2025-07-09 119 جار خوێنراوەتەوە

دەم پارتی: 11ی تەمموز لە سلێمانی بەشداری چەكدانانی گەریلا دەكەین

ئیرادە میدیا

ئەمڕۆ چوارشەمە 9ی تەمموزی2025، پەیامێکی ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجەلان لە پاش 26 ساڵ لە زیندانی ئیمراڵییەوە بڵاوکرایەوە و ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "جەختدەکەمەوە لە بانگەوازی 27ی شوبات بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆنگرەی 12ی پەکەکە وەڵامێکی دروستبوو بۆ بانگەوازەکە".

ئۆجەلان راشیگەیاند، "مانیفێستۆیه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیم ئاماده‌كرد، كه‌ ده‌بێت به‌وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بژمێردرێت".

وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 11ی تەمموزبەشداریی مەراسیمەکەی پەکەکە دەبن لە سلێمانی و ئاماژەی بەوەشدا، هاوسەرۆک و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان بەشداری لە مەراسیمەکە دەکەن.

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە ناوەندی سەرەکی دەم پارتی لە ئەنقەرە، سەبارەت بە پەیامە مێژووییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان و پێشهاتە نوێیەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەكرد، لە ساتەوەختێکی مێژوویداین، کە سەد ساڵی دووەمی تورکیا دیارییدەکات و وتی، ساڵانێکە دەڵێین، کە ناونیشانی چارەسەری دیموکراتیک ئاشتییە، یەکسانییە، دادپەروەرییەکی بەپێز و هەمیشەییە و لە ئیمرالییەوە لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەمە ببیندرێت و ئەمە داواکاریی هەمیشەیی ئێمەیە.

وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان ئەوەشیخستەڕوو، پێویستە هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.

وتەبێژی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە، هاوشانی چەندین پارت و ڕێکخراو و کۆمەڵەی مەدەنی بەشداری مەراسیمەکەی پەکەکە دەبن و وتی: لە 11ی تەمموز بەشداری مەراسیمەکەی پەکەکە لە سلێمانی دەبین و هاوسەرۆک و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانیش بەشداریی لە مەراسیمەکەدا دەکەن.

ئایشەگوڵ دۆغان وتیشی: لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بە هەستیارییەوە کار بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بکەن.

دوای ئەوەی ساڵی رابردوو، دەوڵەت باخچەلی داوای دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئیمراڵی کرد، پاش چوار ساڵ و لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024، عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵی کرد و ئۆجەلانی مامی بینی.

لە 28ی کانوونی یەکەمی 2024، شاندی ئیمراڵی، کە پێکهاتبوون، لە پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر، بۆ یەکەمجار سەردانی ئیمراڵییان کرد.شاندەکە رۆژی 22ی کانوونی دووەمی 2025 بۆ دووەمجار سەردانی ئیمراڵی کرد.

لە 27ی شوباتی 2025یش، شاندێکی حەوت کەسی بۆ سێیەمینجار، سەردانی ئیمراڵی کرد و دواتریش گەڕانەوە ئیستانبوڵ و بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان خوێندەوە.

رۆژی 21ی نیسانی 2025، شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، بۆ چوارەمینجار سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، لەم دیدارەدا بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە سڕی سوورەییا ئۆندەر نەیتوانی بەشداری بکات.

رۆژی 18ی ئایاری 2025، شاندی ئیمراڵی کە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان و ئۆزگور ئەرۆڵ پێکهاتبوون، بەمەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان، سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد.

رۆژی 26ی حوزەیرانی 2025، پەروین بوڵدان پاش ئەوەی لەگەڵ میتحات سانجار، ئەندامی نوێی شاندی ئیمراڵی سەردانی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایان کرد، رایگەیاند، رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کۆدەبنەوە و دواتریش سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، لە زیندانی ئیمراڵی دەکەن.

لە پەیامەکەی 27ی شوباتی ئەمساڵی ئۆجەلاندا دوو خاڵی گرنگ هەبوون:یەکەم/ زەمینەی سیاسیی و دیموکراسی بڕەخسێنرێت
دووەم/ پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە

چاوەکان لەسەر قەندیل بوون، چۆن وەڵامی بانگەوازی ڕێبەرەکەیان دەدەنەوە، شەقامی کوردی دابەشی دوو بەرە بوو، بەهۆی نەبوونی زانیاریی لەسەر پرۆسەکە، ترسێکی زۆر لەسەر دانانی چەک و هەڵوەشانەوەی پەکەکە هەبوو، هەر زوو لە 1ی ئازار و دوای چوار ڕۆژ، پەکەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا پابەندبونی خۆی بە بەنگەوازەکەی ئۆجەلان ڕاگەیاند و وتی، پێویستە ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی کۆنگرە بکات و ئامادەی هەڵوەشانەوەی پەکەکە و چەک دانانین. 

لەو ماوەیەدا هەموو چاوەکان لەسەر قەندیل و ئیمڕاڵی بوون، پەکەکە چەکی بێدەنگ کرد و سوپای تورکیا بەردەوام بوو لە هێرش بۆسەر ناوچەکانی گەریلا، ئەوەش بێ متمانەیی بە پرۆسەکە زیاتر کرد، ئەوەی تورک پێی دەڵێت تورکیای بێ تیرۆر و کوردیش بە پرۆسەی ئاشتی دەیناسێنێت. 

ئەوەی چاوەڕێ نەدەکرا لەو دۆخەدا بکرێت، ڕویدا، لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان، هەواڵ بڵاوبۆیەوە کە پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەستووە، هەر زوو پەکەکە پشتڕاستی کردەوە و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی بڵاوکردەوە، کە لە دوو شوێنی جیاواز و لە ژێر بۆردومان و هێرشی بەردەوامی تورکیا لە چیا سەختەکانی کوردستان ئەنجامدرابوو، پەکەکە بڕیاریدا خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، لەبەرامبەردا کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرەو پێش ببرێت و کورد بتوانێت بە ئازادانە کاری سیاسیی بکات .

 بۆ زیاتر ڕونکردنەوەی ئەمە پەیامی سیاسی ئۆجەلان کە بۆ کۆنگرەی پەکەکەی ناردبوو بڵاو کرایەوە، لە 22 لاپەڕەدا بە وردی پرۆسەکەی بۆ پەکەکە ڕونکردبۆیەوە، ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەی کە بۆ کۆنگرەی 12 ی پەکەکەی ناردبوو نوسیبووی؛ کۆمەڵگەی دیموکراتیک، شوێنگرەوەی دەوڵەت نەتەوەیە، بۆ ئەم قۆناغەکە پێویستە کۆنفیدڕالیزم لە ناوچەکە بێتە ئاراوە، کاری زۆری دەوێت و پێویستی بە هەوڵی هەموانە، تورک هەر ناوێکی لێ دەنێت من گوێیان لێناگرم، ئامانجەکانمان جیاوازە و ئێمە دەمانەوێت ئەم قۆناغە بەم جۆرە بچێتە پێشەوە. 

ئێستا چی ڕودەدات ؟ کورد چی دەست دەکەوێت ؟ 

ئەمە ئەو دوو پرسیارەیە، کە هەمووان دەیکەن و بە دوای وەڵامەکەی دەگەڕێن، من لێرەدا بە وردی وەڵامتان دەدەمەوە. 

لە چەند ڕۆژی داهاتوو، عەبدوڵا ئۆجەلان داوای چەکداماڵینی کرداری لە پەکەکە دەکات، پەکەکەش لە ڕێگەی ژمارەیەک گەریلاوە ئەو کارە دەکات و چەکەکەنیان لەناو دەبەن، دواتر دەگەڕێنەوە چیا ئازادەکانی کوردستان، ئەمەش پرۆسەکە دەباتە قۆناغێکی نوێ.

تورکیا دوای ئەوە دەبێت چی بکات ؟ 

بۆ ئەوەی پرۆسەکە بچێتە پێشەوە و ڕوبەڕوی ئاستەنگی و هەڵوەشانەوە نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لە پەرلەمانی تورکیا کۆمسیۆنێک وەک لایەنەکان باسی دەکەن پێک بێت، ئەم کۆمسیۆنە بە دوو ئاڕاستە کار دەکات؛ 

یەکەم: هەموار کردنەوەی دەستوری تورکیا( دەستوری کودەتا) جێکردنەوەی مافی کورد تێیدا و لابردنی ئەو دەستەواژانەی کە تورکیای وەک تاک نەتەوە پشان داوە، هەموو ئەو دەستەواژانەی باس لە نەتەوەی تورک دەکەن وەک تاکە نەتەوە لادەبرێت و زمانی کوردیش وەک زمانی فەرمی جێدەکرێتەوە. 

دووەم: هەمواکردنەوەی سەرجەم ئەو یاسایانەی ڕێگرن لەبەردەم کورد و کاری سیاسیی و هۆکارن بۆ دەستگیرکردنی سەرکردە کوردەکان لە باکوری کوردستان.

ئازادکردنی نزیکەی 60 هەزار زیندانی کە بەهۆی کوردبونیان دەستگیرکراون.

هەڵوەشانەوەی قەیوم کە لەبری شارەوانییە کوردیەکان دانراوەن و گەڕانەوەی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان، کە لەو ڕێگەیەوە وەک ئۆجەلان دەڵێت، دەتوانرێت کۆنفیدڕالیزمی نەتەوەیی دیموکراتیی لە تورکیا بچەسپێنرێت.

ئازادکردنی ئۆجەلان و ڕەخساندنی زەمینە بۆ هاتنە خوارەوەی گەریلا بۆشارەکان و ئەنجامدانی کاری سیاسیی.

لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە، کورد چیتر، تەنها لە جەنگدا براوە نییە، بەڵکوو ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کورد لە دانوستانیش براوە بێت و گریان و پرسەداری دایکانی کورد بگۆڕدرێت بۆ کێشانی هەلهەلەی ئازادیی .

  • ئەردۆغان: ڕێگریکردن لە زمانی کوردی هەڵەبو

  • ئیسرائیل بەنیازە هەڵبژاردنەکانی عێراق تێكبدات

  • سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابوری عێراق لە مەترسیدایە

  • گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین

  • دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە و هەڵوەشاندنەوەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی هەرێم کۆدەبێتەوە

  • وەزارەتى كارەبا لە راگەیاندراوێكدا چەند داتایەكى بڵاوكردەوە

  • ئیرادە... سیناریۆكانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات

  • مۆساد لە عێراق.. بێدەنگی فەرمی یان گێڕانەوەى دژ بەیەك؟

  • عێراق.. تاتۆكردن بەشێوەیەكى مەترسیدار تەشەنەدەسێنێت

سەرەکی