×

2024-04-23 177 جار خوێنراوەتەوە

ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

دۆسیەی تایبەت


چڕ بوونەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان و ناچارکردنی بەشێک لە لایەن و حیزبەکانی کوردستان بۆ دژایەتیکردنی یەکتر و بە دیاری کراوی دژایەتی کردنی بوون و مانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لەو شوێن و ناوچە ستتراتیژیە گرنگانەی کوردستان، ئامانجێکی گەورەترە لەوەی وڵاتانی وەک تورکیا و دەسەلاتدارانی ناوچەکە وێنای دەکەن، هێرشەکان و ئامانجەکانی نەک هەر بەشیکی کوردستان تێیدا دەکرینە ئامانج بەڵکو پلانەکە لەدژی هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان داڕیژراوە .

لە سەر مێزی کۆبوونەوەکان تورکیا  هەڵسوڕێنەری ئەو پلانەیە و دەیەوێت بەو پلانە  دەوڵەتی عێراق و  ئێران بەشداری تێدابکەن، لە کاتێکدا کە تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ سەرخستنی پلانەکە مەیسەر و ئامادە کردووە بەو پێیەی ئێستا ئەو پارتە بێ ئاگا بێت یان بە ئاگا، بە تەواوی خزمەتی ئەم پلانە مەترسیدارە دەکات.

سەرخستنی پلانەکە بە دوو هەنگاوی حکومەتی تورکیا دەستپێدەکات

دوو هەنگاوی گرنگ کە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا کاری لەسەر دەکەن لە ژێر ناوی ” سەدساڵەی تورکیا” بریتیە لە ( دروستکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و دروستکردنی ڕێڕەوی زنگێزور ) .حکومەتی تورکیا بۆ بەدیهێنانی ئەو پلانەی، دەیەوێت رێگایەک بۆ سەرکوتکردن، تەسفیەکردن، دوورخستنەوەی هێزە کوردییەکان لە هاوکێشەکانی ناوچەکە بگرێتەبەر.

تورکیا پێیوایە، ڕێگای بەدیهاتنی ئەو پلانە، تەنها و تەنها ناچارکردنی ئەکتەرە ناوچەییەکانە بۆ گۆڕینی نەخشە و لێدانە بە گورزێکی گەورە لە کورد بە تایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان.

سەرخستنی دەسەڵاتی ئەردۆغان وەک سەرەتا، ڕێگای گەشەپێدان و خەونی تورکیا بۆ زیندووکردنەوەی میساقی میللی

پارتی داد و گەشە پێدان کە ئەردۆغان بەڕێوەی دەبات و بەردەوامیان بە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە و ئەرگەنەکۆن پەیوەستە بەو بابەتەوە. لە کاتی ئامادەکاری و خستنە سەر مێزی پلانەکە، مەهەپە و ناسیۆنالیستەکان بە بەشداریکردنی هودا-پار لە هاوپەیمانیدا، بڕیاریاندا بەردەوام بن لە پاڵپشتییەکانیان لە پارتی دادوگەشەپێدانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی مانگی ئازاری ٢٠٢٤ ، بەو ئامانجەی خەونی گرتنەوەی حەلەب، موسڵ، کەرکوک و بێ کاریگەرکردنی کورد لە ناوچەکە بکەنە ڕاستی و سەرکەوتنی یەکجاری

ڕێگای گەشەپێدان چییە؟

ڕێگای گەشەپێدان پرۆژەیەکی قورس و پلانێکی گەورەیە لە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر و ڕێگای خێرا بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی سروشتی لە نێوان بەندەری ( فاو ) لە باشووری عێراقەوە بۆ سلۆپی و لەوێوە بۆ ئەستەنبۆڵ.

ئەم ریسکەی دەوڵەتی تورکیا،کە بریتیە لە  ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن و بۆری نەوت لە چوارچێوەی ڕێگای گەشەپێدان، لە بەندەری فاو لە شەتولعەرەبەوە دەستپێدەکات، بە هەریەک لە ناوچەکانی دیوانیە و نەجەف و کەربەلا و بەغدا و موسڵ، لەوێشەوە بۆ دەروازەی فیش خابوور- دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەڕوات و درێژدەبێتەوە بۆ (دەروازەی ئۆڤاکۆی) لە سلۆپی، لەوێشەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری مێرسین و ئەستەنبوڵ. ڕێگای گەشەپێدان لە ئەستەنبوڵەوە بۆ فەرەنسا و پاشان بۆ لەندەن درێژدەبێتەوە.

ڕێڕەوی باشوور لە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بە گرنگ دادەنرێت، بەتایبەتی بە ئامانجی گواستنەوەی کاڵا لە چین و ژاپۆنەوە، هەروەها نەوت و بەرهەمەکانی ناوچەکە بۆ ئاسیا. زەمینەسازی پڕۆژەی بەندەری فاو، بۆ یەکەم جار لەلایەن کۆمپانیای دایۆی کۆریای باشوور لە ساڵی ٢٠١٠ ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی هەڵاوسان و دۆخی خراپی ئابووری لە تورکیا،  پڕۆژەکە راوەستاوە.

