2025-06-19
9219 جار خوێنراوەتەوە
لە هانیپاڵەوە بۆ ئەسەد.. ئەو شەڕانەی سەرکردەکانیان خست
پوختە
زۆرجار ململانێکانی کیشوەری ئەوروپا بۆتە هۆی ڕوخانی ئەو سەرکردانەی کە بە لێهاتویی سیاسیی و سەربازیی ناسرابون. هیچ كەسێك لە ئیمپراتۆری فەرەنسا، ناپلیۆن پۆناپارت، کە بەشێکی زۆری ئەوروپای ژێردەستە کرد و سوپاکەی گەیشتە میسر، ئاماژەتر نییە بۆ ئەمە.
مێژو پڕە لە چیرۆکی ڕوخانی ئەو سەرکردانەی وڵاتەکانیان ڕاکێشا بۆ شەڕی دۆڕان لە نێوان حیساباتی هەڵە و ناهاوسەنگیی دەسەڵاتدا، زۆرێک لە سەرکردەکانیش باجی بڕیارەکانیان داوە، ئیتر یان لە رێگەى دەرکردن بوبێت، یان دەربەدەربون، ياخود هەندێکجاريش مردن.
بە درێژایی مێژو هاوکێشەکە سادە دەردەکەوێت: ململانێکان کە زۆرجار بە تۆڵەسەندنەوەی کەسیی یان بەدواداچون بۆ شکۆمەندی مێژویی تایبەتمەند دەبن، ئیدى لە ئەنجامى لەدەستدانى شەڕێك دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی بنەماڵەیەك یان ڕوخانی تەواوەتی دەوڵەتێك.
ژەهری قوتاربون
چیرۆکی ئەو شەڕانەی کە سەرکردەکانیان لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە پێش مەسیح دەستی پێکرد، کتێبەکانی مێژو ئاماژە بە شەڕی زاما دەکەن لە ساڵی 202ى پێش زایین؛ ئەو شەڕە سەرەتای کۆتایی ئەفسانەی سەرکردەی قرتاج "هانیپاڵ" بو، کە یەکێکبو لە سەرکردە سەربازییە ئازا و بەناوبانگەکانی مێژو.
لە ناوەڕاستی شەڕی دوەمی پونیکەكاندا لە نێوان ڕۆمەکان و قرتاجییەكان، ئەو دو سوپایە چەندین شەڕیان ئەنجامدا بۆ دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی دەریای ناوەڕاست، بەڵام گرنگترین وەرچەرخان لە ناوچەی زاما بو کە دەکەوێتە تونسی ئێستا، لەوكاتەدا فەرماندەی سوپای ڕۆمانی "سکیپیۆ" کە دواتر بە "پیاوە ئەفریقییەكە" ناسرا، لەوێدا زاڵ بو. دوای شکستی قرتاج، هانیپاڵ دورخرایەوە بۆ سوریا، لەوێش بەردەوام بو لە دژایەتیکردنی ڕۆما. دواتر كاتێك خۆی بینی هەڕەشەی تەسلیمبون بە دوژمنە ڕۆمانییەکانی لەسەرە، بە خواردنەوەی ژەهر خۆکوشتنی هەڵبژارد.
لەو سەروبەندەدا ژەهر ئامرازێک بو بۆ ڕزگاربون لە دەرئەنجامەکانی شکست، بۆ نمونە؛ لە شەڕێکی دیکەدا کە پێش مەسیح لە حەوزی دەریای ناوەڕاست بەناوى شەڕی دەریایی ئەکتیۆم لەساڵی 31ى پێش زایین ڕویدا، بوە خاڵی وەرچەرخان لە ململانێی دەسەڵات لە ڕۆماى دوای یولیۆس قەیسەر، كە شەڕەكەش لە نێوان ئۆکتاڤیۆس (دواترپێى دەوترا ئیمپراتۆر ئۆگەستۆس قەیسەر) و مارکۆس ئەنتۆنیۆس کە هاوپەیمانی کلیۆپاتراى شاژنی میسر بو، هەڵگیرسا. شەڕەكەى ئەوان لە مێژودا بە كۆتایى هاتنى خۆشەویستییەك بە شێوەیەكى تراژیدى ناسێنرا.
