2025-08-02 315 جار خوێنراوەتەوە

شەنگال، لە جێهێشتن و داگیرکردنەوە تا خۆپاراستن و ڕزگارکردن

ئیرادە میدیا

بەرەبەیانی 3ی ئابی 2014 دوای ئەوەی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردسان و سوپای عێراق بەبێ هیچ بەرگرییەک شەنگالیان بۆ چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام "داعش" جێهێشت، چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شەنگالدا گرت و ئێزدییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد.

ئێزدییەکان کۆمەڵگە و باوەڕییەکی دێرینن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرینەیان لە نزیک پارێزگای موسڵ و ناوەندی شەنگال و دەووروبەری ناوچە دابڕاوەکانی باشوری کوردستان، واتا سەرسنوری نێوان عێراق و کوردستان دەژین، بەشێکی تریشیان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جۆرجیا و ئەرمینیا دەژین.

گرنگی هەڵکەوتەی جوگرافی شەنگال

شەنگال ده‌كه‌وێته‌ باشوری ڕۆژئاوای موسڵ له‌سه‌ر سنوری ده‌ستكردی ڕۆژئاوای كوردستان، چیای شەنگال له‌ چه‌قی سنوری شەنگالدا به‌درێژایی زیاتر له‌ "74کم" درێژدەبێتەوە و چیایه‌كی سه‌خت و كه‌م ئاوه‌، له‌ ‌ڕۆژهەڵاتی چیاکەوە‌ دێته‌وه‌ به‌ره‌و سنوری تەلەعفەر و هه‌روه‌ها له‌ باشوری ڕۆژئاواوە ده‌چێته‌ سنوری ڕۆژئاوای كوردستان و ‌ شەنگالیش له‌ ناوه‌ڕاستی بناری چیای شەنگاله‌ به‌ دیوی ڕۆژهه‌ڵات، زه‌وییەكی زۆری كشتوكاڵ چوارده‌وری چیاكه‌ی داوه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر دانیشتوانی كورد تێدا ده‌ژین هه‌ره‌ زۆری هه‌ڵگری باوەڕیی ئێزدیین.

فەرمان و دوژمنایەتی لە بەرانبەر ئێزدییەکان

بەپێی بەڵگەنامە مێژوویی و فەرمییەکان، کۆمەڵگەی ئێزدی 74 جار کۆمەڵکوژ کراوە، لە ئەرشیفی نهێنی عوسمانییەکان، بەڵگەنامەی زیاتر لە 150 فەرمان هەیە، ئێزدییەکان بۆ پاراستنی باوەڕی ئێزدی، تا ساڵی 630 بۆ 1918بەرەنگارییان کردووە، 90%ی ئێزدییەکان لەلایەن عوسمانییەکان و سەفەوییەکانەوە بە ناچاری بە موسڵمان کراون، ئەو فەرمانانەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، لە ئازەربایجان و ئەرمینیاوە، تا سنوری دیمەشق، حەلەب و هەموو کوردستانیشی گرتووەتەوە.

لە گێڕانەوەی فەرمانەکانەوە دەزانین گوندەکانی ئێزدی تاڵانکراون، سووتێنراون، ژن و منداڵ وەک دەستکەوتی جەنگ سەیر کراون و ڕفێنراون، گەواهیدەرکانی فەرمانەکانی پێشوو نەماون دوای فەرمانی 74 هەموو جیهان هۆشیار کرایەوە، لەو دوا فەرمانەدا زانرا ئامانجی هەموو فەرمانەکان یەکە، تەنها شێواز و پڕۆسەکەی جیاوازە، ئێزدییەکان مێژوویەکی نووسراویان نییە، فەرمانیان بەسەردا سەپاندوون، بە پێی خواستی خۆیان مێژوویەکیان بۆ نووسیوین، ئەم مێژووەش هی ئێزدییان نییە، هی داگیرکەرانە.

