هەسەدە
2024-11-27
144 جار خوێنراوەتەوە
هێزێكی كوردی چۆن داخی كردووە بە دڵی دوو دەوڵەت و چەندین گروپی چەكداری بەكرێگیراودا
ناوەندی هەواڵ
هەسەدە كە چەند ساڵێكە بەشێكی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای كوردستانی
لەژێر دەسەڵاتدایە، لەوكاتەوە لەلایەن توركیا و حكومەتی سوریا و چەكدارانی داعش و
گروپەكانی نزیك لە توركیا دژایەتی دەكرێت و بەردەوام هێرشی دەكرێتەسەر.
چەند ڕۆژێكە لەبەرەی "حەربل" كە دەكەوێتە باشوری شارۆچكەی مارع لە
نزیك حەلەب، شەڕی قورس لەنێوان سوپای بەناو نیشتمانی" سەر بە توركیا لەگەڵ هەسەدە
دەستیپێكردووەتەوە، لەهەمانكاتدا بۆ پاڵپشتی ئەو چەكدارە تیرۆریستانە توركیا بۆردومانی
چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.
بەوتەی ڕوانگەی سوریا لەیەككاتدا هەسەدە وەڵامی هەردوو بەرەكەی شەڕی داوەتەوە
و دزەیكردووەتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەو چەكدارانەی لەژێر ناوی بەناو سوپای نیشتمانی
سوریا چەند ناوچەیەكیان داگیركردووە.
لەوبارەیەوە چەند سەرچاوەیەك لە "سوپای نیشتمانی" بە عەرەبی جەدیدیان
وتووە"چەكدارانی سوپای نیشتمانی لە باكوری حەلەب كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە،
ئەویش بەهۆی ئەو پرۆسەی دزەكردنەی پێش دوو ڕۆژ هێزەكانی هەسەدە بۆ سەر ئەو ناوچەیە
ئەنجامیانداوە، بەهۆی دزەكردنی ئەندامانی هەسەدە بۆناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەو
گروپەی سەر بە توركیا، ئەو چەكدارانە لە دڵەڕاوكێدان و هۆشدارییان پێدراوە وەڵامی
هەر هێرشێكی هەسەدە بدەنەوە و بە وریاییەوە مامەڵە بكەن.
شەڕی هەسەدە لەگەڵ ئەو گروپانەی نزیك لە توركیا و بۆردومانی توركیا بۆسەر
ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەكاتێكدایە، لە دەوروبەری حەسەكە فرۆكە جەنگییەكانی
ئەمەریكا پێگەی گروپێكی چەكداریان لە ناوچەی "دشیشە" كە نزیكە لە شارۆچكەی
شەدادی بۆردومان كردووە، بەوتەی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەو پێگەیەی بۆردومان
كراوە سەر بە گروپێكی چەكداری ئێرانە، دوای ئەوەی بنكەی "شەدادی" ئەمەریكایان
لەڕێگەی موشەكەوە كردووەتەئامانج.
داعش لەلایەكی دیكەوە
پێكدادانی نێوان هەسەدە و گروپەكانی نزیك لە توركیا و سوپای توركیا لەكاتێكدایە،
ماوەیەكە جموجوڵەكانی چەكدارانی داعش لەناوچە سنورییەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و چەند
ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیادیكردووە.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، چەكدارانی داعش لە دوو ناوچەی جیاواز
تەقەیان لە تانكەری گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیان كردووە، هەردوو ڕووداوەكەش لە
پارێزگای دێرەزوور بووە كە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە.
توركیا بە بۆردومان و درۆن پشتیوانی ئەو چەكدارانە و داعش دەكات
هێرشە بەردەوامەكانی چەكدارانی داعش و گروپەكانی سەربە توركیا لەكاتێكدایە،
توركیا لە ڕێگەی درۆنەوە هاوكاری گروپەكان دەكات تا هێرش بكەنە سەر هێزەكانی سوریای
دیموكرات لە ڕۆژئاوای كوردستان.
كرانەوەی چەند بەرەیەكی شەڕ لەیەككاتدا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات لەكاتێكدایە،
لە ئابی ئەمساڵدا شەڕی قورس لەنێوان هێزەكانی حكومەتی سوریا و گروپە چەكدارەكانی
نزیكی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە دەوروبەری دێرەزوور ڕوویدا، ئەمەش وایكرد
هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان و ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنن
لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە.
شەڕ و ئاڵۆزی و پێكدادانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و توركیا
و ناوبەناویش حكومەتی سوریا لەگەڵ هەسەدە لەكاتێكدایە، توركیا بەردەوام هەڕەشەی لەشكركێشی
سەربازیی بۆسەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەكات و لەهەوڵدایە بە ڕێككەوتن لەگەڵ
حكومەتی سوریا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.
بەڵام ئەو هێزە كوردییە كە پشتیوانیەكی سنوردار دەكرێن لەلایەن هێزەكانی
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرەرای ئەو هەموو فشارە سەربازی و مرۆییانەی لەسەریەتی خۆڕاگر
بووە و توانیویەتی بەرپەرچی هەموو هێرشەكان بداتەوە.
ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2011 ەوە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی سوریا
نیمچە سەربەخۆیە، لە ساڵی 2014 شەوە بەفەرمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دامەزراندووە، بەشێكی
خاكەكەی لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2018 لەلایەن توركیاو بە پشتیوانی گروپە چەكدارە
توندڕەوەكان و داعش دەستی بەسەرداگیراوە، ئێستا هێزە كوردییەكان بەردەوام لەوناوچانە
چالاكی دەكەن بۆ ڕزگاركردنیان.
|