2024-12-02
163 جار خوێنراوەتەوە
كوردانی ڕۆژئاوا: ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ توركیا و لایەنەكانی سوریا
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ توركیا و لایەنەكانی سوریا دەربڕی، لەپێناو چارەسەری ئاڵۆزی و شەڕ لە سوریا.
ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات "مەسەدە" لە بارەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی باكور و ڕۆژئاوای سوریا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند:" كۆنترۆڵكردنی شاری حەلەب و گوندەكانی حەمما لەلایەن گرووپە چەتەكانەوە، بەبێ هیچ بەرپەرچدانەوەیەك، جێگای نیگەرانییە".
مەسەدە داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، گوشار بخاتە سەر هەموو لایەنە كاریگەرەكان لە سوریا، شەڕ ڕابگرن و پڕۆسەیەكی سیاسیی دەستپێبكەن كە هەموو لایەنەكانی سوریا تیایدا بەشدار بن.
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، توركیا بە بەرپرسی شەڕ لە باكوری ڕۆژئاوای سووریا ناودەبات و سەبارەت بە دۆخی كۆچبەران لە هەرێمی شەهبا، داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات كە دەستوەردانێكی بەپەلە بكەن و هاوڵاتییانی مەدەنی لە تاوانەكانی شەڕ، كوشتار و ناچاركردنی كۆچ بپارێزن.
دەشڵێت "مەترسی هەیە چەتەكانی داعش سوود لەم دۆخە وەربگرن، داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەین پشتگیری هێزەكانی سووریای دیموكرات بكەن بۆ بەهێزكردنی تێكۆشان دژی تیرۆر و هاوكارییەك لە نێوان هێزەكانی عێراق و هەسەدە دروست بكەن".
لە ڕاگەیەندراوەكەیدا مەسەدە هەروەها جەخت لە گرنگی ڕۆڵی ڕوسیا لە چارەسەركردنی قەیرانەكاندا دەكاتەوە و دەشڵێت " ئامادەین لەگەڵ توركیادا گفتوگۆ بكەین".
مەسەدە چەند خاڵێك وەك پێشمەرجی چارەسەركردنی دۆخی سوریا دیاری دەكات:
– شەڕ و پێكدادانەكان لە نێوان لایەنەكانی سوریادا تەنها لە بەرژەوەندیی دوژمنانی گەلی سوریا دایە و ناخۆشی و زەحمەتی هاوڵاتییان زیاد دەكات، بۆیە پێویستە گفتوگۆ پەرەی پێ بدرێت.
– پێویستە هەموو پێشێلكارییەكان دژی پێكهاتەكانی سوریا ڕابگیرێن، بەتایبەتی كورد و نەتەوە و ئاینە جیاوازەكان كە بەشێكی سەرەكین لە مێژوو و جوگرافیای سوریا.
– قەیرانی سوریا تەنها لەڕێگەی چارەسەرییەكی سیاسیی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی چارەسەر دەبێت.
لە كۆتایی ڕاگەیانراوەكەدا، مەسەدە جەختی لە هەڵوێستی خۆی بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریا كردووەتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكانی سوریا دووپات دەكاتەوە و داوای جێبەجێكردنی بڕیاری نیشتیمانی 2254 دەكات.
لە چوارشەممەی ڕابردوەوە، گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن كە بەشێكیان نزیك لە توركیان، هێرشێكی بەرفراوانیان بۆسەر سێ پارێزگای سوریا (حەلەب، ئیدلب، حەما) دەستپێكردووە و تائێستاش بەتەواوەتی حەلەب و بەشێكی ئیدلب و حەمایان كۆنترۆڵكردووە و سوپای سوریاش بە پشتیوانی ڕوسیا دژە هێرشی بۆسەر ئەو گروپە چەكدارانە دەستپێكردووە.
|