2025-07-10
6522 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. تاتۆكردن بەشێوەیەكى مەترسیدار تەشەنەدەسێنێت
پوختە
لە وێنەکێشانی ورد و كوتینى خاڵ لەسەر قۆڵەوە تا دەگاتە ئەو نوسراوانەی کە لەسەر مل و دەموچاو دیارن، دیاردەی تاتۆکردن لە عێراقدا؛ بەتایبەتی لەنێو گەنجان و هەرزەکاران و تەنانەت منداڵانیش لە هەندێک حاڵەتدا؛ بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.
ئەم هێمایانە ئیتر تەنها ڕازاندنەوەی ویستى تاكەکەسی یان تەقلیدکردنی فۆرمەکانی هونەر یاخود بابەتێكى هێمادار نین؛ بەڵكوهەندێکجار تێکچونی پەروەردەى کۆمەڵایەتی، یان ناهاوسەنگیی کەلتوری و تەنانەت مەترسی تەندروستی بەجۆرێك لێدەكەوێتەوە؛ کە دەبێتە مایەى هەڕەشەیەكى جییدى لەسەر ژیانى زۆرینەى ئەو كەسە ناهۆشیارانەى ئەو دیاردە ناشرینە پراكیزە دەكەن.
ئایا تاتۆكردن وابەستەیە بە پێشكەوتنى كۆمەڵایەتى؟
دكتۆر نەبیل ئەلعەزاوى؛ توێژەر و ئەکادیمی، لەلێدوانێكى تایبەت دا بۆ میدیا عێراقییەكان هۆشیارى لەوەداوە كە ئەم فراوانبونە نائارامکەرەوەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەو کرانەوە بەرفراوانەوە هەیە کە وڵاتەکە شاهیدی بوە، بەتایبەتی دوای بڵاوبونەوەی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا.
ئەلعەزاوی دەشڵێت، چیتر تاتۆکردن تەنها لە گروپێکی دیاریکراودا سنوردار نییە، بەڵکو سنورە تەقلیدییەکانی تێپەڕاندوە بۆ ئەوەی کچان و کوڕانی هەرزەکار و تەنانەت منداڵانیش بگرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە چاودێریکردنی دەستبەجێ و بەدواداچونى ورد هەیە بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە نەبێتە شێوازێکی هەمیشەیی ڕەفتار.
تاتۆکردنی بێ هۆشیاریى و نەخۆشی بىَ خۆپاراستن
بە بڕواى ئەلعەزاوى، مەترسییەکە تەنها لە فۆرم یان گرنگی هێمادارانەی هەندێک تاتۆدا نییە، بەڵکو لە ڕەهەندی تەندروستیشدایە، کە ڕەنگە لەناو سەرگەرمیی دابونەریتدا پشتگوێ بخرێت. ناوبراو پێیوایە؛ کە ئەم کارانە ڕەنگە ببنە هۆی نەخۆشی جیددی پێست و ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشیەکان بەهۆی ئامێرە تەعقیمنەکراوەکان لەئارادایە، ئەمە سەرەڕاى نەبونى چاودێریی لەسەر ئەو کەسانەی کە لەم بوارەدا کاردەکەن.
نەبونى یاسایەكى توند بۆ سەنتەرە جوانكارییەكان چى لێدەكەوێتەوە؟
لە غیابی یاسای توند بۆ ڕێکخستنی سەنتەرە جوانکارییەکان یان چاودێریکردنی ئەو ئامرازانەی کە بەکاردەهێنرێن، حاڵەتەکانی هەوکردنی درێژخایەن یان نەخۆشییە درمیەکان بەربڵاون، بە تایبەت لەو ناوچانەی چینی هەژارو ئابوریى لاواز تێیدا دەژین و ئەم ڕێکارانە لە شوێنی ناتەندروستدا ئەنجامدەدرێن، زۆرجاریش لەلایەن کەسانی ناشارەزاوە تاتۆكان دروستدەكرێن.