بۆ خۆپاراستن ئێزدییەکان چیان دەکرد؟

کۆمەڵگەی ئێزیدی لە هەر فەرمانێکدا بۆ پاراستنی کەلتوور و باوەڕییەکەی بە چیا خۆی سپاردووە، کاتێک دەیانزانی داگیرکەران هێرشیان دەکەنە سەر، ڕوویان لە چیاکانی شەنگال و کوردستان کردووە.

3ی ئاب و جێهێشتنی ئێزدییەکان بۆ کۆمەڵکوژی11 ساڵ لەمەوپێش و لە بەرەبەیانی 3ی ئابی 2014 دوای ئەوەی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردسان و سوپای عێراق بەبێ هیچ بەرگرییەک شەنگالیان بۆ چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام "داعش"جێهێشت، داعش دەستیان بەسەر شەنگالدا گرت و ئێزدییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد، هەزاران ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و لە گۆڕی بە کۆمەڵدا لە شەنگال نێژران. بە هەزاران ژن و پیاوی ئێزدی ڕفێنران و هێشتا لە ژێر دەستی گروپەکانی داعشدان.

لە 3ی ئابی 2014،هەزاران ئێزدی کۆمەڵکوژ کران، بە هەزاران ڕفێنرا و ماڵەکانیان تاڵانکرا، سەرەڕای ئەوانەش بە هەزاران کچ و ژنی ئێزدی دەستدرێژییان کرایەسەر، لە بازاڕەکاندا فرۆشران و دەیان شوێنی پیرۆز ڕووخێنرا و وێرانکرا.

ئەوکاتەی کارەساتەکە بەسەر شەنگاڵدا هات 12 هەزار  پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردسانو سوپای عێراقی تێدا بوو، لە کاتی هێرشی  داعشدا پێشمەرگەکانیپارتی دیموکراتی کوردسان و سوپای عێراق هەڵهاتن و ئێزدییەکانیان بە تەنها لەبەردەم قڕکردندا بە جێهێشت،ئەوەش خیانەتێک بوو پارتی لەخەڵک لە گەلی شەنگالی کرد.

لەکاتی کارەساتی شەنگالدا زیاتر لە 430 هەزار كەس لە ئێزدی، كاكەیی و موسڵمان ئاوارەبوون، ژمارەیەک لەو كەسانە كە 140 هەزار كەس بوون، بۆ ڕزگاركردنی گیانی خۆیان پەنایان بردە بەر چیای سەختی شەنگال و بۆ ماوەی 10 رۆژ بێ نان و ئاو مانەوە، نزیكەی 290 هەزاریشیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان و توركیا و سوریا بوون. 

بە پێی ئامارە فەرمییەکان نزیكەی 1800 كەس كۆمەڵكوژكراون و لە گۆڕی بە کۆمەڵدان، تەنها لە گوندی كۆچۆ 400 پیاو و گەنج پێكەوە کۆمەڵکوژکراون و خراونەتە ناو یەک گۆڕەوە، هەروەها نزیكەی 300 ژن و كچ و منداڵی ئەو ناوچەیە كەوتوونەتە دەستی چەتەکانی داعش و تا ئێستا ژمارەیەكیان دەربازیان بووە و هەندێکی دیکەیان تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە، هەر لەو هێرشەدا 600 كەس لە پیر و منداڵ و ژن گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 90 هەزاریان بە یەكجاری كوردستانیان بەجێهێشتووەو ڕوویان لە دەرەوەی وڵات و وڵاتانی ئەوروپا كردووە.

کێ شەنگال و ئێزدییەکانی ڕزگار کرد؟

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی جێهێشتنی شەنگاڵ لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکرانی کوردستان،ژمارەیەک لەهێزەکانی قەندیل کە بەپێی سەرچاوەهەواڵییەکان 12گەریلا بوون خۆیان پێ ڕاناگیرێت و ڕوو لە شەنگال دەکەن، خۆنەویستانە بەرخۆدانێکی بێ وێنە ئەنجام دەدەن، بەپێی قسەی بەشێک لە خەڵکی شەنگاڵ ئەگەر بەرخۆدانی ئەو گەریلایانە نەبوایە کارەساتێکی زۆر گەورەتر ڕوویدەدا، دوای ئەو هەنگاوەش بەشێک لەهێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزەکانی  یەپەگە، یەپەژە و هەپەگە بە دەنگ هاواریی ئێزدییەکانەوە دەچن و بە هەزاران ئێزدی لە چنگی داعش ڕزگار دەکەن.

