5   کاتژمێر پێش ئێستا 154 جار خوێنراوەتەوە

دامەزراوەی پەی بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، مەترسی لەبەردەم دەرگایە، كەی بە هۆش دێنەوە؟

ئیرادە میدیا

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان هۆشداری بە کۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەدات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هەرێمى كوردستان لەبەردەم مەترسییە گەورەكانی نەبونی موچە، هەڕەشە نێودەوڵەتییەكان‌و گۆڕانكارییە هه‌رێمیه‌ نوێكاندایە، هۆشداریی به‌دوو هێزه‌ بڕیار به‌ده‌سته‌كه‌ى هه‌رێم‌و هه‌روه‌ها ئۆپۆزسیۆنیش ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەچركەو ئان‌و ساتدا لەگۆڕانكاریدان، هەموو ئەوانەش كە دەگۆڕێن مەترسییەكان لەسەر ناوخۆی ئەو ئیدارانە زیاتر دەبێ".

هیچ هەوڵێك نەبووە و نییە بۆ ئەوەی پەرلەمان دروست بێت و بكەوێتەوە سەر پێ

دامەزراوەکە ئاماژە بەوەشدەکات کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20/10/2024) ئەنجامدرا، تا ئێستا ماوەی (ساڵێك و سێ مانگ و پانزە رۆژ) تێپەڕیوە بەسەریدا، كەچی جگە لە دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامان، هیچ هەوڵێك نەبووە و نییە بۆ ئەوەی پەرلەمان دروست بێت و بكەوێتەوە سەر پێ و هەنگاو بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی شەرعیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدرێت.

خولی شەشەمی پەرلەمان لە ئێستادا تەنها (دوو ساڵ و هەشت مانگ و پانزە رۆژ)ی ماوە

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان هۆشداری بە کۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەدات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20/10/2024) ئەنجامدرا، تا ئێستا ماوەی (ساڵێك و سێ مانگ و پانزە رۆژ) تێپەڕیوە بەسەریدا، كەچی جگە لە دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامان، هیچ هەوڵێك نەبووە و نییە بۆ ئەوەی پەرلەمان دروست بێت و بكەوێتەوە سەر پێ و هەنگاو بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی شەرعیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدرێت. خولی شەشەمی پەرلەمان (ساڵێك و سێ مانگ و پانزە رۆژ) لە تەمەنی رۆیشتووە،  لە ئێستادا تەنها (دوو ساڵ و هەشت مانگ و پانزە رۆژ)ی ماوە و دوای ئەوە دەبێ جارێكی تر بچینەوە ناو هەڵبژاردنێكی تر.

دەشڵێت، لەم سەروبەندەدا هێزە سیاسییەكانی هەرێم، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، گرنگیان بە دوو بابەت داوە، لەوانە: یەكەمیان سەرقاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و رێكخستنەوەو دروستكردنی حكومەتی عیراقن، كەچی وازیان لە كاراكردنەوەی پەرلەمانەكەی خۆیان و دروستكردن و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم هێناوە، دووەمیشیان سەرقاڵی پاراستن و پشتیوانیكردنی ئیدارەی رۆژاڤان، كە كارێكی زۆر باش و ئەركێكی نیشتیمانییە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەم كارەساتەی رۆژئاڤا بە هۆش خۆیانی نەهێناونەتەوە تا خەریكی دروستكردنی پەرلەمان و حكومەتەكەی خۆیان بن.

ئێستا سەركردایەتی سیاسی كورد، راستەوخۆ لەسەر زمانی ولاتانی زلهێزی جیهانەوە مەترسییە كانیان بەرگوێ كەوتووە

دامەزراوەی پەی هۆشداریشده‌دات ‌و ده‌ڵێت،"ئێستا سەركردایەتی سیاسی كورد، راستەوخۆ لەسەر زمانی ولاتانی زلهێزی جیهانەوە مەترسییە كانیان بەرگوێ كەوتووە، لە دوای پەلاماری حكومەتی سوریا بۆ سەر ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا راستەوخۆ لەوە تێگەیشتوون كە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە چركە و ئان و ساتدا لە گۆڕانكاری دان، هەموو ئەوانەش كە دەگۆڕێن مەترسییەكان لەسەر ناوەخۆی ئەو ئیدارانە زیاتر دەبێ.

