2024-08-29
303 جار خوێنراوەتەوە
چاوچنۆکی و تەماحەکانی تورکیا دەگەنە کەرکوک
ناوەندی هەواڵ
هێز و لایەن و کەسایەتییە سیاسی و نیشتمانییەکان لەعێراق بەردەوام هۆشدارییان داوە لە دەستدریژی و سنوربەزاندن و تەماحەکانی تورکیا لە عێراق، لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا،تەنها بە دواداچوون نین بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵکو لەوە زیاتر دەڕۆن، و پەیوەندییان بە خەونی کۆنی عوسمانییەوە هەیە کە تورکیا دەیەوێت ئەفسانەکەی بگەڕێنێتەوە.
پەیماننامەی لۆزان
لە ساڵی 1923 تورکیا پەیماننامەی لۆزانی واژۆ کرد کە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دوای دۆڕانی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دامەزراندنی کۆماری ئێستای تورکیا،بەڵام لای تورکیا پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 2023دا کۆتایی هات، کاتێک تورکیا بەئاشکرا دەستوەردانی لەپێکهێنانی حکومەتی خۆجیی و بەڕیوەبردنی ژمارەیەک پارێزگای عێراق کرد بەهاوکاری دۆست و هاوپەیمانەکانی لەعێراق و هەرێمی کوردستان، لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و پارتەکەی خەمیس خەنجەرو ڕاکان جبوری، لەوانە پارێزگای کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئابی 2024، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی عێراق فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیایان خستە خوارەوە کە مووشەکێکی هەڵگرتبوو بەسەر ئاسمانی پارێزگاکەداو ئاسمانی عیراقی لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەرەو ناوچەی چیمەنی کەرکوک بەزاندبوو.
عەبدولسەلام حەموودی، جێگری فەرماندەی ناوچەی باکوری بەرگری ئاسمانی عێراق، ڕایگەیاند،تیمەکانی بەرگری ئاسمانی درۆنێکی تورکییان خستەخوارەوە کە لای سنووری سلێمانییەوە بەرەو ئاسمانی کەرکوک هاتبوو، توانرا بەچەک و هەوڵی عێراق و ڕێنمایی فەرماندەی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی عێراق بخرێتە خوارەوە.
فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە "تورکییەکە" کە لە سنوری کەرکوک تێکشێنرا، ناوی ( Tal Aksungur)ەو دوای تێکشکاندنی، پارچەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڵگیرایەوەو لێکۆڵینەوەش دەستیپێکردووە.
فەرماندە باڵا سەربازییەکەی عێراق لە کەرکوک دەڵێت،"درۆنەکە تورکی بووەو 15 مەتر درێژ بووە، فڕۆکەکە 16 کاتژمێر بە بەرزی دەفڕێت و دەنگیشی نابیسترێت، توانای هەڵگرتنی موشەکی هەیەو زۆر بە وردی وێنەی سەر زەویش تۆمار دەکات، فڕۆکەکە تایەی هەیەو لە شوێنی تایبەتەوە دەفڕێت."
هاوکات، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، لەڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، کە درۆنەکە "تورکییە و لەناو شاری کەرکوک خراوەتە خوارەوەو لێکۆڵینەوەی لەسەردەکرێت."
یەکەمجار نییە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی تورکیا هەوڵی پێشێلکردنی ئاسمانی پارێزگای کەرکوک دەدات
سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ڕایانگەیاند، "ئەمە یەکەمجار نییە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی تورکیا هەوڵی پێشێلکردنی ئاسمانی پارێزگای کەرکوک دەدات، بەڵام بەرگری ئاسمانی عێراق هۆشدارییان دەداتەوە و ڕێگرییان لێدەکات بچنە ناو ئاسمانی پارێزگاکەوە".
سەرچاوەیەکی دیکەی سەربازی لە هێزی ئاسمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە29ی ئاب، دووپات و پشڕاستی کردەوە کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کەوتە سەر ماڵێک لە پارێزگای کەرکوک، تورکی بووە و لە لایەن بەرگری ئاسمانی عێراقەوە خراوەتە خوارەوە.
فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی تورکیا بەپێی پرۆتۆکۆڵی بەرگری ئاسمانی، بۆ ئاگادارکردنەوە کراوەتە ئامانج، دواتر لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی بانێستیری ڕوسیەوە خراوەتە خوارەوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاوکراونەتەوە "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە سەر یەکێک لە خانووە نیشتەجێبووەکانی ناو گەڕەکی "تسعین" (پشت بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك) كەوتە خوارەوە، ، بەهۆیەوە زیانی ماددی لەو خانووەدا کەوتووە کە لەسەری کەوتووەتە خوارەوە".
"بەپێی ئەولێکۆڵینەوەو پشکنینانەی کە بۆ بەشە تێکشکاوەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی تورکیا کراوە، دەرکەوتووە کە جۆرێکی درۆنی تورکییە بە"ئاکسونگور" باسراوەو درۆنێکی پیشکەوتووە و لەلایەن پیشەسازیی ئاسمانیی تورکیا (TAI)ـەوە بەرهەمدەهێنرێت".
"بەرپرسانی باڵای هێزی ئاسمانی عێراق ئاماژەیان بەوە داوە، لە ماوەی پێشوودا چەندین حاڵەتی بەرکەوتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ بەرگری ئاسمانی عێراق لە دەوروبەری شاری کەرکووک هەبووە، و بەپێی پرۆتۆکۆڵی ئاگادارکردنەوە کشاونەتەوە."
تورکیا بە پاڵپشتیکردنی تیرۆرناسراوە
تورکیا بە پاڵپشتیکردنی تیرۆریستان لە سوریا و عێراق درێژە بەداگیرکارییەکانی دەدات، ئەوەش ترس لە ئەجێندایەکی نوێ دروست دەکات کە بە نیازە لە هەردوو وڵات جێبەجێی بکات.
جویدە میخائیل، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی سوریا دەڵێت، تورکیا تۆمەتبارە بەوەی پێشێلکاریی قورسی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لە سوریا ئەنجامداوە.
جویدە میخائیل بە ئاژانسی مەعلومەی وتووە، "هێزەکانی تورکیا تاقمە تیرۆریستییەکان ئازاد دەکەن بۆ ئەوەی پێشێلکاریی جددی مافی مرۆڤ لە دژی خەڵکی مەدەنی بێ بەرگری ئەنجام بدەن."
تورکیا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات
ئاماژەی بەوەشکردووە، "تورکیا بەشێک لە خاکەکانی سوریا داگیردەکات و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات، ئەمە جگە لەوەی پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستیەکان دەکات لەو ناوچانە و داگیرکاری تورکیا لە چوارچێوەی بێدەنگی نێودەوڵەتیدا بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی زیاتر دژی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا".
|