4   کاتژمێر پێش ئێستا 122 جار خوێنراوەتەوە

کێ گەمارۆی سەر کۆبانێی داوە و بۆ ناتوانرێت هاوکاریەکان بگەیەنرێتە شارەکە

ئەمڕۆ 7ی شوباتی 2026، گەمارۆی سەر کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری دەچێتە ڕۆژئ 19یەم ، ئەم شارە کە بە شاری بەرگری و بەرخودانی کوردان ناسراوە و یەکەم ناوچەی تێکشکانی چکدارانی داعشە ، وا جارێکی دیکە لەبەردەم مەترسی توندکردنەوەی گەمارۆکاندایە، بەڵام ئەم جارە گەمارۆی داعش نا بەڵکو گەمارۆی تورکیا و گروپە چەکدارەکانیان لەگەڵ سوریا و گروپە چەکدارەکانیان ئەوەش بە بەرچاوی وڵاتانی هاوپەیامان و ئەمریکیەکان .

 گەمارۆی سەر شارەکە، سەرباری جۆرێک لە لێکتیگەستن و ڕیککەوتن لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی دیمەشق، بە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان تونتر کراونەتەوە ، ئێستا لە کۆبانێ ( قەیرانی تەندرووستی و خۆراک و ئاو و سووتەمەنی و هەموو پێداویستییەکانی دیکە) گەورەتر دەبن و لەلایەن گروپ و چەتە و تیرۆرستان کەلەلایەن هەردوو دەوڵەتی تورکیا و سوریاوە پشتیوانی دەکرێن ڕێگریان لێدەکرێت و ڕێگە نادەن هیچ هاوکارییەک بگاتە شارەکە .

گەمارۆی سەر شارەکە دوای ئەوە هات کە سوپای دیمەشق و دەوڵەتی تورکیا بە هەموو گروپەکانیانەوە، ویستیان شارەکە داگیربکەن،  بەڵام بەرگری شەڕڤانان و گەلی شارەکە و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لەباشوری کوردستان و جیهان ڕێگری لێکرا، لەبەرامبەر ئەو ڕێگریەدا لە داگیرکردنی شارەکە هەردوو دەوڵەت بە گروپە چەکدار و چەتەکانیانەوە هەستان بە توندکردنی گەمارۆ و برینی کارەبا و ئاو لە دانیشتوانی شارەکە، ئێستا شارەکە بێ کارەبا و بێ ئاو ، بێ پێداویستی خۆراکی و بێ داودەرمانن .

پێشتر و هەر لە سەرەتاکانی گەمارۆدانی شارەکە، یەکەم دەرکەوتەی توندی گەمارۆکە بە گیانلەدەستدانی چوار منداڵ ئاشکرا کران، لە هەفتەی یەکەمدا و بەپێی ڕاگەیاندراوێکی مانگی سووری کوردستان بە هۆی سەرماوە لە کۆبانێ، چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا ، ئەوەش یەکەم زانگی مەترسیدار بوو لە توندی گەمارۆکە کە بەدوایدا نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی گەیاندنی هاوکاری مرۆی و بە ( 24) بارگەڵگر خۆراک و پێداویستی گەیاندە شارەکە.

کۆبانێ دەکەوێتە باکوری رۆژئاوا ، لە ڕۆژئاوای کوردستان و هاوسنورە لەگەڵ باکوری کوردستان و تورکیا ، ئەمرۆ کە شارەکە لە 19یەمین رۆژی گەمارۆکەدایە، پزیشکانی کۆبانێ هۆشداری دەدەن لەوەی سەرباری نەمانی پێداویستیە خۆراکیەکان، کێشەی گەورەیان نەمانی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانە تەنانەت بۆ ئەو هاولاتیانەی کە گرفتاری نەخۆشیەکانی وەک ( پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە  و توشبوانی شێرپەنجەن ) و ناشتوانن لە شارەکە بچنە دەرەوە بۆ دەستخستنی پێداویستییە پزیشکیەکانیان، هۆکاری یەکەم لە گەمارۆکەش پەکخستنی ژیان و داگیرکردنی بەزۆری ئەو شارە و پاککردنەوەییەتی لە کورد بەتایبەت دوای ئەوەی شارەکە بووە ڕەمزی بەرخودانی کورد لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە .

کێ گەمارۆی کۆبانێی داوە و لە کوێوە گەمارۆکان توندکراونەتەوە :

یەکەم :  کۆبانێ لە سێ لایەن یان لە سێ لای سەرەکییەوە گەمارۆ دراوە

لە باکورەوە تورکیا : سنووری باکوری کوردستان یان دەوڵەتی تورکیا بە تەواوی داخراوە و ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی هیچ کەلوپەلێکی مرۆیی نادرێت ، تورکیا ناوبەناو بۆردوومان دەکات لە رێگەی گروپە چەکدارەکانیەوە و بە درۆنیش بەردەوام بە ئاسمانی شارەکەدا چاودێری جموجوڵی شارەکە دەکات ..