حكومەتی هەرێم ساردبوه‌تەوە لەوەی هەوڵی زیاتر بدات بۆ دابینكردنی موچە

دەربارەی به‌دۆخى ئێستاى هاوڵاتیانى هه‌رێم، دامه‌زراوه‌ى په‌ى ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئێستا كە بۆ چەند مانگێك دەچێ‌ لەهەرێمی كوردستان، فەرمانبەران موچەیان وەرنەگرتوە، دیاریش نییە چارەنوسی موچەكانیان چی دەبێت! بەڵام وێڕای ئەوەش هاوڵاتیان لەپشتیوانیی پرسە نیشتیمانی‌و نەتەوەییەكان ساردنەبونەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم ساردبوه‌تەوە لەوەی هەوڵی زیاتر بدات بۆ دابینكردنی موچە بۆیان، ئێستا كە هەرێم لەبەردەم مەترسییە گەورەكانی نەبونی موچە، هەڕەشە نێودەوڵەتییەكان‌و گۆڕانكارییە هه‌رێمیه‌ نوێكاندایە، بەڵام پارتی‌و یەكێتیی بەدوو كاندیدی جیا چونەتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارى عێراقه‌وه‌".

په‌ى ده‌شڵێت، "ئەو هێزانە لەبری ئەوەی سود لەبۆچونه‌ جیاوازەكانی نێوان ماڵی شیعه‌ وەربگرن لەسەر مەسەلەی پێكهێنانی حكومەت‌و دانانی كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەیەكدەست‌و یەك گروپ لەگەڵ شاندەكانی شیعه‌و سوننەكان گفتوگۆ بكەن، ماف‌و داواكارییەكانی خەلكی هەرێم جێگیربكەن، هەموو ئەوانەیان بكردایەتە مەرج بۆ ئەوەی بەو مەرجانە بچنە ناو حكومەتی ئاییندەو دەنگبدەن، كەچی بەجیاجیا دادەنیشن‌و هەریەكەیان تاكە مەرجیان ئەوەیە كاندیدی دڵخوازی خۆیان بەسەرۆك كۆمار دەربچوێنن، نەك ماف‌و داواكارییەكانی خەڵك‌و پشتیوانیی بەهێزكردنی ئەزمونی حكومەتی هەرێم، نەك ماف‌و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، نەك جێبەجێكردنی مادە دەستورییەكان بەمادەی (140)یشەوە".

هێزە سیاسییەكانی هەرێم، هەرچەندە مەترسییەكانیش زیاتربن، ئەوان خەمساردتر دەبن

جارێكى دیكه‌ هۆشداریده‌داته‌وه‌و دەڵێت، "ئەمانە هەموی پێمان دەڵێن كە هێزە سیاسییەكانی هەرێم، هەرچەندە مەترسییەكانیش زیاتربن، ئەوان خەمساردتر دەبن، چەندە هاوڵاتیانی هەرێم یەكدەست‌و پشتیوانی بن لەپرسە نیشتیمانی‌و نەتەوایەتییەكاندا، گەرمتربن، ئەوان ساردتر دەبنەوە بۆ بەرگریكردن لەماف‌و شایستەكانیان".