مارکۆس ئەنتۆنیۆس بۆ كردنەوەى دەرگای شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکەر لەناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا پشتى بە کلیۆپاترا بەست، كە لەوكاتەدا كوڕێكى لە یۆلیۆس قەیسەر هەبو. شەڕەكە لە هەردو دیوی دەریای ناوەڕاستدا بەردەوام بو تا هێزەکانی ئۆکتاڤیۆس لە شەڕی "ئەکتیۆم"دا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. ئەمەش سەرەتای كەوتنى هاوپەیمانی نێوان کلیۆپاترا و ئەنتۆنیۆس بو، چونکە سەربازەکانیان بڵاوبونەوەو پاشەکشەیانکرد بۆ ئەسکەندەريیەی پایتەختی ئیمپراتۆریەتی بەتلیمۆس، دوای ئەوەی دەنگۆی خۆكوشتنى "کلیۆپاترا"ى تەمەن 39 ساڵ بە ژەهر بڵاوبۆوە، بەهەمان شێوە "مارکۆس ئەنتۆنیۆس"یش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
جەنگە جیهانیيەکان
زۆرجار ململانێ سەربازییەکانی کیشوەری ئەوروپا بونەتە هۆی ڕوخانی ئەو سەرکردانەی کە بە لێهاتویی سیاسی و تواناى بەرزى سەربازیی و زەبروزەنگ ناسراون. هیچ نمونەیەک بۆ ئەمە لە ئیمپراتۆری فەرەنسا ناپلیۆن پۆناپارت باشترو دیارتر نییە کە بەشێکی زۆری ئەوروپای ژێردەستە کرد و سوپاکەی گەیشتە میسر، بەڵام شەڕی "واتەرلۆ" کۆتایی بە ئەفسانە سەربازییەکەی هێنا. ئەمەش دوای ئەوەی زلهێزە گەورەکانی ئەوروپا ناپلیۆنیان بە یاسادەرچو ناساند و هەوڵیاندا لە دەسەڵاتی فەرەنسا دورى بخەنەوە. دوای شەڕەکە و لەناوبردنی زۆربەی سوپاکەی، ناپلیۆن هەوڵی هەڵهاتنی دا، بەڵام هێزەکانی بەریتانیا دەستگیریان كردو تا کۆتایی ژیانی بە دەربەدەری لە دورگەی هێلێنا لە زەریای ئەتڵەسی بە تەنها ژیا.
هاوكات نمونەى جەنگى جیهانى یەكەم و دوەم، لەگەڵ كەوتنى دەسەڵاتى تراژیدییانەى هەریەك لە هیتلەر لە ئەڵمانیا و مۆسۆلینى لە ئیتالیا، هەمان وانەى مێژومان پێدەڵێن.
گۆشەگیری سیاسی
مردن دەرئەنجامی حەتمی نییە بۆ هەمو ئەو سەرکردانەی کە لە ئەنجامی شەڕەکاندا پێگەی خۆیان لەدەستدەدەن. زۆرجار دەرئەنجامەکانی ئەم دەیان ساڵەی رابردو سیاسی بون. بۆ نمونە؛ لە سەرەتاى حەفتاكاندا گۆڵدا مائیر سەرۆكوەزیرانى ئیسرائیل، لە شکستی جەنگی ئۆکتۆبەری 1973دا، باجی ژیانی سیاسی خۆی دا، ئەو جەنگەى میسر و سوریا پێكەوە لە دژى ئیسرائیل لەبەرەیەكدا بون.
گۆڵدا مائیر، دوابەدوای ئەو شەڕە؛ تۆمەتبارکرا بەوەی کە حکومەتەکەی ناوبراو ئامادەکارییەکی خراپی بۆ جەنگەكە کردوە، ئەمەش وایکرد سوپای میسر بۆ یەکەمجار لە دوای شکستی حوزەیرانی 1967 لە کەناڵی سوێس بپەڕێتەوە بۆ ناو سینا. هەرچەندە لیژنەى ئاگرانات بۆ لێكۆڵینەوەو بەدواداچون بەرپرسیارێتى گۆڵدا مائیرى لە شەڕەكە پاککردەوە، بەڵام لەدەستدانی زۆرینەی كورسى پەرلەمانیى پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی کانونی دوەمی ساڵی 1973دا وایلێکرد لە نیسانی 1974 دەست لەکاربکێشێتەوە.
