2025-05-29 139 جار خوێنراوەتەوە

مه‌زارگایه‌كی جوله‌كه‌كان له‌ به‌غدا نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌‌

ئیرادە میدیا

دوای چه‌ندان ده‌یه‌ له‌ فه‌رامۆشكردن و تێكچوون و وێرانبوونی، نوێنه‌رانی تایه‌فه‌ی یه‌هودی له‌ عێراق، ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مه‌زارگای هاخام ئیسحاق جائون له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غداد، مه‌زارگاكه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕه‌سافه‌وه‌.

مه‌زارگایه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی حه‌وتی زاینی، و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هه‌وڵێكه‌ بۆ زیندوڕاگرتنی كه‌لپووری جوله‌كه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ دوای كۆچی جوله‌كه‌كان له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ فه‌رامۆش كراوه‌.

پێش كۆچكردنیان كه‌مینه‌ی جوله‌كه‌ له‌ عێراقدا یه‌كێك بوون له‌ هه‌ره كه‌مینه‌ كه‌وره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام ئێستا چه‌ند كه‌سێكیان نه‌بێت كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین هیچ بوونێكی تریان له‌ عێراقدا نه‌ماوه‌.

پێشتر قاسم ئه‌عره‌جی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌ردانی ئه‌م مه‌زاره‌ گرنگه‌ی جوله‌كه‌كانی كرد.

خالیده‌ ئیلیاهۆ سه‌رۆكی تایه‌فه‌ی جوله‌كه‌ له‌ عێراق به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌م مه‌زارگایه‌یان ده‌مێكه‌ بووه‌ به‌ شوێنی زبڵ و خاشاك و نه‌مانده‌توانی پاكژ و ئاوه‌دانی بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی ڕێگه‌پێدانمان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ توانیمانه‌ ده‌ستمان پێی بگاته‌وه‌، و نزیكه‌ی 150 هه‌زار دۆلارمان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ته‌رخانكردوه‌.

ئه‌و ئافره‌ته‌ 60ساڵه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی دوایین بوونی ئایینه‌كه‌ی ده‌كات له‌ عێراقدا به‌ فرانس پرێسی وتووە: مه‌زارگاکه‌ ته‌نیا كه‌لپوورێكی نییه‌ بۆ ئێمه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو عێراقه‌، جاران نه‌ك ته‌نیا جوله‌كه‌كان به‌ڵكو هه‌ندێك له‌ له‌ موسڵمانه‌كان ئه‌گه‌ر بڕوایان به‌وه‌ هه‌بووبێت كه‌ ئه‌م مه‌زارگای هاخام ئیسحاق جائونه‌ توانای چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشییه‌كانیانی هه‌بێت، سه‌ردانیان كردووه‌.
 

له‌به‌رده‌رگای  مه‌زارگاکه‌دا تابلۆیه‌كی ڕه‌ش هه‌ڵواسراوه‌ و به‌ زمانی عیبری له‌سه‌ری نووسراوه‌ "چوونه‌ ژووره‌وه‌ت موباره‌ك بێت"، "خودا یه‌كه‌". هه‌روه‌ك له‌سه‌ر پارچه‌ ته‌خته‌ی دیكه‌ ناوی هاوڕێیانی ئه‌م هاخامه‌ و هه‌ندێك له‌ قوتابییه‌كانی هه‌ڵواسراوه‌.

پێشتر ئه‌م مه‌زارگایه‌ كه‌نیسه‌یه‌ك و قوتابخانه‌یه‌كی ئایینی له‌خۆگرتبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌ گۆڕێك كه‌ به‌ كاڵی لێنووسراوه‌ ساڵی 688 كۆچیدواییكردووه‌، هیچی دیكه‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ هاوسێكانی ئه‌م مه‌زاره‌ به‌ناوی ئه‌بو سه‌جاد به‌ پێگه‌ی ئه‌لمجه‌له‌ی وتووە: ماوه‌ی چوار مانگه‌ جموجوڵێكی نائاسایی ده‌بینین، خه‌ڵكی دێن و ده‌ڕۆن، كرێكار دێت و پاشماوه‌ ڕوخاوه‌كان و زبڵ و خاشاكه‌كان لاده‌بن، هه‌روه‌ها ده‌ستیانه‌ كردووه‌ به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، له‌كاتێكدا چه‌ندین ساڵه‌ ده‌رگاكه‌ی داخراوه‌ و له‌ناوه‌ و داڕوخاوه‌ و هیچ كه‌سێك بۆی نه‌بوو هه‌ر لێشی نزیك ببێته‌وه‌، پێشتر خه‌ڵكی هه‌موو ئایین و تایفه‌ جیاوازه‌كان سه‌ردانی ئه‌م شوێنه‌یان ده‌كرد، داوای شیفایان لێ ده‌كرد، به‌تایبه‌ت ڕێزێكی زۆری هه‌بوو لای خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌ی قه‌نبه‌ر عه‌لییه‌، به‌ڵام دوای 2003 و ئه‌و ئاژاوانه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ ده‌ستی دزی گه‌شته‌ ئه‌م شوێنه‌ و زۆربه‌ی شته‌كانی ناوی دزرا، دواتر ئیدی بوو به‌ شوێنی مار و دوپشك و حه‌شه‌رات.
 
ڕێگه‌دانی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وه‌ك هه‌وڵێك ده‌بینرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره‌كانی سه‌ر به‌غدا، دوای گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها مه‌له‌نه‌كردن به‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆله‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌شێكی وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌تایبه‌ت وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌ستپێكردووه‌ و باس له‌ چوونه‌ نێو ڕێكه‌وتننامه‌ی ئێبراهیمی ده‌كرێت له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی تری عه‌ره‌بیدا. 

  • 42 ساڵ بەسەرگولەبارانکردنی 59 گەنجی کورد لە شاری مهاباد تێدەپەڕێت

  • ئیسرائیل 'دەوڵەتی جولەکەکان' لە غەززە دروست دەکات

  • ژمارەی قوربانیانی غەززە گەیشتە 54 هەزار کەس

  • مه‌زارگایه‌كی جوله‌كه‌كان له‌ به‌غدا نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌‌

  • نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی گەرمتربوونی گۆی زەوی هۆشداری دەدات

  • عێراق؛ كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی ئاو بەڕێوەدەچێت

  • ڕاستی كوشتن و له‌ناوبردنی سپیپێسته‌كانی ئه‌فریقای باشوور

  • دامەزراوەی پەی: ساڵ لەدوای ساڵ پەرلەمان لاوازتر، سست و دەستەمۆو فەرامۆشكراوتر دەبێت

  • سەرۆک کۆماری ئێران: ئێمە لە هەڕەشەکان ناترسین

سەرەکی