2025-09-07 6665 جار خوێنراوەتەوە

میترۆ هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی رێكخراوەكان سەركۆنەدەكات

 

ئەمڕۆ یەكشەممە سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەك دا رایگەیاند، هێرشی چەكداران بۆ سەر نوسینگەی ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان پێشێلكاری ڕونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە، مەترسیی ئەوەشی هەیە هەرێمی كوردستان بكاتە شوێنێكی نائارام بۆ كاری رێكخراوی بیانی.

 لە بەیاننامەكەدا هاتوە، ئۆفیسی پایا، دەكەوێتە گەرەكی سەرچناری شاری سلێمانی، نزیكە لە ماڵی سەرۆكی بەرەی گەل لاهور شێخ جەنگی و هۆتێل لالەزار، چەند رێكخراوێكی كەلتوری و ژینگەیی و رێكخراوێكی نێودەوڵەتی لەو تەلارە ئۆفیسییان هەیە، وەك رێكخراوی بەهرەدار بۆ پەرەپێدانی گەنجان، پایا ئەیجنسی، ئارت پلەس، پارێزەرانی ئاوی عێراق و كوردستان،  لەگەڵ ڕێكخراوی UPP كە بە(Un Ponte Per) ناسراوەو ڕێكخراوێكی قازانج نەویستی سەربەخۆی ئیتاڵییە، كاردەكات بۆ دروستكردنی پردی ئاشتی و بەهێزكردنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە جێناكۆكەكانی وەك عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، لە ڕێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانی كۆمەڵگا، گەنجان، بەهێزكردنی ژنان، و پاڵپشتیكردنی پەنابەران.

سەنتەرەكە لەو بەیاننامەیەدا ئاماژەى بەوەشداوە، كە بە پێى چەند سەرچاوەیەك بۆ سەنتەری میترۆ كە نەیانویستوە ناویان بڵاوبكرێتەوە، بەرەبەیانی هەینی 22ی ئابی 2025، لەكاتی شەڕە خوێناوییەكەی لالەزار لە گردی سەرچناری شاری سلێمانی، هێزی چەكدار هەڵیانكوتاوەتە سەر ئەو تەلارە كە ئۆفیسی ئەو رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی تێدایە.

 هاوكات سەنتەرەكە ئەوەشى خستۆتەڕو كە ئەمڕۆ زانیویانە هێزەكە سەرجەم كەرەستەی ناو ئۆفیسی رێكخراوەكانی بردوە، لەوانەش: قاسەی پارە بەوەی لەناویدا بوە كە پارەی پرۆژەكان بوە، چوار پرینتەری رەنگاورەنگ و رەش و سپی، تەلەفونی سەتەلایتی سورەیا، چەند سێتیێكی كۆمپیوتەر، نۆ لاپتۆپی جۆراو جۆر، سێتی داتاشۆ، سێ‌ سێتی كامێرای سۆنی و كانون، ئامێری مای فای ئاسیا سیل و فاست لینك و ئای كیو، ئامێری ژماردنی پارە، چەند شاشەیەكی تیڤی، پاسۆرتی كارمەند، چەند هیدفۆنێك، سپیكەر، مۆبایل، و چەندین یوپی ئێس، تا دەگاتە كەرەستەی زۆر زۆر سادەییش وەك: فڵچەى ددان شتن و ئامێری ریشتاشیینی كارمەندان، هاوكات لە رێكخراوی تر مەكینەی خەیاتی، مەكینەی ئۆڤەرو نەخش و ئوتو درێل و گسكی كارەباو و جزدان بە پارەوە و جانتاشیان بردون.

 سەنتەری میترۆ، لە درێژەى رونكردنەوەى ناو بەیاننامەكەی دا دەڵێت: لەگەڵ بیستنی هەواڵەكە سەنتەرەكەمان  دەستی بە پەیوەندییەكانی كرد، لەگەڵ ئەوەی زانیارییەكان پشتڕاستدەكرێنەوە، بەڵام توشی سەرسوڕمان بو لەوەی كەس ئامادە نییە بەناوی خۆی و رێكخراوەكەی لێدوان بدات، نزیكەی دو هەفتەیە بێدەنگن.

 جێى ئاماژەیە سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ و ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزراوە، لەوكاتەوە 14 راپۆرتی ساڵانەی دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاوكردۆتەوە.

 

  • ساڵانە 15 هەزار هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەی شەهید هێمنی دەروونی لە سلێمانی دەکەن

  • ئۆزگور ئامەد بۆ The Amargi :سەرکەوتنی ئاشتی بەوە دەپێورێت کە چ جۆرە یاسایەک، دەستەبەرییەک و فەرهەنگێکی کۆمەڵایەتی بۆ پێشوازیکردنیان ئامادەیە

  • وەزارەتی رۆشنبیری بۆ میدیاکان: پابەند نەبوون بە رێنماییەکان ڕووبەڕووی لێپێچینەوەتان دەکاتەوە

  • "کۆنگرەی ئازادیی ئێران"؛​هێرشکردنە سەر حزبە کوردییەکان و چڕکردنەوەی سەرکوتکاری سەرکۆنە دەکەن

  • ئیتڵاعاتی ئێران تەرمی شەهیدەکان ڕادەستی خانەوادەی شەهیدەکان ناکاتەوە

  • پێنج پێشمەرگەی حزبی دیموکرات لە بۆسەیەکی سوپای پاسداران دا شەهید کران

  • سەنتەری میترۆ بۆ پارتی و یەکێتی: یاسا مەكەنە خزمەتكاری سیاسەت

  • سه‌رۆكوه‌زیرانى پاكستان:له‌ هه‌موو كات زیاتر له‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌مریكا و ئێران نزیكین

  • "لۆزانێکی نوێ" بەڕێوەیە

سەرەکی