9   کاتژمێر پێش ئێستا 90 جار خوێنراوەتەوە

لە مەراسیمی سوتاندنی چەکەوە

ئیرادە میدیا

گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە پێكهاتبوون لە 30 گەریلا و هاسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات پێشەنگایەتییانی دەکرد، بە مەراسیمێک چەکەکانی خۆیان سوتاند و کۆمەڵگەییان خستە بەر بەرپرسیارێتی مەزنکردنی تێکۆشان.

ڕۆژی 11ی تەممووزی 2025 و بە هەستێکی پر لە جۆشەوە لە هەرێمی دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانین. دوای بانگەوازی 27ی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ و بەستنی کۆنگرەی 12ەمینی پەکەکە، چەند ڕۆژێکە باس لەوەدەکرێت گرووپێک لە گەریلاکانی ئازادی کوردستان چەکەکانیان دەسوتێنن. ئامانجەکە نیشاندانی نیازپاکی وجددی وەرگرتنی پرۆسەکەیە لە پێناو برەوپێدانییدایە. بەڵام هێشتا چۆنییەتی ئەنجامدانی مەراسیمەکە ئاشکرا نییە و ڕێوشوێنەکان گیراوەتەبەر و جەختدەکرێتەوە؛ "بۆ بەردەوامبوونیبە پرۆسەکە دەبێت دەوڵەت هەنگاوی یاسایی بنێت." 

چەند ڕۆژێکە وەک ڕاگەیاندنی ئازاد بۆ ڕووماڵکردنی پێشهاتەکان لە سلێمانین. هەروەها پەیتا پەیتا شاندەکان لە هەموو لایەکی جیهانەوە بۆ بەشداربوون و ڕوماڵکرنی مەراسیمەکە گەیشتوون بە هەولێر و سلێمانی. ئێمەیش وەک تیمی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئەو کەسانەدا لێرەین و ئامادەین بۆ ڕووماڵکردنی مەراسیمەکە بۆ گەیاندنی بە ڕای گشتی... 

وەک تیمەکە رۆژێک پێشتر گەیشتینە دووکان و لە هۆتێل ئاشوورین. ئێمە دوێنێ هاتینە هۆتێلێک بەناوی ئاشوور لە نزیک دەریاچەی دووکان. گوتمان؛ 'بەیانی ڕۆژێکی مێژووییە و با زوو لەخەو هەڵبستین' و چووینە ژوورەکانی خۆمان. دەمانەویست پشوویەک بدەین بەڵام چاومان نەدەچووە خەو، زەحمەتبوو. دەزانین کە لەو چیایانەی کە لە پەنجەرەکانەوە دەردەکەون، ئامادەکاریی گەورە هەن. وەک بڵێی کات ناڕوات و بەخۆم دەڵێم؛ 'ئاخۆ سبەینێ دەتوانم مایکەکەم بخەمە بەردەمی گەریلایەکی بەشدار لە مەراسیەمەکەدا!. ئەگەر دەرفەت هەبێت چی لێ بپرسم؟ و چاوم دادەخست. دوای ماوەیەکی کەم لەڕێی ئەلەرمی مۆبایلەکەمەوە زوو لەخەو هەڵدەستم. لە هۆڵی هۆتێلەکە لەگەڵ ڕاگەیاندنکاران کۆدەبمەوە. 

لەلایەکیشەوە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە لە باکووری کوردستانەوە هاتبوون و شەوی ڕابردوو گەیشتبوونە هەولێر چاوپێکەوتن دەکرێت. ئەوانیش هەر زوو بەڕێکەوتن و ڕوویان لە گۆڕەپانی مەراسیمەکە کرد. 

لە هەموو لایەکی جیهانەوە خەڵک هاتبوو... 

