ترەمپ و ئەردۆغان
2025-01-28 91 جار خوێنراوەتەوە

ئەردۆغان چۆن دەیەوێت ترەمپ وا لێبكات پشت بكاتە كوردانی ڕۆژئاوا؟

ناوەندی هەواڵ

لەگەڵ ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گۆڕانی ڕیشەیی گۆڕەپانی سیاسی سوریا، پێدەچێت توركیا بیەوێت سوود لەم سەردەمە نوێیە وەربگرێت، بەتایبەت كە گرێبەستەكانی ئاوەدانكردنەوە لەو وڵاتە سەدان ملیار دۆلار بۆ ئەنقەرە دەستەبەر دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆغان هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ رازیكردنی ترەمپ تا دەستبەرداری هاوپەیمانە كوردەكانی بێت.

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی بڵاویكردەوە: لە كاتێكدا سەدان بارهەڵگری توركیا ڕۆژانە خۆراك و دەرمان و كەرەستەی بیناسازی لە سنوورەكانی سوریاوە دەگوازنەوە، ئەردۆغان هیوادارە ڕۆڵی زیاتر لە ئاوەدانكردنەوەی سوریادا بگێڕێت.

لەگەڵ ئەوەی كە تەواوی شارەكان، نەخۆشخانەكان، قوتابخانەكان و ژێرخانی داڕماو پێویستیان بە بنیاتنانەوەیە، دەسەڵاتدارانی توركیا دەستیان كردووە بە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی یەك لەدوای یەك بۆ هەماهەنگیكردنی هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوە، ئەوەش بەوتەی كەسانی ئاگادار لەو پرسە لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ.

لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەدەوە پشكی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و ئاسن لە توركیا بەرزبووەتەوە، هاوكات گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی توركیا بۆ دیمەشق پێنجشەممەی ڕابردوو دوای وەستانی بۆ ماوەی 13 ساڵ دەستیپێكردەوە.

پشكی شێر

ئویتون ئۆرهان، پسپۆڕی كاروباری سوریا لە سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنقەرە وتی: "توركیا بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەدەستهێنانی پشكی شێرە لە ئاوەدانكردنەوەی سوریادا".

ئۆرهان پێیوایە، كۆنتڕۆڵكردنی دیمەشق لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە دەرفەتێكی بۆ توركیا ڕەخساند كە بەرهەمی ساڵانێك پاڵپشتی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی خۆی بۆ گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن بچنێتەوە.

لای خۆیەوە موراد یەسیلتاس، بەڕێوەبەری سیاسەتی ئەمنی لە ناوەندی توێژینەوەی سیتا كە بنكەكەی لە ئەنقەرەیە و ڕاوێژ پێشكەشی حكومەتی ئەردۆغان دەكات، ڕایگەیاند: "توركیا توانای ئەوەی هەیە بە خێرایی فڕۆكەخانەكانی سوریا و تۆڕی كارەبا و تۆڕی پەیوەندییەكان نۆژەن بكاتەوە لەگەڵ بنیاتنانی خانووبەرە و ژێرخانی ئابووری، وەك گازی سروشتی و كێڵگە نەوتییەكانی سوریا".

هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ رازیكردنی ترەمپ

توركیا پێیوایە كە خواستەكانی بۆ ڕۆڵی گەورەتر لە داهاتووی سوریادا ڕەزامەندی نیمچەیی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئیسرائیلی هەیە، بەمەرجێك هێزە كوردەكانی سوریا نەكاتە ئامانج و هەروەها ڕەخنەكانی لە سیاسەتەكانی ئیسرائیل لە غەززە و كەرتی ڕۆژئاوا كەم بكاتەوە، ئەوەش بەپێی وتەی ژمارەیەك ڕاوێژكار و سیاسەتمەدار.

بەڵام لە میانی گفتوگۆكانی ئەم مانگەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا، ئەنقەرە پێداگریكرد لەسەر پێویستی هەڵوەشاندنەوەی (یەپەگە) كە سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكراتە كە لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرێت. هەروەها داوای ڕۆیشتنی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی كرد، لە كاتێكدا چاوەڕوانییەكان لە ناو حكومەتی توركیادا زیاد بوون كە بەم زووانە عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە داوای چەكدانانی پەكەكە بكات.

ئەمریكا تا ئێستا داواكارییەكانی توركیای ڕەتكردووەتەوە

لەكاتێكدا ئەمریكا تا ئێستا داواكارییەكانی توركیای ڕەتكردووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و یەپەگە، كە وەك هاوپەیمانێكی چارەنووسساز لە شەڕی دژی داعش لە سوریادا دایاندەنێت، ئەردۆغان هەوڵەكانی بۆ رازیكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چڕكردووەتەوە بۆ رازیبوون بە داواكارییەكانی دوای ئەوەی ترەمپ ئەردۆغانی بە "دۆست" ناوبرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە توركیا یاریزانێكی سەرەكی دەبێت لە داڕشتنی داهاتووی سوریا.

ئەردۆغان هیوادارە ترەمپ رازی بكات كە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ لە دۆخێكی باشتردایە بۆ ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش. هەروەها هەوڵدەدات كێڵگە نەوتییەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدە دەربهێنێت.

  • ئەردۆغان چۆن دەیەوێت ترەمپ وا لێبكات پشت بكاتە كوردانی ڕۆژئاوا؟

  • یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەكانیان خێراتر دەكەن

  • چی لە پشت پەردە دەگوزەرێت؟

  • ڕۆژئاوا بەرەیەكی دیكەی شەڕی بۆ زیادبوو

  • دەستێوەردان لەپێكهێنانی كابینەی 10 ی حكومەت دەكات

  • ئیسرائیل شەڕ و فراوانکردنی سنووری دەوێت ترەمپیش کوژانەوەی ئاگرو ئاشتی دەوێت

  • بۆ سێ پرس دێت هەرسێکی پەیوەستە بە كورد

  • ​ساڵیادی كۆبانێ؛ بۆنەیەك بۆ بیرهێنانەوەی یەكڕیزی كورد

  • شاندێکی هەرێم دەچێتەوە بەغداد

سەرەکی