لە نێوان یاخیبون و شوناس
خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی بۆ ئەو دیاردەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تاتۆکردن ڕەنگە دەربڕینێک بێت بۆ یاخیبون لە واقیع، یان گەڕانێک بێت بۆ ناسنامەیەکی تاکەکەسی لە کۆمەڵگەیەکدا کە خێڵگەرایى و نەریت پارێزیى تێدا زاڵ بێت، واتا لە چوارچێوەی عێراقدا، دیاردەكە سیمایەکی ڕوبەڕوبونەوە وەردەگرێت، بەتایبەتی کاتێک لەسەر ڕوخسار یان ناوچە دیارەکانی جەستە دەردەکەوێت، کە لەگەڵ نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی باودا بەریەککەوتن دروستدەكات، ئەمەش زیاتر لەو پارێزگایانەدا بەرچاو دەكەوێت كە پابەندن بە ناسنامەی خێڵەکی و بەها ئایینییە خۆپارێزەكانەوە.
ئەلعەزاوی؛ ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی وەک عێراقدا تاتۆ لەسەر روخسار و مل و قاچەکان قبوڵ ناکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەموکوڕییەکی پەروەردەیی و کەلتوری کە سەرەتا پێویستی بە هەڵوێستێکی جیددی هەیە لەلایەن دایک و باوکەوە، پاشان لەلایەن دەسەڵاتی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەوە.
بۆچى تا ئێستا لە عێراق هیچ یاسایەكى تایبەت بە تاتۆكردن نییە؟
تا ئێستا هیچ یاسایەکی ڕون نییە کە تاتۆکردن لە عێراق ڕێکبخات، هەروەها چاودێری تەندروستی کاریگەر لەسەر ئەو ئامراز و سەنتەرانە نییە کە ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەش دەکەن. زۆربەی تاتۆکردنەكان بە شێوەیەکی نافەرمی، لە ماڵەکان یان دوکانە بێ مۆڵەتەکاندا ئەنجام دەدرێت، هاوكات نەبونی پەروەردەی تەندروستی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بۆتە هۆی خراپتربونی دیاردەکە، بەوپێیەی تاتۆ وەک بەشێک لە "مۆدە" یان لاساییکردنی هونەرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکان سەیر دەکرێت، بەبێ ئەوەی ئاگاداری دەرئەنجامە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانی بێت.
ئەركى سەرشانى دەوڵەت لەمبارەیەوە چیدەبێت؟
ئەم دیاردەیە زیاتر لە "ئیدانەکردنی ئەخلاقی" لەلایەن کۆمەڵگاوە هەنگاوى بۆدەنرێت و پێویستی بە وەڵامێکی فرەلایەنە هەیە؛ لەوانە: پەروەردەیی، پەیوەندیدار بە تەندروستی، یاسایی و خێزانی.
پێویستە دەوڵەت ئارایشتگاکانی جوانکاریی ڕێکبخات و بەکارهێنانی کەرەستەی تاتۆکردن سنوردار بکات، لەکاتێکدا خێزان و قوتابخانە و دامەزراوە ئاینییەکان بەرپرسیارێتی پێشکەشکردنی ڕێنمایی و بنیاتنانی هۆشیارییەکی کەلتوری لە ئەستۆ دەگرن، كە پێویستە رونكردنەوەى زیاتر بدەن لەسەر ئەوەى جەستە وەک شتێک سەیر بكرێت کە دەبێت بپارێزرێت نەک وەک کانڤاسێکی ئەزمونیی بۆ وێنە و نەخش و نیگار ئیستغلال بکرێت.
-
ئیسرائیل بەنیازە هەڵبژاردنەکانی عێراق تێكبدات
|
-
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابوری عێراق لە مەترسیدایە
|
-
گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین
|
-
دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە و هەڵوەشاندنەوەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی هەرێم کۆدەبێتەوە
|
-
وەزارەتى كارەبا لە راگەیاندراوێكدا چەند داتایەكى بڵاوكردەوە
|
-
ئیرادە... سیناریۆكانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات
|
-
مۆساد لە عێراق.. بێدەنگی فەرمی یان گێڕانەوەى دژ بەیەك؟
|
-
عێراق.. تاتۆكردن بەشێوەیەكى مەترسیدار تەشەنەدەسێنێت
|
-
لیژنە وەزارییەكەی عێراق یەكەم كۆبونەوەی لەبارەی كێشەی موچەو نەوتی هەرێم كرد
|
|
|