شاندی هەرێم لە بەغداد
2025-01-25
106 جار خوێنراوەتەوە
قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان كۆتاییان نایەت؛ یاسای خانەنشینی قەیرانە نوێیەكە
ناوەندی هەواڵ
قەیرانێكی نوێ
ڕوبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە، قەیرانەكەش ئەوكاتە زەق بوەوە كە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق داوای لە شاندی هەرێم كرد پابەند بێت بە یاسای یەكگرتووی
خانەنشینی لەعێراق و كردی بە مەرج تا مووچە بنێرێت.
جێبەجێكردنی
داواكارییەكی بەغدا لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، قەیرانێكی دیكە دروست دەكات هەزاران
كەس خانەنشین دەبن، كەلێنی گەورە لە كەرتی گشتی
و بەتایبەتی پەروەدە دروست دەبێت و هەزاران مامۆستا و فەرمانبەر و سەرپەرشتیارو
بەڕێوەبەری قوتابخانە خانەنشین دەبن، بەمەش لە دایكبووانی چوار ساڵ پێكەوە خانەنشین
دەبن.
لە كاتی كۆبونەوەكانی
نێوان شاندی باڵای هەرێمی كوردستان لە بەغداد، داواكارییەكی سەرەكیی تەیف سامی وەزیری
دارایی عێراق و بەرپرسانی دیكەی بەغدا، جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق
بوو، لەناویاندا جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدراڵ و جێبەجێكردنی تەواوەتی
یاساكە لە هەرێمی كوردستان.
كەمكردنەوەی تەمەنی
خانەنشینی بۆ 60 ساڵ
دوای ئەوەی
مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەكەی پەسەندكرد، رۆژی 15ـی
كانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان،
فەرمانێكی واژۆ كردووە بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ، ئەوەش
وەك بەشێك لە پابەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی
بۆ جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق.
بەپێی فەرمانەكەی
سەرۆك وەزیران، تەمەنی خانەنیشینی فەرمانبەرانی كوردستان دەكرێتە 60 ساڵ، لەكاتێكدا
پێشتر 63 ساڵ بووە، هەروەها ماوەی خزمەت لە 15ساڵەوە زیاد دەكات بۆ 25 ساڵ بۆ كەسێك
ئارەزومەندانە داواكاری خانەنشینی پێشكەش بكات، تەمەنی ئارەزوومەندانەی خانەنشینیش
لە 45 ساڵەوە بەرزدەكرێتەوە بۆ 50 ساڵ، ئەگەر كەسێك ئارەزومەندانە بیەوێت خانەنشین
بێت دەبێت 25 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەنی هەبێت.
هەر لە فەرمانەكەی
سەرۆكی حكومەتدا هاتووە هەرفەرمانبەرێك تەمەنی بەرۆژومانگ و ساڵ تەمەنی 60 ساڵی تەواوكرد
پێویستە دەستبەجێ هەواڵەی خانەنشینی بكرێت.
خانەنشینكردنی
لەدایكبووانی چوار ساڵ پێكەوە
بەهۆی ئەوەی پێشتر
لە هەرێمی كوردستان تەمەنی خانەنشینی 63 ساڵ بوو، كەمكردنەوەی بۆ 60 ساڵ، لە دایكبووانی
چوار ساڵ پێكەوە هەواڵەی خانەنشینی دەكرێن، ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی لە دایكبووی
ساڵانی (1962-1963-1964)ن پێكەوە و بەیەكجار خانەنشین دەكرێن، ئەو كەسانەشی لە دایكبوونی
ساڵی 1965ن ئەمساڵ سەرجەمیان خانەنشین دەكرێت، دوای ئەوەی بە ساڵ و مانگ و رۆژ تەمەنیان
دەبێتە 60 ساڵ.
سادق عوسمان،
سەرۆكی یەكێتی خانەنشینان لە سلێمانی بە "ئیرادە میدیا" ی وت: داواكارییەكانی
عێراق لە هەرێمی كوردستان بە سێ قۆناغە، قۆناغی یەكەم یەكخستنی مووچەی خانەنشینانی
عێراق و هەرێمی كوردستانە، دواتر یەكخستنی لێبڕینەكان و گەڕاندنەوەی بۆ سندوقی خانەنشینی،
قۆناغی سێیەمیش یەكخستنی تەمەنی خانەنشینییە لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان كە
60 ساڵە، بەوەش لە دایكبووانی سێ ساڵ پێكەوە خانەنشین دەبن ئەوانیش لە دایكبووانی
ساڵانی (1962-1963-1964)ن.
