16ی ئۆكتۆبەر
2024-10-16
185 جار خوێنراوەتەوە
16ی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دواتر
ناوەندی هەواڵ
حەوت ساڵ پێش ئێستا لە شەوی 16-10-2017 حەشدی شەعبی و سوپای عیراق هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی بەشیر و دوای چەند سەعاتێك بەرگریی، 38 پێشمەرگە شەهیدبوون و چەندین پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
هێرشەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆچی ڕوویدا؟
ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دواتریش، لەلایەك كاردانەوەی ڕیفراندۆمە بێ بەرنامەكەی ڕۆژی 25ی سێپتەمبەری ساڵی 2017 بوو، لەلایەكی دیكەشەوە بەگوێرەی ڕێككەوتنێكی پێشتری نێوان بەرپرسانی عیراق و سەرۆكی پێشووی هەرێم بووە بەچاودێریی فەرماندە باڵاكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەك كارێكی كتوپڕ.
جووڵەی هێزەكان تێكەڵبوو بە ڕق
ئەوە ڕاستە كە جووڵەی هێزەكانی عیراق و پراكتیزەكردنی ڕێكەوتنەكەی پێشتریان لەگەڵ هەرێم سەبارەت بەپاشەكشەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی بەرلەهاتنی داعش لە 9/6/2014 تێكەڵكرا بە ڕق و كاردانەوەی ڕیفراندۆمەكە، چ لەسەر ئاستی عیراق و چ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، چ ئەو وڵاتانەی پەیوەندیداربوون بە دۆخی عیراق و بەتایبەتیش پێنج وڵاتە ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش و لە هەمووشیان تایبەتتر ئەمریكا كە لەلایەك خۆی چاودێری ڕێكەوتنەكەی تەمموزی ساڵی 2016 بوو سەبارەت بە كشانەوەی پێشمەرگە لەدوای شەڕی داعش.
جگەلەوەش وەك دواتر دەركەوت پێش ڕیفراندۆم بە دوو رۆژ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نامەی نوسراوی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی ، سەرۆكی پێشووی هەرێم كردبووكە ڕیفراندۆم دوابخات، هەربۆیە چاوپۆشی ئەمریكاش لە ڕەوتی رووداوەكان كاردانەوەیەك بوو لە بەرامبەر هەڵوێستی بێباكی سەركردایەتی سیاسی ئەو كاتی هەرێم كە نە ڕێكەوتنەكەی تەممووزی 2016ی بەهەند وەرگرتووە و نە نامەكەی تیلەرسن و زۆر بەراشكاوانەش وتی: "حساب بۆ قسەی یەك كەس ناكەین!".
دەرەنجام واكەوتەوە كە بەرنامەی بۆ كێشرابوو؟
بێگومان هەموو پڕۆسەیەك سەربازیی بێت یان سیاسی بە ئەنجامەكەی هەڵسەنگاندن و حسابی بۆ دەكرێت، چونكە دەشێت هەندێك جار شكستی ڕاستەوخۆ بەتایبەتیش شكستی سەربازیی بەئاسانی هەزم نەكرێت، بەڵام چوونە جەنگێكی سیاسی یان سەربازیی كە بە مسۆگەریی دۆڕاندنی دیاربێت و ژمارەی قوربانی و وێرانكاریی گەورە و ماڵوێرانی خەڵكەكە بەشوێن خۆیدا بهێنێت، ئەوا درێژەدان بەو جەنگە لە پڕۆسەیەكی ئەحمەقانە زیاتر هیچی دیكە نییە.
خورماتوو بە نموونە
هەڵەی كوشندە لەو ڕۆژەدا ئەوەبوو كە لە خورماتوو ڕوویدا، چونكە بەرلە 16ی ئۆكتۆبەریش چەند جارێك لە خورماتوو بەڕیەككەوتن لەو قەزا فرە پێكهاتەیەدا ڕوویدابوو و لە نێوان كورد و توركمان، كوردو عەرەب، عەرەبی شیعە و سوننە، توركمانی شیعە و سوننە و قوربانیشی لێكەوتبووەوە، بۆیە بەو پێیەی هێرشەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و ئاگادارنەكردنی هێزەكان بەگشتی لە ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكەی پێشووتر و بوونی تەشەنوج و گرژیی پێشووتر لە نێوان پێكهاتەكانی خورماتوو و دۆخێكی هێنایە ئاراوە كە هەموو پێكهاتەكان لەنێوان خۆیاندا هودنەیان كرد و داخی ڕیفراندۆمیان بە كوردی خورماتوو ڕشت، هەر ئەو شەڕە نابەرابەرەش بووە هۆی ئەوەی هێزی پێشمەرگە پاشەكشەیەكی كتوپڕ و نا مونەزەم لە خورماتوو بكات.