پێویستە لەسەر پارتی‌و یەکێتیی لەزوترینکاتدا، لەلایەکەوە گوتارو داواکانیان یەکبخەن لەبەغدا، لەهەولێریش لەزوترینکاتدا پەرلەمان کارابکەنەوەو کابینەی نوێ پێکبێنن‌

پەی پێشنیازیكردوه‌، "بۆ دورکەوتنەوە لەو مەترسیانەی بەردەرگەیان گرتوە، بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد، بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکان‌و برەوپێدان‌و پاراستنی ئەو جۆش‌و خرۆش‌و یەکدەنگییە، بۆ رێزگرتن لەو پەرۆشییەی هاوڵاتیان، پێویستە لەسەر پارتی‌و یەکێتیی لەزوترینکاتدا، لەلایەکەوە گوتارو داواکانیان یەکبخەن لەبەغدا، لەهەولێریش لەزوترینکاتدا پەرلەمان کارابکەنەوەو کابینەی نوێ پێکبێنن‌و دامەزراوە فەرمییەکان لەپەکخستن دەربازبکەن، بەپێچەوانەوە گۆڕانکارییەکان ئەوەندە خێران، لەو سەردەمی بەرژەوەندیی‌و بێوەفاییەدا کەس فریای گەلی کوردستان ناکەوێت."!

پێویستیشە ئەمجارە هاوڵاتیانی هەرێم،ئەو یەكدەنگییە بپارێزن، بیگوازنەوەو ڕوو لەئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات بكەن

هه‌روه‌ك داوا له‌چین‌و توێژه‌ جیاوازه‌كانیش كراوه‌و ده‌ڵێت، "پێویستیشە ئەمجارە هاوڵاتیانی هەرێم، میدیاكاران، ڕێكخراوەكان، چالاكوانانی مەدەنی، ڕۆشنبیران، هاوڵاتیان بەسەرجەم چین‌و توێژەكانەوە، ئەو یەكدەنگییە بپارێزن، بیگوازنەوەو ڕوو لەئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات بكەن، بەدەنگی بەرز پێیان بڵێن: واز لەو سیاسەتە دوفاقییە بێنن، واز لەو خۆ نمایشكردنە دەستكردە بهێنن، نمایشی خۆدڵسۆزبونی ڕاستەقینە بێننە كایەوە، ناكرێ لەلایەكەوە لەهەوڵی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدابن، بەڵام لەهەرێمدا ڕق بەرامبەر یەكتری هەڵڕێژن‌و دامەزراوە شەرعییەكان پەكبخەن، هیچ دڵسۆزییەك نەبینرێ‌ بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و كابینەكەی‌و بەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتیان، چونكە هەموو ئەمانە، ئەو مەترسیانەی كە لەسەر هەرێم هەیە زیاتر دەكەن، تەنانەت ئەو دەرفەتانە كە لەئەنجامی گۆڕانكارییەكانەوە دێنە ئاراوە لەباردەبرێن‌و لەدەستدەچن".

پەرلەمانی کوردستان بۆ کارا ناکرێتەوە

پەرلەمانی کوردستان ماوەیەکە کارا نییە، ئەوەش زۆر هۆکاری تێدایە، بە گشتی ئەمانەن:

*کێشەی سیاسی نێوان پارت ولایەنە سیاسییەکانی هەرێم و هاوکێشە نەبوونی سیاسی و ناکۆکی لەسەر دەسەڵات و بەشداربوونی کارا لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان.

*فشاری ناوخۆ و دەرەوە،  کێشەی دارایی، موچە، و هەروەها کاریگەری هۆکارە ناوخۆیی و هەرێمییەکان.

نەبوونی ڕێککەوتنی گشگیرو کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەو کاراکردنەوەی پەرلەمان وپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، هەرچەندە هەندێ هەنگاو هەبوون، بەڵام نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

مەترسیەکانی کارا نەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان چین ؟

کارا نەبوونی پەرلەمان کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر ژیانی خەڵک، بەتایبەت لەڕووی موچە و دۆخی دارایی. 