لەبەر ئەگەری سابۆتاژ و تێکدانی مەراسیمکە، هێشتا نازانین مەراسیمەکە لەکوێ و چۆن بەڕێوە دەچێت. پرسیار دەکەین بەڵام وەڵاممان نادرێتەوە، لە کۆتاییدا بڕیارماندا چیتر پرسیار نەکەین و چاوەڕێی دەرچوون بووین. یەکەم جارمە بۆ گەشتێک کە نازانم بۆ کوێیە هێندە بەپەرۆش بم. لەسەر پێشنیاری هەڤاڵێکی خۆم کە خۆشمدەوێت، بۆئەوەی بەر لە کاروانی پڕۆتۆکۆڵەکە خۆم بگەیەنمە گۆڕەپانی مەراسیمەکە بڕیارمدا کە زوو بکەومە ڕێ. پێشتر ژمارە تابلۆی ئۆتۆمبیلەکان بە پرۆتۆکۆڵ درابوون، تاوەکو لە ڕێگا و گۆڕەپانی مەراسیمەکە هیچ کێشەیەک دروستنەبێت. جانتاکانمان لە پشتمانە، بەرەو ئۆتۆمبێلەکەمان ڕۆیشتین بەڵام لەبەر دەرگای هۆتێلەکە دووچاری سوپڕایزێک هاتین. بە دەیان خەباتکاری ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهان، بە سەدان ئۆتۆمبێل و قەرەباڵغییەکی زۆر ئەو ڕێگایەیان بەتەواویی گرتبوو کە بەرەو هۆتێلەکە دەچوون. لەگەڵ سەدان ئۆتۆمبێل لە ڕێگەیەکی تەنگدا گیرییان کردبوو، بینیمان سوودی نییە! دووبارە گەڕاینەوە بۆ هۆتێلەکە. بڕیارماندا لەگەڵ پڕۆتۆکۆڵەکە بەڕێبکەوین و چاوەڕێی پرۆتۆکۆڵەکەمان کرد. 

لە کۆتاییدا بەڕێکەوتین 

کاتێک لە هۆڵی هۆتێلەکە وەستابووین، لەگەڵ دەنگێکی بەپەرۆش کە وتی: "با بڕۆین" ئێمەش لە جێی خۆمان هەستاین و بەڕێکەوتین. دووبارە لە هۆتێلەکە دەرچووین بەڵام ئەم جارەش لەبەر دەرگای هۆتێلەکە سەرمان سوڕما. بە ٥٤ ئۆتۆمبێلی گەورە لەبەردەرگای هۆتێلەکە کاروانێک دروستبووە. هەموویان تازە کڕدرابوون تابلۆیان نییە و جام ڕەشن. ڕەنگی ئۆتۆمبێلەکان هەموویان سپی بوون، کە پێموایە بەهۆی واتا و گرنگیی ڕۆژەکەوە ئەم ڕەنگە هەڵبژێردرابوو. لەبەرئەوەی سپی سیمبولی ئاشتییە. ئێمە لە دەڤەری ڕاپەڕینین، ڕێکخستنی چالاکییەکە لەلایەن یەنەکەوە بەڕێوە دەبرێت. ڕکابەرایەتی نێوان یەنەکە و پەدەکە دیسانەوە دەرکەوتەوە. ڕکابەری ئەوەی؛' ئاخۆ کێ باشتر ڕێز لە میوانەکانی دەگرێت یاخود زیاتر بە ڕێزەوە پێشوازییان لێدەکات.' 

جەماوەر ڕێگەیان نەدا بە ڕێبکەوین

ئاخر ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ کورد... با بڵێین؛ 'بۆ دەستکەوتەکانی کورد لە نێو کێبڕکێداین'. سەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتین، لە هەر ئۆتۆمبێلێکدا دوو کەس... لە تەنیشت من هاوڕێیەکی ڕۆژنامەوان هەیە و بەهۆی پرۆتۆکۆڵەوە، دەچنە پشتی ئۆتۆمبێلەکە. هەموو شتێک وەک دیمەنێکی فیلم وایە. پاشان کاروانەکە بەڕێکەوت. بەو ڕێگایەدا پێشتر پێیدا ڕۆیشتبووین، بە ڕێکەوتین. قەرەباڵغییەکی زۆر هەبوو، بەڵام بەو پێیەی ئاسایشی یەنەکە هەبوو ڕێگەی کردەوە، دەتوانین بەڕێبکەوین. جامی ئۆتۆمبێلەکەم نیوەی لە خواردایە، گەرمای هەوا و دەنگی دەیان ڕۆژنامەنووس لە ڕووخسارمدا دەدات. 'ڕۆژی مێژوویی... کاروانەکە بە ڕێکەوت.. چووینە پێش گۆڕەپانی مەڕاسیمەکە و دەستیپێکرد 'مێشکم ڕاگەیاندنەکانی شەڕی تایبەت هەڵدەبژێرێت، بەڵام هەوڵدەدەم گوێیان لێ نەبێت. هەموو ڕێگەکان بۆ ئێمە داخراون، بە ئاسانی بەرەو پێشەوە دەڕۆین.