ڕێڕەوی مرۆیی بە ئاراستەی ڕۆژئاوای کوردستاندا

دوای ئەوەی بەشێک لەهێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزەکانی  یەپەگە، یەپەژە و هەپەگە یەژا ستار، چیای شەنگالیان ڕزگارکرد و ڕێرەوێکی مرۆییان بۆ هاوڵاتیان کردەوە، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شەنگال دەستیپێکرد، لەو نێوانەدا گەنجانی شەنگال بە هاوکاریی هێزەکانی هەپەگە خۆیان ڕێکخست، لە مانگی ئەیلولی 2014دا یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە دامەزرا، بەو شێوەیە یەکەم هێزی بەرگری لە خەڵکی ئێزدی لە مێژوودا دامەزرا و هەزاران گەنجی ئێزدی بەشداری ڕیزەکانی یەبەشە بوون.

لە دوای کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکە، بە هەزاران کەس تێپەڕین و لە کەمپی نەورۆزی ڕۆژئاوا نیشتەجێبوون، دەیان ژنی گەنجی ناو کەمپەکە دەیان ویست بەشداری ڕیزەکانی یەپەژە و یەژا ستار ببن، داواکارییەکانیان پەسند کرا و ڕوویان لە چیای شەنگال کرد، ئەو هەنگاوەی ژنانی ئێزدی یەکەم هەنگاو بوو بۆ پێکهێنانی هێزی پاراستنی ژنانی ئێزدی، ژنانی ئێزدی بە هاندانی ئەو هێزەی کە داوای ڕزگارییان دەکرد، خۆیان ڕێکخست، بەو شێوەیە یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) دامەزرا، یەکەمین شەهید ئەو یەکینەش بێریڤان شەنگالییە، کە یەکەم کەسبوو بەشداری یەکینەکە بوو.

دەتوانین بڵێین پاش تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر ئەو داگیرکارییەدا بە هەوڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، ژیانێکی نوێ لە شەنگال بە دی هاتووە، ئێزدخان هێزی پاراستنی یەبەشە، یەژەشەی هەیە، پادێش وەک ئیرادەی سیاسی گەل تێدەکۆشێت، لەبارەی پەروەردە، ئابوری و ئاینیشەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا ئەنجام دەدرێت، خۆبەرێوبەریی دیموکراتیکی شەنگال لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا لە هەوڵداندایە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی ئێزدی.

ئەو دەوڵەتانەی ڕۆژی 3ی ئاب-یان بە جینۆساید ناساند و دوژمنایەتی نوێی عێراق

ئەو دەوڵەتانەی ڕۆژی 3ی ئابی 2014یان بە جینۆساید ناساند بریتی بوون لە ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئێرلەندا، پرتوگال، هۆڵندا، بەریتانیا، بەلجیکیا، لۆکسمبۆرگ، ئەرمەنستان، سکۆتلەندا و فەڕەنسا، هەرچەندە ئەو دەوڵەتانە ئەو هێرشەیان وەک جینۆساید ناساند، بەڵام تاوەکو ئێستا تاوانباران لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسا و پێوانە نێونەتەوەییەکانە.

سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێک دەوڵەت 3ی ئابی شەنگالیان بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام دەوڵەتی عێراق لە هەوڵێکدا کە ئێزدییەکان بە دوژمنایەتییەکی نوێ لەگەڵ پێکهاتەی ئێزدی شەنگال ناویان هێنا، دوای ئەوەی عێراق پرسی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئیزدییەکانی لە کارنامەی خۆی لابرد، پەرلەمانی عێراق لە 21ی کانوونی دووەمی 2024 کۆبووەوە و سێ یاسای بنەڕەتی بە ڕێکەوتنی هەموو پێکهاتەکانی پەرلەمان دەرکرد، یەکێک لەو یاسا دەرکردنی یاسای "لێبوردنی گشتی"یە، کە بەم هۆیەوە هەزاران تۆمەتباری داعش و پاشماوەکانی بەعس ئازاد دەکرێن.