قەبارەی مەترسییەكە
16ی ئۆكتۆبەروەك ئەوەی میدیاكانی نزیك لە پارتی دەیانویست بیخەنە گەردنی یەكێتی، یاخود وەك خۆیان ئاماژەیان پێدەكرد (باڵێكی یەكێتی)، بەڵكو زۆر لەوە گەورەتربوو كە لە شەڕێکی میدیایدا پارتی و یەکێتی كورتی بكەنەوە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
1-وەك لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێكرد ڕێكەوتنێكی پێشوەختە بە چاودێریی ئەمریكاییەكان و خودی سەرۆكی هەرێمی ئەوكاتەبوو و بە وەزیری ئەوكاتەی پێشمەرگە بەوەكالەت و وەزارەتی بەرگریی عیراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژبە داعش كە لەبەرامبەر وەرگرتنی چەك و تەقەمەنی لە هاوپەیمانان و عیراق و دابینكردنی بڕی 400 ملیۆن دۆلاری ساڵانە لەلایەن پێنتاگۆنەوە بۆ یەكەكانی هێزی پیشمەرگە، دەبێت پیشمەرگە لەدوای شەڕی داعش بگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی كە لەپێش دەستپێكردنی پەلامارەكانی داعش لێی جێگیربوون.
2-ریفراندۆم و دروشمە توندەكانی سەردەمی بانگەشەو كەمپینەكانی بەرلە ریفراندۆم لەلایەك و ڕاگەیاندنی چەند جارەی سەرۆكی پێشووی هەرێم بەوەی كە "ماددەی 140 كۆتایی هات و كورد ماددەكەی بەخوێنی خۆی جێبەجێكرد"، ئەمە ئەگەر بۆ ئیستیهلاكی محەلیش بێت، بەسە بۆ ئەوەی وڵاتانی ئیقلیمی بە سوننە و شیعەوە، وڵاتانی زلهێز بە خۆرهەڵاتی و خۆرئاواییەوە كە چاویان لەسەر ئایندەی عیراقە و لە خراپترین دۆخدا جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی عیراق دەكەنەوە، بەرنامەكەیان بكەنە یەك پاكێج بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەوەی ناویان لێناوە (الخگر الكردی)، هەر لەوبارەیەشەوە بینیمان ئەمریكییەكان و ئێرانییەكان كە لەهەموو شتێكدا پێچەوانەی یەكتر لێدوان دەدەن و ڕەفتار دەكەن، لەو ڕۆژەدا ئەگەر یەكیشیان نەگرتبێت، ئەوا سەری ڕەزامەندییان بۆ سەندنەوەی (ناوچە جێناكۆكەكان) لەدەستی كورد ڕاوەشاند.
3-یەكێك لەو خاڵانەی كە هێشتا لای خەڵكی كوردستان بەئاشكرا دیارە و تەنانەت خودی پارتییەكان و ئەو لایەنانەش كە بوونەتە هاوئاوازی ئەو نەغمە نەشازە، تەنانەت ئەو بەرگرییەش كەكرا تا ئەوكاتەی كە بڕیاری كشانەوە درا، پێشمەرگەی یەكەكانی سەربە هێزەكانی 70 بوون كە نزیكەی 40 پێشمەرگە شەهیدبوون و هەمووشیان لە هێزەكانی یەكێتی بوون، كە بەوتەی میدیاكانی نزیك لە پارتی كە گوایە "كەركوكیان تەسلیم كردووە" گریمان قسەکە ڕاستە، بەڵام ئەی ئەو هێزەی فەرماندەكانیان بە قەناسەوە لە بەرەی خۆرئاوای كەركوكەوە ڕۆژانی پێش 16ی ئۆكتۆبەر بەر كامێرایان بەرنەدەدا لەو ڕۆژەدا .