چیاکان بەرەو ڕووی ئێمە نایەن، ئێمە بەرەو ئەوان دەچین

هەڤاڵەکەم سۆرانی دەزانێت. لەگەڵ ئەندامێکی یەنەکە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، قسەیان دەکرد. گوتم زوو زوو بەراوردی سلێمانی و هەولێر دەکرێت. وتە ناسراوەکەی؛ 'هەولێر وەک دوبەیە، سلێمان وەک ئامەدی ساڵانی نەوەدەکان ڕەسەنتر و ڕاستەقینەترە...' تامەزۆری ڕێگاکە بەردەوامە. لە ڕێگای دوکانەوە بۆ سلێمانی کاروانە گەورەکەمان بەلای چەپدا دەسوڕێتەوە. بە پێی ڕێگەی نێوان دووکان و سلێمانی هەندێک باشە، بەڵام چووینە ناو ڕێگەیەکی هەندێک خراپەوە. تاوەکو دەڕۆین بەرزی زیاتر دەبێت، قیرەکە تێکدەچێت، پێچەکانی ناو ڕێگاکە زیاتر دەبن و لەبری گردە بچووکەکان، چیا مەزنەکان پێشوازیمان لێدەکەن. بەدرێژایی ڕێگەکە یەکەکانی ئاسایشی یەنەکە، تیمە ئەمنییە تایبەتەکان ڕێوشوێنی خۆپارێزییان لە هەردوو دیوی ڕێگاکە گرتووەتەبەر، ڕێگەکەشمان بەردەوامە. پێدەچێت هەر گردێک، هەر بەردێک و هەر دارێک ئازاری 100 ساڵەی بێ ستاتۆی لەخۆ گرتبێت، بەڵام تێکۆشانی 50 ساڵی ڕابردوو واتایەکی نوێی بەم جوگرافیایە بەخشیوە: هیوا! ئێمەش بە هەست و سۆزی جیاواز نایپێوین، گەشبین، هیوا و خەمگین...؟؟؟

ڕووبەڕووی شاندێکی باکووری کوردستان بووینەوە

ئاگاداری کات نین بەڵام دوای 15-20 خولەک لە ڕێگەی پێچاوپێچ و تەواوکردنی ڕێگەی قیرەکەی گوندە کانی خان، چووینە سەر ڕێگەیەکی خاکییەوە. لە لای ڕاستی ڕێگەکە کاروانێکی 50 ئۆتۆمبێلی ڕەش دەبینین. بەڵێ هاتن، ئەو شاندە دەبینین کە لە باکووری کوردستانەوە هاتووە. بەم شێوەیە تێگەیشتین چەند کیلۆمەتر بۆ گۆڕەپانی مەراسیمەکە ماوە. کاتێک سەرنجم دا کێ لەناو ئۆتۆمبێلە ڕەشەکاندایە و کێ نییە، کاروانی هەولێرم لێ ون دەبێت. لە پشتمانەوەن. دوای ئەوە گۆڕەپانی مەراسیمەکە دەردەکەوێت. جارێکی تر خێراییمان زیاد دەکات و نزیکی شاشەیەکی گەورە و خێمەیەکی سپی دەبینەوە. دەچینە گۆڕەپانەکە. کاتێک بە بازگە تێدەپەڕین، مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانمان بەجێدەهێڵین. ئیدی تەنها بە وێنەی چاو و نۆتەکانی مێشکمان گەواهیدەری مێژوو دەبین.

گۆڕەپانی مەڕاسیمەکە بە تایبەتی هەڵبژێردراوە

لەم مێژووەدا ئەشکەوتی جەسانە بۆ کورد گرنگییەکی زۆری هەیە. بۆچی؟ لە بەرانبەر هەڕەشەکانی هێرشی ئینگلیزدا شێخ مەحمودی حەفید گەلی گواستەوە بۆ ئەم هەرێمە. پاشانیش ڕۆژنامەی بانگی حەق لەو ئەشکەوتەدا دەرچوو، هەربۆیە لە هەمانکاتدا بە "ئەشکەوتی ڕاگەیاندن" ناودەبرێت. ڕەنگە گۆڕەپانی مەراسیمەکە بە تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژێردرابێت.

تاوەکو ئێستا ئەم ئەشکەوتەمان نەبینووە (نەمزانی دواتر دەیبینین) چونکە ئەو گرووپە گەریلایەی بڕیارە چەکەکانیان لەناوببەن لێرە دەوستن. لە دەوروبەری ئەشکەوتەکەدا ڕێوشوێنی ئەمنی باڵا گیراوەتەبەر. ئێمە لە گۆڕەپانەکە دانیشتووین کە 150-200 هەنگاو لە ئەشکەوتەکەوە دوورە. پلەکانی گەرما بەرزە و لە هەر لایەکی خێمەکەیەک بۆ میوانەکان دانراوە. کاتێک بە کانییەکەدا تێدەپەڕین، لە لای چەپەوە ئەو سەکۆیە گەریلاکان ڕاگەیاندراوەکانی لێ دەدەن و  لە بەرانبەریان خێمەیەکی بچووکترهەیە بۆ پرۆتۆکۆل ئامادە کراوە. واتە ئێمە لە شوێنی خۆمانەوە هەم ئەو سەکۆیە دەبینین کە گەریلاکان ڕاگەیاندراوەکانی خۆیان تێدا دەدەن و هەم خێمەی سەکۆکە دەبینین.

