×

2024-04-23 68 جار خوێنراوەتەوە

تاران و حەماس؛ دۆستایەتییەک بە ماچ دەستیپێکرد و بە مووشەک درێژەی کێشا

دۆسیەی تایبەت


زیاتر لە 20 ساڵ پێش ئێستا بە بۆمبێکی چێنراوی بچووک، دەبابەیەکی سوپای ئیسرائیل لەکاتی جوڵەی سەربازییدا، تەقێنرایەوە کە کێشی دەبابەکە 60 تۆن زیاتر دەبوو، دواتر بەرگریکارە فەلەستینییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لەو رووداوە راگەیاند، ئەوە بوو بە سەرەتای دەستوەردانە سەربازییەکانی ئێران لە شەڕی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، چوونکە تەقینەوەکە هاوشێوەی دەیان تەقینەوە بوو کە حیزبوڵڵای لوبنان دژی نەیارەکانی ئەنجامیدەدا.

پەیوەندی نێوان ئێران و فەلەستین مێژوویەکی دێرینی هەیە، دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی و گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران و گرتنەدەستی دەسەڵات، یەکەمین سیاسەتمەدار کە سەردانی ئێرانی کرد و پیرۆزبایی لە خومەینی کرد، یاسر عەرەفات، سەرۆکی ئەوکاتی فەلەستین بوو. لەوێوە پەیوەندییەک دەستیپێکرد کە هەندێک بە ماڵوێرانکەر و هەندێکیش بە هۆکاری مانەوە لەقەڵەمی دەدەن.

لەدوای هێرشەکانی بەرەبەیانی دوێنێ شەممەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زۆرترین جار ناوی ئێران هێنراوە، بەشێوەیەک کە دەوترێت ئێران لەپشت ئەنجامدانی هێرشەکانەوە بووە و هاوکاریان بووە.

ئەمە تەنها لە چوارچێوەی بانگەشە و تۆمەتبارکردندا نەمایەوە، بەڵکو ئێران بە فەرمیی پشتیوانیی خۆی بۆ هێرشەکە راگەیاند. یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری خامنەیی، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندوە “ئێمە پشتیوانیی باهۆزی ئەقسا دەکەین، دڵنیاشین کە هەموو ئەوانەی لە ریزی بەرەی بەرگریدان پشتیوانیی دەکەن”.

هەرچەندە بە گشتی هێرشەکانی دوێنێی حەماس، وەکو رووداوێکی لەناکاو و شۆکهێنەر سەیر دەکرێن، بەڵام رۆژنامەی ئێران ئینتەرناشناڵ چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ئەوەی بڵاوکردەوە کە شارەزایانی ئاساییشی ئیسرائیل رایانگەیاندوە ئەگەری ئەوە لەئارادایە وڵاتەکەیان بەرپەرچی هێرشی فراوانی چەکدارە فەلەستینییەکان بداتەوە.

لەدوای هێرشەکانەوە رۆن بروسور، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا رایگەیاند “هیچ گومانمان لەوە نییە ئێران لەپشت هێرشەکانی حەماسەوەیە بۆسەر ئیسرائیل”.

ئێران گەمارۆی ئیسرائیل دەدات

ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی ڕۆشنایی دەخاتە سەر نەخشەی هەژموونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەخشەکە بە شێوەیەکە کە هەژموونی تاران دەردەخات لە یەمەن، لوبنان، سوریا، عێراق و فەلەستین.
ڕۆژنامەی “مینا واتچ” ئاماژەی بەوە کردووە کە “ڕەنگە ئوردن قوربانیی داهاتووی ئێرانییەکان بێت، بەتایبەتی کە لە ئێستادا بینەری نائارامی و ململانێی ناوخۆیین لەو وڵاتە، کە ئەگەر هەیە تاران لە سوودی خۆی بیقۆزێتەوە، ئەمە جگە لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە ئوردن کە ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ پرۆسەی بە ئەندام گرتنی سەرچاوە و سیخوڕ”.