کاتێک پەرلەمان کارا نییە:

چاودێری ڕاستەقینە لەسەر حکومەت نامێنێت.
پرسی موچە و داهات ئاڵۆزتر دەبن
خەڵک هەست بە نائاسایشی دارایی دەکات (قەرز، بێکاری، گرانبەهایی)

لەڕووی  یاسا و مافەکان

یاسای نوێ لەهەرێم دەرناچێت و چەقبەستوونی دروست دەبێت و یاساکانی ساڵانی ڕابردوو هەموار ناکرێنەوەو گۆڕانکارییان بەسەدا نایەت بەجۆرێک:مافی فەرمی خەڵک بەگشتی لەهەموو ڕووکانەوە بێ‌ پشتگیری پەرلەمانی دەبێت و هاوڵاتیان وادەزانن بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان نەکردووە و بەوەش لاوازبوونی سیاسی دروست دەبێت ومتمانە بە سیستەمی سیاسی کەم دەبێتەوە، شڵەژانی سیاسی دروسی دەبێت و گەنجان هیوایان نامێنێت وڕێژەی کۆچکردن زۆرتر دەبێت.

خزمەتگوزارییە گشتییەکان

بەهۆی ئەوەی پەرلەمان چاودێری کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، کارەبا، نەوت و کۆی داهاتەکان دەکات، کاتێک پەرلەمان کارا نییە بەگشتی خزمەتگوزارییەکان خراپتر دەبن

بە کورتی 

پەرلەمانی کارا = پاراستنی ماف، ژیانێکی ئارامتر
پەرلەمانی داخراو = ژیانی سەخت و بێ‌ئومێدی


کێ هۆکارە لە کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ؟

بۆکارانەکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک هۆکار و بەربەست بونیان هەیە بە کورتی، ئەمانەن گرنگترین هۆکارەکان:

1. کێشەی نێوان پارتە سەرەکییەکان
کێشە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی و هەروەها هێزەکانی دیکەی دەرەوەی ئەو دوو لایەنە بۆ دەسەڵات، یاسا، و بەشداریکردن لە بڕیارەکان.

2. ناکۆکی لەسەردەسەڵات و سەرۆکایەتییەکان
جێبەجێنەکردنی ماددە یاساییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە سەرۆکایەتی هەرێم و سنووری دەسەڵاتەکانەوە هەیە.

3. ناکۆکی دەربارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن
هەندێک لایەن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ ناکەن یان داوای گۆڕانکاری یاسایی دەکەن، کە ئەمە کاری پەرلەمان دەوەستێنێت.

4. فشاری دەرەکی و ناوخۆیی

کێشە داراییەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، و فشاری نێودەوڵەتی هەمووی کاریگەرییان هەیە.

5. لاوازی کولتووری دیموکراسی
زۆرجار بڕیارەکان لە دەرەوەی پەرلەمان دەدرێن، نەک لە ناو پەرلەمان، کە ئەوە رۆڵی پەرلەمان لاواز دەکات.

بۆیە، ناتوانرێت بڵێین "تاکە کەس یان تاکە حزب"هۆکارە
سیستەمێکی سیاسی پڕ لە ناکۆکی و نەبوونی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان هۆکاری سەرەکییە.

ڕۆڵی لایەنەکانی دەرەوەی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە چین؟

ڕۆڵی لایەنەکانی هەرێم لە دەرەوەی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا ئەمانەن:

فشار و ناڕەزایی سیاسی دروست دەکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و کۆتایی هێنان بە داخستنی و دەڵێن داخستنی پەرلەمان پێچەوانەی بنەمای دیموکراسییە.

هەوڵی ڕێکخستنەوەی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن دەدەن و بەشێکیان  هەوڵی  بەشداری لە بڕیار و هێزی سیاسی دەدەن.

بەگشتی  لایەنە ناوەخۆییەکانی هەرێم توانای گۆڕینی بڕیاریان نیە، بەڵام دەتوانن فشاردروست بکەن بۆ ناچارکردنی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان.

بۆچی پەرلەمانی کوردستان ساڵ لەدوای ساڵ لاوازتر دەبێت ؟

پەرلەمانی کوردستان ساڵ بە ساڵ لاوازتر دەبێت بۆ ئەم هۆکارانەی خوارەوە، بە کورتی:
دەسەڵاتی پارتە سیاسییەکان زیاترە لە دەسەڵاتی پەرلەمان، بڕیارە سەرەکییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان دەدرێن.
دوابەشبوونی سیاسی (دەسەڵاتی دوو لایەن) وای کردووە پەرلەمان نەبێت بە ناوەندی بڕیار.
نەبوونی چاودێری ڕاستەقینە لەسەر حکومەت، زۆربەی پەڕلەمانتاران پشتگیری پارتەکانی خۆیان دەکەن.

