سۆران عومەر
2024-08-30
244 جار خوێنراوەتەوە
سۆران عومەر: هەرێم بەرمیلی نەوت بە 20 دۆلار دەفرۆشێت و ئامادە نیە بیداتە عێراق بە 70 دۆلار
ناوەندی هەواڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت "عێراق داوا دەکات بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم کەم بکرێتەوە بۆ 150 هەزار بەرمیل و تەسلیمی سۆمۆی بکەن بۆ هەر بەرمیلێکیش 70 دۆلار حساب دەکەن، بەڵام هەرێم ئامادە نییە ئەو کارە بکات خۆى بەرمیلى بە 20 دۆلار دەفرۆشێت".
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ئەوەشى خستووەتەڕوو: "وەزارەتی نەوتی عێراق سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێ لەوەی بەرمیلی نەوت بە (20$) دەفرۆشن، بۆیە هەرێم ئاگادار دەکاتەوە نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکەن چونکە نرخی نەوت بەپێی یاسای بودجە بە (70) دۆلار دانراوە! ئەوان بەو نرخە وەریدەگرن لەهەرێم و بۆ ناوخۆ بەکاریدەهێنن".
ڕاشیگەیاندووە "عێراق بەنوسراوی فەرمی دەڵێ نەوتەکەمان رادەست بکەن لەناوخۆ بەکاریدەهێنین مانگی (600) ملیۆن دۆلار دەکات، هەرێم ئەمە ناکات خۆی دەیفرۆشێ بە (170) ملیۆن دۆلار! گوایە لەو پارە (120) ملیۆن دۆلاری دەداتەوە بە کۆمپانیا بیانیەکان و (50) ملیۆن دۆلاریشی بۆ خۆی هەڵدەگرێ!"
دەقى نووسینەکەى سۆران عومەر:-
عێراق داوا دەکات بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم کەم بکرێتەوە بۆ 150 هەزار بەرمیل و تەسلیمی سۆمۆی بکەن بۆ هەر بەرمیلێکیش 70 دۆلار حساب دەکەن و لەناوخۆ بەکاریدەهێنن.
عێراق دەڵێ ئەو نەوتەی مانگانە تەسلیمی سۆمۆ بکە بە 600 ملیۆن دۆلار حسابی دەکەین، هەرێم ئەمە نایکات و دەیفرۆشێ بە 170 ملیۆن دۆلار و 120 ملیۆن دۆلاری دەدات بە کۆمپانیا بیانیەکان!
بەپێی نوسراوی ژمارە (36548)ی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماژە بە نوسراوی ژمارە (1889)ی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕۆژانە (286946) بەرمیل نەوتی خام بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هیچی تەسلیم بە کۆمپانیای سۆمۆ ناکەن وەک وەزیری نەوتی عێراق حاماژەی پێدەکات بەپێی (مادەی 12/دووەم/ب )لەیاسای بودجەی فیدراڵی عێراق هاتووە : لەکاتێکدا نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری نەڕوات بۆ بەندەری جیهانی تورکی، یان هەر دەروازەیەکی ڕەسمی دیکە کەوەزارەتی نەوت دیاری دەکات، هەرێمی کوردستان پابەندە بەپێدانی ئەو نەوتە بەپێی (مادەی 12/دووەم/أ) بە وەزارەتی نەوتی عێراق تاکو لە ناوخۆ بەکاریبهێنێت.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (59/اتحادية/ 2012 و موحدتها 110/ اتحادية/2019) هەرێمی کوردستان بۆی نیە نەوت هەناردە بکات بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق.لەنوسراوەکەدا هاتووە : بەپێی یاسای ( ادارة المالية والدين العام) ژمارە (6)ی ساڵی 2019 پێویستە سەرجەم داهاتەکانی کە لە نەوت دەستی دەکەوێت ڕادەستی خەزێنەی گشتی عێراق بکات.
وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی بە حکومەتی هەرێمی وتووە گرێبەستە نەوتیەکانتان کە بەگرێبەستی هاوبەشی کراوە لەگەڵ لایەنە دەرەکیەکان لە وڵاتان و کۆمپانیا بۆ گەڕان بەدوای نەوت و دۆزینەوەی و هەڵکەندنی بیرەکان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بەپێی بڕیارەکەئ دادگای فیدراڵی یاسایی نیە، پێویستە هەمووی ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و داهاتەکەشی بخرێتە ئەو هەژمارەی لەبانکی ناوەندی بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە.
داواش دەکات هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە بۆ 150 هەزار بەرمیل و تەسلیمی سۆمۆی بکات.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان بەنوسراوی ژمارە (1889) وەزارەتی نەوتی ئاگادارکردۆتەوە کە ڕۆژانە( 286946) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت (200) هەزار بەرمیلی دەدات بەکرێی دەرهێنانی نەوت بە کۆمپانیاکان و خەرجیەکانی دیکەی نەوت کە مانگانە (120) ملیۆن دۆلارەو (46) هەزار بەرمیلیش دەدات بە پاڵاوگەکان و ئەوی دیکەشی دەدات بەکرێی غازی کارەبا، بۆ هەر بەرمیلێکیش (20$) ی داناوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێ لەوەی بەرمیلی نەوت بە (20$) دەفرۆشن، بۆیە هەرێم ئاگادار دەکاتەوە نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکەن چونکە نرخی نەوت بەپێی یاسای بودجە بە (70) دۆلار دانراوە! ئەوان بەو نرخە وەریدەگرن لەهەرێم و بۆ ناوخۆ بەکاریدەهێنن.
عێراق بەنوسراوی فەرمی دەڵێ نەوتەکەمان ڕادەست بکەن لەناوخۆ بەکاریدەهێنین مانگی (600 ) ملیۆن دۆلار دەکات، هەرێم ئەمە ناکات خۆی دەیفرۆشێ بە (170) ملیۆن دۆلار! گوایە لەو پارە (120) ملیۆن دۆلاری دەداتەوە بە کۆمپانیا بیانیەکان و (50) ملیۆن دۆلاریشی بۆ خۆی هەڵدەگرێ!
|