کۆبوونەوەی پێشووی یەکێتی و پارتی
2025-01-28
71 جار خوێنراوەتەوە
یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەكانیان خێراتر دەكەن
ناوەندی هەواڵ
یەكێتی و پارتی نزیكن لە ڕێككەوتنی
كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت، بۆ ئەوەش كۆبوونەوەكانیان چڕكردووەتەوە.
سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی
كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی رێكەوتنی پارتی و یەكێتی،
ڕایگەیاند، "ئەوانەی تائێستا لەسەری رێكەوتوین سەرجەمیان تەعریفن بۆ بەرپرسیارێتییەكان
و تەعریفی پێكەوە كاركردنی هەردو حزبە، چاوەڕوانین بۆ ئەوەی ئەو ڕەشنوسە دەچێتە بەردەم
شاندی دانوستانكار".
لەبارەی كۆبونەوەی داهاتوی پارتی و
یەكێتی، ئاماژەی بەوەكرد، "سبەی یان دوو سبەی كۆبونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی ڕەشنوسەكە
و دواتریش كۆبونەوەی شاندەكە باڵاكە بەڕێوەدەچێت".
پێشتریش فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی
سەرۆكایەتی هەرێم بە میدیای پارتی وتووە، لێكتێگەیشتنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدایە.
هەریری باسی لەوەشكردووە، كابینەی
نوێی حكومەتی هەرێم لەوانەیە پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق پێكبهێنرێت و لە ئێستادا كەشێكی
ئەرێنی لە ئارادیە و لایەنەكان سوورن لەسەر پێكهێنانی كابیەی نوێ.
مەسعود بارزانی دەیەوێت زوو حكومەت
پێكبهێنرێت
دوای ئەوەی
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند ڤیتۆیان لەسەر كەس نیە
و ئومێد دەكەن پارتی و یەكێتی بەمزوانە بگەنە ڕێككەوتن لەبارەی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی
و پارتی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتیان خێراتر كردووە و سبەی كۆبوونەوەی پێنجەمی
لیژنەی تەكنیكی هەردوولا بەرێوەدەچێت، دوای كۆبوونەوەی پێنجەمی لیژنەی تەكنیكی نێوانیان
كۆبوونەوەی باڵا لەسەر ئاستی هەردوو مەكتەبی سیاسی لەنێوانیان دەكرێت.
بڕیاربوو لیژنەی تەكنیكی پارتی و یەكێتی
27 ی كانوونی دووەم، پێنجەم كۆبوونەوەیان بۆ پێكهێنانی حكومەت و ڕەشنووسی دەسەڵاتی
دامەزراوەكان بكەن، بەڵام بەهۆی چوونی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا
چەند ڕۆژێك دواخرا، هۆكارەكەش ئەوەبوو كە ئومێد سەباح و ئامانج ڕەحیم ئەندامی شاندی
تەكنیكی حكومەتن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد.
لە پێنجەم كۆبوونەوە ڕەشنوسی نێوانیان
تەواو دەكەن
چوار كۆبوونەوەی لیژنەی تەكنیكی
پارتی و یەكێتیی لە هەولێر بەڕێوەچووە، بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە
دانوستانەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ "ئیرادە میدیا" لە كۆبوونەوەكانیان
نەخشەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و شێوازی حوكمرانی گفتوگۆی چڕی نێوانیان بووە.
بەوتەی سەرچاوەكە “لە كۆبوونەوەی
سبەی ئەو 15% ـی ڕەشنووسەی ماوە تەواودەكرێت و پاشانیش كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا
دەكرێت".
"لە دوایین كۆبوونەوەی لیژنەی تەكنیكی پارتی و یەكێتی ڕەشنووسی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی
حكومەت، جێگرەكانیان، دەسەڵاتی وەزیر و بریكاری وەزارەتەكان و ڕەشنووسێك بۆ كۆبوونەوەی
باڵای نێوانیان لەبارەی دەسەڵاتە ئیداری و داراییەكان ئامادەكراوە". ئەمەش بەوتەی
سەرچاوە ئاگادارەكەی كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی.
مەسعود بارزانی هەنگاوەكانی پێكهێنانی
حكومەتی هەرێمی خێراتر كرد
خێراكردنی كۆبوونەوەكانی نێوان
پارتی و یەكێتی، دوای ئەوەدێت مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، چەند
ڕۆژێك لەمەوبەر لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند:"سەرەڕای هەموو ئەو
پیلانانەی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدرا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی
كوردستان سەركەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا و هەندێك لە هێزەكانی بەغدادو ئۆپۆزسیۆنی
ناوخۆ بەشداربوون لەو پیلانە، ئامانجیان ئەوەیە پارتی بشكێنن و دووچاری شكست و دابەشكردنی
بكات".
وتیشی:" لەسەرەتاوە وتومانە ڤیتۆمان
لەسەر كەس نییە و شایستەی هەڵبژاردن دەكرێتە پێوەر، بۆ پێكهێنانی كابینی نوێی حكومەت".
سەبارەت بە دیدارەكانی پارتی و یەكێتی،
سەرۆكی پارتی ئەوەشی خستەڕوو:" لەدواین دیداری وەفدی پارتی لەگەڵ یەكێتی هەنگاوی
گەورەیان بڕیوە، ئومێد دەكەین بەمزوانە بگەنە رێككەوتن و حكومەت پێكبهێنن".
