خانەنشینان لە سەرەی وەرگرتنی مووچەدا
2025-01-27 180 جار خوێنراوەتەوە

لە بایكۆتەوە بۆ مانگرتن

ناوەندی هەواڵ

زیاتر لە 33 ساڵە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێمی كوردستان قەیرانیان بە قەیرانی دیكە سپاردووە، سەرەڕای ئەوەش لەبەڵێنەكانیان نەكەوتوون، لەولاشەوە بەرپرسانیان لەژیانی شاهانەدا دەژین و ئاگاداری ڕەوشی خەڵك نین.

لە مانگرتن دژی بەعسەوە دژ بە حکومەتی هەرێم

لە ساڵی 1991 خەڵك دژی جەور و ستەمی بەعس پەنای بۆ مانگرتن و دەم دوورینەوە دەبرد، ئێستاش ڕێك ئاستی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی و ڕێككەوتنی ژێربەژێری دەسەڵاتداران و حزبەكان و زەوتكردنی ئازادی، خەڵكیان هێناوەتەوە ئەو بڕوایەی تەنها بە خۆپیشاندان دژی ئەو حكومەتەی خۆیان هۆكاری دروستبوونی بوون نەوەستنەوە، بەڵكو وەك بەشێك لەمامۆستایانی ناڕازیی سنوری سلێمانی دەڵێن دەچن خێمە هەڵدەدەن و مان دەگرن، هەرئەوەش نا بەڵكو دەمی خۆیان دەدوورنەوە.

پاش ئەو هەموو ساڵە لە حوكمڕانی و سپاردنی قەیران و كێشەیەك بە قەیران و كێشەیەكی دیكە و بەڵێنە چەندین بارەكانیان، بەرپرسانی هەرێم هێشتا بەڵێن دەدەن، پێیان وایە زۆرێك لەخەڵك بڕوا بەو بەڵێنانەیان دەكەن.

پرسی مووچە لە ساڵی 2014 ەوە قەیرانێكە و بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرتووە، پاش زیاتر لە 10 ساڵ و سەدان بەڵێن بەرپرسانی هەرێم پێیان چارەسەر نەكرا، ئێستاش هەر بەڵێن دەدەن و هیچ چارەسەرێك نییە.

پرسی خزمەتگوزارییەكان قەیرانێكی دیكەیە، نە شەقام و رێگەو بان و نە ئاو و كارەبای هاوڵاتیان هی ئەوەنین كە 33 ساڵە دەسەڵاتێك هەیە، بەڵكو هێشتا لەو ئاستەدایە كە حكومەتێكی تازە دروستبوو دەتوانێت دابینی بكات.

بەهۆی ئەو قۆرغكاری و دەسەڵاتخوازییەی بەرپرسانی هەرێم هیچ كەرتێك نییە وەك پێشوو مابێتەوە، لەكاتێكدا پێشتریش زۆر باش نەبووە، بۆ نمونە دەیانویست كەرتی تەندروستی بە گشتیی ڕادەستی كەرتی تایبەت بكەن، كەرتی كارەبا و دادنوسییان بەهەمانشێوە داوە بە کەرتی تایبەت، لەو هەوڵانەش بەردەوامن كە دەیانەوێت كۆمپانیا تایبەتەكانیان هەموو شتێك قۆرغ بكەن.

پەككەوتنی كەرتی پەروەردە، گرنگترین كەرت حكومەتی بەئاگا نەهێناوەتەوە

پرسی بایكۆت بەهۆی نەدانی مووچە سەرەڕای بوونی داهاتی ناوخۆ هێشتا چارەسەر نەبووە و كەرتی پەروەردەی نیمچە ئیفلیج كردووە، بەڵام پرسێكی دیكە سەریهەڵدا، ئەویش پرسی خانەنشینی مامۆستایان و فەرمانبەران بوو، لەمەشدا بەرپرسانی حكومەت بێ ئەوەی مووچەیان پێدابین كرابێت دەیانەوێت هەر بە بەڵێنەكانیان خانەنشینان بەردەوام بن لە دەوامكردن.

دوێنێ وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، مامۆستایانی خانەنشینبوو تا كۆتایی وەرزی خوێندن لەئەركەكانیان بەردەوام دەبن، مامۆستایەك كە خانەنشینی دەیگرێتەوە دەڵێت ئامادە نییە بچێتەوە هۆڵەكانی خوێندن و متمانەی بە بەڵێنی حكومەت نییە، مامۆستایانی ناڕازیش سورن لەسەر بایكۆت، یەكێتی مامۆستایانیش دەڵێت هیچ ڕێوشوێنێك بۆ بەردەوامبوونی ئەو مامۆستایانە لەم وەرزەی خوێندن نییە.

كەمكرنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ، 50 هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەكات و زەرەمەندی یەكەم كەرتی پەروەردەیە، زیاتر لە  حەوت هەزار مامۆستا و فەرمانبەری بەیەكجار خانەنشین دەبن، بەهۆی راگرتنی پلەبەرزكردنەوە لە 10 ساڵی رابردوودا، ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەكرێن 200 هەزار دینار كەمتر لە شایستەی خۆیان وەردەگرن. كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە دایكبووانی ساڵانی 1962-1963-1964-1965 خانەنشین دەگرێتەوە.

وردەكاری خانەنشین كردنەكە

  دوای ئەوەی مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەكەی پەسەندكرد، رۆژی 15ـی كانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، فەرمانێكی واژۆ كردووە بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ، ئەوەش وەك بەشێك لە پابەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق.

ڕێكارەكان چۆنن؟

بەپێی فەرمانەكەی سەرۆك وەزیران، تەمەنی خانەنیشینی فەرمانبەرانی كوردستان دەكرێتە 60 ساڵ، لەكاتێكدا پێشتر 63 ساڵ بووە، هەروەها ماوەی خزمەت لە 15ساڵەوە زیاد دەكات بۆ 25 ساڵ بۆ كەسێك ئارەزومەندانە داواكاری خانەنشینی پێشكەش بكات، تەمەنی ئارەزوومەندانەی خانەنشینیش لە 45 ساڵەوە بەرزدەكرێتەوە بۆ 50 ساڵ، ئەگەر كەسێك ئارەزومەندانە بیەوێت خانەنشین بێت دەبێت 25 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەنی هەبێت.

هەر لە فەرمانەكەی سەرۆكی حكومەتدا هاتووە: هەرفەرمانبەرێك تەمەنی بەرۆژومانگ و ساڵ تەمەنی 60 ساڵی تەواوكرد پێویستە دەستبەجێ هەواڵەی خانەنشینی بكرێت.

بەسێ قۆناغ دەكرێت

بەوتەی سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینان لە سلێمانی، داواكارییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بە سێ قۆناغە، قۆناغی یەكەم یەكخستنی مووچەی خانەنشینانی عێراق و هەرێمی كوردستانە، دواتر یەكخستنی لێبڕینەكان و گەڕاندنەوەی بۆ سندوقی خانەنشینی، قۆناغی سێیەمیش یەكخستنی تەمەنی خانەنشینییە لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان كە 60 ساڵە، بەوەش لە دایكبووانی سێ ساڵ پێكەوە خانەنشین دەبن ئەوانیش لە دایكبووانی ساڵانی (1962-1963-1964)ن.

وتیشی: حكومەتی هەرێم دەستی كردووە بە خانەنشینكردنی لە دایكبووانی ساڵانی ئەو ساڵانە، ئەو فەرمانبەرانەشی لە دایكبووی ساڵی 1965ن هەركات تەمەنیان بە ساڵ و مانگ و رۆژ بوو بە 60 ساڵ، ئەمساڵ راستەوخۆ خانەنشین دەكرێن.

وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی سلێمانی پێیوایە، بەو بڕیارە هەرێمی كوردستان تووشی چەندین گرفت دەبێت، ئەوەش چۆڵبوونی شوێنی وەزیفی هەزاران كەسە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگای دامەزراندن داخراوە، دووەم پەیوەندی بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانە، كە لە كۆتایی ساڵی 2015ـەوە وەستاوە، بۆیە هەر فەرمانبەرێك رەوانەی خانەنشین دەكرێت 200 هەزار دینار كەمتر لەو مووچەیە وەردەگرێت كە شایستەیەتی.

وەزیری پەروەردە: بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێت مامۆستایان بەردەوام دەبن

لەبارەی فەرمانی خانەنشین بوونەكەوە، دوێنێ ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان  بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: بەپێی یاسا بریارەكە وەك خۆی جێبەجێدەكرێت، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی دووەمی  خوێندن خانەنشینبوونی ئەو ژمارە مامۆستایە  كێشەوگرفت لەناوەندەكانی خوێندن دروست دەكات.

وەزیری پەروەردە وتیشی: سەبارەت بەم بابەتە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆمان كردووە،ئەم چەند مانگە مامۆستایان لەوەرزی دووەمی خوێندن بەردەوامبن.

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو: لەلایەن دیوانی ئەنجومەنی وەزیران  رەزامەندی سەرەتایی لەسەر بەردەوام بوونی مامۆستایان تاكۆتایی وەرزی خوێند دراوە، بەڵام وتی" تائێستا بریارەكە نەبووە بەفەرمی".

" بۆ ئەوەی بۆشایی لەناوەندەكانی خوێندن دروست نەبێ  و خوێندكاران لەگەڵ مامۆستاكانی خۆیان بەردەوام بن مامۆستایان لە ئەركەكانیان بەردەوام دەبن". ئالان حەمە سەعید وای وت.