سەركێشى سەربازیى سەددام
ئەوەى لە مێژو وەرمانگرتوە ئەوەیە كە هەمیشە سەركێشییە سەربازییەکان و خەونە فراوانخوازییەکان دەبنە هۆی لەناوچونی هاندەرەکانیان. ئەمە حاڵەتی سەددام حسێن سەرۆککۆماری عێراق بو؛ کاتێک لە مانگی ئابی ساڵی 1990دا کوەیتی داگیرکرد و ئیدیعای دێرینی عێراقی زیندوکردەوە کە کوێت لە مێژودا لەژێر سەروەريی عێراقدا بوە، بەڵام دواجار سەددام بە توندی لە روى وڵاتانى عەرەبی و نێودەوڵەتییەوە سەرزەنشت كرا و دواتریش كاتێك شەڕى كەنداو بۆ ئازادکردنی کوەیت؛ پەرەیسەند، شەڕەكە بو بە سەرەتای لاوازیی ڕژێمی سەدام. دواى شەڕەكە، بەغدا دەیان ملیار دۆلاری وەک قەرەبوی ئەو کەسانە داوە کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتوە، سزای نێودەوڵەتیش سەپێندرا کە ئابوریی عێراقى تێکدا و کوالیتی تەندروستی و پەروەردەیی لە عێراق بەتەواوەتى داڕما، ئەمەش دواتر بوە هۆی شکستی خێرای سەددام لەسەر دەستی ئەمریکا و لەساڵی 2003 ئەو زلهێزە عێراقی داگیرکردو کۆتایی بە دەسەڵاتى بەعس هێنا و لە ساڵی 2006یشدا سەددامى لەسێدارەدا.
كەوتنى لەسەرخۆى ئەسەد
هەندێکجار سەرکردەکان نابنە قوربانی دەستى شەڕێكى یەكلاكەرەوە، بەڵکو دەسەڵاتیان وردە وردە بە تێپەڕبونی ساڵان دەڕوخێت. ئەمە حاڵەتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوی سوریا بو، کە لەساڵی 2011دا لەچوارچێوەی بەهاری عەرەبی کاتێك ناوچەکەی گرتەوە ڕوبەڕوی ڕاپەڕینێکی جەماوەريی بۆوە. دوای ئەوەی ڕاپەڕینەکە ڕوبەڕوبونەوەى چەکى تێكەوت، ئیدى قۆناغ بە قۆناغ لادان لەناو سوپای سوریادا سەریهەڵدا و گروپە چەکدارە کوردییەکان وئەوانی تریش كە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەكران و گروپی سێیەمیش كە بە پاشخانی ئیسلامییەوە سەریانهەڵدا؛ دەستیان بەسەر ناوچەیەکی زۆری وڵاتدا گرت.
هاوکات ئەسەد لە سایەی پاڵپشتی سەربازیی هاوپەیمانەکانی، "ڕوسیا و ئێران"، بە سەرۆکی "بەشێک لە سوریا" مایەوە، بەڵام 14 ساڵ ململانێ و گەمارۆ ئابورییەکان بوە هۆی داڕمانی لەسەرخۆى ڕژێمی دیمەشق کە لە كۆتاییەكەیدا تەنها چەند ڕۆژێکی خایاند.
بەشار، هیچ بژاردەیەکی نەبو جگە لە هەڵاتن بۆ لاى هاوپەیمانەکەی کە مۆسکۆ بو، بەمەش دەسەڵاتی ٥٤ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا کۆتایی هات و ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی ڕێکخراوی دەستەى تەحریرى شام؛ لە کۆشکی گەل لە دیمەشق خۆی وەك سەرۆك ناساند.
-
خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی نیگەرانن گرێبەستی پرۆژەی ڕوناكی ڕەتدەكەنەوە
|
-
ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن
|
-
عێراق..لەمەودوا هەر هەڵسوكەوتێكى تائیفی سزاى 3 ساڵ زیندانییە
|
-
پەكەكە وەك نیازپاكییەك دەست بەڕادەستکردنی چەکەکانی دەکات
|
-
عێراق دابهشكردنی موچهی مانگی حهوت دەستپێدەكات و موچهخۆرانی ههرێمیش 60 رۆژه چاوەڕێی موچەن
|
-
حکومەتی هەرێم موفلیسە پارەی نییە
|
-
ئایا سیاسەتە نوێیەکەی کاتس لەدوای ئێران؛ عێراق دەگرێتەوە؟
|
-
بۆچی میلیشا عێراقییەکان لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا ئامادە نەبون؟
|
-
موسەوى: روفاتى قوربانییەکان بەدانپێدانانی داعش ئاشکرابوە
|
|
|