وتیشی
:"حكومەتی هەرێم دەستی كردووە بە خانەنشینكردنی لە دایكبووانی ساڵانی ئەو ساڵانە،
ئەو فەرمانبەرانەشی لە دایكبووی ساڵی 1965ن هەركات تەمەنیان بە ساڵ و مانگ و رۆژ
بوو بە 60 ساڵ، ئەمساڵ راستەوخۆ خانەنشین دەكرێن".
دوو كێشە سەرەكییەكە
"پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندن"
سەرۆكی یەكێتی
خانەنشینانی سلێمانی پێیوایە، بەو بڕیارە هەرێمی كوردستان تووشی چەندین گرفت دەبێت،
ئەوەش چۆڵبوونی شوێنی وەزیفی هەزاران كەسە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگای دامەزراندن
داخراوە، دووەم پەیوەندی بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانە، كە لە كۆتایی ساڵی
2015ـەوە وەستاوە، بۆیە هەر فەرمانبەرێك رەوانەی خانەنشینی دەكرێت 200 هەزار دینار
كەمتر لەو مووچەیە وەردەگرێت كە شایستەیەتی.
هەزاران فەرمانبەران
خانەنشین دەبن
هەرچەندە هێشتا
ئامارێكی روون لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمەوە لەوبارەیەوە نییە،
بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، بەهۆی ئەو بڕیارەوە زیاتر لە 50 هەزار فەرمانبەر
لە هەرێمی كوردستان لە سەرجەم وەزارەتەكان خانەنشین دەبن.
بەپێی وتەی چەند
شارەزایەكی بواری خزمەتی فەرمانبەران و دارایی، بەهۆی ئەو بڕیارەوە نزیكەی 50 هەزار
فەرمانبەر ئەمساڵ خانەنشین دەبن، تەنها ئەم مانگە حەوت هەزار فەرمانبەر رەوانەی
خانەنشینی دەكرێن.
شارەزایان بەپێویستی
دەزانن، دەرگای دامەزراندن بكرێتەوە بۆ جێگرتنەوەی ئەو كەسانەی رەوانەی خانەنشینی
دەكرێن، لەكاتێكدا هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان هەن كە 10 ساڵە چاوەڕوانی
دامەزراندن و دەستەبەركردنی هەلی كارن، هەروەها دەستبەجێ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران
دەست پێبكاتەوە و قەرەبووی ئەو فەرمانبەرانەش بكرێتەوە كە خانەنشین دەكرێن و ماف و
شایستەكانی 10 ساڵی رابردوویان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
پەروەردە زەرەرمەندی
یەكەمە
دوای دەرچوونی
بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، لقی هەولێری یەكێتی مامۆستایانی
كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە كۆی 25 هەزار فەرمانبەر، حەوت
هەزار مامۆستای كەرتی پەروەردە خانەنشین دەكرێت
لەیەك كاتدا.
لقی هەولێری یەكێتی
مامۆستایان پێشنیازی كردووە، ئەو مامۆستایانەی بەشە وانەی پۆلی 12یان هەیە بڕیاری
خانەنشین بوونیان تا كۆتایی ساڵ رابگیرێت، مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی
كوردستان بەهەمان سیستمی عێراق فیدراڵی بێت، هەوڵی جدی بدرێت موچە دوانەخرێت هەموو
مانگێك لەكاتی خۆیدا موچە دابینبكرێت.
یەكێتییەكە
ئاماژەیان بەوەكردووە؛ مامۆستایان ماوەی 10 ساڵ زیاترە پلەبەرزكردنەوەیان راگیراوە،
پێویستە ئەو مافەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی خانەنشین دەكرێن،
چەند پلە بەرزكردنەوەیان وەستاوە، پێیان بدرێتەوە تا موچەكانیان شایستە بێت.
بەپێی ئامارێكی
نافەرمی بڵاوكراوەتەوە، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە كۆی 45.145
چلو پێنج هەزار و سەدو چل و پێنج فەرمانبەر، زیاتر لە 2500 مامۆستا و فەرمانبەر
خانەنشین دەكرێن، كە پێكهاتوون لە 1473 مامۆستا و 1025 فەرمانبەر، لەناویاندا 120
بەڕێوەبەری قوتابخانە، 89 یاریدەدەر، 116، سەرپەرشتیار، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی
سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەكانیی رۆژهەڵات و قەرەداغ و ژمارەیەكی زۆر لە بەڕێوەبەرەكانی
ناو دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەدەكان.
حەوت چین لە
خانەنشینی دەبەخشرێن
رۆژی 22ـی
كانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدەركردنی
حەوت توێژی لە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو رایگەیاند.
