دیناری عێراقی
2024-08-31
650 جار خوێنراوەتەوە
کاتی بڵاوکردنەوەی لیستی مووچە ڕاگەیەندرا
ناوەندی هەواڵ
ئەگەر هەیە سبەی یەکشەممە1_9_2024، لیستی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاو بکرێتەوە.
شەممە، 31ی ئابی2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بە میدیای پارتی وتووە، "لێکگەیشتن لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی کێشە تەکنییەکانی تایبەت بە پرسی مووچە هەیە".
ڕاشیگەیاندووە "ئەگەر ئەمڕۆ بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، سبەی یەکشەممە، 01-09-2024، لیستی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت) بڵاو دەکەینەوە".
بەوتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بڕی تەواوی مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت و هەشت)ی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لەم چەند ڕۆژەدا کۆی گشتی پارەکە بنێرێت.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار، بەڵام پێچەوانەی هەرێم وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام لێکۆڵینەوە لەڕاست و دروستی بڕی مووچە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات بەهۆی ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە حکومەت لیستی مووچەی بە دروستی بۆ بەغدا نەناردووە.
حکومەتی عێراق دەڵێت، ناکرێت هەموو مانگێک وردبینی بۆ لیستی بکرێت و هێشتا لیست لەڵایەن هەرێمە هەر بە هەڵەوە بنێردرێت.
بەوتەی بەرپرسانی دارایی عێراق، لە مانگەکانی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم 900 ملیار دیناری زیادەی وەرگرتووە و لیستی بە ناردووستی ناردووە، بۆیە تەنها 36 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 7 دەنێرن و پێویستە حکومەتی هەرێم خۆی ئەو پارەیە کە پێویسته بۆمووچە تەواوی بکات. لەلایەکی دیکەوە هەفتەی پێشوو بەغدا 550 ملیار دیناری مووچەی مانگی 8ی بۆ هەرێم ڕەوانەکردووە.
ئێستا مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغدان تووشی دڵەڕاوکێ بوون و بەدەست کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق گیریان خواردووە کە بەهۆیەوە چارەنووسی مووچەکانیان دیار نییە، جگە لەوەی ماوەی نزیکەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
لە ساڵی 2015وە تا ئێستا، واتە لە دوو کابینەی یەک لەدواى یەکى پارتى و یەکێتیدا، وەزارەتی دارایی هەرێم 59 مووچەیان دابەشنەکردووە یان بە لێبڕین و چارەکە موچە دابەشیانکردووە، بەجۆرێک 15 مووچەیان بە تەواوى نەداوە، 44 مووچەش بە لێبڕین و پاشەکەوتەوە دابەشکراوە.
بەگشتی کۆی ئەو قەرزانەی مووچەخۆران کە لای حکومەتی هەرێمە گەیشتووەتە زیاتر لە 27 ترلیۆن دینار، کە نزیکەی 12 ترلیۆن دیناری لە کابینەکەی 9 کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات لەسەر حکومەت کەڵەکە کراوە، لە کاتێکدا پێش دەستپێکی پێهێنانی کابینەکەی بەڵێنی گێڕانەوەی قەرزەکانی پێشووی بەمووچەخۆران دابوو.
|