رازی بوونی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوە پێشووی تورکیا لە 14ی شوباتی 2018 بەشداریی لە “کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق” لە کوێت کرد و بەڵێنی پێدانی پێنج ملیار دۆلاری قەرزی کەم سوودی بە عێراق داو و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی مرۆیی و گەشەپێدان بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار یارمەتی ئەو وڵاتە دەکەن.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، بۆ جاری دووەم لە 11ی نیسانی 2021 بناغەی پڕۆژەی بەندەری فاوی دانا و بە “پردێکی ئابووری” نێوان عێراق و تورکیای وەسف کرد.

 پرۆژەی ڕیگای گەشەپێدان وەک رکابەری ڕێگای دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست !

پرۆژەی رێگای گەشەپێدان کە بە عێراقدا تێپەر دەبێت، بڕیار وایە وەک ڕکابەرێک بۆ ”کەناڵی سوێس” کاری لەسەر بکرێت ، لەکاتێکدا پرۆژەی ڕیگای یەک پشتێن و یەک ڕیگا بە ملیاران دۆلار کەوتووە لە سەر چین لە پێناو بوژانەوەی ریگای ئاوریشمی چینی

ئەم پرۆژەیە بۆ گەیاندنی بەرهەمی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە لە نەوت و غازی سروشتی وڵاتانی کەنداو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دیکەیە ، لە پاڵیدا گەیاندنی بەرهەمی ئەوروپیە بۆ عێراق، کوێت، ئێران، قەتەر و هاوکات بۆ گەیاندنی بە وڵاتانی وەک عومان، ئیمارات و دواتر بۆ چین و کۆریای باشورە.

دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە کۆریدۆرێکی ڕکابەر بۆ کەناڵی سوێس کە دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

لە لوتکەی گروپی ٢٠ی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ڕێککەوتنی ڕێڕەوی ئابووری هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەهۆی دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مەترسی لەسەر دروست بوو .

هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر هێڵی کەشتیوانی لە دەریای سوور بە مەبەستی راگرتنی شەڕی ئیسرائیل لە دژی غەززە، کاریگەری لەسەر زنجیرەی دابینکردن لە جیهاندا دروستکرد و ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی تێچووی زۆر و درێژبوونەوەی رێگاکان لە ڕێگەی کیپ ئۆف گودەوە.  

ئەو هۆکارانە وای کرد ڕیگای ئاسنین لە چوارچێوەی ڕێگای گەشەپێدان جارێکی دیکە وڵاتانی وەک تورکیا، عێراق، ئیمارات و قەتەر  کۆبکاتەوە

 تورکیا بەردەوام لە پلاندایە و چۆن دەیەوێت عێراق لە شەڕی کورد تێوە گلێنێت  ؟

تورکیا دەیەوێت بەم پڕۆژەیە حکومەتی عێراق لە دژی کورد بۆ لای خۆی رابکێشێت و لە رێگەی گواستنەوەی وزە و پەیوەندییە بازرگانییەکان ، بەدەر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، هیوایەکی گەورەی بە دروستکردنی ئەم ڕێڕەوە بازرگانیە هەیە.

بە بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکە، چەمکێکی نوێی لەودیو سنوورەکانی تورکیای هێنایە ئاراوە. تورکیا کە پێشتر ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و وشکانی بەو شێوەیەی کە ئەمریکا ڕێگەی پێدابوو، لە دژی پارتی کریکارانی کوردستان- پەکەکە ئەنجام دەدا، بەڵام لە یەک دوو ساڵی رابردوو دەستی بە دروستکردنی بنکە سەربازی لە زنجیرە شاخەکانی هەرێمی کوردستاندا کردووە.

بێئاگای پارتی و تێوەگلانی لەو پلانە،  تورکیا دەکاتە هێزی ژمارە یەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردیش دەخاتە ژێر دەست پیی ولاتانی ناوچەکە  

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەموو جارێک درکی بە پلان و نەخشەکە نەکرد ! نەیتوانی درک بە مەترسیەکە بکات و لێی تێبگات ! هەر بۆیە کەوتە خزمەتی سیاسەتەکانی پارتی داد و گەشەپێدان و حکومەتی ئێستای تورکیاوە ،  لە 10ی حوزەیرانی 2019 حکومەتەکەی ئەردۆغان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی  و مەسرور بارزانی بە مەبەستی دروستکردنی بنکە سەربازیی و ڕێگاوبانەکانی ”تی ئێس کی” و شەڕ لەدژی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردسستان رێککەوتیان واژۆ کرد.  

