2024-04-23 257 جار خوێنراوەتەوە

سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

دۆسیەی تایبەت

ساڵانێکە سازدانی دیداری نێودەوڵەتیی لە کوردستان بووەتە مۆدێل و بەشێک لە سیاسییەکان، بە سەدان هەزار دۆلار لە داهاتی گشتی بۆ سازکردنی ئەو دیدارانە خەرج دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ ئامانجێکی رەوا و گرنگ لە پشت ئەو هەنگاوەوە بێت کە ببێتە هۆی خزمەتکردن بە خەڵک و دۆزی نەوەی کورد.

سێ دیدار لە سێ شار

لەم ساڵانەی دواییدا، لە هەریەک لە پارێزگاکانی؛ هەولێر، سلێمانی و دهۆک، سێ دیداری جیاواز بەڕێوەدەچن، ئەوەی هەولێر بەناوی دیداری مێرییە، لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە پشتیوانیی دەکرێت و لە بودجەی سەرۆکایەتی هەرێم تێچووەکەی تەرخان دەکرێت.

هەرچی لە چالاکییەکەی سلێمانییە، بەناوی دیداری نێودەوڵەتیی سلێمانی ساز دەکرێت و لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە پشتیوانیی دەکرێت، سەرچاوەی دابینکردنی تێچووەکەی بەپێی ساڵەکان جیاوازە.

هەرچی لە دیدارەکەی دهۆکە، ناوی (مێپس)ە لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پشتیوانیی دەکرێت و تێچووەکەی لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانە.

ناوەڕۆکی دیدارەکان

دیداری نێودەوڵەتیی مێری؛ دیدارەکە کۆنفرانسێکی ساڵانەیە، لەلایەن پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) ئەنجامدەدرێت، میوانەکان زیاتر سەرکردە کورد، شیعە و سووننەکانی عێراقن، تەوەرەکانی دیدارەکە زیاتر لە دەوری رووداوەکانی عێراق و پرسەکانی وەکو ئاشتی و پێکەوەژیان و سەقامگیری لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسوڕێنەوە.

دیداری نێودەوڵەتیی سلێمانی؛ دیدارەکە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی سەر بە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانیی سەرپەرشتیی دەکرێت، میوانەکانی بەشێوەیەکی گشتی لە بەرپرس و ئەکادیمییەکانی کوردستان و عێراق، ناوچەکە و جیهانن، زۆر جار بەرپرسانی باڵای وەکو سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق و هی دیکە بەشداریی تێدا دەکەن، بێجگە لە دەیان میوانی بیانی وەکو گۆنگرێسمان و توێژەر و ئەکادیمییە بیانییەکان.

دیداری مێپس؛ دیداری مێپس لەلایەن زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان دهۆکەوە سەرپەرشتیی دەکرێت، دیدارێکی نێودەوڵەتی ساڵانەیە، بەراورد بە دوو دیدارەکەی دیکە نوێترە، سەرنجی لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی و پێکەوەژیانە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

ملیاران دینار تێچوو

بەهۆی ئەوەی دیدارەکان لە ئاستێکی باڵادا دەبن و لە ڕووی (کوالێتیی لۆجستییەوە) گرنگیی تەواویان پێدەدرێت، تێچووی ئەنجامدانی ئەو دیدارانە بڕێکی زۆرە و سەرجەمیشی لە داهاتی گشتییەوە سەرچاوەی گرتووە.

تێچووی ئەو دیدارانە لە چەند بوارێکدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە؛ خەرجی هۆڵ و نانخواردن، مانەوەی میوانە عێراقی و بیانییەکان، لە ئەستۆگرتنی خەرجییەکانی هاتوچۆ، خەرجی رووماڵکردنی مدیایی و خەرجیی چاپەمەنیی و چەندین خەرجیی دیکە.

بەهۆی ئەوەی دیدارەکان ساڵانە دووبارە دەبنەوە، تێچووەکەیان بووەتە بارێکی گران بەسەر داهاتی گشتییەوە و ئەوەش زیانی بە دۆخی ئابوریی هەرێمی کوردستان گەیاندوە.

بەپێی بەدواداچوون و خەمڵاندنەکانی دەزگای میدیایی ئیرادە، بەڕێوەچوونی هەریەک لەو دیدارانە بەشێوەی ساڵانە نزیک دەبێتەوە لە ملیۆنێک دۆلاری ئەمریکی.

دیداری مێری کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، تائێستا نۆ جار ئەنجامدراوە، سەرەتا خەرجییەکانی لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بوو، بەڵام ئێستا گوازراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، تێچووی سازکردنی ئەو نۆ دیدارە، لە نێوان نۆ تا ١٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.

