×

2024-09-26 1349 جار خوێنراوەتەوە

پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجە لە شیکارییەکی ئیرادە-دا

ناوەندی هەواڵ

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، 136 لیست و کاندید هەیە کە زۆربەیان کاندیدی سەربەخۆن و 14 قەوارەی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن. کێبڕکێی هەڵبژاردن لە بازنەکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەر 36 کورسی پارێزگای سلێمانی و 3 کورسی پارێزگای هەڵەبجە و 2 کورسی کۆتای کەمایەتییەکانە.  واتە لەسەر 41 کورسییە لە کۆی 100 کورسی پەرلەمان.

دیارترین ئەو لیست و لایەنانەی کە دەچنە ململانێی بەدەستهێنانی کورسی: 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان:

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە بافڵ جەلال تاڵەبانی لەپاش بوونی بەسەرۆک، یەکەمجارە حزبەکەی لە هەرێمی کوردستاندا، دەچێتەوە هەڵبژاردن و زۆرترین ململانێی سیاسی لە ناوچەکانی جێی قەڵەمڕەوی ئەودایە. هەوڵدەدەن سوود لە یەک گوتاریی یەکێتی ببینن بۆ زیادکردنی کورسییەکانیان لە پەرلەمان.

پارتی دیموکراتی کوردستان:

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی کابینەی حکومەتی ئێستا دەکرێت، زۆرترین رەخنە کە بەشێوازی ئاشکرا ئاراستەی دەکرێت لەلایەن  هاوڵاتیانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجەوەیە. ئەم حزبە هەوڵدەدات بە کەمترین زیان پارێزگاریی لە کورسییەکانی رابردووی بکات و وەک هێزی یەکەم بمێنێتەوە.

نەوەی نوێ:

نەوەی نوێ، بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک لەسەر دەستی یەكێتی نیشتمانی کوردستان دوچاری جۆرێک لە شکەست بووەوە، بەڵام هێشتا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی خاوەنی زۆرترین کاریگەریی میدیایی و سۆشیال میدیایە، بەتایبەت لە نێو رەگەزی مێ و گەنجاندا زۆرترین کاریگەری میدیایی هەیە. پەیامەکانی لەسەر بنەمای رەخنەگرتن لە هەموو کارێکی حزبەکانی دەسەڵات و بەشێوازی زمانی ناو خەڵک بڵاودەکاتەوە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان:

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کە خاوەن پێگەی فراوانە لە بازنەی هەڵەبجە، نزیکەی ساڵێکە لە هەوڵدایە روداوەکانی جەنگی غەززە و سۆزی روداوەکانی جیهانی ئیسلامی بەکاربهێنێتەوە بۆ بۆ پتەوکردنی پێگەی جەماوەری خۆی ئەمە سەرەڕای چەندین پرۆگرامی ئایینی و بە باڵاپۆشکردنی کچان  کە چاوەڕوانە کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەنجامەکانی دەنگدان.

کۆمەڵی دادگەری:

کۆمەڵی دادگەری، بە سەرۆکایەتی مامۆستا عەلی باپیر، لە پێکهێنانی چەندین کابینەی حکومەتدا بەشداربووە  بە هەناسەیەکی ئۆپۆزسیۆنی پەیامە میدیاییەکانی ئاراستەدەکات، ئەگەرچی لە چەند ساڵێکە، پاشگری ناوی ئیسلامی لە حزبەکە کراوەتەوە بەڵام بە هەمان گوتاری ئایینی پێشوتریەوە دەچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

 بەرەی گەل:

بەرەی گەل، وەک هێزێکی تازەی سیاسی پەیامی ئاگرین دەدات و بەدیاریکراوی هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی برای. لە هەوڵدایە لە قەزا و ناحییەکانەوە دەنگی ناڕازی کۆبکاتەوە بەتایبەت لە نێو ئەو گەنجانەدا کە پێشتر یەکێتی بوون و لەناو ئەو حزبەدا بە پلە و پێگە نەگەیشتوون. 

لیستی هەڵوێست:

لیستی هەڵوێست، کە عەلی حەمە ساڵح سەرۆکایەتی دەکات و زیاتر بەشێوازی کاری پەرلەمانی دەناسرێتەوە لەسنوری بازنەکانی سلێمانی و هەڵەبجەدا کاردەکات و سودی لە پاشخانی گۆڕان بینیووە وەک جوڵانەوەیەکی دژەگەندەڵی بانگەشەدەکات.

ژمارەی دەنگدەر:

بەپێی دواهەمین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی نزیکەی 1،008،412 کەسە لەگەڵ 89،791 دەنگدەری تایبەت، بەم پێیە کۆی دەنگدەران دەکاتە: 1،098،203 دەنگ کە ئەگەر هەموویان دەنگ بدەن و دابەشبکرێت بەسەر 38 کورسی پەرلەماندا ئەوا بۆ هەر کورسییەک نزیکەی 29 هەزار دەنگ پێویست دەبێت. بەڵام بەپێی دواین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 رێژەی دەنگدانی گشتی لەسەدا 40 بووە و لە دەنگدانی تایبەتیش رێژەی بەشداری لەسەدا 90 بووە، لەبەرئەمە دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی هەر کورسییەکی پەرلەمان کەمتر دەبێتەوە.

