شۆکهێنەرەکانی جەنگ

زاگرۆس هیوا دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی چۆکدادانی دەوڵەتی تورکیا بۆ واقیعی سیاسی، داڕوخانی ئابووری و هاڕەی بەهای لیرەی تورکییە. بە گوێرەی داتاکانی دەزگایەکی لێکۆڵینەوەی بەریتانی تورکیا لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا بڕی ٥ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دۆلاری تەنیا لە جەنگی دژ بە پەکەکە و گەلی کورددا بەهەدەر داوە.

هەر بەپێی ئەو داتایە، زیاتر لە ٢ ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دۆلار لەم ۱۰ ساڵەی دواییدا (لە دوای ساڵی ٢٠١٥ەوە) خەرج کراوە.

وەک ئەو داتایە ئاماژەی پێداوە، لە ساڵی ٢٠١٥دا هەر دۆلارێکی ئەمریکی یەکسان بوو بە ٥.٢ لیرە، بەڵام بەهۆی تێچووی جەنگەوە بەهای لیرە دابەزیوە بۆ ٤٩ لیرە بەرامبەر بڕی یەک دۆلار.

بە وتەی زاگرۆس هیوا، ئەردۆغان بۆ شاردنەوەی ئەم کارەساتە، کاتی خۆی لە وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بۆ گرانیی خۆراک (تەماتە و باینجان) بە ڕاشکاوی وتی: "ئایا ئێوە دەزانن گولەیەک بەچەندە؟!" کە ئەمە گەورەترین دانپێدانانی فەرمیی بوو بەوەی هەموو سامانی ئابووری، دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتیی تورکیا کراوەتە قوربانیی شەڕی کورد.

جیاوازیی قووڵی چەمکەکان: "تورکیای بێ تیرۆر" بەرامبەر "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"

وەک وتەبێژی کەجەکە دەڵێت، دیالۆگ لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی دانوستاندن یان لێکتێگەیشتنی سیاسی؛ چونکە ئامانج و پێناسەی هەردوولا بۆ پرۆسەکە بە تەواوەتی جیاوازە:

لایەنی تورکیا: پرۆسەکە بە شێوازێکی تاکتیکی دەبینێت و بەناوی "تورکیای بێ تیرۆر" پێناسەی دەکات، کە مەبەست لێی تەنها بێچەککردن، خۆڕادەستکردن و پاکتاوکردنی دەستکەوتەکانی کوردە.

بزوتنەوەی ئاپۆیی: پرۆسەکە بەناوی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" دەبینێت. خەباتی چەکداریی لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا دیواری نکۆڵیکردنی ڕوخاند و کوردایەتیی زیندوو کردەوە، و لەمەودوا کاتی خەباتی دیموکراتییە. ئەگەر ئەنقەرە خەیاڵی تەنیا بێچەککردنی کوردی هەبێت، ئەوا پاکتاوکارییە نەک چارەسەری.

"ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی" و نەخشەڕێگا بۆ پارچەکانی تر

زاگرۆس هیوا بەم خاڵانە وەڵامی ئەو ڕەخنەگرانە دەداتەوە کە دەڵێن ئەنتەگراسیۆن (Integrasni) دەبێتە هۆی توانەوەی شوناسی کورد لە ناو دەوڵەتدا:

کۆمەڵگەی دیموکراتی: ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لەسەر بنەمای کۆمۆنە و ڕێکخستنی خۆجێیی (خۆپاراستن، پەروەردە بە زمانی دایک، چارەسەری بێکاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان) خۆی بەڕێوە دەبات و پشت بە دەوڵەت نابەستێت.

ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی (یەکانگیریی): بە مانای توانەوە یان دەستهەڵگرتن لە شوناسی نەتەوەیی نایەت، بەڵکو پرۆسەی یەکگرتن و هاوسەنگییەکی ئارەزوومەندانەیە لە نێوان پێکهاتەکان (کورد، عەرەب، تورک، فارس) بە بێ لەدەستدانی شوناس. فۆرمۆڵەکە بریتییە لە "نە توانەوە و نە جوداخوازی".