لە بەرانبەر ئەو یاسایەدا کۆمەڵگەی ئێزدی و گەلی شەنگال کاردانەوە و ناڕەزایەتیان نیشان دا، بە گردبوونەوە، ڕاگەیاندراو، ڕێپێوان یاساکەیان شەرمەزار کرد و پێداگرییان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بەردەوامە.

ئۆجەلان لەپەیامێکدا بە ئێزدییەکانی وت، ئیدی فەرمان کۆتایی هات

ئۆجەلان  لە پەیامێکیدا بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی ئاماژە بەوە دەدات ئیدی فەرمان کۆتایی هات چونکە"ئێزدییەکان خاوەنی باوەڕێکی هەرە دێرینی میزۆپۆتامیان، هەزاران ساڵە لە بەرانبەر فشار، ئاوارەکردنی زۆرەملێ و پەراوێزخستندا، هەبوونی خۆیان پاراستووە".

ئۆجەلان جەخت دەکاتەوە دەڵێت"بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئێمە بەرەوپێشەوەی دەبەین، ئیدی داگیرکاری بەسەر ئەواندا نایەت،هەبوونی ئەوان، بۆ هەموو کەسێکی کە خوازیاری ئاشتی، خوشک-برایەتییە لەم جوگرافیایە، مەسەلەی شەرەف و شکۆیە."

لەلایەکی دیکەوە، لە 11 یەمین ساڵی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا، 11 ڕێکخراو و تۆڕی بواری ئەنفال و جینۆساید داوایان لە عێراق کرد، کە کۆمەڵكوژیی 3ی ئاب 2014 بە جینۆساید بناسێندرێت و ئەوانەی دەستیان لە کۆمەڵکوژییەکەدا هەبووە بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

11 ڕێکخراو، تۆڕ و هەڵمەتی تایبەتمەند بە کۆمەڵكوژیی و جینۆساید لە باشووری کوردستان، لە 11یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی سەر ئێزدییەکانی شنگال، داواکارییەکیان پێشکەش کرد.

داواکارییەکانی ئەو ڕێکخراو و تۆڕانە ئاراستەی حکومەتی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کراوە و لە 12 لە داواکاریی پێکدێت.

داواکارییەکان بەمشێوەیەن:

1- پێویستە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە كەیسی كەوتنی شنگال بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێت و هەموو ئەو هێز و گرووپە چەكدارانەی كە بەرپرس بوون لە پارێزگاریكردن لە ئاسایشی شنگال لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت و دادگایی بكرێن.

2- حكومەتی عێراقی قەرەبووی مادی و مەعنەویی قوربانییانی ئێزدییەكان بكاتەوە.

3- عێراق پەیماننامەی ڕۆما واژۆ بكات و بە زووترین كات پەیوەستبوونی خۆی بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە ڕابگەیەنێت، بۆ ئەوەی دڵنەواییمان بداتێ عێراقی ئەمڕۆ و ئایندە جیاوازە‌ لە عێراقی پڕ لە تاوان و جینۆسایدی پێشوو.

4- پەلە بكرێت لە پرۆسەی گەراندنەوەی ئاوارە ئێزدییەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان و هاوكاری مادی بكرێن بۆ ئاوەدانكردنەوەی شوێنەكانیان و دووبارە بونیادنانەوەی ماڵەكانیان.

5- پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی كە چەكدارانی داعش ئێزدییەكانیان تیایدا كۆمەڵكوژ كرد.