4-وەك هەر لەسەرەتاوە ئاشكراكرابوو هێزەكانی عیراق بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی دیاریان كردبوو بۆ خۆیان دەگەڕانەوە سنوورەكانی پێش هاتنی داعش واتە وەك لە ڕێككەوتنە شاردراوەكەدا هاتبوو دەگەڕانەوە سنووری 10/6/2014 كە بەوپێیە بەرەو سلێمانی دەگەڕانەوە سنووری چیمەن و لەیلان و لە هەولێریشەوە دەگەڕانەوە ناحیەی پردێ و سنووری بازگەی شێراوا، بەڵام هێزەكانی یەكەكانی سەربە هێزەكانی 80 كە دڵنیابوون سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بازگەی شیراوا نابەزێنن، بەڵام بۆ شاردنەوەی هەڵاتنە پێشوەختە و خشكەییەكەیان لە كەركوك، جگە لە تەقاندنەوەی پردێكی پێكەوە گرێدانی كەركوك و هەولێر، چەند ڕۆژێك پێكدادانیان لەگەڵ هێزەكانی عیراقدا لە شێراوا كرد و ناویان لێنا داستانی پردێ، ئەگەرنا پردێ لە ڕۆژی 17ی ئۆكتۆبەر بە بێ ڕوبەڕوبوونەوەیەكی ئەوتۆ بە كەمتر لە سەعاتێك چۆڵكرا، چونكە پارتی بۆخۆی ڕێككەوتنەكەی كردبوو، بۆیە لە شێراوا بەرگریی و دژە هێرشی دەكرد، چونكە یان دڵنیابوو لەوەی هێزەكانی عیراق شێراوا نابەزێنن، یان دەیویست بیبەزێنن و بەو پاساوە داوای دەستێوەردان لە ئەمریكا یان توركیا بكات كە مەترسی لەسەر هەولێر و سنووەكانی هەرێمە و هێزەكانی عیراق هێڵی بڕیارلێدراویان بەزاند.
5-پڕوپاگەندەكانی ئەو سەروبەندە بەجۆرێك بوون كە دوای ئەوەی لە ڕۆژی 17ی ئۆكتۆبەر بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ پردێ چۆڵكرابوو، بۆیە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو خاڵە لاوازە میدیاكانی نزیك لە پارتی كەوتنە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی ئەوەی كە "هێزەكەی عیراق هێزێكی تۆپخانەی ئێرانییان لەگەڵدایە و هەرئێستا ئەو هێزە بەرەو تەقتەق بەڕێوەن كە پێدەچێت نیازی پەلاماردانی هێزەكانی سەربە هەردوو حزبی دیموكراتیان هەبێت!!".
6-دوای دوو سێ ڕۆژ لە 16ی ئۆكتۆبەر، وردە وردە دۆخی شارەكە سەقامگیر دەبووەوە و ئەو هاووڵاتییە كوردانەش كە لە ڕۆژی یەكەمدا هەڵدەهاتن، وردە وردە دەگەڕانەوە بۆ شارەكەیان، بەڵام كەناڵە ئاسمانییەكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەواڵێكیان بڵاوكردەوە كە گوایە هەر ئێستا لەناو شاری كەركوك ڕاپەڕینی جەماوەریی لە دژی هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی دەستیپێكردووە، ئامانجیش لەوە دروستكردنی شەڕو پێكدادان بوو، چونكە گەڕانەوەی خەڵكەكە بۆ شارەكە لە بەرژەوەندیی ئەو بەرنامەیدا نەبوو كە وڵاتانی ئیقلیمی نەخشەیان بۆ كێشابوو كە پێیان وابوو لەئەگەری بەرگریی كردندا هیزەكانی عیراق شارەكە وێران دەكەن و ئەوانیش بە پاساوی پاراستنی كەمینەكانەوە هێز رەوانە دەكەن، بەڵام گەڕانەوەی خەڵكەكە و ڕوونەدانی كارەساتی گەورە لەنێوان و كورد و پێكهاتەكانی تر و ئاهەنگی نەورۆز و چەند بۆنەیەكی كوردەواریی دواتر و مانەوەی یەكێتی لەگەڵ خەڵكەكە لە سەرەتاوە و دواتر گەڕانەوەی حزبەكانی تر (جگە لە پارتی) و…هتد ئەوانە زۆربەی ئەو بەرنامانەی پوچەڵكردەوە كە لەدژی كەركوك داڕێژرابوون.
7-یەكێكی تر لەو ڕووداوانەی مایەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە كە گریمان وەك میدیای پارتی ئیدیعای دەكرد "كەركوك درا بەدەستەوە" كە وانییە، ئەی بۆچی لە ناوچەكانی دیكەی هاوسنوور لەگەڵ نەینەوا لە مەخمورەوە تا شێخان و خازر و شنگال و بەنداوی دیجلە بەرگریی نەكرا، ئەی مەگەر نەیاندەوت: "ماددەی 140مان بە خوێن چەسپاندووە؟ خۆ ئەو ناوچانە ناوچەی هەژموون و نفوزی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، واتە هێزەكانی 80 بوون!".