قەیرانی یاسایی و هەڵبژاردنەکان (دواخستن یان نەکردنی هەڵبژاردن) متمانەی گەلی لاواز کردووە.
دەست تێوەردانی حکومەت و هێزە باڵاکان لە کار و بڕیاری پەرلەمان.
پەرلەمان بووە شوێنی پەسەندکردنی بڕیار، نە شوێنی دروستکردنیان.

لە غیابی پەرلەمانی کوردستان ئێستا حکومەت چۆن هەرێم بەرێوە دەبات؟

لە غیابی پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی کاتی و بە پشتگیری یاساکانی پێشووتر هەرێم بەرێوە دەبات و دەسەڵاتی یاسادان زۆر کەمە، بۆیە حکومەت زیاتر پشت بە بڕیارە کۆنەکان، فەرمان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەبەستێت.

هاوکات، پڕۆژە یاسا نوێکان ناتوانرێت بە شێوەی ئاسایی پەسەند بکرێن، بۆیە بەرێوەبردن زیاتر دەبێت بە شێوەی بەڕێوەبردنی کارگێڕی (ئیداری) نەک چاکسازی یاسایی.

بەگشتی، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی سنوورداربوونی چاودێری دیموکراتی و کێشە لە ڕوونی و بەرپرسیارێتی حکومەت، بەڵام بۆ بەردەوامبوونی کارەکان، دامەزراوەکان بە شێوەی نائاراستە و کاتی کار دەکەن.

هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان 1992 - 2025

خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (46) ڕۆژ و لە 4/7/1992 کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30/1/2005 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (462) ڕۆژو لە 7/5/2006 کابینەی پێنجەم _یەکگرتنەوە_ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 29/7/2009 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (95) ڕۆژو لە 28/10/2009 کابینەی شەشەم و دوای دوو ساڵ کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 21/9/2013 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (270) ڕۆژو لە 18/6/2014 کابینەی هەشتەمی _بنکە فراوان_ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (282) ڕۆژو لە 10/7/2019 کابینەی نۆیەمی _سێ قۆڵی_ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20/10/2023) لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، تا ئێستا کە ساڵیک و زیاتر لە مانگێک _408 ڕۆژ_تێپەڕیوە بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا و تا ئێستا ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سیناریۆی جیاواز لە ئارادایە. 

ڕۆژی (2/12/2025) ساڵێك بەسەر یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا تێدەپەڕی، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت دانیشتنەكە بە كراوەیی هێڵدراوەتەوە، وێڕای سێ ساڵ بۆشایی یاسایی و دواتریش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك و سێ مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، كەچی هێشتا هەرێمی كوردستان بێ پەرلەمانە!


  • کێ گەمارۆی سەر کۆبانێی داوە و بۆ ناتوانرێت هاوکاریەکان بگەیەنرێتە شارەکە

  • دامەزراوەی پەی بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، مەترسی لەبەردەم دەرگایە، كەی بە هۆش دێنەوە؟

  • مەریوان وریا قانع: هیچ جیاوازییەک لەنێوان جیفری ئیپستین و داعشدا نییە

  • پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی عومان؛ ئەمریکا پەیامێک ئاراستەی ئیسرائیل دەکات

  • ئێران: ئەمەریکا هێرشمان بکاتە سەر، سەرەکیترین ئامانجمان ئیسرائیل دەبێت

  • وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی جێفری ئێپستینەوە چی دەڵێت؟

  • "سوپای سێبەر"؛ ناسنامە و ئەرکی گروپ و چەتەکانی سەربە تورکیا لە هیرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان

  • له‌ كوردستان خۆپیشاندانى ملیۆنى به‌ڕێوه‌ده‌چێت

  • ئەمریکا حەوت مەرج بۆ عێراق دادەنێت

سەرەکی