بەپێی وتەی شرۆڤەکاران، ئێران دەیەوێت بە دەستگرتن بەسەر ئوردندا، بەتەاویی لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک بێتەوە و بەشێوەیەکی نیمچەیی، گەمارۆی بدات و ببێتە مەترسییەکی گەورە لەسەری، کە ئەمە بۆ حکومەتەکەی تەلئەبیب جێگەی قبوڵکردن نییە.

عێراق وەکو یاریکەری نێوان ئێران و فەلەستین

لەدوای ئەوەی ئێران و فەلەستین پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێزیان لەدوای شۆڕشی ئیسلامییەوە بنیاتنا، شەڕی نێوان ئێران و عێراق ئەو پەیوەندییەی ساردکردەوە.

ئێران داوای لە فەلەستین کرد لە شەڕی دژی سەدامدا هاوکاریی بکات، بەڵام فەلەستینییەکان ئەوەیان رەتکردەوە بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ عێراق هەیاندبوو.

بەوشێوەیە فەلەستین بێلایەن مایەوە تا کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئەو دوو دراوسێیە، بەڵام دواتر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەهێزتر کرد.

ئێستا ئێران لەناوچەکەدا خاوەن هەژموونێکی گەورەیە، بەشێوەیەک کە بەهۆی هەژموونی تارانەوە، راستەوخۆ دوای هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، هەریەک لە نووسی مالیکی، هادی عامری، حەیدەر عەبادی و قەیس خەزعەلی، پشتیوانیی خۆیان بۆ هێرسەکان راگەیاند.

سوریا؛ خاڵی ناکۆکی ئێران و حەماس

خالد مەشعەل، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، چەند مانگێک پێش ئێستا رایگەیاند؛ کێشەکانی نێوان حەماس و بەشار ئەسەد کارئگەریی خراپیان لەسەر پەیوەندی نێوان حەماس و ئێران هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ لەدوای ئەو ناکۆکییەی لەنێوان حەماس و ئەسەد هاتووەتەحاراوە، ئێران پشتیوانییەکانی بۆ بزووتنەوەی حەماس سنووردارکردووە.

کێشەی نێوان ئێران و حەماس لەبارەی دۆخی سوریاوە، ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١ ئەوکات ئێران داوای لە حەماس کرد پشتیوانی ئەسەد بکات، بەڵام حەماس ئەوەی رەتکردەوە.

هاوکات لە جەند قۆناغیکی دیکەدا، ئێران و حەماس لەبارەی دۆخی وڵاتانی وەکو یەمەن و سوریا و لوبنان ناکۆکییان هەبووە، بەڵام بەردەوام لەسەروو ناکۆکییەکانەوە هێڵێکی پەیوەندی لەنێوانیاندا ماوەتەوە.

تاران و تەلئەبیب ترسیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ هەیە

سەرەڕای ئەوەی بەڕوونی دەزانرێت ئێران پشتیوانیی حەماس لە دژی تەلئەبیب دەکات، بەڵام تائێستاش کاردانەوەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران لە ئاستی ئەو رووداوانەدا نییە کە روویانداوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئیسرائیل چەندین جار هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە، بەڵام هەڵوێستی ئێران لە کاردانەوەی هێرشەکاندا لاواز بووە.

کاتێکیش بزووتنەوەی حەماس بە پشیوانیی ئێران هێرش ئەنجام دەدات، کاردانەوەی ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران لاوازە و لە بەرامبەردا هێرش بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی غەززە ئەنجامدەدات.

ئەوەش راستییەک دەردەخات کە هەردوو حکومەتەکەی تاران و تەلئەبیب خۆیان دەپارێزن لە شەڕی راستەوخۆی دژبەیەک، بەڵکو دەیانەوێت بەشێوەی ناراستەوخۆ و لەرێگەی جیاوازەوە زیان بە بەرژەوەندییەکانی یەکدی بگەیەنن.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی