2   کاتژمێر پێش ئێستا 38 جار خوێنراوەتەوە

لە نیویۆرکەوە بۆ بەغداد؛ عەلی زەیدی خشتەی کاتیی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت ئاشکرا دەکات

لە کاتێکدا پێشتر حکوومەتی عێراق ڕۆژی 30ی ئەم مانگەی وەک دوا وادە بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان دیاری کردبوو، بەڵام لێدوانە نوێیەکانی سەرۆکوەزیران و دواخستنی پرۆسەکە بۆ حوزەیرانی 2027 وەک پاشەکشەیەکی ڕوون لە بەرامبەر فشارەکاندا لێکدەدرێتەوە؛ هەنگاوێک کە دەسەڵاتی دەوڵەت دەخاتە تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە و پرسی سەروەریی یاسا ڕووبەڕووی پرسیار دەکاتەوە.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی خولی 81ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، لە کاتێکدا هێشتا بە ڕوونی دیار نییە کە ئایا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەوێت یان نا. ئەمە دووەم سەردانی زەیدییە بۆ ئەمریکا لە دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکوەزیران؛ سەردانی یەکەمی تایبەت بوو بە کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ.

سەردانی ئەمجارەی زەیدی هاوکاتە با کۆتایی ئەم مانگە کە بڕیارە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، هەروەها حکوومەتەکەی لەژێر فشاری ئەمریکادا رۆژی 30ی ئەم مانگەی وەک دوا وادە بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی شیعە دیاری کردبوو. ئەم دۆخەش ترس و نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.

بەڵام عەلی زەیدی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "نیویورک تایمز" ڕایگەیاند، کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2027 کۆتا وادەیە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان دەست بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت بکەن. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، هەڵوەشاندنەوەی چوار گرووپی سەرەکییە وەک قەوارەی سەربەخۆ، و جەختیشی کردەوە کە ئەوان وەک تاک پەیوەندی بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە دەکەن و تێکەڵ دەبن، و لە دوای ئەو وادەیەشەوە هەر گرووپێک لەژێر ناوی میلیشیادا کار بکات، وەک یاساشکێن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

سەبارەت بە خشتەی کاتیی پرۆسەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە سەرەتا ماوەیەکی 90 رۆژە بۆ گرووپە چەکدارییەکان دەستپێدەکات کە تێیدا هیچ هێرشێک ئەنجام نادەن و دڵنیایی وەردەگرن کە هێزەکانی ئەمریکاش هێرشیان ناکەنە سەر، و دوای ئەو 90 رۆژە پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک دەستپێدەکات تاوەکو لە 30ی حوزەیرانی 2027 بە تەواوی کۆتایی دێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە میلیشیاکان داوایان کردبوو تا کۆتایی 2027 مۆڵەتیان پێبدرێت. هاوکات کەناڵی (الحدث)ـیش بڵاوی کردووەتەوە کە گرووپە چەکدارەکان لە مانگی ئاداری 2027ـەوە دەست بە ڕادەستکردنی چەکە ستراتیژییەکانیان بە حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ ماوەی 90 ڕۆژ تاوەکو حوزەیرانی 2027.

بەگوێرەی وتەی سەرچاوە عێراقیەکان گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی تێگەیشتنەکاندا بەڵێنیان داوە دەست هەڵبگرن لە هەر چالاکییەکی سەربازی کە پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتی عێراق بێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەئێستادا هەندێک لایەن کار دەکەن بۆ بڕوا پێهێنانی ئەمریکا لەبارەی تێگەیشتنە نوێیەکەی پەیوەست بە بەداماڵینی چەک لەدەستی گروپە عێراقیەکان.

لە لایەکی ترەوە، ناوەڕاستی تەموزی ڕابردوو کاتێک زەیدی سەردانی ئەمریکای کرد، بڕیاربوو پۆستە وەزارییە بەتاڵەکانی حکوومەتەکەی پڕبکاتەوە کە پێکدێن لە نۆ وەزارەت، بەڵام تا ئێستا ئەو پۆستانەی پڕنەکردووەتەوە، کە لە سەرەتادا ئەم دواکەوتنە بەستراوە بە پرسی بەشداریی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە حکوومەت و ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر بەشدارییان.

ئاڵنگارییەکی تری بەردەم زەیدی بریتییە لە بڕیاری ئەمریکا لەبارەی جەنگی ئێرانەوە لە چەند هەفته‌ی ئایندەدا. هاوکات لەگەڵ سەردانەکەیدا، وەزیری گه‌نجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی 23ی ئەم مانگه‌وە کاری کۆمپانیا فڕۆکه‌وانییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهان ڕادەگرن، و ئاژانسی فرانس پرێسیش لە زاری سەرچاوەیەکی حکوومیی عێراقەوە بڵاوی کردووەتەوە کە عێراق بڕیارەکەی ئەمریکا لەم بارەیەوە جێبەجێ دەکات.

جگە لەم پرسانە، پێشبینی دکرێت ئەگەر زەیدی لەگەڵ ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکا کۆببێتەوە، باس لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراقیش بکرێت، بەتایبەت کە حکوومەتەکەی هێشتا بەردەوامە لەسەر ئەو هەڵمەتە.

پێشتر سێ لە گەورەترین گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە بریتیین لە "سەرایا سەلام" بە ڕێبەرایەتی موقتەدا سەدر، "عەسائیبی ئەهلی حەق"، و "کەتائیبی ئیمام عەلی" ، چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت کردووە و چوونی خۆیان بۆ ناو کاری مەدەنی ڕاگەیاندووە.

لە هەمانکاتدا راوێژکا لەگەڵ پێنج گرووپی چەکدار بەردەوامە کە بریتیین لە "بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەیدولشوهەداء، کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، سەرایا ئەولیاء دەم، ئەسحابولکەهف" بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان.

  • دوای دابەزینی بۆ 1.5%؛ سوپای عێراق دەرگا بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە

  • لە نیویۆرکەوە بۆ بەغداد؛ عەلی زەیدی خشتەی کاتیی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت ئاشکرا دەکات

  • بۆ پشکنینی DNA و ناسینەوەی هۆکارەکان؛ دەستکرا بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی تری بە کۆمەڵی قوربانیانی شنگال

  • خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و خولیای ڕۆشنبیری؛ئەڵمانەکان خۆیان فێری کوردی دەکەن

  • وردەکاری یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان

  • قەیرانی بەنزین و لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت؛ بەغداد دەتوانێت خواستی هەرێم لە سووتەمەنی پڕبکاتەوە؟

  • لێدوانە توندەکانی ترەمپ و وەڵامی پاسداران؛ واشنتۆن و تاران لەبەردەم بژاردەی سەربازی یان ڕێککەوتندا

  • بڕیارە نوێیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی؛ لە حکومەتەوە تاوەکو کۆنترۆڵکردنی چەک

  • ئەنجومەنی وەزیران سێ وەزارەت بۆ بەدواداچوونی پشکی هەرێم لە قەرزە فیدراڵییەکان ڕادەسپێرێت

سەرەکی