دایکان باری شەڕ دەخەنە سەر شانیان

ئێمەش جێگەی خۆمان گرت. ئەوکەسانەی وەک پەنابەر لە وڵاتەکەی خۆیاندا دەژین، نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆژنامەوانان، نووسەران و دایکانی ئاشتی لەوێدان. بارگرانی شەڕوپێکدانیان لە ئەستۆ گرتووە و هاتوون. هەربۆیە ئەم مەراسیمە ئەو کەسانەش کۆدەکاتەوە کە ساڵانێکە بەهۆی سنورداشکردنەوە یەکتریان نەبینیوە. هەمووکەسێک بە تامەزۆرییەوە چاوەڕوانی مەڕاسیمەکەیە. ئەم حەسرەت لەگەڵ تێکۆشانی بە ساڵان لەم مەڕاسیمەدا بەناوی ئاشتییەوە مانایەک بەدەست دەهێنێت.

دوو خێمەی جیاواز، دوو ئەتمۆسفیری جیاواز

ئەتمۆسفیر لە خێمەی پرۆتۆکۆل هەندێک جیاوازترە.. ئەندامانی میت، سەربازەکان جلوبەرگی مەدەنییان پۆشیووە، شاندی دەرەوەی وڵات هاتوون و بەڕێوەبەرانی دەم پارتی لە خێمەکەدا دانیشتوون. لەلای چەپی خێمەی پرۆتۆکۆلەکەشەوە دەفرێکی مەزن بۆ سووتاندنی چەکەکان دانراوە.

ئۆتۆمبیلی پەخشی ڕاستەوخۆ کە ناتوانێت پەخشی ڕاستەوخۆ بکات

لە لای چەپی دەروازەی چوونە ژوورەوە بۆ گۆڕەپانی مەراسیمەکە ئۆتۆمبێلێکی پەخشی ڕاستەوخۆ هەیە کە ناتوانێت پەخشی ڕاستەوخۆ بکات. کامێرا و کامێرامان و فۆتۆگرافەر هەموویان ئامادەن، بەڵام پەخشی ڕاستەوخۆ قەدەغەیە. مەراسیمەکە تۆمار دەکرێت و دواتر گرتە ڤیدیۆییەکان بۆ هەموو جیهان پەخش دەکرێن. هەروەها زۆر کەس هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدەن کە ڕوودەدەن، هەروەها خۆیان دەردەخەن. سەرەڕای هەموو شتێک، مەراسیمەکە بە هەستیاری و فیداکارییەکی مەزنەوە بەردەوامە.

هەمووان مەراقیانە کە کێ یەکەمجار دەردەکەوێت

دوای دانیشتن لە شوێنی خۆمان، دوای ماوەیەکی کەم ڕاگەیاندرا کە وێنەگرتن و بەرزکردنەوەی دروشم قەدەغەیە. لەو نێوەندەدا هەندێک کەس دەچوونە ناو ئەشکەوتەکە و دەردەچوون. ئامادەکارییەکانی کۆتایی دەکران و هەمووان پرسیاریان دەکرد کێ یەکەم کەس دەبێت کە لە پلیکانەکانەوە دادەبەزێت. هەر لەو ساتەدا وێنەی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر شاشە گەورەکە دەرکەوت. وە تێگەیشتین کە ڕێوڕەسمێکە دەست پێدەکات و بۆمان دەردەکەوێت کێ یەکەم کەس دەبێت کە دادەبەزێت.