دیداری سلێمانی، تائێستا حەوت جار ئەنجامدراوە، تێچووەکەی هەندێک ساڵ لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و هەندێک جار لەسەر سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بووە، لەو حەوت ساڵەدا، نزیکەی حەوت ملیۆن دۆلار بۆ دیدارەکە خەرج کراوە.

هەرچی لە دیداری مێپسە، لە رۆژانی داهاتوودا بۆ چوارەمین جار بەڕێوەدەچێت، تێچووی ئەنجامدانی ئەم دیدارە زیاترە لە ملیۆنێک دۆلار، واتە بەو چوار جارەی ئەنجامدراوە، نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج کراوە، خەرجییەکەی سەرجەمی لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە.

کاتێک سەرجەم تێچووی خەرجییەکانی ئەو سێ دیدارە کۆدەکەیتەوە، دەکاتە نزیکەی ٢٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، کە بەپارەی عێراقی دەکاتە زیاتر لە ٣٦ ملیار دیناری عێراقی.

کێ لە دیدارەکان سوودمەندە؟

ئەو دیدارانەی لە پارێزگا جیاوازەکەی هەرێمی کوردستان بەێوەدەچن، هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە نییە و تەنانەت باسی هیچ یەک لەو کێشە و گرفتانە ناکرێت کە بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی گرتووە.

ئەوەی سوودمەند دەبێت لەو دیدارانە، تەنها سیاسییەکانن، هەریەک لەو دیدارانە لەلایەن سیاسییەکەوە پشتیوانیی دەکرێت و بۆ مارکێتینی سیاسیی بەکاریدەهێنێت و پەیوندییە کەسییەکانی خۆی پێ بەهێز دەکات.

هەندێک جار ئەو دیدارانە بەکاردەهێنرێن بۆ ململانێ سیاسییەکان و لەنێوان پشتیوانانی دیدارەکاندا، ململانێ و کێبڕکێ بەکاردەهێنرێن و ئامانجی سیاسییان پێ بەدی دێت.

هەندێ جار ناکۆکیی و جیاوازیی بیرکردنەوەی سیاسییەکان بەڕوونی لە دیدارەکاندا بەدیدەکرێت، بۆ نموونە لە دوایین دیدارتی مێریدا، لە بەرنامەی کاردا دەبوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداریی بکردایە و پانێڵێکی نیو کاتژمێریی هەبوایە، بەڵام بەشداریی نەکرد، هۆکارەکەشی بۆ ئەو ناکۆکییە سیاسییە دەگەڕێتەوە کە لە نێوان ئەو و ئامۆزاکەیدا هەیە.

ئێستاش کە ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی دیداری مێپس دەکرێت، چەند رۆژێکە کەناڵی کوردستان ٢٤ی سەر بە مەسرور بارزانی بە گرنگییەوە باسی دەکات و زۆرترین کاتی بۆ تەرخان کردووە، بەڵام کەناڵی رووداوی نێچیرڤان بارزانیی بە یەک وشەش باسی نەکردووە و تائیستاش دیار نییە سەرۆکی هەرێم بەشداریی تێدا دەکات یاخود نەخێر.

ئێستا دۆخەکە بە هەر شێوەیەک بێت، ئەو دیدار و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییانە، نەیانتوانیوە ببنە هۆکارێک نە بۆ باشکردنی ژیانی هاوڵاتیان و نە بۆ پێشخستنی دۆزی نەتەوەیی کورد، هۆکارەکەشی ئەوەیە بە روانگەی شەخسیی سیاسیی و حزبیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەپێچەوانەی وڵاتانی جیهانەوە کە دامەزراوەی تایبەتمەندی ئەکادیمیی ئەو دیدارانە ئەنجامدەدات و ساڵانە گرنگترین ئەو پرسانە باس دەکرێن کە بۆ هاوڵاتیان و پێشخستنی وڵاتەکان گرنگن.


  • لە بایكۆتەوە بۆ مانگرتن

  • ​قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان كۆتاییان نایەت؛ یاسای خانەنشینی قەیرانە نوێیەكە

  • ناوه‌ڕۆكى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ چییه‌؟

  • ڕۆژئاوای کوردستان لەنێوان خاوەنە بنەڕەتیی و ساختەکانیدا

  • 2024 ساڵی ڕووداوە کتوپڕ و سەرنجڕاکێشەکان

  • ئەو کەسەى هوجام سورچی سەربڕی کوژرایەوە

  • سعودیە ووڵاتی لە سێدارەدان

  • زۆرێك لە وڵاتان داوای پاراستنی كوردانی ڕۆژئاوا دەكەن؛ بەڵام حكومەتی هەرێم بێدەنگە

  • زیندانی ئاكرێ میراتێك لە بەعسەوە بۆ پارتی

سەرەکی