2024-11-30 652 جار خوێنراوەتەوە

یه‌په‌گه‌ هێرشى ده‌ستپێكردو فڕۆكه‌خانه‌ى حه‌له‌بى كۆنترۆڵكرد

ناوەندی هەواڵ

هێزه‌كانى به‌ره‌ى ئه‌كراد كه‌ به‌شێكن له‌هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ژماره‌یه‌كى زۆر شارو شارۆچكه‌ى له‌سنورى پارێزگاى حه‌له‌ب له‌چه‌كدارانى ته‌حریر شام پاكرده‌وه‌و خستیه‌ ژێر كۆنترۆڵى خۆیه‌وه‌.

بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوبوونەتەوە، یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) چونه‌ته‌ ناو فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى شاره‌كه‌و خستویانه‌ته‌ ژێر كۆنترۆڵى خۆیانه‌وه‌.

هاوکات، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ڕایگەیاند، تورکیا پلان‌و هەماهەنگی دەکات بۆ هێرشکردنەسەر سوریاو هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ده‌شڵێت:"لەسەر بنەمای پێویستییەکانی پاراستنی گەل‌و هەرێمەکە مامەڵە دەکەین.

فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ئاشكرایكرد، "چەتەکانی سەر به‌تورکیا پاش پێکدادانەکان لەگەڵ حکومەتی شام کە لە26ی تشرینی دوەمەوە بەردەوامە، گەیشتنە نێو شاری حەلەب، تورکیا کە ساڵانێکە هێرشدەکاتەسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەمدواییانە هێرشەکانی بۆسەر کانتۆنی شەهبا زیادکردوە".

بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی (هەسەدە) سه‌باره‌ت به‌ڕەوشی ئێستا هەڵوێستی هەسەدەی نیشاندا، داوای هەستیاریی لەگەل کرد و وتی:"هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕەگ‌و ڕیشەیان هەیە، لەمێژە ئامادەکاریی بۆ کراوەو هەموان ئاگاداری ئەم هێرشانە بوون".

شامی ڕایگەیاند، "پلانی هێرشەکە لەلایەن تورکیاوه‌ ئامادەکراوەو تورکیا دەیەوێت بەدەستی (بەرەی نوسرە) پلانەکە جێبەجێ بکات، هێرشەکە هەنگاو بەهەنگاو لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت، بۆ تێگەیشتنی باشتر لەم ئۆپەراسیۆنە، پێویستە ڕۆڵی تورکیا ببینرێت، تورکیا نایەوێت ئارامی لەسوریا پەیدابێت، بۆ ئەوەی ماوەیەکی درێژتر سوریا داگیربکات، ناوی گروپە چەتەکان دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی هەماهەنگی دەکات، هەر خودی دەوڵەتی تورکە".

فەرهاد شامی جەختدەکاتەوە، "بێگومان پێشهاتەکانی هەرێمەکە ڕاستەوخۆ ئێمەش پەیوەندیدار دەکات ‌و لەنزیکەوە چاودێریی ڕەوشەکە دەکەین، هەرچۆنێک بێت، ئێمە ئەرکێکی سەرەکیمان هەیە، ئەویش پاراستنی گەلەکەمانە، بۆیە ئێمە لەسەر بنەمای پێویستییەکانی پاراستنی گەل‌و هەرێمەکە مامەڵە دەکەین، با گەلەکەمانیش هەستیاربن‌و خۆیان بەگوێرەی ڕەوشی ئێستا ڕێکبخەن".

چەتەکانی "تەحریر شام"ـی سەربە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا زۆرینەی گەڕەکی شاری حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد، بەبێ ئەوەی هێزەکانی ڕژێمی سووریا بەرگریی بکەن.

ئەو گەڕەکانەی کە کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی چەتەکانی تەحریری شام (جەبهەی نووسرەی پێشوو) بریتین لە: بوستان قەسر، کەلاسی، فەردۆس، قەسیلە، قەڵای حەڵەب و دەوروبەری، گەڕەکەکانی جەمیلیە، سەڵاحەدین، بوستان زەهارا، فەید، حەڵەبی نوێ، دوو بەش لە گەڕەکی ڕاشدین، ناوچەی پیشەسازی، ڕامووسا، حەمدانیە، میریدیان، فورقن، بەشێک لە باب نەیرەب، عەزیزیە و سووریان.

