×

2024-04-23 375 جار خوێنراوەتەوە

سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

دۆسیەی تایبەت


هێشتا بەغداد دوایین گوژمەی ئەو پارەیەی نەناردووە کە بڕیاربوو وەکو قەرز بۆ مووچەی سێ مانگ بۆ هەرێمی بنێرێت، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو گوژمەیەش بنێرێت دەبێتە دواهەمین گوژمەی نێردراوی ئەمساڵ، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم بەو شێوەیەش مووچەی سێ مانگیان لەلای حکومەت دەمێنێتەوە.

حکومەتی فیدراڵیی عێراق، لە دوو مانگی رابردوودا دوو گوژمەی 700 ملیار دیناریی وەکو قەرز بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناردووە، بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا 700 ملیاری دیکەش بنێرێت و ئیتر کۆتایی بە ناردنی قەرز بۆ هەرێم بهێنێت.

پارەی دیکە بۆ هەرێم نانردرێت

بەپێی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو سێ گوژمەیەی نێردراوە بۆ مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی 7 و 8 و 9ی پێ دابین دەکات، ئەمەش بەو واتایە دێت کە تاکۆتایی ئەمساڵ حکومەتی عێراق هیچ پارەیەکی دیکە بۆ هەرێم نانێرێت.

ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا 700 ملیارەکە بگاتە هەرێم، ئەوا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و لە باشترین دۆخدا بە هەفتەیەک هەموو مووچە دابەش دەکرێت، بەو پێیەش بێت لانیکەم تا کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم توێژەکان، 10 رۆژی دیکە کات پێویستە.

وەزارەتی دارایی عێراق، لە 25ی ئەم مانگەوە، هەموو خەرجیی و جوڵەیەکی پارە رادەگرێت و حساباتی کۆتایی ساڵ ئامادە کات، بەو هۆیەشەوە تا ساڵی داهاتوو و کۆتاییهاتنی پشووەکان ناتوانێت هیچ برە پارەیەک خەرج بکات، ئەوەش دەبێتە ئاستەنگی گەورە لەبەردەم ناردنی پارەی دیکە بۆ هەرێم.

حکومەتی هەرێم داوای ناردنی سێ گوژمەی دیکەی پارەی کردووە، بەڵام بەغداد ئەوەی رەتکردووەتەوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت “دەبێت کۆتایی ساڵ ژمێرەی کۆتایی هەرێم ببینین، پاکتاوی ژمێرەیی بکەین و ئەوکات بڕیار دەدەین چۆن مامەلە لەگەڵ پشکی هەرێم لە ساڵی 2024دا دەکەین”.

پاکتاوی ژمێرەیی لە بەرژەوەندیی هەرێم نییە

کاتێک هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد لەبارەی ناردنی سێ گوژمەی قەرزەوە رێککەوتن، هەر ئەوکات، وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی  بۆ سێ بانک کرد بۆئەوەی قەرزەکە دابین بکەن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر قەرزەکانی سەر هەرێم گەیشتنە ئاستێک کە لە پشکی هەرێم بۆ ساڵی 2023 زیاتر بوو، ئەوا دەبێت لە پشکەکەی ساڵی 2024 ببڕدرێت.

ئەو پارەیەی لەسەر هەرێم هەژمارکراوە:

یەکەم: داهاتی نەوتی کە لە سێ مانگی یەکەمدا هەناردەیان کردووە 3 ترلیۆن و 209 ملیار دینارە. 

 دووەم: داهاتی نانەوتی سێ ترلیۆن و 840 ملیار دینارە. 

 سێیەم: 1 ترلیۆن و 600 ملیار قەرزی بانکە عێراقییەکانە وەک رەشید و رافیدەین.

 چوارەم: قەرزی پێشوو بە گوژمەی 318 ملیار دینار لە تی بی ئای. 

 پێنجەم: پارەدارکردنێکی نوێش هەیە بەبڕی 598 ملیار دینار و پارەدارکردنێکی دیکەیشی وەزارەتی دارایی بە بڕی 400 ملیار دینار دراوە. کۆی گشتیی ئەمانە دەگاتە 8 ترلیۆن دینار. 