بایكۆت كێشە سەرەكییەكە

بەڵام عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازیی لە لێدوانێكدا بە "ئیرادە میدیا"ی  وت: بەڵێنەكانی حكومەت لای مامۆستایان متمانەی نەماوە و زۆربەی مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی بێمووچەیی بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردووە.

وتیشی: لە 80% ی خوێندنگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایكۆتە و بەشێكی زۆری مامۆستایان و خوێندكاران ناچنەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن، تەنها پۆلی 12 ی ئامادەیی نەبێت.

ئەو مامۆستایانەی خانەنشین بوون دەیانگرێتەوە دڵنیا نین

ڕزگار خدر، یەكێكە لەو مامۆستایانەی خانەنشینبوون دەیگرێتەوە، ئەو بە "ئیرادە میدیا" ی  وت: مامۆستایان هیچ دڵنیاییان نییە بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن چونكە هیچ بەرچاو ڕوونییەك نییە كە ئەو قسانەی وەزیر لەسەر چی بنەمایەكە.

ئەو مامۆستایە وتیشی: لەو ڕۆژەوەی فەرمانەكە دەرچووە بۆ خانەنشین بوون نەچوومەتەوە بۆ دەوام، چونكە حكومەت مووچەكەی پێنادرێت ئێستا چۆن دەتوانێت من دڵنیا بكاتەوە بچمەوە سەرەڕای خانەنشین بوونم دەوام بكەم.

لە كاتی كۆبونەوەكانی نێوان شاندی باڵای هەرێمی كوردستان لە بەغداد، داواكارییەكی سەرەكیی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەرپرسانی دیكەی بەغدا، جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق بوو، لەناویاندا جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدراڵ و جێبەجێكردنی تەواوەتی یاساكە لە هەرێمی كوردستان.

هەزاران فەرمانبەران خانەنشین دەبن

هەرچەندە هێشتا ئامارێكی روون لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمەوە لەوبارەیەوە نییە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، بەهۆی ئەو بڕیارەوە زیاتر لە 50 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی كوردستان لە سەرجەم وەزارەتەكان خانەنشین دەبن.

بەپێی ووتەی چەند شارەزایەكی بواری خزمەتی فەرمانبەران و دارایی، بەهۆی ئەو بڕیارەوە نزیكەی 50 هەزار فەرمانبەر ئەمساڵ خانەنشین دەبن، تەنها ئەم مانگە حەوت هەزار فەرمانبەر رەوانەی خانەنشینی دەكرێن.

حكومەت هیچ بەرنامەیەكی بۆ دامەزراندن نییە چونكە خۆی چاوی لەدەستی بەغدایە

  شارەزایان بەپێویستی دەزانن، دەرگای دامەزراندن بكرێتەوە بۆ جێگرتنەوەی ئەو كەسانەی رەوانەی خانەنشینی دەكرێن، لەكاتێكدا هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان هەن كە 10 ساڵە چاوەڕوانی دامەزراندن و دەستەبەركردنی هەلی كارن، هەروەها دەستبەجێ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەست پێبكاتەوە و قەرەبووی ئەو فەرمانبەرانەش بكرێتەوە كە خانەنشین دەكرێن و ماف و شایستەكانی 10 ساڵی رابردوویان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

پەروەردە زەرەمەندی یەكەمە

دوای دەرچوونی بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، لقی هەولێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە كۆی 25 هەزار فەرمانبەر، حەوت هەزار مامۆستای كەرتی پەروەردە  خانەنشین دەكرێت لەیەك كاتدا.

یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق

یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لە رۆژی 3/2/2014 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە، رۆژی 10/3/2014 لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق ژمارە 4314 بڵاوكراوەتەوە و كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی یاساكە تەمەنی خانەنشینی لە عێراق 63 ساڵ بوو، بەڵام ساڵی 2019 یاساكە هەموار كرایەوە و گۆڕانكاریی لە ماددەی 10 كرا كە تایبەتە بە تەمەنی خانەنشینی و سێ ساڵ كەمكرایەوە و 60 ساڵ وەك تەمەنی خانەنشینی دیاریكرا لە حاڵەتی ئاساییدا، بە دەر لە حاڵەتی نائاسایی و نەخۆشی و پەككەوتن و خانەنشینی پێشوەختەی ئارەزوومەندانە، كە مەرج و رێكاری تایبەتی هەیە لە یاساكەدا.