بەپێی گشتاندنێكی
وەزارەتەكە ئەو فەرمانبەرانەی راژەی زانكۆیی دەیانگرێتەوە و هەڵگری ناونیشانی پرۆفیسۆر
و پرۆفیسۆری یاریدەدەرن، لەگەڵ پزیشكانی دادوەریی و سڕكردن و دەروونی، راوێژكاران
و راوێژكارانی یاریدەدەر لە ئەنجوومەنی شورای هەرێم، فڕۆكەوانانی مەدەنی، تەمەنی
خانەنیشنیان دەكرێتە 63 ساڵ لەبری 60 ساڵ كە یاساكە دیاریكردووە.
هەربەپێی
گشتاندنەكە، ئەو فەرمانبەرانەی بەپێی یاسای فەسڵكراوانی سیاسی گەڕێنراونەتەوە سەر
هەرێم، لەگەڵ كەسوكاری پلەیەك و دووی شەهیدان، فەرمانبەرانی زیندانی و راگیراوی سیاسی،
تەمەنی خانەنیشنیان دەكرێتە 65 ساڵ.
وەزارەتی دارایی
جەختی كردووەتەوە، هەر فەرمانبەرێك لەدوای تەمەنی یاسایی خانەنشینی لە وەزیفەكەی
بمێنێتەوە ئەو موچە و دەرماڵەیەی لێوەردەگیرێتەوە كە لەو ماوەیەدا پێی دەدرێت و فەرمانبەری
تایبەتمەندیش سزا دەدرێت.
وردەكاری لەبارەی
یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق
یاسای خانەنشینی
یەكگرتووی عێراق لە رۆژی 3/2/2014 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە، رۆژی
10/3/2014 لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق ژمارە 4314 بڵاوكراوەتەوە و كەوتووەتە بواری
جێبەجێكردنەوە، بەپێی یاساكە تەمەنی خانەنشینی لە عێراق 63 ساڵ بوو، بەڵام ساڵی
2019 یاساكە هەموار كرایەوە و گۆڕانكاریی لە ماددەی 10 كرا كە تایبەتە بە تەمەنی
خانەنشینی و سێ ساڵ كەمكرایەوە و 60 ساڵ وەك تەمەنی خانەنشینی دیاریكرا لە حاڵەتی
ئاساییدا، بە دەر لە حاڵەتی نائاسایی و نەخۆشی و پەككەوتن و خانەنشینی پێشوەختەی
ئارەزوومەندانە، كە مەرج و رێكاری تایبەتی هەیە لە یاساكەدا.
لەكاتی دەرچوونی
بڕیارەكەوە، یەكێتی خانەنشینان و پەرلەمانتاران و شارەزایانی یاسایی و دارایی هەرێمی
كوردستان داوای جێبەجێكردنی یاساكە دەكەن، بەهۆی ئەوەی بە تەواوەتی لە بەرژەوەندی
مووچەخۆران و خانەنشیانە، سەرەڕای چەندنی بڕگە و ماددەی تایبەت، كەمترین مووچەی خانەنشینی
بە 400 هەزار دینار جێگیركردووە، لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان كەمترین مووچەی خانەنشینی
220 هەزار دینارە.
دوای 11 ساڵ لە
دەرچوونی یاساكە و زیاتر لە پێنج ساڵ لە هەمواركردنەوەی بڕگەی تایبەت بە تەمەنی
خانەنشینی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیاری جێبەجێكردنی داوە، لەوكاتەی لە ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق، پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاساكە ئامادەكراوە و پەرلەمانتاران دەیانەوێت
تەمەنی خانەنیشینی بۆ 63 ساڵ بەرزبكەنەوە.
عێراق تەمەنی
خانەنشینی دەكاتەوە بە 63 ساڵ
ئەوە لەكاتێكدایە
لە ئێستادا گفتوگۆی چڕ لەسەر گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی لەناو لیژنە پەیوەندیدارەكانی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە، بەپێی پڕۆژەیەك دووبارە تەمەنی خانەنشینی سێ
ساڵ زیاد دەكرێت و دەبێتەوە بە 63 ساڵ.
پڕۆژە یاسایەك
لە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدایە، بۆ دووبارە هەمواركردنەوەی یاسای
خانەنشینی یەكگرتوو، بە جۆرێك تەمەنی خانەنشینی بكرێتەوە بە 63 ساڵ، لەكاتێكدا ساڵی
2019 تەمەنی خانەنشینی كەمكراوەتەوە بۆ 60 ساڵ.
