8   کاتژمێر پێش ئێستا 351 جار خوێنراوەتەوە

سبەینێ بافل تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە

ئیرادە میدیا

بڕیارە سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر كۆببنەوە، كۆبوونەوەكە بەبەشداری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت.

سبەی دووشەممە 14ی تەمموزی 2025، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە ئامادەبوونی  مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەڕێوە دەچێت.

بەپێی زانیارییەکانی "ئیرادە" کۆبوونەوەکە لە پیرمام بەڕێوە دەچێت و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش، یەکهەڵوێستی لە بەغدا، پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کێشەی مووچە و هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت.

هەر لە بارەی کۆبوونەوەکەی سبەینێی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاندووە، کە سبەی کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوە دەچێت.

48 كاتژمێرەکە كۆتایی هات

كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە، ئەو 48 كاتژمێرەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دانرابوو شەوی هەینی رابردوو كۆتایی هات، بەڵام ئەو لیژنەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەری كێشەكان پێكیهێنابوو یەك كۆبوونەوەی كرد و كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجام نەدا.

ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی

شەوی ڕابردوو، بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: "پەیوەست بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەكلاییكردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست كۆبوەوە".

بەبێ زیادكردنی بڕگەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا

ڕاگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی لەكاتێكدابوو، دوێنێ بەبێ زیادكردنی بڕگەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕۆژی دووشەممە دواخرا، چوار فراكسیۆنی كوردیش داوادەكەن هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن.

ئەو داوایەی فراكسیۆنە كوردییەكان هاوكاتە لەگەڵ بێ ئەنجامی هەوڵەكان بۆ چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە ماوەی دوو مانگە موچەیان پێنەدراوە.

به‌غدا وه‌ڵامێکى توندی بارەگای بارزانى ده‌داته‌وه‌

شەوی ڕابردووە،سەرچاوەیەکی حکومی له‌به‌غداوه‌ وه‌ڵامى باره‌گاى بارزانى ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ كه‌س داواى ده‌رفه‌تى له‌ئێوه‌ نه‌كردوه‌،کەمەبەستی پارتی و ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی بوو، چونكه‌ هیچ گۆڕانکارییەک لەهەڵوێستی حکومەتدا نییەو حكومه‌ت بڕیارى خۆیداوه‌"، ده‌شڵێت:"هەر شتێکی دیکەش پێشنیازبکرێت، تەنها قسەو باسەو هیچى تر".

هاوکات ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندبو، هیچ گۆڕانکارییەک لەهەڵوێستی حکومەتدا نییە، چونکە لەسەر بنەمای دەستورو یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵی دامەزراوەو هەر شتێکی دیکەش پێشنیازبکرێت، تەنها قسەو باسە".

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی لە پێنج وەزیر پێكهێنا

هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی لە پێنج وەزیر پێكهێنا بۆ چارەسەری كێشەكە، بەڵام لیژنەكە تا ئێستا یەك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە و نەگەیشتووە بە ئەنجام.

ئەركی سەرەكی لیژنەكە ئامادەكردنی راسپاردەیە لەسەر دوو رەشنوسی جیاوازی هەرێم و بەغداد كە بۆ رێككەوتن ئامادەیان كردووە و لە كۆبوونەوەی سێشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خرایە بەرباس.

لیژنەکە محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان سەرۆکایەتی دەکات و هەریەک لە "نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەنگین رێکانی، وەزیری نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، خالید بەتال، وەزیری پیشەسازیی و کانزاکان و خالید شوانی، وەزیری داد" ئەندامن تێیدا.

لەو دوو رەشنوسەدا هەرێم و بەغداد خاڵی جیاوازی زۆر لەنێوانیاندایە بۆ چارەسەری پرسەكانی مووچە، "نەوت و داهاتی ناوخۆیی و تەنها لەدوو خاڵیان نزیكن لە یەكەوە كە تایبەتە بەرادەستكردنی نەوت و بەكاربردنی ناوخۆیی".

