1     کاتژمێر پێش ئێستا 232 جار خوێنراوەتەوە

تەقینەوەی قەیرانی کەرتی تەندروستی؛ 52 هەزار دەرچووی پزیشکی و تەندروستی بێکارن

کۆمەڵکوژیی زانستی و بێکاریی بە کۆمەڵ لە هەرێمی کوردستان؛ زیاتر لە 50 هەزار دەرچووی پزیشکی بێکارن و کۆلێژ و پەیمانگە ئەهلییەکان بوونەتە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان

لە کاتێکدا دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان بەهۆی بێکاری و پشتگوێخستنیانەوە شەقامەکان دەهەژێنن، بەرپرسانی کەرتی تەندروستی و سەندیکاکان هۆشدارییەکی توند دەدەن و ئاشکرای دەکەن، بەهۆی قەیرانی پەرەسەندنی بێبەرنامەی زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکانەوە، زیاتر لە 52 هەزار دەرچووی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان بێکارن؛ شارەزایانش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئەم دۆخە کارەساتبارە نەک تەنها ئاستی زانستیی دابەزاندووە، بەڵکو لە داهاتوودا دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان و سەقامگیریی فەرمانڕەوایی.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ئیرادە میدیا"، بەرپرسانی کەرتی تەندروستی، سەرۆکی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەرچووانی بێکاری بەشە پزیشکییەکان، هۆشدارییەکی توند لەسەر دۆخی کارەساتبار و لە کۆنتڕۆڵدەرچووی زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان دەدەن کە بڕوانامەی پزیشکی و تەندروستی دەبەخشن، ئاشکرای دەکەن زیاتر لە 52 هەزار دەرچووی پزیشکی و تەندروستی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بێکارن و ئەم دۆخە لە داهاتوودا مەترسیی گەورە دروست دەکات.

ئاگادارکردنەوەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی

 هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، لە لێدوانێکدا بۆ "ئیرادە میدیا" ڕایگەیاند کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر پەیمانگەی ئەهلی کە بەشی پزیشکییان هەیە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان زۆر زیاترە و ئەمە بووەتە "کارەسات"، چونکە ئاستی خوێندنی پزیشکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە و زیانی بە ناوبانگی زانستیی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

ناوبراو ئاشکرای کرد (39) پەیمانگەی ئەهلی لە هەرێمدا هەن کە سەرجەمیان بەشی تەندروستییان هەیە، و لەگەڵ زانکۆ ئەهلییەکانیشدا، سەرجەم بەشە تاقیگەیی، دەرمانسازی و شیکارییەکان کراون بە "بازرگانی". هاوژین عوسمان وتیشی ڕێژەی دەرچووی ئەم پەیمانگە ئەهلییانە هێندە زۆرە کە دامەزراندنیان بە عێراقیش چارەسەر ناکرێت.

ئاماژەی بەوەش دا ئەم پەیمانگە و زانکۆیانە بە نزمترین نمرە (وەک نمرەی 50 لە بەشە وێژەیی و ئامادەییە پیشەییەکانیش) خوێندکار وەردەگرن، کە ئەمە لە ڕووی زانستییەوە "کفر"ە.

سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی نموونەیەکی هێنایەوە و وتی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای بەسرە قسەی کردووە بۆ دامەزراندنی 200 دەرچووی پەیمانگە پزیشکییەکانی هەرێم، بەڵام دوای چاوپێکەوتن پێیان ڕاگەیاندوون کە ئاستی زانستییان باش نییە و وەرنەگیراون.

هەروەها ڕەخنەی لەوە گرت کە هەندێک کەس تەنها بۆ بزنس مۆڵەتیان وەرگرتووە، جەختیشی کردەوە کە تەنها لە پارێزگای سلێمانی (20) هەزار دەرچووی پەیمانگە هەن و هۆشداری دا کە "ئەم دەرچووانە لە داهاتوودا حكومەت دەڕوخێنن نەک ئۆپۆزسیۆن". لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد هیچ رێککەوتنێک لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی نییە بۆ پلاندانانی پێویست.