تێپەڕاندنی دەوڵەت-نەتەوە: ستراتیژیی ڕزگاریی نەتەوەیی کۆن (گرتنەدەستی دەسەڵات و دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی نوێ) بەردەوام هەمان بازنەی داخراوی ستەمکاری دەبەرهەمهێنێتەوە. ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی ئەم بازنەیە دەتەقێنێت و مۆدێلی "کۆماری دیموکراتی" دێنێتە ئاراوە.

کاریگەریی پرۆسەکە لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

کورد و تورک ١٠٠٠ ساڵە پێکەوە دەژین، بەڵام کورد و فارس نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵە پێکەوە دەژین و شارستانیەتی ئێرانیان بونیاد ناوە. ڕژێمی ئێستا لە ئێران پەرە بە ناسیۆنالیزمی فارسی و شیعەگەری دەدات و کورد بە تەنیا وەک "مرزداران غیور" دەبینێت. ئەمەش بە وتەی زاگرۆس هیوا.

زاگرۆس هیوا جەخت دەکاتەوە، کێشەکانی ئێران بە پیتاندنی یۆرانیۆم و سەرکوتکردنی کۆمەڵگە چارەسەر نابن. مۆدێلی "کۆمەڵگەی دیموکراتی" و "ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی" تاقە ڕێگەچارەی ڕزگاربوونی ئێرانە لە قەیرانەکان، بە جۆرێک کە لە چوارچێوەی کۆمارێکی دیموکراتیدا مافی دەستووریی بۆ هەموو گەلان (کورد/لۆڕ، ئازەری، عەرەب، بەلوچ) دەستەبەر بکرێت.

دۆخی ئۆجەلان، تاڵانکردنی ژینگە و چارەنووسی قەندیل

سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی ڕاستەوخۆ بەسراوەتەوە بە ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ چونکە زیاتر لە ٨٠٪ی گەریلا لە دوای ساڵی ١٩٩٩ەوە لە پێناو ئازادیی ئۆجەلاندا چوونەتە چیا و بە بێ ئازادبوونی ئەو و بەڕێوەبردنی یاسایی پرۆسەکە، کەس چەک دانانێت. وتەبێژی کەجەکە وا دەڵێت.

بە گوێرەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، هەر زیندانییەکی سزادراو بە هەتاهەتایی لە دوای ٢٥ ساڵ پێویستە "هیوای ئازادبوون"ی پێ بپۆشرێت و دووبارە دادگایی بكرێتەوە.

بە وتەی زاگرۆس هیوا، دەوڵەتی تورکیا خانوو/ڤێلایەکی لە ناو دورگەی ئیمراڵی دروست کردووە و دەیەوێت وا پیشان بدات کە ئۆجەلان لە زیندان هاتووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی کڵاوی شرعی بباتە سەر دادگای ئەوروپا. بەڵام ئۆجەلان ماوەی دوو ساڵە چوونە ناو ئەم خانووە دەستکردە ڕەت دەکاتەوە؛ چونکە زیندان هەر زیندانە و ئەم هەنگاوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئۆجەلان داوا دەکات هەموو جێگۆڕکێیەک بە بڕیاری فەرمیی یاسایی بێت و ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان، ئەکادیمیستان و کادیرانی سیاسی بپۆشرێت کە سەردانی بکەن.

 هۆڵۆکۆستی ژینگەییی بادینان و تاڵانیی داربەڕووەکان

زاگرۆس هیوا دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکانی بادینان دەستی بە تاڵانکارییەکی ژینگەییی گەورە کردووە.

دەشڵێت، کۆمپانیایەکی تورکی بەناوی "Cengiz Holding" گرێبەستی بڕینەوەی دارەکانی بادینانی لەگەڵ سوپای تورکیادا ئیمزا کردووە.دار بەڕووە بڕدراوەکان بە ترێلە و لۆریی گەورە لە ڕێگە سەربازییە نافەرمییەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەی چەلێ (چوکورجە) لە باکوور. زیاتر لە ٩٨٪ی ئەم دارانە ڕەوانەی شارەکانی تورکیا دەکرێن و تەنیا ٢٪ی دەهێنرێتەوە بۆ گەرمکردنەوەی ١٥٠ سەربازگەی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.

