4   کاتژمێر پێش ئێستا 6622 جار خوێنراوەتەوە

هه‌واڵێكى ناخۆش بۆ ئێران.. نوێنه‌ره‌كه‌ى تره‌مپ بۆ عێراق كێیه‌؟

ترەمپ پۆستێکی دیکەی حکومیی بەخشییە بازرگان‌و یەکێک لەلایەنگرە سەرسەختەکانی خۆی، بەڵام ئەمجارەیان کەسایەتییەکە کە لەدەرەوەی بازنەی خۆیەتی‌و بەڕەچەڵەک خەڵکی عێراقەو کلدانییە، ئەوکەسەش مارک ساڤایا-یە کە بازرگانێکی دیاری بواری ماددەی هۆشبەری جۆری (ماریوانا)یە، لەو ماددەیەش دەرمانی پزیشکی بەرهەمدەهێنێت، ساڤایا دەبێتە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق.
 
شەوی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەپەیامێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیال ترووس دەستنیشانکردنی مارک ساڤایای لەو پۆستە نوێیەدا ڕاگەیاند.
 
ساڤایا بازرگانێکی ناسراوی شاری دیترۆیتی پایتەختی ویلایەتی میشیگنە، چالاکڤانێکی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامەو چەندینجار لەگەڵ ترەمپ بیندراوەو وێنەی لەگەڵ گرتووە.
 
ترەمپ، لەبارەی مارک ساڤایا-وە دەڵێت، "خۆشحاڵم ڕایبگەیه‌نم کە مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق دەستنیشانکرا، تێگەیشتنی قووڵی مارک لەعێراق‌و ئەمریکا، پەیوەندییەکانی‌و پەیوەندییەکانی لەناوچەکەدا یارمەتیدەردەبن بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەمریکا".
 
ترەمپ لەبارەی ساڤایاوە زیاتر دەڵێت، "مارک ئەکتەرێکی سەرەکی بوو لەهەڵمەتی هەڵبژاردنم لەمیشیگن، لەوێ خۆی‌و ئەوانی دیکە یارمەتیدەربوون بۆ بەدەستهێنانی دەنگێکی پێوانەیی لەنێو موسڵمانانی ئەمریکا، پیرۆزە، مارک!"
 
شاری دیترۆیت‌و ویلایەتی میشیگن ژمارەیەکی زۆر لەموسڵمان‌و عەرەب‌و بەتایبەتی عێراقیی تێدا دەژین، دەنگیان کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەیە.
 
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ڕابردوو لەویلایەتی میشیگن، دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان زیاتر لە 49%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا بەرامبەر بەبەدەستهێنانی 48.3% بۆ کامالا هاریس كاندیدى دیموکراتەکان، نزیکەی 5%ی دانیشتووانی ویلایەتی میشیگن موسڵمانن.
 
بەگوێرەی پەیجەکەی لەلینکدئین، ساڤایا هیچ ئەزموونێکی لەکاروباری حکومی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ویلایەت‌و فیدراڵیی ئەمریکا نییە.
 
ئەو خاوەن کارێکی بەڕەچەڵەک عێراقیی کلدانییەو لەشاری دیترۆیت دەژی‌و کاردەکات، لەوێ زنجیرەیەک دەرمانخانەی تایبەتی بەبەکارهێنانی ماددەی ماریوانا بۆ دەرمانی پزیشکی بەناوی "لیف‌و بەد"، دامەزراندووە.
 
پاشنیوەڕۆی یەکشەممە لەپێگەی تایبەتی خۆی لەئینستاگرام، ساڤایا نووسیویەتی، "زۆر شەرەفمەندو سوپاسگوزارم بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کە منی وەکو نێردەی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری عێراق دەستنیشانکرد، پابەند دەبم بەبەهێزکردنی هاوبەشیی ئەمریکاو عێراق لەژێر سەرکردایەتی‌و ڕێنوێنیی سەرۆک ترەمپ، سوپاس جەنابی سەرۆک".
 
مارک ساڤایا لە ساڵی 1985 لەعێراق لەدایکبووەو لەساڵانی 1990کان عێراقی جێهێشتووە، لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لەئەمریکا کردووە.

لەدوای دەستنیشانکردنی مارک ساڤایا بۆ ئەو پۆستە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، یەکێک لەوانەی هەر زوو پیرۆزبایی لەمارک کرد، ئیلیزابێس تسورکۆڤی توێژەری ئیسرائیلی - ڕووسی بوو، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە بەبارمتەگیرابوو و مانگی ڕابردوو ئازادکرا، مارک ساڤایا یەکێکبوو لەوانەی ڕۆڵێکی کاریگەری لەئازادکردنی تسورکۆڤدا هەبووە.
 
تسورکۆڤ لەپەیامێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی ساڤایاو دەستنیشانکردنی وەکو نێردەی تایبەتی عێراق نووسیویەتی، "پیرۆزبایی لەمارک ساڤایا دەکەم بۆ ئەم پۆستە گرنگە، مارک ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەئازادکردنم دوای 903 ڕۆژ لەدەستبەسەرکردنم لەلایەن کەتائیبی حزبوڵڵا، کە میلیشیایەکی عێراقین‌و خزمەتی ئێران دەکەن، بەبێئەوەی هیچ شتێک بدرێت بەحزبوڵڵا، ئەمە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ هەر کەسێک، خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی ئێران لەعێراق دەکات‌و دەیەوێت سەروەریی عێراق لاوازبکات".

  • هه‌واڵێكى ناخۆش بۆ ئێران.. نوێنه‌ره‌كه‌ى تره‌مپ بۆ عێراق كێیه‌؟

  • له‌باشورى ئێران چ ده‌گوزه‌رێت؟ بۆچى سه‌رۆك هۆزه‌كان ده‌كوژرێن؟

  • بن غه‌فیر داوا له‌ناتانیاهۆ ده‌كات هێرشبكرێته‌وه‌سه‌ر غه‌ززه‌

  • له‌سلێمانى چى ڕوویداو بۆ هیچ كه‌س نه‌یزانى؟ هه‌سه‌ده‌و حكومه‌ته‌كه‌ى دیمه‌شق له‌سلێمانى كۆبوونه‌وه‌

  • ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌ له‌بنه‌ماڵه‌ى شێخ جه‌نگیه‌وه‌.. "ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ى بڵاوكرایه‌وه‌ ئێمه‌ نین"

  • لەهەولێر گوتاری ڕق‌و توندو بەکارهێنانی سەرچاوە حکومییەکان بۆ بانگەشە تۆمارده‌كرێت

  • نه‌ورۆزى سلێمانى تووشى نه‌خۆشییه‌كى قورس بووه‌.. ڕۆژه‌ سه‌خته‌كانى به‌ڕێده‌كات

  • چیرۆکی دورخستنەوەی خێزانێك له‌هه‌ڵبژاردن... یاساى ئه‌رژه‌نتین چییه‌و بۆ له‌عێراق كارى پێده‌كرێت؟

  • هه‌شت ملیۆن ده‌نگ له‌عێراق دیار نامێنێت.. داتاكان گومانى دروستكردووه‌

سەرەکی