داواكەی مەسعود بارزانی هاوكاتە لەگەڵ
زیادبوونی فشارەكانی ئەمریكا بۆ زوو پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم و یەكخستنی هێزی
پێشمەرگە.
وەفدی تەكنیكی پارتی لەلایەن پشتیوان
سادقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەكە لە دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح ئەندامی وەفدەكەن.
وەفدی یەكێتیش لەلایەن رێواز فایەقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت بە ئەندامێتی هەریەكە لە
شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیم. ئەركی سەرەكی شاندەكە ئامادەكردنی رەشنوسی كابینەی
نوێ و بەرزكردنەوەیەتی بۆ وەفدی باڵای هەردوولا.
رۆژی 30 ـی تشرینی دووەمی ساڵی
رابردوو دوای كەمتر لە مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی
و یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەیان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە سلێمانی ئەنجامدا
و جەختیان كردەوە كە كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە و قۆناغی پاش هەڵبژاردنیان تاوتوێكردووە.
دووەم كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی رۆژی
17ـی كانونی یەكەم لە پیرمام بەڕێوەچوو، كە تێیدا بڕیاریاندا بەزووترین كات كاربكەن
بۆ ئامادەكردنی بەرنامەیەكی هاوبەشی حكومڕانی بۆ قۆناغی ئایندە.
لەپێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و لەدوای
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، بەرپرسانی یەكێتی جەخت لە "گەڕانەوەی
هاوسەنگی هێز و شەراكەت" دەكەنەوە، بەرپرسانی پارتیش جەخت لە پێكهێنانی
"حكومەتێكی بەهێز" دەكەنەوە.
یەكێتی و پارتی پێشتر لەگەڵ لایەنەكان
كۆبوونەوە و ئێستا كۆبوونەوەی دوو قۆڵی دەكەن
كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكومەت لە
ئێستادا تەنها لەنێوان پارتی و یەكێتیدا بەڕێوەدەچن، لەكاتێكدا ئەو دوو حزبە پێشتر
بەجیا سەردانی لایەنەكانی دیكەیان كرد بۆ بەشداریكردنیان لە كابینەی نوێ، بەڵام جگە
لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ هیچ لایەنێك خواستی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێ نیشان نەداوە.
بەپێی بەدواداچوونەكان، پارتی دیموكراتی
كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی پۆستە باڵاكان نەرمییان بەرامبەر یەكتر
نواندووە، بەشێوەیەك پارتی ئامادەیی دەربڕیوە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بدات بە یەكێتی
دوای ئەوەی ڕەتیكردەوە پۆستی سەرۆكی هەرێمی پێبدات بەهۆی ئەوەی بە بەركەوتەی خۆی دەزانێت
بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام جێگری سەرۆكی هەرێم
دەداتە یەكێتی و دەسەڵاتەكانی زیاد دەكات، یەكێتیش داوای كردووە سەرۆكی هەرێم یەك
جێگری هەبێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان،یەكێتی و
پارتی دوای ڕێككەوتن لەسەر سەرجەم پۆستەكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕێككەوتنی
نێوانیان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت ڕادەگەیەنن و ئەوكات بانگهێشتی لایەنەكانی دیكە
دەكەن.
بەوتەی سەرچاوەیەك بەدوور نازانریچت
سەرەتای مانگی شوبات كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستپێبكاتەوە و تیایدا پۆستی
سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی یەكلایی ببێتەوە و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی 10 دەستپێبكات.
پارتی و یەكێتی لەبارەی كۆی پرسە
هاوبەشەكان لێكگەیشتنیان كردووە
هەر لەوبارەیەوە، تاریق جەوهەر،
راوێژكاری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، بە ڕۆژنامەی "سەباح" ی ڕاگەیاندووە:"
لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، نزیكبونەوەو لێكتێگەیشتن
لە دیدو بۆچوونەكان لەبارەی كۆی كاروبارە هاوبەشەكان هاتووەتە ئاراوە، پێشبینی دەكەم
لە رۆژانی داهاتوودا مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبەكە كۆببنەوە، بۆ پەلەكردن لە رێكخستنی
دانیشتنی پەرلەمان بەمنزیكانە".
تاریق جەوهەر، وتیشی:" هەڵپەساردنی
دانیشتنی یەكەم و دواخستنی، بەهۆی نەبوونی سازان بووە لەنێوان هەردوو حزبە سەرەكییەكە،
لەگەڵ رێككنەكەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستە سیادیەكان، وێڕای دۆسیەی هەڵپەسێردراوەكان
لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی".
لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی
كوردستان، كە لە 20ـی تشرینی یەكەمی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان 39
كورسی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 23 كورسی بەدەستھێنا.
دابەشكاری پۆستەكانی كابینەی نۆ
لە ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان،
پارتی 45 كورسی، یەكێتی 21 كورسی، بەدەستھێنا و بەھاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كە
12 كورسی پەرلەمانی هەبوو، هەروەها سۆسیالست و پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی، كابینەی
نۆیەمی حكومەتی ھەرێمیان پێكھینا، پۆستی سەرۆك وەزیران لەلای پارتی و جێگری سەرۆك
وەزیران لای یەكێتی بوو، ھەروەھا نۆ وەزارەت لای پارتی، پێنج وەزارەت یەكێتی و
چوار وەزارەتیش لای بزووتنەوەی گۆڕان بوو، مەسیحییەكان و سۆسیالستیش هەریەكە و وەزارەتێكیان
بەركەوتبوو.
|