سەرەتا
کوردستان
عێراق
جیهان
ئابووری
بیروڕا
چاوپێکەوتن
ڕاپۆرت
دۆسیەی تایبەت
ڤیدیۆ
شرۆڤەی ئیرادە
کۆی بابەتەکان
دەربارە
پەیوەندی
ئیسرائیل لە ماوەکانی ڕابردوودا دووجار بە چڕی دیمەشقی بۆردومان کرد و پەیامی توندی دایە شەرع و ئەوە لەکاتێکدا شەرع هەر زوو دەستپێشخەری کردبوو کە نایەوێت دژایەتی بکات و هاوکاریشی ئیسرائیل دەبێت بۆ دژایەتی تاران و حزبوڵڵای لوبنان. ئیسرائیل گومانی لە نیەتی ڕاستەقینەی ڕژێمی نوێی سوریا هەیە چونکە ئەو بنەمایانەی کە ڕژێمی ئێستای لەسەر بونیاد دەنرێت لە سەر ڕەگ و ڕیشەی توندڕەوی ئایینی- سیاسی دادەڕێژێت ئەوەش بە دڵی تەلئەبیب نیە و ترسی لێی هەیە. ئیسرائیل لە دوای هێرشەکانی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023، ستراتیژییەکی تەواو جیاواز بە بەراورد بە ڕابردوو دەگرێتەبەر ئەویش یەکلاکردنەوەی هێرشەکانیەتی بە هێزی سەربازی چونکە پێشتر قورسترین زیان حەماس بە ئیسرائیلی گەیاندبێت کە کوشتنی 73 ئیسرائیلی بوو لە ساڵی 2214دا لە پێکدادانێکی ئەوکاتەدا کە 50 ڕۆژی خایاند. بەڵام دوای هێرشەکەی ئۆکتۆبەری حەماس زیانەکان زۆر زیاتر بوون. لەلایەکی دیکەوە،لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی2023، حەماس لە یەک ڕۆژدا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەنجامدا و زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی کوشت، هێرشەکە ئیسرائیلی ناچارکرد ستراتیژییەکی نوێی بەرگری دابڕێژێتەوە و، بڕیاریدا چیتر بە چەمکی ڕێگریکردن لە ڕێگەی گوزری سەربازییەوە ڕازی نەبێت بەڵکو لەمەودا ئیسڕائیل قبوڵی بوونی ئەو هێزانە ناکات لە دەوروبەری جوگرافیای وڵاتەکەی کە هەڕەشە بۆسەری، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکی لاوازکردن و نەهێشتنی سەرکردایەتی و تواناکانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان و دواتریش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدیشی هێنایە ئاراوە. دواتر ئیسرائیل دەستیکرد بە دروستکردنی سێ ناوچەی ئەمنی پارێزراو لەسەر سنوورەکان، لە کەرتی غەززە و باشووری لوبنان و لە بەرزاییەکانی جۆلان. دوای ئەو ڕووداوانە لەئێستادا ئیسرائیل دەیەوێت گرژییەکانی سوریا لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە هاوپەیمانییەکی بەرگری دروست بکات لە ناوچەکانی "سوەیدا" کە زۆرینەی دروزەکانن و ناوچەکانی کەناراوەکانیش زۆرینەی عەلەویین. سەبارەت بە دۆخی نەتەوەیی ناوخۆی ئیسرائیل، لە ناو ئیسرائیلدا، موسڵمانانی دروز وەک موسڵمانانی سوننەن، بەشێکن لە دەوڵەتی عیبری و هەڵگری ناسنامە و بەشدارن لە کۆمەڵگەکەیدا. بۆچونێک هەبوو لە سوریا کە ئیسرائیل هەوڵی لکاندنی ناوچە دروزەکانی سوریا دەدات، ئەم بۆچوونە هەڵەیە چونکە لکاندنی 700 هەزار دروز دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر هاوسەنگی دیمۆگرافی لەناو دەوڵەتی جولەکەکاندا، بەڵام ئیسرائیل ڕەنگە لە پشتگیریکردنی بیرۆکەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ دروزەکان بکاتەوە و سەربەخۆبن لە دیمەشق، ئەمەش پشتێنەی ئەمنیی بەهێزتر دەکات و قەرەبووی نەبوونی ئەو ڕێکخستنە ئەمنییە دەکاتەوە کە لەگەڵ بەشار و باوکیدا هەیبوون، لە ئەنجامیشدا ئیسرائیل بەرەی سوریا - ئیسڕائیل ئارامتر دەبێت وەک لە بەرەی ئوردن و میسر. نەیارانی شەرع درک بەوە دەکەن ڕووخاندنی ڕژێمەکەی شەرع کارێکی دژوار و سەختە و بۆیە بەدیل بۆ ئەوان دروستکردنی کەشێکی گونجاوە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان. ئەوەش دیمەشق ناچار دەکات یان لەگەڵ دەوڵەتە عیبریدەکەدا بگاتە ڕێکەوتن وەک ئەوەی پێشتر دوو ئەسەدەکە کردیان، یان بە پێشکەشکردنی ئیمتیازاتی زیاتر لەگەڵ ناوچە کێشەدارەکاندا و ئاشتبوونەوە لەگەڵیان چونکە بژاردەی سێیەمیان لەبەردەست نییە. بەڕای چاودێران و شارەزایان بۆ دامرکاندنەوەی گرژی ئاڵۆزییەکان "شەرع" پێویستی بە هەنگاونانی کردەیی هەیە بۆ چەمکی "دەوڵەتی مەدەنی"، چونکە دەستووری ئینتقالی پڕە لە بۆشایی و ناڕونی، بەڵام هیچ بەدیلێک بۆ ئەو دەستوورە نیەو هەموو داواکاری و چاوەڕوانی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات. شەرع میوانێکی کاتی نییە لە دیمەشق بەڵکو دەیەوێت دەسەڵات و هەژموونی خۆی لە حکومەتی داهاتوودا مسۆگەر بکات، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانێت کۆدەنگی بەدەستبهێنێت و ئەو دەوڵەتە مەدەنییەی کە بەڵێنی دابوو، دروستی بکات؟ دوو "ئەسەدەکە حافزئەسەد و بەشاری کوڕی پێش ئەحمەدشەرع ئەو هەنگاوەیان تاقییان کردەوە، دەستورێکیان داڕشت کە سەرۆک کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی فیقهی کرد بە مەرجەع و چەندین پۆستی سیادییان بە سوننەکان بەخشی، بەڵام ئەو هەنگاوە بۆ پێکهاتەکان دەوڵەتی ڕاستەقینەی دروست نەکرد و دڵی سوریەکانی بەدەست نەهێنا، تەنانەت عەلەوییەکانیش دژی بەشار ڕاپەڕین. لەلایەکی دیکەوە داواکاری نێودەوڵەتی هەیە، دەوڵەتێکی مەدەنی هەموو سوورییەکان لەخۆ بگرێت، دوور لە میلیشیا بیانییەکان. ئەمەش ئەوەیە کە هەر پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەری کۆکن. دەوڵەتی نیشتیمانی لە سوریا وەک میرنشینینە بچووکەکەی ئیدلیب، نیە حکومەتێکیش نیە بۆ چەکدارەکانی هەیئەی تەحریر شام هەروەها بە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای گورپەکانی شۆڕشی سوریا ئاڕاستە ناکرێت، کە پێداگری لەسەر جیاکردنەوە و دوورخستنەوەی ئەو کەسانە دەکەن کە بە پەیوەندیان بە ڕژێمی پێشوو هەبووە یان هاوکارییان کردووە. ئەم کەسانە لە ڕابردووەوە سەیری داهاتووی سوریا دەکەن، لە کاتێکدا دیمەشق ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورەتر دەبێتەوە کە هەندێکیان هێشتا نەتەقیونەوە. ئیسرائیل لەپێناوی "پاراستنی کەمینەکان" پێشنیاری دابەشکردنی سوریا دەکات بەسەر چەند کانتۆنێکدا، کانتۆنیک بۆ دروزو کانتۆنێک بۆ کورد. پێشتریش ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتو بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل گفتوگۆی نهێنی دەکەن سەبارەت بەداهاتووی سوریا، لەوانە دەستپێشخەرییەک بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارێک بۆ دابەشکردنی سوریا بەسەر ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبردندا (کانتۆن) بەمەبەستی پاراستنی مافی هەموو کەمینە نەتەوەییو تائیفیو ئایینییەکانی ئەو وڵاتە. بەپێی ڕۆژنامەکە، یەسارائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە 8ی کانونی دووەم، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا چەند خاڵێک سەبارەت بەپێشهاتەکانی سوریا تاوتوێ کراوە، لەوانە دەستێوەردانی تورکیا لەسوریا، هەروەها ئەوەی ڕۆژنامەکە بە "گومان"ی ئیسرائیل بەرامبەر بەسەرکردەی نوێی سوریا، ئەحمەد شەرع، نایدەبات، جگە لەدابەشکردنی ئیداری سوریا بەهۆی "نیگەرانی" ئیسرائیل سەبارەت بەدروزەکانو کورد لەسوریادا. بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم"، کابینەی ئیسرائیل پلانی دابەشکردنی سوریا بەسەر چەند "کانتۆن"ێکی خۆبەڕێوەبەری لەسەر بنەمای نەتەوەییو تائیفی تاوتوێ کردووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم پلانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە پێشنیار کراوە لەدوای ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، لەمانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشتر ئێلی کۆهین، وەزیری وزەی ئیسرائیل پێشنیاری بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا کردووە. ئەم گفتوگۆیانەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گفتوگۆیەکی داهاتوو ئەنجامدراون کە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتی دەکات. ئەوەشرووندەکاتەوە کە لەهەمان کاتدا، تەحەدای سەرەکی بۆ بڕیاردەرانی ئیسرائیل ئەوەیە "هەر دەستپێشخەرییەک پەیوەست بێت بەئیسرائیلەوە، ئەگەری زۆرە ڕووبەڕووی دژایەتی بەرچاو بێتەوە لەناوخۆی سوریادا، ئەمەش پێویستی بەنهێنی هێشتنەوەی ئەم گفتوگۆیانە هەیە".
یەکێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان فەتوای جیهادی گشتی دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند
وەزیری بەرگری ئیسرائیل: جۆلانی بە قورسی باجەکەی دەدات ئەگەر بهێڵێت هێزەکانی دژ بە ئیسرائیل بچنە سوریاوە
ترەمپ باجی گومرگی 39% بەسەر عێراق و هەرێمی كوردستاندا سەپاند
دانەغاز: ئاستی بەرهەمهێنانی غازمان بۆ 525 ملیۆن پێی سێجا بەرزکردووەتەوە
ئیلۆن مەسك بەمزوانە كۆشكی سپی جێدەهێڵێت