بەپێی وتەی
ژمارەیەك پەرلەمانتار؛ 90%ـی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پشتیوانی ئەو پێشنیازە
دەكەن، تەمەنی خانەنشینی بكرێتە 63 ساڵ، گفتوگۆ بەردەوامە بۆ ئەوەی لە 2025دا ئەو
پڕۆژەیە تەواو بكرێت و تەمەنی خانەنشینی بەرز بكرێتەوە.
كەمكردنەوەی
وادەی تەمەنی خانەنشینی یەكێك بوو لە بەرئەنجامەكانی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی
2019. ئامانجی بڕیارەكە ڕەخساندنی دەرفەت بوو بۆ ئەوەی گەنجان دابمەزرێن.
هۆكارەكەش ئەوەیە
دوای جێبەجێكردنی یاساكە، دامەزراوەكانی حكومەت روبەڕوی كەمی شارەزا و توانای ئیداری
بوونەتەوە و بەشێك لە دامەزراوەكان داوایان بەرز كردەوە بۆ ئەوەی ماوەی تەمەنی خزمەتی
كەسانی شارەزا و بە توانایان بۆ درێژ بكرێتەوە، بۆ ئەوەی زۆرتر لە دامەزراوەكان بمێننەوە.
وردەكاری بڕیاری
دادگای فیدراڵی
رۆژی 23ـی تشرینی
دووەمی 2022، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیاریدا بە پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی
كوردستان بە كاركردن بە یاسای ژمارە نۆی ساڵی 2014ـی تایبەت بە یاسای یەكگرتوی خانەنشینی
عێراق، بەگوێرەی یاساكە كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار دەبێت.
حكومەتی عێراق
جیاواز لەم یاسایەش چەند رێكارێكی گرتوەتەبەر بۆ زیادكردنی موچەی خانەنشینان كە نوێترینیان
بڕیارەكەی مانگی تشرینی یەكەمی 2023 بوو، كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە
زیادكردنی 100 هەزار دینار بۆ موچەی مانگانەی ئەو خانەنشینانەی موچەكانیان لە ملیۆنێك
دینار كەمترە.
یاسای چاكسازی
لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵەكان، كە ساڵی 2018 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە،
كەمترین موچەی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بە 300 هەزار دینار دیاریكردووە، بەڵام
بەپێی بە یاسای خانەنشینی ژمارە 27ـی ساڵی 2006
كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشین بوون كاری پێ دەكات، كەمترین موچەی
خانەنشینی 220 هەزار دینارە. دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا ئەم یاسایەی هەڵوەشاندوەتەوە
و حكومەتی هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە تا كار بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو
بكات.
سیستمی خانەنشینی
لە هەرێمی كوردستان
بەپێی یاسای
خانەنشینی ژمارە ـی27 ساڵی 2006، كە لە هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینكردنی فەرمانبەران
بەركارە، بەپێی یاساكە نابێت مووچەی خانەنشینی لە ڕێژەی 80%ـی دوایین موچەی وەزیفی
فەرمانبەر وەریگرتووە زیاتر بێت، كەمترین موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، كە سەرجەم
فەرمانبەرانی مەدەنی و بەشی زۆری هێزە ئەمنییەكان بەو رێژەیە خانەنیشین دەكرێن، بەڵام
ئەوانەی خاوەن بڕوانامە و خزمەت و تەمەنی تەواون، بەشی زۆریان بە موچەی 80% بنەڕەتی
خانەنیشین دەبن.
ژمارەی خانەنشینان
لە هەرێمی كوردستان
لە هەرێمی
كوردستان ژمارەی جیاواز لەبارەی ژمارەی خانەنشینانەوە هەیە، بەپێی داتاكانی وەزارەتی
دارایی هەرێمی كوردستان 245 هەزار و104 كەس
لە هەرێمی كوردستان موچەی خانەنشینی وەردەگرن، لەو ژمارەیە 157 هەزار و471 خانەنشینی
مەدەنی و 87 هەزار و 633 خانەشینی سەربازیین.
لەلایەكی دیكەوە،
لە راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی هاتووە: ژمارەی
خانەنشینان لە هەرێمی كوردستان 277 هەزار و 541 كەسن و خەرجی كۆی مووچەی مانگانەی
ئێستایان 122 ملیار دینارە.
هەرێمی
كوردستان بۆ دابینكردنی موچەی یەك مانگی خانەنشینان، پێویستی بە زیاتر لە 120 ملیار
دینارە، بەشێوەیەك موچەی یەك مانگی خانەنشینانی مەدەنی پێویستی بە 64 ملیار دینارە،
هەروەها موچەی مانگێكی خانەنشینانی سەربازی پێویستی بە 56 ملیار دینارە.
|