8   کاتژمێر پێش ئێستا 8168 جار خوێنراوەتەوە

لەهەولێر گوتاری ڕق‌و توندو بەکارهێنانی سەرچاوە حکومییەکان بۆ بانگەشە تۆمارده‌كرێت

هاوپەیمانی تۆڕو ڕێکخراوە نیشتمانییەکانی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەوە ڕاپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژەی بەزیادبوونی نیگەرانکەر لەقەبارەی پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردن‌و گوتاری ڕق‌و کینە کردووە کە هاوڕێی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی 2025 بووە.

ڕاپۆرتەکە هۆشداریداوە لەوەی کە کێبڕکێی دیموکراسی دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی "کراوە"ی دەسەڵات کە تێیدا ئامرازەکانی پارەی گشتیی بەکاردەهێنرێت.

داتاكان نیشانیانداوە کە زیاتر لە 40%ی سەرپێچییەکان دەگەڕێنەوە بۆ دڕاندن‌و تێکدانی کەرەستەی بانگەشەیی کاندیدەکان، ئەمەش نیشانەیەکی توندی کێبڕکێ‌و کەمبوونەوەی هۆشیاری دیموکراسییە.

ڕاپۆرتەکە هەروەک تۆماریکردووە کە 27.5%ی سەرپێچییەکان بریتیبوون لەبەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان‌و ڕێگاوبان‌و شۆستەکان‌و 15.5% بانگەشەی پێشوەختە بووە پێش وادەی یاسایی، لەگەڵ 8.7% بەکارهێنانی موڵکی دەوڵەت‌و دامەزراوەکانی، کە ئەم ڕێژەیە وەک "بەرزو نیشانەی نەهێشتنی بێلایەنی دەوڵەت" وەسفکراوە.

دیمەنی هەڵبژاردن بێ گەندەڵی‌و کڕینی دەنگ نەبووەو ڕێژەکە (4.2%) بووە، جگە لەبەکارهێنانی هێما ئاینییەکان‌و سۆزی مەزهەبی‌و کرداری چەواشەکاریی‌و شێواندن لەژینگەی دیجیتاڵیدا.

بەپێی شیکاری جوگرافی، هەولێر (18.4%) لەپێشەوەی لیستی پارێزگاکان بووە لەڕووی ژمارەی سەرپێچییەکانەوە، پاشان نەینەوا (17.1%)و دواتر بەسرە  (16.2%).

لەهەولێر، گوتاری ڕقی توندو بەکارهێنانی سەرچاوە حکومییەکان بۆ بانگەشە تۆمارکراوە، لەکاتێکدا نەینەواو بەسڕە کرداری دڕاندن‌و سوتاندنی چڕی پۆستەرەکان تۆمارکراوە، جگە لەبەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان‌و بینا حکومییەکان.

کەرکوک بەسەرپێچییەکانی سروشتی ڕەگەزپەرستانەو جیاوازی نەتەوەیی جیاکراوەتەوە، لەکاتێکدا سلێمانی‌و دیوانیەو دهۆک سەرپێچییەکانی پەیوەست بەبانگەشەی پێشوەختە‌و تێکدانی سیستەماتیکیان تۆمارکردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەبەوەدەکات، بەکارهێنانی سەرچاوەکانی دەوڵەت لەهەڵمەتەکانی هەڵبژاردن "نەهێشتنی بێلایەنی دامەزراوە گشتییەکانە"، چونکە وەزارەت‌و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان گۆڕاون بۆ سەکۆیەکی بانگەشەی شاراوە.

هەروەک کڕینی دەنگ‌و بەڵێن بەدامەزراندن یان هاوکاری جۆری تۆمارکراوە.

ڕاپۆرتەکە داوای قورسکردنی سزاکانی دژ بەوکەسانە کردووە کە دەستیان لەتێکدانی پۆستەرەکان یان دەستیان لەهەڕەشەی چەکداریدا هەیە، داوایکردووە، ژمارەیەکی گەرم بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان کاربکرێت.

هەروەک ڕاپۆرتەکە پێشنیازیکردووە کە دەستەیەکی دادوەریی تایبەت بەگەندەڵی هەڵبژاردن درووستبکرێت‌و شایستەیی کاندیدانی تاوانبار بەهاندان یان بەکارهێنانی پارەی گشتیی هەڵپەسێردرێت.

لەسەر ئاستی درێژخایەن، پێشنیازیکردووە کە یاسای پارتەکان هەمواربکرێت بۆ سەپاندنی سزای دارایی ڕێگرو دروستکردنی ڕوانگەیەکی هەمیشەیی بۆ سەرپەرشتیکردنی دارایی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەهاوکاری لەگەڵ بانکی ناوەندیی‌و دەستەی نەزاهە، جگە لەپەیماننامەیەکی ناچارکەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق‌و کینە لەپلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان کە لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن‌و گەیاندنەوە سەرپەرشتیدەکرێت.

  • ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌ له‌بنه‌ماڵه‌ى شێخ جه‌نگیه‌وه‌.. "ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ى بڵاوكرایه‌وه‌ ئێمه‌ نین"

  • لەهەولێر گوتاری ڕق‌و توندو بەکارهێنانی سەرچاوە حکومییەکان بۆ بانگەشە تۆمارده‌كرێت

  • نه‌ورۆزى سلێمانى تووشى نه‌خۆشییه‌كى قورس بووه‌.. ڕۆژه‌ سه‌خته‌كانى به‌ڕێده‌كات

  • چیرۆکی دورخستنەوەی خێزانێك له‌هه‌ڵبژاردن... یاساى ئه‌رژه‌نتین چییه‌و بۆ له‌عێراق كارى پێده‌كرێت؟

  • هه‌شت ملیۆن ده‌نگ له‌عێراق دیار نامێنێت.. داتاكان گومانى دروستكردووه‌

  • ئەحمەد شەرع، شوێنی بەشار ئەسەد دەگرێتەوە بۆ ڕووسیا؟

  • پوتن‌و شه‌رع كۆبوونه‌وه‌... باسى چییان كرد؟

  • هەواڵگریی تورکیا لەلوبنان.. پاڵپشتیکردنی حزبوڵڵا تێکدانی بەرنامەی ئەمریکاو ئیسرائیل

  • ڕۆژئاواى كوردستان هۆشداریده‌دات‌و لامه‌ركه‌زى به‌بنه‌ماى دانوستانه‌كان داده‌نێت

سەرەکی