لە ناوچە گرنگەکانی دیکە کە چەتەکانی تەحریری شام کۆنترۆڵیان کردووە ئەمانەن: ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی حەلەب، ئەکادیمیای سەربازیی و لێکۆڵینەوە زانستییەکان، بینای پارێزگای حەلەب، کۆلێژی تۆپخانە، بینای کۆچ و پاسپۆرت، بازنەی سەعدوڵا جابری، بینای بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان، بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، زانکۆی حەلەب، هێشتا دڵنیانین کە بینای کۆمپانیای جەیران بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە یان نا.

بەپێی ئەو وێنە و دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت چەتەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری چەک و خاڵە سەربازییەکاندا گرتووە، بەڵام نەتەقاندنی گوللەیەک لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی سوریاوە دژ بە چەتەکان ئەوە دەگەیەنێت کە سیناریۆیەکی ڕادەستکردن و وەرگرتن لەنێوانیاندا هەیە.

هەر لەوێنەکاندا ئاڵای چەتەکانی داعش لەسەر جلوچەکی چەتەکان دیارن، ئەمەش دڵنیا دەکاتەوە کە چەتەکانی داعش لە پاڵ چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و تەحریری شام هێرش دەکەنە سەر حەلەب.

لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانەوە تا ئێستا دەنگی هیچ تەقە و پێکدادانێک نایەت، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا و سوریا بەسەر شارەکەدا دەسووڕێنەوە و بۆردوومانی هەندێک شوێنی گەڕەکی حەلەبی نوێ کراوە.

بەرەبەیانی 27ی ئەم مانگە، چەتەکانی تەحریر شامی سەربە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەزاران چەکدار و چەکی قورس و مامناوەند و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان بۆسەر پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەب دەستپێکرد، بە پێی کۆتا ئاماری ناوەندی چاودێریی مافی مرۆڤی سووری 255 کەس کوژراون.

لەلایەکی دیکەشەوە دوێنێ شەو ئۆلیگ ئیگناسیۆک، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتبوونەوەی ڕوسیا لە سوریا ڕایگەیاند، بە هێرشی ئاسمانیی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 400 چەکدارمان کوشتووە کە هێرشیان کردبووە سەر پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب.

هەر دوێنێ شەو دانیشتوانی گەڕەکەکانی شاری حەلەب ڕوویان لە گەڕەکەکانی "شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە"ی کوردنشین کرد، ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن ‌هێزەکانی یەپەگە و یەژەشەوە دەپارێزرێت.

لە 27ی تشرینی دووەمدا، لە گوندەواری حەلەب شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد و گرووپە چەتەو چەکدارەکانی نەیاری ڕژێمی ئەسەد دەستیپێکرد.

لەو شەڕ و پێکدادانانەدا کە ماوەی سێ ڕۆژە درێژەیان هەیە، گرووپە چەتەکانی سەربەتورکیا بە تێکڕا کۆنترۆڵی 70 ناوچەی نیشتەجێبوون و خاڵیان لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب کردووە.





  • دیداری شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمرالی کۆتاییهات

  • حكومەتی هەرێم و عێراق لەسەر هێرشە درۆنییەكان وەڵامی یەكتر دەدەنەوە

  • ئەمریكا.. لە تەکساس لافاوە و لە كالیفۆرنیاش ئاگر

  • سوپاسالاری ئێران: ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە، ئەمجارە ئەمەریکاش ناتوانێت ناتانیاهۆ ڕزگار بکات

  • زاگرۆس هیوا: یەکەم گروپی گەریلا لە 10 بۆ 12 ئەم مانگە لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن

  • ئەلمۆنیتۆر: نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا لەگەڵ مەزلوم عەبدی و مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە

  • زۆرترین کەس لە تاران و کرماشان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون

  • بەشی زۆری ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی دەستگیر کراون

  • چۆن دەزگای هەواڵگری مۆساد دزەی کردە ناو ئێران و سیستمە بەرگریییەکانی لەناو برد؟

سەرەکی