یەکگرتنی ڕۆحی هاوبەش لەگەڵ جەستە

وە دوای دە خولەک هەمووان لە لوتکەی پلیکانەکان بوون، بەسێ هۆزات وەک وتەبێژی گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەرکەوت. بێدەنگییەکی گەورە باڵی کێشا و سەرنجی هەمووان لەسەر ئەو ساتە بوو. زیندووترین نیشانەی یەکگرتوویی ڕۆحی هاوبەش لەگەڵ جەستە و بەرخۆدان و تێکۆشانی هەبوون بوو. لەگەڵ ئەم تەماشاکردنە ورد و بێدەنگە، کە گەیشتنە دوا پلیکانە، دەنگی چەپڵە و دروشم و هەلهەلە بەرز بووەوە. بەسێ هۆزات لەپێشەوەی گەریلاکان بوو، پاشان بەهزاد چارچەل و تێکۆشین ئۆزان و تەکین موش دەرکەوتن. 15 ژن و 15 پیاو، 30 گەریلا بە چەکەکانیانەوە هاتنە گۆڕەپانەکە. لەسەر سەکۆکە، ٤ کورسی هەن، وتەبێژانی گرووپەکە، بەسێ هۆزات و بەهزاد چارچەل و تێکۆشین ئۆزان و تەکین موش لەسەری دانیشتن. 26 گەریلاکەی تر لەدوای ئەوانەوە وەستان.

بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە دەبێت هەنگاوبنرێت

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بەسێ هۆزات وەها دەستی بە قسەکانی کرد، "ئەمڕۆ بۆ پەیوەستبوونمان بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و نیشاندانی هەڵوێستمان و خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێک هاتینە ئێرە". ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی تورکی لەلایەن بەسێ هۆزات و بە زمانی کوردی لەلایەن بەهزاد چارچەل خوێنرایەوە. پاش ڕاگەیاندراوەکە بێدەنگییەکی تر باڵی کێشا، پاشان بەسێ هۆزات ڕایگەیاند بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە دەبێت هەنگاوی یاسایی بنرێت. پاشان چەکەکەی هەڵگرت و هەستایە سەر پێ و لەنێو ئەو بێدەنگییەداا ڕوویکردە شوێنی سووتاندنی چەکەکان. پاشان هەموو گەریلاکان چەق و تفاقەکانیان فڕێدایە نێو دەفرەکەوە و لە شوێنی پرۆتۆکۆلەکە وەستان. دوایین گەریلا چەکی خۆی دانا.

ڕاگەیاندنی بێدەنگ

دوایین ساتی چاوەڕوانکراو هات، بەسێ هۆزات و بەهزاد چارچەل ئاگریان بەردایە چەکەکان و سووتاندیان. ئاگر هاوکات بۆ کوردان سیمبولی ژیانەوەیە. پەیامەکە ئاشکرا بوو "ئەمە کۆتایی نییە، دەسپێکی ژیانەوەیەکی نوێیە". پاشان بەسێ هۆزات و گەریلاکان چوونە تەنیشتی یەک. تۆزێک لە یەکتریان ڕوانی، دواتر گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتبوون. لایەک چیا، لایەک دەشت. ئەم چوونە هاوکات ئەوەی نیشاندا، چ شتێک هێشتا بۆ ئازادی و تێکۆشانی هاوبەش ماوە.

ئێمە لە ئەشکەوتی جاسەنە چاومان بە گەریلاکان دەکەوێت

کاتێک هەموو گەریلاکان چوون، درووشم و هەلهەلە بەرز بووییەوە. ڕاگەیاندرا کە مەراسیمەکە کۆتایی هاتووە. بەڵام ئێمە بەختمان هەبوو. داخوازی چەند ڕۆژ پێشترمان بۆ ئەنجامدانی ڕیپۆرتاژ لەگەڵ گەریلاکان، واتە بینینی گەریلاکان لە ئەشکەوتنی جاسەنە، قبووڵ کرا. هەمووان شوێنەکە جێدەهێڵن، بەڵام ئێمە ماینەوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو گەریلایانەی کە چەکەکانیان سووتاندووە...

سەرچاوە: ئەنەف

  • گەریلاکان چۆن لە قەندیلەوە بە ڕێکەوتن بۆ جاسەنە

  • سبەینێ بافل تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە

  • لە مەراسیمی سوتاندنی چەکەوە

  • بۆچى چەكە سوتێنراوەكانى پەكەكە نابرێنە مۆزەخانەى سلێمانى؟

  • ناتانیاهۆ: ئیسرائیل بە سێ مەرج لە ئێران نادات

  • ئایا ئێران میلیشیا چەكدارە عێراقییەكان هەڵدەوەشێنێتەوە؟

  • حكومەتى تاران کارەبای عێراق دەكاتە بارمتەی غازی ئێرانى

  • به‌غدا وه‌ڵامێکى توندی بارەگای بارزانى ده‌داته‌وه‌

  • ئەمریکا وەزیرێكى بەعس لە لیستى سزاكانى لادەبات

سەرەکی