4   کاتژمێر پێش ئێستا 35 جار خوێنراوەتەوە

ئه‌مریكا لێخۆشبوونێكی گشتی له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر سوریا ده‌ركرد

ناوەندی هەواڵ

وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا، دوێنی هه‌ینی 23ی ئایاری 2025 بڕیارێكی به‌ په‌له‌ی ده‌ركرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر سوریا، بڕیاره‌کەش ئه‌حمه‌د شه‌رعی سه‌رۆكی كاتی سوریا و ئه‌نه‌س خه‌تابی وه‌زیری ناوخۆ و كۆمه‌ڵێك له‌ كۆمپانیا و داموده‌زگا سورییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌.

به‌ پێی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا بڵاوی كردۆته‌وه‌، ڕێگه‌پێدانی ژماره‌ 25، ڕێگه‌ ده‌دات به‌ جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌و مامه‌ڵه‌ داراییه‌  كه‌ به‌ پێی لیستی سزا سه‌پێنراوه‌كانی پێشووی ئه‌مریكا هه‌ڵپه‌سێردرابوون، ئه‌وه‌ش واته‌ لابردنی به‌شێكی زۆری سزاكانی سه‌ر سوریا.

 له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئه‌و ڕێگه‌پێدانه هه‌لی وه‌به‌رهێنانی گشتی و بواری كه‌رتی تایبه‌تیش ده‌ڕه‌خسێنێت، ئه‌وه‌ش یه‌كانگیره‌ له‌گه‌ڵ ستراتیژی به‌رژه‌وه‌ندی له‌پێشینه‌ی ئه‌مریكا، كه‌ تره‌مپ دایناوه‌".

هه‌روه‌ها به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش لێخۆشبوونێك به‌ پێی "یاسای قه‌یسه‌ر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیلی سوریا" ده‌رده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ڕێگه‌ خۆشكردن بۆ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان و كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تری هاوپه‌یمان كه‌ به‌شداربن له‌ دووباره‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ئابووری سوریا.

 بڕیاره‌کەی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ گشتیانه‌ی ئه‌مریكادایه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی  سزاكانی سه‌ر سوریا، كه‌ به‌هۆی پێشێلكارییه‌ مرۆییه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌ به‌سه‌ر سوریادا سه‌پێنرابوو.

ئەمریکا دەڵێت"سه‌رده‌می دڕنده‌یی ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د دژ به‌گه‌له‌كه‌ی و هاندانی تیرۆر له‌ناوچه‌كه‌دا ته‌واو بوو، ئێسته‌ قۆناغێكی تر بۆ گه‌لی سوریا ده‌ستیپێكردووه‌، حكومه‌تی ئه‌مریكاش پابه‌ندبوونی خۆی به‌ ئارامی و سه‌قامگیری و یه‌كێتی سوریا دوپاتده‌كاته‌وه‌، تا‌ بتوانێت له‌ ناوخۆی خۆیدا و له‌گه‌ڵ هاوسێكانیدا به‌ ئاشتی بژی".

"لابردنی سزاكان، هه‌موو ئه‌و سزایانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ سه‌پێنرابوو به‌سه‌ر حكومه‌تی سوریادا، ئه‌وه‌ش به‌رمه‌بنای ئه‌و به‌ڵێنانه‌یه‌ كه حكومه‌تی نوێ‌ داویه‌تی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و گه‌ره‌نتیكردنی مافی كه‌مینه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ناو وڵات. ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ چاودێریكردنی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناو وڵاته‌كه"‌، ئه‌مه‌ش به‌ پێی لێدوانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا.

وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ڵگرتنی سزاكانی ئه‌مریكا ڕێگه‌خۆشبكات بۆ ده‌زگا مرۆییه‌كان، كه‌ هاوكاری زیاتر پێشكه‌شی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ك كارئاسانییه‌كی گه‌وره‌ش ده‌بێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی بیانی له‌ وڵاته‌كه‌دا، كه‌ ده‌ ساڵ زیاتره‌ به‌هۆی شه‌ڕی نێوخۆییه‌وه‌ وێران بووه‌ پێویستی به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.  

  • ئەو سێ‌ پیشەیە چین؟ لەمەترسی زیرەكی دەستكرد پارێزراون

  • ئه‌مریكا لێخۆشبوونێكی گشتی له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر سوریا ده‌ركرد

  • دوای 81 ڕۆژ لە داخستنی دەراوزەکان، هاوکاری گەیشتە غەززە

  • ئیسرائیل هیۆم: توركیا و ئیسرائیل گه‌شتوونه‌ته‌ ڕێكه‌وتنێك له‌بواری هاریكاری سه‌ربازی له‌ سوریا

  • نەتەوە یەکگرتووەکان: تا ئێستا نەتواندراوە یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە دابەش بکرێن

  • ئیسرائیل خۆی بۆ لێدانی ئێران ئاماده‌ ده‌كات

  • یەکێتیی ئەوروپا سەرجەم سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت

  • تره‌مپ دوای تەلەفۆنەکەی لەگەڵ فلادیمێر پۆتین: ڕوسیا و ئۆکرانیا بۆ کۆتای هاتنی شەڕ دانوستان دەکەن

  • سوریا؛ دوای 14 ساڵ، بۆ یەكەمجار هاوڵاتیان لە فڕۆكەخانەی دیمەشقەوە گەشتی حەج دەکەن

سەرەکی