2025-09-09 6872 جار خوێنراوەتەوە

ئاكرێ شەش هەزار تۆن هەنجیر بەرهەمدەهێنێت

 

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی قەزای ئاكرێ لە پارێزگای دهۆک ئاماژە بەوەدەدات كە سەرەڕای سەختیی بارودۆخی ژینگەیی، بەڵام بەرهەمی هەنجیر لە ساڵی 2025دا لە قەزاكە؛ بەراورد بە ساڵی ڕابردو زیادیكردوە.

فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەرى كشتوكاڵى قەزاى ئاكرێ لە لێدوانێكى دا بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن ئاشكرایكرد، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمساڵ بەرهەمهێنانى هەنجیر دەگاتە زیاتر لە شەش هەزار تۆنى جۆراوجۆر کە لە قەزاکەدا دەچێنرێت، ئەمەش ژمارەیەکی قبوڵکراو و باشە کاتێک بەراورد دەکرێت بە گۆڕانی کەشوهەوا، بەتایبەتی کەمیی بارانبارین لە وەرزی زستاندا.

فازڵ مستەفا، لە درێژەى لێدوانەكەى دا وتیشى: ئەوەی ئەمساڵ جیاواز دەکات لە ساڵانى رابردو؛  ئەوەیە کە زۆربەی باخچەکان بەرهەمهێنانیان پاراستوە، بێگومان ئەوەش بەهۆی ئەزمونی جوتیاران لە مامەڵەکردن لەگەڵ دارى هەنجیر و شێوازەکانی ئاودێری بەردەستى ئەو درەختە بەروبومدارە.

سەبارەت بە ژمارەى دارهەنجیرەكانى ئاكرێ، ناوبراو ئاماژەى بەوەدا كە تەنها لە ئاكرێ دا زیاتر لە 250 هەزار دار هەنجیری تێدایە؛ كە بەسەر گوندەکانی قەزاكە و ناوچە کشتوکاڵییەکانیدا بڵاوبونەتەوە.

بەڕێوەبەرى كشتوكاڵى قەزاكە هێمای بۆ ئەوەش کرد کە ئەم ڕوبەرە فراوانە؛ پێگەی ئاکرێ وەک یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی هەنجیر لە هەرێمی کوردستان، پشتڕاست دەکاتەوە.

مستەفا ڕونیشیکردەوە، نهێنی جیاکردنەوەی هەنجیری ئاکرێ دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوا تایبەتەكەى كە کەشوهەوایەكى شاخاوی مامناوەندە، لەبەرئەوە هەواى ناوچەكە تامێکی شیرین و پێکهاتەیەکی جیاوازتر بە بەرهەمى هەنجیرى قەزاكە دەبەخشێت؛ بەراورد بە ناوچەكانى ترى كوردستان، ئەمەش وایکردوە چەندین ساڵ ناوەکەی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بناسرێت.

هاوكات بەگوێرەى زانیاری پسپۆڕانى بوارى كشتوكاڵ، دیارترین تەحەددای بەردەم جوتیارانی قەزاکە بەبازاڕکردنی بەروبومەکانیانە، بەوپێیەی زۆربەی بەرهەمەکان دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی هەرێم، وەک دهۆک، هەولێر، سلێمانی، جگە لە پارێزگاکانی ترى عێراق، كە ئەمەش وادەكات پلانی ڕون بۆ دابەشکردنی بەرهەمەکان بە قەبارەیەکی فراوانتر نەبێت.

لەلایەكى ترەوە، ساغنەكردنەوەى بەرهەمەكان بەشێوەیەكى پلان بۆ داڕێژراو وادەكات جوتیاران لە دەرفەتی بەدەستهێنانی قازانجی زیادە بێبەش بن و هەندێکجاریش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن؛ بەتایبەتى کاتێک بەرهەمەکە زۆر بێت.

بەپێى بەدواداچونەكانى ئیرادە، زۆرینەى جوتیارانى ناوچەكە پێیانوایە، بەرهەمی ئەمساڵ دڵخۆشکەر بوە، چونكە هەندێكیان خاوەنی زیاتر لە 200 نەمامی هەنجیرن و ساڵانە پێشبینی دەکەن داهاتیان بگاتە نزیكەى پێنچ ملیۆن دینار، كە ئەو بڕى قازانجەش بەراورد بە ساڵانى رابردو ئەنجامێكى دَڵخۆشكەرە بۆ جوتیارانى ناوچەكەو لەرێیەوە دەتوانن پێداویستیى خێزانەکانیان و خەرجییە کشتوکاڵییەکان، دابین بكەن.

هەر بە گوێرەى زانیارییەكانى ئیرادە، زۆرترینى ئەو جۆرانەى بەروبومى هەنجیر كە لە قەزاكەدا باون بریتین لە: یەحیا بەگ، کە بە پلەی یەکەم بەهۆی توێكڵى تەنک و تامە شیرینەکەیەوە فرۆشى زۆرەو دواى ئەویش هەریەك لە جۆرەكانى بەناتى، بەناتى ڕەش، ڕوباری، و شەنگاری، لەوجۆرانەن كە زۆرترین خواستیان لەسەرە.

 

  • دوای 73 ڕۆژ هێشتا هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی موچە ئاشکرانەکراوە

  • ئابوریناسێك: وەبەرهێنان لەکوردستان تەنها پڕۆژەی نیشتەجێبونە

  • هەرێم لەڕوى هێلكەو مریشكەوە گەیشتە ئاستى خۆبژێویى

  • دەروازە سنورییەكانى هەرێم بەسیستمى ئەسیكۆداوە دەبەسترێنەوە

  • کۆمپانیایەکی ئیماراتی غازی كوردستان دەخاتە خزمەتى بەغداوه

  • ئه‌وه‌ى 11 ساڵ پێش ئێستا وترا دێته‌دى؟ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌دایه‌

  • ئاكرێ شەش هەزار تۆن هەنجیر بەرهەمدەهێنێت

  • سۆمۆ: هەناردەى نەوتى هەرێم بەدەست كۆمپانیا بیانییەكانە

  • كرماشان چاوى لە گەشتیارانى هەرێم و پارێزگاكانى عێراقە

سەرەکی