لەكاتی دەرچوونی بڕیارەكەوە، یەكێتی خانەنشینان و پەرلەمانتاران و شارەزایانی یاسایی و دارایی هەرێمی كوردستان داوای جێبەجێكردنی یاساكە دەكەن، بەهۆی ئەوەی بە تەواوەتی لە بەرژەوەندی مووچەخۆران و خانەنشیانە، سەرەڕای چەندنی بڕگە و ماددەی تایبەت، كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 400 هەزار دینار جێگیركردووە، لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان كەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە.
دوای 11 ساڵ لە دەرچوونی یاساكە و زیاتر لە پێنج ساڵ لە هەمواركردنەوەی بڕگەی تایبەت بە تەمەنی خانەنشینی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیاری جێبەجێكردنی داوە. 

عێراق تەمەنی خانەنشینی دەكاتەوە بە 63 ساڵ

ئەوە لەكاتێكدایە لە ئێستادا گفتوگۆی چڕ لەسەر گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی لەناو لیژنە پەیوەندیدارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە، بەپێی پڕۆژەیەك دووبارە تەمەنی خانەنشینی سێ ساڵ زیاد دەكرێت و دەبێتەوە بە 63 ساڵ.

پڕۆژە یاسایەك لە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدایە، بۆ دووبارە هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، بە جۆرێك تەمەنی خانەنشینی بكرێتەوە بە 63 ساڵ، لەكاتێكدا ساڵی 2019 تەمەنی خانەنشینی كەمكراوەتەوە بۆ 60 ساڵ.

بڕیاری دادگای فیدراڵی

رۆژی 23ـی تشرینی دووەمی 2022، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیاریدا بە پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كاركردن بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە یاسای یەكگرتوی خانەنشینی عێراق، بەگوێرەی یاساكە كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار دەبێت.

حكومەتی عێراق جیاواز لەم یاسایەش چەند رێكارێكی گرتوەتەبەر بۆ زیادكردنی موچەی خانەنشینان كە نوێترینیان بڕیارەكەی مانگی تشرینی یەكەمی 2023 بوو، كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە زیادكردنی 100 هەزار دینار بۆ موچەی مانگانەی ئەو خانەنشینانەی موچەكانیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە.

یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە ‌و دەرماڵەكان، كە ساڵی 2018 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، كەمترین موچەی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بە 300 هەزار دینار دیاریكردووە، بەڵام بەپێی بە یاسای خانەنشینی ژمارە 27ـی ساڵی 2006  كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشین بوون كاری پێ دەكات، كەمترین موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە. دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا ئەم یاسایەی هەڵوەشاندوەتەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە تا كار بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو بكات.

سیستمی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان

بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە ـی27 ساڵی 2006، كە لە هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینكردنی فەرمانبەران بەركارە، بەپێی یاساكە نابێت مووچەی خانەنشینی لە ڕێژەی 80%ـی دوایین موچەی وەزیفی فەرمانبەر وەریگرتووە زیاتر بێت، كەمترین موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، كە سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی و بەشی زۆری هێزە ئەمنییەكان بەو رێژەیە خانەنیشین دەكرێن، بەڵام ئەوانەی خاوەن بڕوانامە و خزمەت و تەمەنی تەواون، بەشی زۆریان بە موچەی 80% بنەڕەتی خانەنیشین دەبن.

ژمارەی خانەنشیان لە هەرێمی كوردستان

لە هەرێمی كوردستان ژمارەی جیاواز لەبارەی ژمارەی خانەنشینانەوە هەیە، بەپێی ئەو داتایانەی بەردەستی "ئیرادە میدیا" كەوتووە 245 هەزار و104  كەس لە هەرێمی كوردستان موچەی خانەنشینی وەردەگرن، لەو ژمارەیە 157 هەزار و471 خانەنشینی مەدەنی و 87 هەزار و 633 خانەشینی سەربازیین. 

لەكاتێكدا لە راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو هاتووە ژمارەی خانەنشینان لە هەرێمی كوردستان 277 هەزار و 541 كەسن و خەرجی كۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە.

 

  • لەبەرامبەر سوتانی هۆتێلێك لەتوركیا دێنە دەنگ

  • لە بایكۆتەوە بۆ مانگرتن

  • ​قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان كۆتاییان نایەت؛ یاسای خانەنشینی قەیرانە نوێیەكە

  • ناوه‌ڕۆكى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ چییه‌؟

  • ڕۆژئاوای کوردستان لەنێوان خاوەنە بنەڕەتیی و ساختەکانیدا

  • 2024 ساڵی ڕووداوە کتوپڕ و سەرنجڕاکێشەکان

  • ئەو کەسەى هوجام سورچی سەربڕی کوژرایەوە

  • سعودیە ووڵاتی لە سێدارەدان

  • زۆرێك لە وڵاتان داوای پاراستنی كوردانی ڕۆژئاوا دەكەن؛ بەڵام حكومەتی هەرێم بێدەنگە

سەرەکی