6- كاربكرێت بۆ هێنانە ئارای سەقامگیری سیاسی لە شنگال و سەقامگیری بۆ ئەو شوێن و ناوچانە بگەڕێندرێتەوە کە بەهۆی هێزی چەکدارییەوە ژیانی ئێزدییەکان پڕ نەهامەتی کراوە.

7- ئاسایش و ئارامی دەروونی و كۆمەڵایەتی بۆ ئەو ژن و كچە ئێزدییانە فەراهەم بكرێت، كە قوربانی دەستدرێژی سێكسی بوونە بەدەستی چەكدارانی داعش، بە تایبەت ئەوانەی منداڵیان لێ بووە.

8- ڕۆحی برایەتی و ئاشتەوایی و پێكەوەژیان لە نێوان ئێزدییەكان و پێكهاتە ئاینی و نەتەوایەتییەكانی دیكە بەهێز بكرێت.

9- پەلە بكرێت لە دۆزینەوەی ئەو ژن و منداڵانەی تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

10- نابێت داعشە گەڕاوەكان لە نزیكی ناوچەكانی ئێزدینشین نیشتەجێبكرێن.

11- پاراستنی مۆركی ئێزدایەتی لە ناوچە ئێزدییەكان و ڕێگریكردن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكانیان.

12- لە پەرلەمانی كوردستان كۆتای تایبەتیان بۆ دیارییبکرێت.

ناوی ئەو ڕێکخراو و تۆڕ و هەڵمەتانەی کە داواکارییەکەیان پێشکەشکردووە:

– ڕێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید-KWG

– تۆڕی ڕێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی-Koncicc

– تۆڕی ئایكان كوردستان-IKN

– ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان-OAWMD

– ڕێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری-OJC

– ڕێكخراوی جیهانی بێچەكی كیمیایی و بایەلۆجی-www

– هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان

– گۆڤاری تۆبزاوە

– ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان

– ڕێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان

– كوردۆساید-چاك كوردستان

دواین ئاماری نوسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش

بەپێی دواین ئاماری نوسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش "شەش هەزار و 470" کوردی ئێزدی کە لە لایەن داعش ڕفێنرابوون، "سێ هەزار و 589" کەسیان ڕزگار کراون و هێشتا "دوو هەزار و 828 کەس ماون ڕزگار بکرێن.

ئێزدییەکان قوربانی سەرەکی سەرهەڵدانی داعش و داگیرکردنی پارێزگای نەینەوا بوون، دوای کەمتر لە دوو مانگ لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە لایەن ئەبوبەکر بەغدادی لەپڕ هێرشەکانی داعش لە بەغداوە ڕووی سنوری ماددەی 140 و ناوچە کوردستانییەکانی شنگال کرد و بە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێزدی ئاوارە بوون و ئەگەر خۆیان ڕزگار نەکردبا یان دەکوژران یان بێسەروشوێن دەکران.

  • شتێكى گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌.. تره‌مپ به‌كۆد په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

  • پێدەچێت هێرشه‌كه‌ى لاله‌زار كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌نێوان پارتى‌و یه‌كێتى دروستبكات

  • پیاوه‌ ده‌مامكداره‌كه‌ى غه‌ززه‌.. تائه‌وكاته‌ى نه‌كوژرا كه‌س نه‌یده‌زانى ناوى چییه‌

  • 31ى ئاب.. خیانەتى دۆنا مارینا بە تامى كوردى

  • کشانەوەی ئەمریکا پرسیار لەسەر داهاتوی عێراق دەوروژێنێت

  • یه‌كه‌م دیبه‌یتى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌دواى 31ى ئاب.. ڕوداوێك ئه‌مریكاى به‌ته‌واوى شه‌كه‌ت كرد

  • 29 ساڵ دواى 31ى ئابى 1996 بۆ یه‌كه‌مجار زانیاریى گرنگ ئاشكرابوو

  • پێكهێنانى حكومەتى هەرێم دەبێتە خەونێكى وەدینەهاتو

  • هەرێم چاوى لە واشنتۆنە بۆ پاراستنى كێڵگە نەوتییەكانى

سەرەکی