2   کاتژمێر پێش ئێستا 80 جار خوێنراوەتەوە

فشارەکانی ناتانیاهۆ و هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەتۆم؛ واشنتۆن و تاران لە بەردەم سیناریۆی مەترسیداردا

لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ناوبژیوانیکردنی قەتەر بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان تاران و واشنتۆندا بەردەوامە، زانیارییە مەترسیدارەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەری هێرشی سەربازی و تەنانەت بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئارادایە.

لەم چوارچێوەیەدا، تەکەر کارلسۆن، ڕۆژنامەنووسی دیاری ئەمریکی، ئاشکرای کردووە کە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ تەنها چەند ڕۆژێکی کەم لە ئەنجامدانی هێرشێکی ئەتۆمی بۆ سەر ئێران دوور بێت، ئەمەش لەژێر فشاری توندی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا.

«چیای قوڵەنگ» و بژاردەی ئەتۆمی

کارلسۆن لە سەکۆی «إیکس» نوسیویەتی، هەواڵگریی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاران بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە «چیای قوڵەنگ» کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئێران، دەستپێکردووەتەوە. بە وتەی ناوبراو، هیچ چەکێکی ئاسایی لە جبەخانەی ئەمریکادا توانای ئەوەی نییە بچێتە ناو قوڵایی ٣٠٠ پێ گرانیتی ڕەقەوە بۆ لەناوبردنی ئەو تونێلانە، بۆیە تاقە بژاردەی سەربازی هێرشی ئەتۆمییە. چاودێرێک ئاماژەی بەوە کردووە کە «بیبی هەموو ڕۆژێک بۆ ئەمە پەیوەندی بە ترەمپەوە دەکات.»

کارلسۆن ئاماژەی بەوەش داوە کە ناتانیاهۆ فشارێکی خستووەتە سەر نزیکترین هاوپەیمانەکانی لەناو ئیدارەی ئەمریکادا، لەنێویاندا پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، براد کوپەر، هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی؛ لەکاتێکدا سەرکردەکانی حزبی دیموکراتیش لەسەر هەمان ڕێبازن و باراک ئۆباما، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکاش، لە دیدارێکدا دژایەتیی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی ئێستا لەگەڵ ئێران دەربڕیوە.

سەبارەت بە دەرئەنجامەکان، کارلسۆن هۆشداری دەدات کە هێرشی ئەتۆمی دەبێتە هۆی پیسکردنی کەنداوی فارس و ژەهراویکردنی ئاوی ١٠٠ ملیۆن کەس، و جیهان دەخاتە بەردەم ڕەهایی ڕوودانی جەنگی جیهانیی سێیەم؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕووسیا لایەنی کەم بە دوو وڵاتی وتووە کە هێرشی ئەتۆمیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئازادی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئۆکرانیا پێدەبەخشێت، کە ڕەنگە ببێتە هۆی کاردانەوەی هاوشێوە لەنێوان پاکستان و هیندستان و کۆریای باکوور و باشوور. لە لایەکی ترەوە، ئیدارەی ئەمریکا لە مانگی شوباتەوە بە هێمنی کار لەسەر نووسینەوەی باوەڕی ئەتۆمی دەکات بۆ ئاسانکردنی یەکەم بەکارهێنانی «چەکی ئەتۆمی تەکتیکی».

پەیوەندیی قورسی ترەمپ و ناتانیاهۆ

ماڵپەڕی «ئاکسیۆس» لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی «قورس و ڕاشکاوانە»ی لەگەڵ ناتانیاهۆ ئەنجام داوە. ناتانیاهۆ فشارەی کردووە کە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول، هێرشی سەربازی دژی ئێران ئەنجام بدەن، بەڵام ترەمپ لە ئێستادا پێی باشە بوارێک بۆ دانوستانەکان بهێڵێتەوە، هەرچەندە دوو ڕێڕەوی هاوتەریبیش دەگرێتەبەر (هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی فراوان دوای هەڵبژاردن).

ترەمپ خۆیشی دەڵێت: «تاکە هۆکارێک کە تا ئێستا وایکردووە کارەکەمان لەگەڵ ئێران یەکلا نەكەینەوە، خواستی منە بۆ میهرەبانی و ڕزگارکردنی گیانی کەسەکان، بەڵام لە قۆناغێکدا، پێویستە لەسەرمان چەکوشێکیان پێدا بکێشین.»

هەڵوێستی تاران لە نێوان دیپلۆماسی و ئامادەکاری بۆ جەنگ

لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو پەیامێکی بۆ موحسن ڕەزایی ناردووە لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.

لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند هیچ چوارچێوەیەکی پێشنیازکراو لە ئارادا نییە و ئەوان ئێستا لە قۆناغی تاوتوێکردنی پێشنیارە تایبەتەکەی خۆیاندان کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ درێژ کراوەتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی نێوەندگرانی قەتەرەوە کە سەردانی تارانیان کردووە. عێراقچی جەختی کردەوە کە ئاراستەکە بەرەو پێشەوە دەڕوات و دانوستان لە ئارادایە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە و هەموو شتێک بەندە بە وەڵامی چەند پرسیارێکەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا کە لەگەڵ هەوڵدان بۆ دیپلۆماسی، ئەوان بە تەواوی ئامادەن بۆ سیناریۆکانی دیکە و بەهێزتر لە دوو جەنگی پێشوو ئامادەن بەرگری لە خۆیان بکەن.

 

  • لەبارەی یەکخستنی هێزەکان و کەمەربەندی عەرەبی؛ نوێترین پەیامی مەزڵوم عەبدی

  • فشارەکانی ناتانیاهۆ و هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەتۆم؛ واشنتۆن و تاران لە بەردەم سیناریۆی مەترسیداردا

  • هاوسەرۆکی پژاک: ئێرانێکی نوێ ساز دەبێت و فیدراڵیمان دەوێت

  • کتێبی تاوانەکانی بەعس لە عێراق؛ تەنها ٪٣ی بۆ کورد تەرخانکراوە و ناوەکەی بە "باکووری عێراق" هێناوە

  • تەقینەوەی تووڕەیی لە باکووری کوردستان؛ ئازادکردنی تۆمەتبارانی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی ١٣ ساڵان کاردانەوەی لێکەوتەوە

  • سەرکردەی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لە ئیستانبوڵ چییان ده‌كرد؟

  • دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ حکومڕانی و خەرجکردنی ملیاران دۆلار؛ بۆچی بەشێک لە ڕێگاکانی هەرێم هێشتا نەبوونەتە دووساید؟

  • لێدوانە توندەکانی ترەمپ و وەڵامەکەی ڕەزایی؛ قەتەر و پاکستان هەوڵی نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا دەدەن

  • ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات و موجتەباش ئامادەکاری دەکات

سەرەکی