ئێران، تورکیا و عێراق لە دژی کورد بوونە یەک دەست
لەگەڵ هەموو هەڕەشەکاندا، لە 25ی ئەیلول ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و دواتر هەڕەشەکان هێواش هێواش دەچوونە قۆناغی کردارییەوە، بە نموونە ڕۆژی 29ی ئەیلولی 2017 و تەنها دوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، گەشتە ئاسمانییەکان بە ڕووی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستاندا داخرا، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانیش، بە داخستنی دەروازەی سنوورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەمارۆی ئابوورییان خستەسەر هەرێمی کوردستان.
لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تا ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر، هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوو، تا دەهات تووندتریش دەبوونەوە، لە سنوورەکانی نێوان عێراق و باشوری کوردستانەوە جموجوڵی سەربازیی دەستیپێکردبوو، عێراق هێزێکی زۆری بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە کۆکردبووەوە و ناسەقامگیریی سەربازیی دروستببوو.
ئەو هێرشەی سوپای عێراق ئەگەرچی بەبەرگی سەربازیی عێراقییەوە ئەنجامدرابوو، بەڵام وڵاتانی ئێران و تورکیاش بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ بەشدارییان تێداکردبوو، تەنانەت ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبەر سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی ئهوكاتى یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، هاکان فیدان ڕاوێژکاری دەزگای هەوڵگریی میت-ی تورکیا، نوێنەری تورکیا بووە لە ئۆپەراسیۆنی 16ی ئۆکتۆبەر، هەروەها قاسم سولەیمانی فەرماندەی ئهوكاتى فەیلەقی قودس-ی سوپای پاسداران، نوێنەری ئێران بووە لەو هێرشە.
زیان و مەترسییەکانی پاش ڕیفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەر
لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەرێمی كوردستان 55٪ی هەناردەی نەوتی لەدەست دا، پێش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان 12 بیرە نەوتی لە ژێردەستدا بوو، بەڵام هەریەک لە بیرەنەوتەكانی هاڤانا، بای حەسەن، بابەگوڕگوڕ، خەباس، جەمبور، عەینزالە و بەتمەی لەدەستدا و كەوتوونەتەوە دەستی حكومەتی ناوەندی، كە كۆی گشتیی بەرهەمیان 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.
وێرای لەدەستدانی ئەو بیرە نەوتانە، 16ی ئۆکتۆبەر کە دەرئەنجامی ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی بوو، بووە هۆی ئەوەی51٪ی خاکی باشووری کوردستان کە بە خوێنی پێشمەرگە، گەریلا کرابوو داگیربکرێتەوە.
گۆڕینی دیمۆگرافیا
لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بەبڕیاری ڕاكان جبووری پارێزگاری بەوەکالەتی كەركووک لەو کاتەدا، عەرەبی هاوردە ڕەوانەی چەندین ناوچەی كوردیی كران، عەرەبی هاوردە كە لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە هێنرابوونە ناوچەكە و دواتر لە 2003 ناوچەكەیان جێهێشتبوو، جارێکیتر گەڕێنرانەوە بەتایبەت بۆ ناوچەکە و فشارێکی زۆر لە کوردەکان دەکەن و کێشەی داگیرکردنی زەویوزاری کوردەکان لەلایەن عەرەباکانەوە سەری هەڵداوە.
لە ئێستاشدا هەوڵدەدرێت ئەو عەرەبە هاوردانە لە سەر ژمێری گشتیی عێراق کە لە مانگی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت تۆمار بکرێن و بەو شێوەیە ناسنامەی کوردستانیبوون لە کەرکووک بستێننەوە.
ئەمە کارەساتە دەرئەنجامی بڕیارە بێ پێداچوونەوەکانی مەسعود بارزانییە کە بەبێ گوێدانە هیچ دەرئەنجامێک ئینکارییانە بڕیار دەدات، وەک ئەوەی لەمڕۆشدا بارزانی و پارتی کەوتوونەتە بەر لەشکری سوپای تورکیا و گوند بە گوندیان پێدەناسێنن و ڕێگای نوێیان بۆ دەکەنەوە.
ڕێگە خۆشکردن بۆ هاتنی سوپای تورکیا لەلایەن پارتییەوە کە هیچی کەمتر نییە لە16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، بووتە هۆی ئەوەی تورکیا لەئێستادا 75٪ی پارێزگای دهۆک داگیربکات و هاوڵاتییان لە زێدی خۆیان هەڵدەتەکێنێت و دەیان بنکە و بارەگای دامەزراندووە، ئەوە جگە لەوەی لە سنووری هەولێریش چەندین بنەکەی دروستکردووە و ڕۆژانە بۆردوومانی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان دەکات و هاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت.
|