هەڵوێستی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و داکشانی کوالێتیی خوێندن

لای خۆیەوە، هەژار بابان، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کلتوری مەدەنی، بە "ئیرادە میدیا"ی ڕاگەیاند کوالێتیی خوێندنی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی مەترسییدار دابەزیوە، بەتایبەت لە کۆلێژی پزیشکیی ددان، کە لە کۆی 10 کۆلێژ لە هەرێم (7)یان ئەهلین و تەنها 3 دانە حکومین، لەگەڵ دوو کۆلێژی کەرکووکدا کە خوێندکاری هەرێم وەردەگرن، ئەم ژمارەیە بۆ 6 ملیۆن کەسی دانیشتووی هەرێم زۆر زۆرە.

هەژار بابان وتیشی، جیاوازیی نمرەی وەرگرتن لە نێوان کۆلێژە حکومی و ئەهلییەکاندا زۆر گەورەیە (بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو نزمترین کۆنمرە لە کۆلێژی حکومی 98 بووە، لە کاتێکدا لە ئەهلییەکان 85 بووە بە جیاوازیی 13 نمرە)، ئەمەش وا دەکات خوێندکارانی خاوەن توانای سنووردار نازناوی پزیشکی پێدراوە و نەتوانن کارێکی گونجاو بدۆزنەوە و مەترسی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان دروست بکەن. ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە تەنها لە پارێزگای هەولێردا (32) هەزار دەرچووی پزیشکی بێکارن.

دیدگای بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و نیگەرانیی دەرچوویەک

 هاوکات د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە "ئیرادە میدیا"ی ڕاگەیاند، کردنەوەی ئەم ژمارە زۆرە لە کۆلێژ و پەیمانگە بیبەرنامەییە بوەتە بزنس و لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، بە جۆرێک تەنها لە پزیشکی تاقیگەکاندا زیاتر لە 20 هەزار دەرچووی دامەزراو هەن، وتیشی لە ساڵی 2014ـەوە هیچ دامەزراندنێک لەم بوارەدا نەکراوە و تەنها نزیکەی 400 کەس بە گرێبەست بۆ چەند نەخۆشخانەیەک دانراون، جەختیشی کردەوە "کردنەوەی بەشێکی پزیشکی لە کردنەوەی داینگە و باخچەی ساوایان قورسترە".

مینا جەلیل، دەرچووی بەشی شیکاریی نەخۆشییەکانی ساڵی 2021 کە کۆنمرەی 94ی هەبووە، بە "ئیرادە میدیا"ی ڕاگەیاند حکومەت بێباک بووە و دەرگای بۆ کەرتی تایبەت کردووەتەوە و کەرتی حکومی پشتگوێ خستووە، لە کاتێکدا تێچووی خوێندنی زۆر گەورە بووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەرتی تایبەت ئەم دۆخەی قۆستووەتەوە و دەرچووە بێکارەکان بە پارەیەکی کەم و کارێکی زۆر بەکاردەهێنن.

شایەنی باسە، بەهۆی ئەم دۆخە قەیراناوییەوە، لە کۆتایی مانگی ئەیلوول و سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، دەرچووانی ئەو بەشە پزیشکی و تەندروستییانە چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی دامەزراندن ڕێکخست.

 

  • لە دەستگیرکردنەوە تا دروستکردنی دۆسیەی نوێ؛ ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس شێروان شێرانیدا تێدەپەڕێت

  • تەقینەوەی قەیرانی کەرتی تەندروستی؛ 52 هەزار دەرچووی پزیشکی و تەندروستی بێکارن

  • وەفدی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە؛ کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پشک و شایستە داراییەکان لە بودجە دەست پێ دەکات

  • لە فەرەنسا چی ڕوودەدات؟؛ ترەمپ ناڕەزایەتییەکان دەبەستێتەوە بە ئیسلامەوە و حکومەتیش چەپی ڕادیکال تۆمەتبار دەکات

  • حکومەتی عێراق کورتهێنانی بودجە بە گیرفانی هاووڵاتییان پڕ دەکاتەوە

  • جەنگی جیهانیی نەوت و هەڕەشە ئەتۆمییەکان؛ ئایا قەیرانی ئەمریکا و ئێران دەگاتە خاڵی کۆتایی؟

  • شیکارییەکی مەترسییدار بۆ بودجەی 2027؛ پشکی هەرێمی کوردستان چەند دابەزیوە؟

  • پێشبینی دەکرێت پێش زستان گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە دەستپێبکات

  • بۆ یەکلاکردنەوەی پشکی ١٤.١٤٪ و مافە داراییەکان؛ وەفدێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە

سەرەکی