شەشەم: ئەگەر گوژمەی سێیەمی قەرزە 700 ملیارییەکە بگاتە هەرێم، ئەوا کۆی قەرزی مووچە دەگاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار.

کاتێک هەموو ئەم بڕە پارانە کۆدەکرێنەوە، دەردەکەوێت کە ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هەرێم هەژماری دەکات بۆ ئەمساڵ، 13 ترلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت، ئەمەش زۆر زیاترە لەو بڕەی کە بەپێی یاسای بودجە و بە لەبەرچاوگرتنی (قەرجییە فعلییەکان) بەر هەرێم دەکەوێت. بەم شێوەیەش مەترسیی گەورە لەسەر پشکی ساڵی داهاتووی هەرێمیش لەئارادایە.

داواکاریی هەرێم بۆ هەموارکردنی یاسای بودجە

یەکێک لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد ئەوەیە، یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، بەشێوەیەک کە دەستەواژەی (خەرجییە فعلییەکان) لاببرێت و پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق لە خەرجییەکانی دیکە جیا بکرێتەوە.

ئەم داواکارییەی هەرێم بە خۆرێک بوو کە دەبوو لەمساڵدا ئەو هەنگاوە بنرێت، بۆئەوەی لە ساڵی داهاتووەوە هەر لەسەرەتاوە پشکی هەرێم بەپێی هەموارە نوێکە بنێردرێت، بەڵام بەهۆی پشووی پەرلەمان و دوورخستنەوەی سەرۆکاکەی، ئەو هەنگاوە دواکەوت.

چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بەوە دەکەن؛ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، ئەگەر هیچ ئاستەنگێکی دیکەشی بۆ دروست نەبێت، ئەوا بێگوومان دەکەوێتە مانگی دوو یان سێی ساڵی داهاتوو، ئەوەش بەهۆی ئەو دابەشبوون و ململانێ سیاسییانەی لە پەرلەماندا هەن.

هەرچەندە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، کارێکی ئاسان نییە و هەوڵێکی زۆری سیاسیی و یاسایی دەوێت، بەڵام بۆ هەرێم تاکە چارەسەرە و دەبێت کار بۆ ئەنجامدانی ئەو هەموارە بکرێت ئەگەر نا لە ساڵی داهاتووشدا بەشی هەرێم لەمەی ئێستا خراپتر دەبێت.

دواکەوتنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ مانگەدانی دوو یان سێی ساڵی داهاتوو، بەو واتایە دێت، کە مەترسیی دواکەوتن یان فەوتانی مووچەی چەند مانگێکی سەرەتای ساڵی داهاتووش لەئارادایە، ئەگەر حکومەتی عێراق نەچێتە ژێر باری ناردنی قەرزی دیکە بۆ هەرێم.

  • ​لە حەلەب چی ڕوودەدات؟؛ بۆچی توركیا ترسی لە گۆڕانكارییەكان هەیە؟

  • ڕۆژانە 140 ژن و منداڵی كچ دەكوژرێن

  • قومار و قوماری ئەلكترۆنی چۆن خەریكە كۆمەڵگە تێكدەدات؟

  • بارزانی چۆن لەپیلانەكەی توركیا بەناوی پرۆسەی ئاشتی بەشدارە؟

  • هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە عێراق زیان دەكات؟

  • پرۆسەی ئاشتی؛ پیلانێكی دیكەی توركیا لە پشتی دەرگا داخراوەكانەوە

  • پاڵاوگەی نایاسایی و تێكدانی ژینگەکەی؛ هەولێری كردووەتە یەكەم شار لە توشبوون بە شێرپەنجە

  • په‌كه‌كه‌ بێبه‌رى ده‌رچوو؛دادگایه‌كى به‌غداد ڕیسه‌كه‌ى پارتى كرده‌وه‌ به‌ خورى

  • بۆچى هه‌ڵبژاردن لە ئه‌مریكا جیاواز و ئاڵۆزه‌؟

سەرەکی