بەشێک لە هۆکاری بڕینەوەی ئەم دارانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تەرمی سەدان گەریلا بەهۆی چەکی کیمیاییەوە لە ناو ئەشکەوت و بناری شاخەکاندا شەهید بوون و تورکیا دەیەوێت ئاسەواری گازی کیمیایی لە ناو قەدی دارەکاندا بسڕێتەوە. زاگرۆس هیوا وای وت.

ئایا قەندیل چۆڵ دەکرێت؟

زاگرۆس هیوا جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا شتێک بەناوی "چۆڵکردنی قەندیل" لە ڕۆژەڤی بزوتنەوەی ئاپۆییدا نییە.

دەشڵێت، بوونی سەربازیی تورکیا لە باشووری کوردستان گرێدراوی پەکەکە نییە، بەڵکو گرێدراوی خەونی عوسمانیی نوێیە. ئەگەر پەکەکە لە قەندیل نەمێنێت، تورکیا پاشەکشێ ناکات بەڵکو هەمان چارەنووسی دارەکانی بادینان بەسەر دارەکانی قەندیلیشدا دێنێت.

"تا ئەوکاتەی مەترسیی داعشی نوێ، هێرشی هێزە هەرێمییەکان و ئەگەری جینۆسایدی کورد لە ئارادا بێت، قەندیل وەک ناوەندێکی گرنگی سیاسەتی دیموکراتی و پاراستنی گەلی کورد دەمێنێتەوە". وتەبێژی کەجەکە وای وت.

لە کۆتاییدا، زاگڕۆس هیوا ئاماژە بەوە دەکات، لە سیستەمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەتە ناوەندییەکان هەڵناوەشێنرێنەوە بەڵکو دەکرێنە "دەوڵەتی پرۆکسی" (وەک مودێلی سوریا). لەم هاوکێشە نوێیانەدا ئەگەر کورد بە گیانی یەکێتیی نەتەوەیی و خەباتی دیموکراتییانە خۆی ڕێکنەخات، هیچ هێزێکی نێودەوڵەتی لەبەر چاوی ڕەشی کورد مافی پێنابەخشێت؛ بەڵکو کورد دەبێت خۆی شوێنی خۆی لە هاوکێشەکەدا بکاتەوە.

  • زاگرۆس هیوا پەردە لەسەر فێڵە ستراتیژییەکانی تورکیا لادەدات؛دیداری ئیمراڵی و فێڵی ڤێلاکەی تورکیا چییە؟

  • تەڤگەری ئازادی: بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەمێنێتەوە، هەموو هێزەکانمان لە ناو تورکیا بە تەواوی کشاندەوە

  • دانیشتنی دادگاییكردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی دواخرا؛ چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بڕیار بدرێت

  • وردەکاریی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی تاران و واشنتن؛ سێنتکۆم دڵنیایی دەدات و کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لێدوانی توند دەدات

  • مێژووی دەستکاریکردنی دینار لە 2003وە؛ بارقورسی بڕیارە نادادپەروەرانەکانی حکومەت دەخرێتە سەر شانی هاوڵاتییان

  • لە دەستگیرکردنەوە تا دروستکردنی دۆسیەی نوێ؛ ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس شێروان شێرانیدا تێدەپەڕێت

  • تەقینەوەی قەیرانی کەرتی تەندروستی؛ 52 هەزار دەرچووی پزیشکی و تەندروستی بێکارن

  • وەفدی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە؛ کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پشک و شایستە داراییەکان لە بودجە دەست پێ دەکات

  • لە فەرەنسا چی ڕوودەدات؟؛ ترەمپ ناڕەزایەتییەکان دەبەستێتەوە بە ئیسلامەوە و حکومەتیش چەپی ڕادیکال تۆمەتبار دەکات

سەرەکی