تورکیا لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٩ ئۆپەراسیۆنێکی سنووربەزاندنی بە ناوی پەنجە-١ لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، بە واتایەکی تر هاوتەریب لەگەڵ پێگەیشتنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی بەندەری فاو، “چەمکی داگیرکردن(چوونە ژوورەوە) و مانەوە” لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئامانجی داگیرکاری تورکیا لە هەرێمی کوردستان

دەکرێت بگوترێت یەکێک لە هۆکارەکانی لەشکرکێشی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەرەوپێشچوونی کۆریدۆری ڕێگای گەشەپێدان بوو لە فاوەوە. ئامانجی ستراتیژی تورکیا بۆ دڵنیابوون لە رێگەی گەشەپێدان، داگیرکردنی زنجیرە شاخەکانی هەفتانین، مەتینا، ئاڤاشین، خواکوڕک، زاپ، گارێ، قەندیل و ئاسۆس بوو.

بەهۆی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، دەوڵەتی عێراق چاوی لە دروستکردنی دەیان بنکەی هێزە سەربازیەکانی تورکیا بە پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستان داخست. هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانی تورکیا و سنوور بەزاندن و هێرشی تۆپخانەیی و پێشێلکارییەکانی جەنگ، پەرلەمانی عێراق لە 5ی 1ی 2020 دەنگی بە پڕۆژە یاسایەی دەرکردنی سەرجەم هێزە بیانییەکاندا لە وڵاتەکەیدا و کەچی دوەڵەتی عێراق کاری بەم یاسایە نەکرد و سڕی کرد.

جێبەجێکردنی ئەم پلانە و لاوازکردنی کورد

لەم قۆناغەدا پڕۆژەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی عێراق-تورکیایە و پرۆژەیەک نییە کورد سوودی لێ ببینێت. دەکرێت بڵێین ئەم پرۆژەیە، پرۆژەی عێراق و تورکیایە بۆ سەرکوتکردنی کورد و دوورخستنەوەیانە لە گۆڕەپانی دەسەڵات و هێز و هەژموون لە ناوچەکە و ئامانجی سیاسی ئەم پڕۆژەیەش بە نسبەت تورکیا وەک ئامانجی ژمارە یەک ، لاوازکردنی پێگەی کورد و بێ کاریگەرکردنی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستان و خنکاندنیەتی لە ڕووی ئابوورییەوە.

تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥ وە بە دروستکردنی هێڵی ئاسنین و رێگەوبان هەوڵی پەرەپێدانی پڕۆژەکە دەدات. ئامانجی سەرەکی ئەردۆغان ئەوەیە، هەم ئێران و هەم عێراق بێنیتە پاڵ خۆی و بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکانی سنوور بەزاندن بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.

ئەمەش بە مانای زوڵم و چەوساندنەوەی نەک هەر کوردانی باشوور و باکوری کوردستان دێت  بەڵکوو بە واتای سەرلەنوێ داگیرکاریەکی دیکەی ئەو وڵاتانە دێت کە بەدرێژای ١٠٠ ساڵی ڕابردوو کوردیان کردۆتە سوتمات لە پیناو هێشتنەوەی دەوڵەت و جوگرافیای خۆیان

بەشداری پارتی و سەرلەقاندنی بنەماڵەکان بۆ دەوڵەتی تورکیا لەم پلانە زیان بە کورد دەگەیەنێت

بەشداربوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رووی ناوچەییەوە زۆر زیانبەخش دەبێت بۆ داهاتووی کورد لە هەر چواربەشەکەی کوردستان ، بە تایبەت ئیستا لەوە ترسناکتر درکی پێدەکرێت ، ئەویش سەرلەقاندنی پارتیە بۆ مەیسەر بوونی ئەو پرۆژە و پلانانەی تورکیا لە دیدگای پاراستنی هێز و هەژموونی بنەماڵەیەکی دیاری کراوی نێو پارتیەوە .

ئەم پڕۆژەیە، پرۆژەیەکی دژە کوردە و لە بەرژەوەندی عێراق و تورکیا و ئێران و دەوڵەتانی سوریایە و بە ئامانجی سەرکوتکردنی کورد لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە داڕێژراوە

بۆیە ئەگەر کورد لەم قۆناغەدا سیاسەتێکی دروست و نەتەوەیی نەگرنەبەر و لە دژی سیاسەتەکانی پارتی دەسەڵاتدار تەسلیم بوو بە تورکیا نەوەستنەوە، ئەوا بۆ ماوەی چەندین ساڵ تووشی کارەسات و نەهامەتی دەبنەوە. بۆیە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ژێرخان و ئابووری رۆژئاوای کوردستان و هیرشەکانی بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی تورکیا ئەسڵی بابەتەکە نییە، بەڵکوو ئامانجەکە گشتی کوردستانە،  کە دواجار سەری کورد و هەموو ئەو بنەماڵە و پارتانەش دەخوات کە ئێستا و داهاتوو دەچنە ژێر هەڵگرتنی بار و پلانی تورکیاوە

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی