7   کاتژمێر پێش ئێستا 7198 جار خوێنراوەتەوە

بۆچى چەكە سوتێنراوەكانى پەكەكە نابرێنە مۆزەخانەى سلێمانى؟

 

پوختە

پاش ئەوەى رۆژى هەینى لە ئەشكەوتى جاسەنە لە ناوچەی سورداش لەسەر ڕێگەی سلێمانی و دوکان، دەیان گەریلای پارتى كرێكارانى كوردستان "پەكەكە" لە مەراسیمێكى رەمزگەرایى دا وەك وەڵامێك بۆ پەیامە ڤیدیۆییەكەى رێبەرى زیندانیكراوى كورد "عەبدوڵا ئۆجەلان"چەكەكانیان سوتان، لە ئێستادا پرسیارى ئەوە دێتە ئاراوە ئایا پاشماوەى ئەو چەكانە چییان لێدێت و بۆچى نابرێنە مۆزەخانەى سلێمانى لە شەقامى سالم؟.

هاوكات، چاودێران لە چارەنوسی ئەو چەکانەی دوێنێ هەینی لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە لە مەراسیمێکی ڕەمزیدا لە ئەشکەوتێکی نزیک شاری سلێمانی کە دوەم گەورەترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە، سوتێنراون؛ راى پێچەوانەیان هەیە، ئەگەرچى خودى پرۆسەكە لە چوارچێوەی دانوستانەکانی نێوان پەكەكە و تورکیادایە؛ بەڵام لە باشوردا بەوپەڕى بایەخەوە لە پرۆسەكەیان دەڕوانى.

گرنگیى جاسەنە لە چیدایە؟

لەنێوان ئەمڕۆ و دوێنێ دا؛ بڕیاردرا پاشماوەى چەکە سوتێنراوەكانى گەریلاكانى پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە بهێڵرێتەوە، کە ئەشكەوتێكى شوێنەواریی و گەشتیاری و مێژوییە و لە ساڵی 1923دا سەرکردەی کورد شێخ مەحمودى حەفید تێیدا جێگیر بوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەردو كەناڵى کەناڵی "ئەلعەرەبیە" و "ئەلعەرەبییە حەدەس" بڕیاربو ئەو چەکانە دوای سوتاندنیان بگوازرێنەوە بۆ مۆزەخانەی شاری سلێمانی لە شەقامی سالم، بەڵام بڕیارەکە پێچەوانە کرایەوە.

ئێستا بڕیار دراوە ئەو چەکانەی کە لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"ەوە سوتێنراون لە ئەشکەوتی جاسەنە بمێننەوە، کە شوێنێکی شوێنەواریی و گەشتیاری و مێژوییە و شێخ مەحمودى حەفید سەرکردەی کورد لە ساڵی 1923دوای بۆردومانێکی چڕى بەریتانیا بۆ سەر شاری سلێمانی"کە ٥٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای ئەشکەوتەکەوە دورە" لێی جێگیر بو.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەردو كەناڵەكە، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ئەشکەوتە بۆ هەڵگرتنی چەکەکانی پەکەکە،  كە "پرۆسەیەكى هێماسازییە" و پەیوەندى بە چەند لایەنێكى گرنگى مێژویى و فەرهەنگییەوە هەیە، بریتییە لەوەى  ڕۆژنامەی "بانگى حەق"  لە 2ی ئازاری 1923 لەم ئەشکەوتەدا چاپ کراوە، هاوكات، بەشێک لەم ئەشکەوتە وەک مەزارگەیەک بۆ چەکی گەریلاكانى پەکەکە دیاری دەکرێت، لەلایەكى ترەوە، هەڵبژاردنى جاسەنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەریەك لە بەرزایى و شاخ و تونێل و ئەشكەوت و ناوچەى سروشتى رەمزى بەرخۆدان و فیداكاریى گەریلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان و سەرجەم شۆڕشە كوردییەكانە بەبێ جیاوازیى.

جاسەنە لاى یەكێتى و پارتى چ بایەخێكى هەیە؟

بە وتەی سەرچاوەكانى "ئەلعەرەبیە" و "ئەلعەرەبییە حەدەس، یەكێكى تر لەو گرنگییە مێژویى و سیاسییانەى كە بوە هۆى پاراستنى ئەو چەكانە لە ئەشكەوتەكەدا؛ ئەوەیە؛ پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانى کوردستان دەیان ساڵ لەمەوبەر لە کاتی ململانێ چەکداریەکانیان لەگەڵ بەغدا پەنایان بۆ ئەم ئەشکەوتە بردوەو شوێنەكەش ساڵانە بە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن و بە هێمای بەرخۆدانی کورد ناسراوە.

راى ئەردۆغان لەسەر پرۆسەى چەكدانانەكە چییە؟

لەلایەكى ترەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لەو هەنگاوە کرد و ڕایگەیاند، حکومەتەکەی هەنگاوی زیاتر دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی شەممە پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ تاوتوێکردنی مەرجە یاساییەکانی پڕۆسەی لەناوبردنی چەکی دەستی گەریلاکانی پەکەکە ڕاگەیاند و بە ئومێدەوە لە پرۆسەكەى روانى.

ناوبراو لە وتارێکیدا لە ئەنقەرە ئەوەى خستەڕو، كە ئەو گۆڕانکارییانەی لە سوریا و عێراق ڕویانداوە، هاوکارمان بون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆر "بە وتەى خۆى"، کە بەدرێژایی ساڵان نزیکەی دو ترلیۆن دۆلار زیانى بە توركیا گەیاندوەو لە ئەنجامدا 10 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 50 هەزار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.

ئەردۆغان باسی لە چەکدانانی پەکەکە کرد و وتی: لە برا کوردەکانمان نزیک بوینەتەوە و نیشانمان دا کە ئێمە بەرژەوەندیی وڵات و بەرژەوەندیی ئەوانمان دەوێت.

 

 

  • گەریلاکان چۆن لە قەندیلەوە بە ڕێکەوتن بۆ جاسەنە

  • سبەینێ بافل تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە

  • لە مەراسیمی سوتاندنی چەکەوە

  • بۆچى چەكە سوتێنراوەكانى پەكەكە نابرێنە مۆزەخانەى سلێمانى؟

  • ناتانیاهۆ: ئیسرائیل بە سێ مەرج لە ئێران نادات

  • ئایا ئێران میلیشیا چەكدارە عێراقییەكان هەڵدەوەشێنێتەوە؟

  • حكومەتى تاران کارەبای عێراق دەكاتە بارمتەی غازی ئێرانى

  • به‌غدا وه‌ڵامێکى توندی بارەگای بارزانى ده‌داته‌وه‌

  • ئەمریکا وەزیرێكى بەعس لە لیستى سزاكانى لادەبات

سەرەکی