بەشداری لە دەنگدان:

ئەگەر رێژەی دەنگدان وەکو ساڵی 2021 بێت، واتە لەسەدا 40 بۆ دەنگدانی گشتی و لەسەدا 90 بۆ دەنگدانی تایبەت ئەوا بە هەردوو بازنەکە نزیکەی 550،000 هەزار کەس دەنگدەدەن واتە بەشداری دەنگدان لەسەدا 45 دەبێت و دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی هەر کورسییەکی پەرلەمان نزیکەی 13 هەزار دەنگ دەبێت.

بەهۆی تاقیکردنەوەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە رابردودا، هەروەها بەهۆی پەیدابوونی هێزی نوێ و رێکەوتنی بەغدا و کاریگەری دادگای فیدڕاڵی بەسەر هەرێمەوە، لەگەڵ هاندانی جۆراوجۆری ئەندام و لایەنگران لەلایەن حزبەکانیانەوە، پێدەچێت رێژەی بەشداری لە چاو هەڵبژاردنی رابردودا بەرزببێتەوە. لەم بارەشدا ئەگەر 750،000 هەزار کەس لە هەردوو بازنەی هەڵەبجە و سلێمانی دەنگبدەن ئەوا نزیکەی 18 هەزار دەنگ پێویست دەبێت بۆ بەدەستهێنانی یەک کورسی پەرلەمان.

پێشبینی لیستەکان:

یەکێتی لە هەڵبژاردنی 2021 دا لە سلێمانی و هەڵەبجە 127 هەزار دەنگی هێناوە، پێشبینی دەکرێت تەنها لە دەنگدانی تایبەت 6 بۆ 7 کورسی مسۆگەر بکات و جگە لە بەرزبوونەوەی دەنگەکانی بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی کە بۆ هاندانی  ئەندام و لایەنگران و سودمەندانی ئەو حزبە گیراوەتە بەر کە بەپێی ئامارەکانی خۆیان نزیکەی 200 هەزار کەس دەبن ئەوا  6-9 کورسی دیکە بەدەستدەهێنێت و کۆی کورسییەکانی بەبێ کورسی کەمینەکان دەگاتە 13-16 . بەشێوەی گشتی ئەم حزبە چاوەڕوان دەکات کورسییەکانی زیادبکات.  

پارتی، لە هەڵبژاردنی 2021 زیاتر لە 50،000 پەنجا هەزار دەنگی لە سلێمانی بەدەستهێناوە، ئەگەر سیاسەتەکانی ئەم چەند ساڵەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە -کە گلەیی و گازەندەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا- کاریگەرییەکی ئەو تۆی نەبێت ئەوا 3 کورسی مسۆگەری هەیە، لەڕووی ستراتیجەوە بۆ کەمکردنەوەی فشارە میدیاییەکان پێدەچێت گرنگییەکی زیاتر بە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە بدات بۆ مسۆگەرکردنی 1 کورسی لە هەڵەبجە و بەدەستهێنانی 4 ی تر لە سلێمانی.

نەوەی نوێ، لە هەڵبژاردنی 2021دا زیاتر لە 100 سەد هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیە 7 تا 8 کورسی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە مسۆگەر دەکات، ئەگەر دروستبوونی رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل لە دەنگەکانی نەبات ئەوا پێشبینی دەکرێت هەتا 10 کورسی بەدەستبهێنێت بەهۆی کارکردنی لەسەر هەڵە و کەموکورتییەکانی حزبە حوکمڕانەکان.

یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، لە هەڵبژاردنی 2021 زیاتر لە 20 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەمەش 2 کورسی مسۆگەرە بەڵام لەبەرئەوەی رێکخراوترین لایەنی سیاسییە لەرووی رێکخستن و کاری لەسەر ژنان و کچانی موسوڵمان کردووە ئەوا پێدەچێت لە نێو ئەو توێژەدا دەنگەکانی زیادبکات بۆ 3 کورسی.

کۆمەڵی دادپەروەری، لە هەڵبژاردنی 2021دا نزیکەی 45 هەزار دەنگی هێناوە بەمەش نزیکەی 4 کورسی مسۆگەر دەکات ئەگەر بتوانێت پارێزگاری لە دەنگەکانی رابردووی بکات.

لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵوێست و بەرەی گەل، 8 کورسی دەمێنێتەوە بۆ کێبڕکێ کە پێشبینی دەکرێت بزوتنەوەی گۆڕان کەمترین بەدەستبهێنێت و ئاستەمە لە 1 کورسی زیاتر بەدەستبهێنێت.

ئەگەر گۆڕان تەنها یەک کورسی بەدەستبهێنێت ئەوا، 7 کورسی دەمێنێتەوە بۆ کێبڕکێ لەنێوان رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل، کە بەهۆی کاریگەری پەیامەکانیانەوە پێدەچێت 3 بە 4 لەنێوانیاندا یەکلایی ببێتەوە.

لەژێر رۆشنایی ئەم شیکارییەدا ئەوا پێشبینی ئەنجامی لیستەکان بەشێوازی نزیکەیی لە هەردوو بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە بەم جۆرە دەبێت:

  • پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجە لە شیکارییەکی ئیرادە-دا

  • پارتی و یەکێتی 31 ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەریان لە بانگەشەی هەلبژاردن دوورخستەوە

سەرەکی