5   کاتژمێر پێش ئێستا 82 جار خوێنراوەتەوە

پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق؛ مەرجە توندەکان، دابەزینی پشکەکە و ئاڵنگارییە داراییەکان

جیاوازی لە توانای بەرهەمهێنانی نەوت و مەرجەکانی سۆمۆ؛ شارەزایان داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی هەولێر و بەغدا دەکەن.

ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی دابەزینێکی بەرچاو کردووەتەوە و ناردنی شایستە داراییەکانیشی بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک مەرجی تووند لە دۆسیەکانی نەوت، غاز و داهاتی نانەوتیدا بەستووەتەوە.

بەپێی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و ڕاپۆرتە فەرمییەکانی نووسینگەی سەرۆکی لیژنەی دارایی، پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 12.7%ی کۆی خەرجییە کردەییەکان (راستەقینە) دوای دەرکردنی خەرجییە سەروەرییەکان دیاریکراوە. بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق ناردنی مانگانەی ئەو پارەیەی بە مەرجی تووند بەستووەتەوە، لەوانە ڕادەستکردنی ڕۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە (یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی ئەگەر هەناردەکردن لە جەیهانەوە ئەستەم بێت)، ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکان، تەسلیمکردنی ئەو بڕە غازەی لە پێداویستیی ناوخۆی هەرێم زیاترە، قەدەغەکردنی واژۆکردنی هەر گرێبەستێکی نوێی نەوت و غاز بە بێ ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ؛ لە کۆتایی مادەی 10دا بە ڕوونی هاتووە کە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە مەرجە بۆ بەردەوامبوونی ناردنی پارە بۆ هەرێم.

لە لایەکی ترەوە، ئامارە فەرمییەکان دەرهەق بە بودجەی پێشنیازکراو نیشانەی دابەزینێکی بەرچاون؛ بە جۆرێک پشکی هەرێم لە بودجەدا دابەزیوە بۆ 13.3 ترلیۆن دینار (کە لە بودجەی ساڵی 2023دا 16.4 ترلیۆن دینار بوو)، ئەمەش دابەزینێکی 19.3%ی تۆمار کردووە. هاوکات ڕێژەی پشکی هەرێم لە کۆی خەرجییە گشتییەکانی وڵاتدا بۆ 6.1% دابەزیوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا 8.3% و لە ساڵی 2021یشدا 8.8% بوو.

سەبارەت به دۆسیەی نەوت، بڕی پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم وەک خۆی بە 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ماوەتەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە توانای بەرهەمهێنانی ئێستای تەنها 260 هەزار بەرمیلە و 100 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردێت. هەروەها دۆسیەی داهاتی نانەوتی و گومرگیش بۆتە مایەی نیگەرانی، چونکە بەهۆی جیاوازیی پۆلێنکردنەوە، پشکی هەرێم لەو داهاتەدا ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی بەرچاو بووەتەوە، و قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمدا بۆ تەنها 499 ملیار دینار کەم کراوەتەوە.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکان، پڕۆژەیاساکە چەند میکانیزمێکی داناوە، لەوانە:

قەرزەکانی 2004-2026: ئەو شایستە داراییانەی نێوان هەردوو حکومەت کە بە 12 ترلیۆن و 775 ملیار دینار خەمڵێندراوە، بڕیارە لە 3 ساڵدا و بەپێی یاساکانی بودجەی ئەو ساڵانە چارەسەر بکرێن.

قەرزی بانکی TBI: ئەو قەرزانەی هەرێمی کوردستان لای بانکی بازرگانیی عێراق هەیەتی، بە شێوەی قیستی مانگانە لە پشکی هەرێم دەبڕدرێن و لە ماوەی 3 ساڵدا دەدرێنەوە.

شارەزایان پێیان وایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئاڵۆزییانە و دوورکەوتنەوە لە موزایەدەی سیاسی، باشترین ڕێگەچاره ئەوەیە کە کاربەدەستێکی باڵای هەرێم ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دابنیشێت و کاغەزێکی چارەسەریی ژیرانە و دپلۆماسی پێشکەش بکات بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و پڕۆژەکان لە هەر مەترسییەکی دابەزین.

 

  • پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق؛ مەرجە توندەکان، دابەزینی پشکەکە و ئاڵنگارییە داراییەکان

  • عیراق ترسی هەیە گرووپەكان لە جەنگی چاوەڕوانكراوی ئەمریكا و ئێران تێوەبگلێن

  • دادگای فیدراڵی لەسەر سێ سکاڵا کۆدەبێتەوە؛ چارەنووسی یاسایی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم لە یەکلاکردنەوەدایە

  • ڕەوشی بەغداد لە یادی حەوتەمین ساڵەی تشریندا: ئامادەکاری جەماوەری و بەرزترین ئاستی ڕێوشوێنی ئەمنی

  • گەروی هورمز و ئابووری عێراق؛ کاتێک هێرش بۆ سەر کەشتییەکان دەبێتە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ مووچە و بودجە

  • قەیرانی زستان و نەوتی سپی لە هەرێم؛ پرسیار لەبارەی چارەنووسی ١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی پاڵاوگەکان دەکرێت

  • ئاڵۆزییەکانی کەنداو دەگاتە لووتکە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران دادەڕێژن

  • نەخشەی نوێی ئەمنی و سیاسیی دۆسیەی کورد؛ لە پاشەکشەی سەربازی و ڕێککەوتنی دیمەشقەوە تا هەڵوێستی ڕەسمیی بەغدا

  • دەیان فرۆكەی ئیسرائیلی بە ئاسمانی سوریا و عێراقدا چوونەتە سنوری ئێران

سەرەکی