خاڵی یەكەمی هەردوو پڕۆژەكەی هەرێم و بەغداد تایبەتە بە ڕادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، بەڵام هەریەكەیان پێشنیازی جیاوازی لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو.

هەرێم دوو پێشنیازی لەو بارەیەوە خستووەتەروو، بەپێی پێشنیازی یەكەم، لەكۆی 282 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە 217 هەزار بەرمیل دەدرێتە بەغداد، ئەوەی دیكەی كە دەمێنێتەوە و 65 هەزار بەرمیلە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەبێت.

بەپێی پێشنیازی دووەم، هەرێمی كوردستان ئامادەیە ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات تا ئەو كاتەی دەگەنە رێككەوتن لەسەر لایەنی راوێژكاری تایبەتمەند بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت.

پێشنیازی یەكەمی هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەك نزیكە لە پێشنیازەكەی بەغدادەوە، بەو پێیەی بەغداد لە رەشنوسەكەیدا داوایكردووە هەرێم لەكۆی 282 هەزار بەرمیل 236 هەزار بەرمیل رادەست بكات و 46 هەزار بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی تەرخان بكرێت، واتە تەنها 19 هەزار بەرمیل نەوت جیاوازی لەنێوانیاندایە.

بەپێی رەشنوسەكەی بەغداد، لە قۆناغی دووەمدا كە هاوكات لەگەڵ قۆناغی یەكەم دەبێت بۆ ماوەی مانگێك جێبەجێ بكرێت، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی راستەقینەی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دیاری بكات.

خاڵێكی دیكەی هەردوو رەشنوسەكە تایبەتە بە داهاتی ناوخۆیی كە هەردوولا تێیدا ناكۆكن، هەرێمی كوردستان بەبێ دیاریكردنی هیچ بڕێك ئامادەیی نیشانداوە لەسەر ڕادەستكردنی نیوەی داهاتی گومرگ و باج بەبەغداد، بەڵام بەغداد داوادەكات ئەو بڕە مانگانە لە 200 ملیار دینار كەمتر نەبێت، لەكاتێكدا هەرێم لەمساڵدا هیچ كات ئەو بڕەی ڕادەستنەكردووە.

نزیكەی 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوە

رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، لەوكاتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام تائێستا هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە، لەكاتێكدا 2-12-2024 یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام تائێستا هیچ دانیشتنێكیان ئەنجام نەداوە.

ماوەی (73) ڕۆژە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان موچەیان وەرنەگرتووەو هەرموو لیژنەو وەفد و كۆبوونەوەكان لەسەر ئەو پرسانە شكستی هێناوە هەرچەند دوێنێ شەو بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی هەوڵ هەیە بۆ چارەسەر، بەڵام بەپێی زانیارییەكان هەوڵەكان هەوڵی جدی نین بۆ ڕێككەوتن تەنیا هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی موچەیەك ڕەوانە بكرێت.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا سەبارەت بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم،  لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

  • گەریلاکان چۆن لە قەندیلەوە بە ڕێکەوتن بۆ جاسەنە

  • سبەینێ بافل تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە

  • لە مەراسیمی سوتاندنی چەکەوە

  • بۆچى چەكە سوتێنراوەكانى پەكەكە نابرێنە مۆزەخانەى سلێمانى؟

  • ناتانیاهۆ: ئیسرائیل بە سێ مەرج لە ئێران نادات

  • ئایا ئێران میلیشیا چەكدارە عێراقییەكان هەڵدەوەشێنێتەوە؟

  • حكومەتى تاران کارەبای عێراق دەكاتە بارمتەی غازی ئێرانى

  • به‌غدا وه‌ڵامێکى توندی بارەگای بارزانى ده‌داته‌وه‌

  • ئەمریکا وەزیرێكى بەعس لە لیستى سزاكانى لادەبات

سەرەکی