1 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
وردەکاری یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان
بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە هەولێر بەڕێوەچوو.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند پێشمەرگە بەشێكە لەسیستەمی بەرگری عێراق، كوردستان پێویستی بە یەك فەرماندەو یەك هێز و وەزارەت هەیە.پێشمەرگە لە كۆبانی لاپەڕەیەكی گەشیان پێشكەشكرد، ئیتر هیچ هێزێك نەماوە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەنها ڕێکخستنەوەی هەیکەلی نییە بەڵکو هەنگاوێکی گرنگە بۆ بوونی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشكرد؛ هێزەکانی پێشمەرگە لە سەخترین کاتەکانیشدا بە یەک هێز و بە یەک گیان بەرگرییان لە یەک خاک و لە یەک گەل کرد، بۆیە دەبێت ئەم قوربانیدانە ڕەنگبداتەوە لە تەواوی دامەزراوەکان.
"پێویستە ئەم یەکڕیزییە لە تەواوی سێکترەکان ڕەنگبداتەوە و پێویستە هەموو لایەک بزانن دامەزراوەی سەربازی بۆ ململانێی سەربازی بەکارنایەت، بەڵێنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم درا". نێچیرڤان بارزانی وای وت.
لەلایەن خۆیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، " توانیمان لە ژێر ڕێنمایی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاریی هاوپەیمانان یەکخستی هێزی پێشمەرگە ڕابگەیەنین".
وتیشی، هەر لە ڕۆژی دەستبەکاربوونمان وەک سەرۆکی حکومەت لە کارنامەی کابینەی نۆ بەڵێنمان دا بەهەموو توانای خۆمان کار بکەین بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە.
"لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە ژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاری و پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی و دۆستانمان لە ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردنی بەردەوام توانیمان بگەینە ئەم قۆناغەی ئێستا و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ڕابگەیەنین".
"ئەم یەکگرتنەوەیە چەند گرنگە، بۆ قۆناغی داهاتوو گرنگترە کە ئەویش قۆناغی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکان و دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو و بەرگریی ئاسمانییە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە"
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کرد مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە هاوتای سوپای عێراق بێت.
لە وتەیەکدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند لە بەردەم هەنگاوێکی مێژوویداین و ڕایدەگەیەنن کە پرۆسەی یەکخستنەوەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوی کۆتایی هاتووە و پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەین.

وەزیری پێشمەرگە لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لەوەکرد؛ نەیارانی ئەم دەستکەوتە زۆرن و چاویان بە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەڵنایەت، بەڵام پەیامی ئێمە بۆ حکومەتی عێراق و جیهانیش ئەوەیە هێزەی یەکگرتووی پێشمەرگە نیشانەی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە.
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لەمەودوا هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن سوپایەک لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان و یەک فەرمانی سەربازی دەبن.
وتیشی، سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەستکراوەیان کردبووم.
ڕۆژی 10ی 09ی 2026 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی پێشمەرگەی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند.
لە رێوڕەسمەکەی 21 ی ئەیلولدا 11 فیرقە لە فەرماندەیی دەڤەری یەک و دەڤەری دوو، هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو لەگەڵ ئامر یەکی کۆماندۆ لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆکرانەوە.
ئەو 11 فیرقەیەی فەرماندەیی دەڤەر یەک و دوو، شەش فیرقەیان بۆ هەولێر و دهۆک، پێنج فیرقەیان بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە، هەر فیرقەیەک لە چوار لیوا پێکهاتووە و هەر لیوایەک دوو هەزار کەس لەخۆ دەگرێت.
لە ساڵی 2022ـدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە واژۆ کرا و کۆتایی ئەم مانگە ڕێککەوتنەکەش لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.

بەپێی خشتەی کاتیی ئەو لێکتێگەیشتنە، دەبێت تاوەکو مانگی 9ـی ئەمساڵ، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی پێ بێت و سەرجەم هێزە دەرەوەی وەزارەتەکان، بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
کۆی ژمارەی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان 421 هەزار و571 کەسە، مووچەکەیان دەگاتە زیاتر لە 391 ملیار و 766 ملیۆن دینار.
هێزەکانی ناوخۆ ژمارەیان 87 هەزار و505 کەسە، هێزەکانی ئاسایش 42 هەزار و 896 کەسن، هێزی پێشمەرگە ژمارەیان 152 هەزار و 182 کەسە، خانەنشینانی پێشمەرگەش ژمارەیان 139 هەزار و 15 کەسە.
-
وردەکاری یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان
|
-
قەیرانی بەنزین و لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت؛ بەغداد دەتوانێت خواستی هەرێم لە سووتەمەنی پڕبکاتەوە؟
|
-
لێدوانە توندەکانی ترەمپ و وەڵامی پاسداران؛ واشنتۆن و تاران لەبەردەم بژاردەی سەربازی یان ڕێککەوتندا
|
-
بڕیارە نوێیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی؛ لە حکومەتەوە تاوەکو کۆنترۆڵکردنی چەک
|
-
ئەنجومەنی وەزیران سێ وەزارەت بۆ بەدواداچوونی پشکی هەرێم لە قەرزە فیدراڵییەکان ڕادەسپێرێت
|
-
ساڵی نوێی خوێندن لەگەڵ کێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامی دەستیپێکردەوە
|
-
پانێڵ و لوتکە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان؛ کاتێک قسەکان لە هۆڵەکاندا دەمێننەوە و گەنجیش چاوەڕێی کارە
|
-
جووڵە سیاسییەکان و سکاڵا یاساییەکان؛ پارتی و یەکێتی لە ڕێککەوتندان و نەوەی نوێش لە چاوەڕوانیدا
|
-
لە بابولمەندەبەوە تا مەککە و مەدینە
|
|
|
|