2024-10-06
309 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی لە پێناو کەس و کۆمپانیاکانی ئامادەنیە نرخی سوتەمەنی دابەزێنێت و کەمیبکاتەوە
ناوەندی هەواڵ
گرانی نرخی بەنزین و سوتەمەنی؛ ئەو گرفتەی دەیان ساڵە هاوڵاتییان بەدەستییەوە دەناڵێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەوەستان لە ئاستیا وەستاوە و وەک کۆی سێکتەرە گشتییەکانی دیکە شکستی تێدا هێناوە.
هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە کابینەی نۆیەم کە بە کابینەی "قەیرانەکان" ناوی دەبەن و دەڵێن: مەنتیقی ئەوە لە کوێدایە لە وڵاتێکدا دەژین پڕ لە نەوتە کەچی نرخی سوتەمەنی (بەنزین و نەوتی سپی و گاز) لەو وڵاتانە گرانترە کە نەوتەکەی خۆمانی پێ دەفرۆشرێت!؟.
هۆکاری چارەسەر نەکردنی چییە؟
لەبارەی هۆکاری چارەسەرنەکردنی گرفتی سوتەمەنی، کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی ئیرادە میدیای وت "گرانی نرخی بەنزین و نەوتی سپی، گرێکوێرەیەکە حکومەتی هەرێم نایەوێت بیکاتەوە، ئەگەرنا گرفتێکی ئەوەندە گەورە و سەخت نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەنجومەنی وەزیران، دابینکردنی نەوتی خاوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان بۆ دابینکردنی بەنزین، غاز و نەوتی سپی و کۆنترۆڵکردنی سوتەمەنی بازرگانییە، بەڵام سامانە سروشتییەکان و ئەنجومەنی وەزیران دەست بۆ ئەم دوو بابەتە نابەن، چونکە ئەو دوو بابەتە ئەدات لە بەرژەوەندی پاڵاوگە و کۆمپانیا حیزبی وکەسییەکان کە خاوەنەکانیان لە هەڕەمی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکن، بۆیە حکومەت هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر کەرتی سوتەمەنیدا نییە".
سامانە سروشتیەکان بەڵێنەکەی نەبردەسەر
لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین زیاتر لە 100 دینار چووە سەری، لەکاتێکدا هاوڵاتییان چاوەڕیی دابەزینی نرخەکانیان دەکرد، بەرزبوونەوەکە نیگەرانی و ناڕەزایەتی هاوڵاتییان و شۆفێرانی لێکەوتەوە، هەربۆیە لە پێنجی ئەیلول وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا کە لەماوەی هەفتەیەکدا گرفتەکە چارەسەر دەکات و نرخی بەنزین دادەبەزێنێتەوە، بەڵام ئێستا مانگێک زیاتر بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕیوە و نرخی بەنزین هەروەک خۆیەتی.
لەئێستادا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 925 دینارە، بەنزینی موحەسەن بە هەزار 1150دینارە و هەرچی بەنزینی سۆپەریشە لە 1200دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت؛ ئەوەش بارگرانی بۆ هاوڵاتییان بەتایبەت شۆفێرانی تاکسی و پاس دروستکردوە کە بژێوی ژیانیان لەسەر کاری ڕۆژانە و بەنزینە.
دەزگای میدیای ئیرادە، بۆ زانینی هۆکاری هەرزان نەبوونەوەی نرخی بەنزین چەند جارێک پەیوەندی بە بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو، بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بدەن.
نەوتی سپیش گرانە
هاوشێوەی بەنزین؛ بەرزی نرخی نەوتی سپی-یش بارگرانی و گرفتێکی دیکەی سەرشانی هاوڵاتییانە و لەئێستادا کە بەرەو وەرزی زستان و سەرما دەڕۆین؛ یەک بەرمیل نەوتی ماڵان بە زیاتر لە 140 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و، نرخی نەوتی پاڵپشتیکراویش بە 105 هەزار دینار بە هاوڵاتییان دەدرێت.
سەرۆکی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "ئەوەی حکومەت بەناوی نەوتی پاڵپشتیکراو بە هاوڵاتییانی دەدات، دابەشکردن نییە، بەڵکو فرۆشتنی نەوتی سپی پاڵاوگەکانە کە نزیکن لە دەسەڵاتدارانەوە، لەڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە".
وتیشی، "هیچ مەنتیقی نییە، حکومەتی فیدراڵ لیترێک نەوت بە 150 دینار و 200 لیتر بە 30 هەزار دینار بە هاوڵاتییانی دەدات لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هێندەی ئەو پارەیە لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت، ئەوە سەرەڕای دواکەوتنی دابەشکردنی".
بەرژەوەندی کۆپانیا حزبییەکان ڕێگرە
لە هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان کۆکن لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم، لە فەراهەمکردنی سوتەمەنی بۆ هاوڵاتییان شکستیهێناوە و هاوشێوەی تەواوی کەرتەکانی دیکە نایەوێت، گرفتەکە چارەسەر بکات و لە بەرژەوندی پاڵاوگە و کۆمپانیا حیزبی و کەسییەکان بدات، لەو دۆخەشدا زیانمەندی یەکەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانن، کە خۆیان بەدەست خراپی دۆخی گوزەران و داراییەوە دەناڵێنن.
|