گروپە چەکدارە چەتەییەکانی سوریا و تورکیا : ئەم گروپانە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شارەکەوە کۆبانێیان گەمارۆداوە و ناوبەناو هێرشی چەکداری دەکەنە سەر گوند و دیهاتەکانی سنوری کۆبانێ، گروپ گەلێکن بەردەوام چاویان لە تاڵانی و ڕفاندنی هاوڵاتیان و بڵاو کردنەوەی ترس و تۆقاندنە لە ڕێگەی ئەو کارە تیرۆرستی و کوشتارە ناجۆرانەی ئەنجامی دەدەن .

لە ماوەی ڕابردوودا و بە تەنها لە هێرشێ سەر گوندی ( خراب عشک ) پێنج کەس شەهید  و پێنج کەسی دیکەش بریندرا کران کە دواتر ناوەکانیان بڵاو کرانەوە، بەشێوەیەک لە ڕیزی کوژراو وبریندارەکان منداڵی تەمەن پێنج ساڵیان تێدا بوو لەوانە ( شریهان حاجی مەحموودی تەمەن 33ساڵ، فاتمە حاجی مەحموودی تەمەن 17ساڵ، مەسعود شێخ بۆزانی تەمەن پێنج ساڵ،  نەسرین موستەفای تەمەن 25 ساڵ و محەمەد شێخ بزان.

حکومەتی دیمەشق : لە باشورەوە دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق گەمارۆی شارەکەی داوە، لە پێش خۆیانەوە هەندێک لە فیرقە و گروپەکانیان هەن ، کاریان چۆڵپێکردنی گوندەکانی سنوری کۆبانییە لە خواروی شارەکە ، ئامانجیانە دانیستوانی ڕەسەنی گوند و دیهاتەکان لە کۆبانێ توند بکەنەوە و وردە وردە گوندەکان بخەنە ژێر داگیرکاری خۆیانەوە .

دووەم : تورکیا : ڕێبازەکانی تورکیا لە گەمارۆی کۆبانێ و ڕۆڵی ئەو دەوڵەتە لە گەمارۆکە

ساڵانێکە تورکیا چاوی لەوەیە ئەم شارە وەک عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی بخاتە ژێر داگیرکاری خۆیەوە، بۆ ئەو مەبەستە تورکیا بەردەوام ئەم کارانە دەکات :

بۆردومانی ژێرخانی خزمەتگوزاری شارەکە :  لەوانە ( وێستگەکانی وزە، ئاو و سووتەمەنی ) ئامانج لەم کارەی تورکیا بێبەشکردنی هاوڵاتیانی شارەکەیە لە پێداویستیە سەرەتاییە ژیانیەکان .

چاودێری بەردەوامی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) : ئامانج لەم کارە چاودێری و بۆردوومانی ناوبەناوی ئەو ئامانج  و هێزانەیە کە شارەکە دەپارێزن جا ئەگەر هاوڵاتی ئاسایش بێت ، هاوکات بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و بەردەوامی دانە بە ناجێگیری ئاسایش لە شارەکە .

بڕین و وشککردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو: تورکیا بۆ ئەم هەنگاوە لە کەمکردنەوەی ئاوی ڕووباری فوراتەوە دەستی پێکردووە ، هەر ئەوەش کاریگەرییەکی کوشندەی لەسەر کشتواڵ و ئاوی شارەکە هەیە ، ئێستا لە شارەکەدا نە ئاوی بەردەست هەیە نە جوتیارانی ناوچەکە و دیهاتەکانی دەتوان کشتوکاڵ بکەن .

سێیەم : گروپە چەکدارەکانی تورکیا و ڕۆڵیان لە توندکردنەوەی گەمارۆکانی سەر کۆبانێ : 

ئەو گروپە چەکدارانەی کە لەژێر فەرمانی تورکیادان، وەک یەک گوشار بەکاردێن، لەوانە ( تۆپبارانی بەردەوام – تاڵانی – چۆڵپێکردنی زۆرە ملێی ئەو گوندانەی هەندێک جار دەستیان پێی دەگات – بڵاکردنەوەی ترس و تۆقاندن – کوشتن و سەربڕین ) .

پێشتر دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی تابوری "توران"ەوە بەشداریی لە هێرشەکانی سەر شاری کۆبانێی کردووە، کە ئێستا بووەتە بەشێک لە سوپای سووریای بەناو (سوپای نیشتمانی).

تابوری توران لە چەکدارانی تورک، ئۆزبەک و تورکمان پێکدێت؛ تێکەڵەیەکن لە ئیسلامییە توندڕەوەکان و ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانە، ئەم گرووپە بەشداری شەڕی داگیرکردنی شاری منبجیان کرد و لەوێدا تاوانی جەنگیی گەورەیان ئەنجام دا.

چەندین جار تاوانەکانی ئەم چەتانە بە دەنگ و ڕەنگی (ڤیدیۆ) تۆمارکراون، ئەم تاوانانە بریتین لە لەسێدارەدانی بریندارەکان لەناو نەخۆشخانە و لەسێدارەدانی زیندانییەکان بە ئاشکرا، ئەم تاوانانەش لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بە بەڵگە کراون.


کاریگەری مرۆییەکان لە سەر کۆبانێ دوای توندکردنەوەی گەمارۆی سەر شارەکە : 

قەیرانی دەرمان : نەخۆشخانەکان بەدەست کەمی و پێداویستی پزیشکیەوە دەناڵێنن.

بێکاری: پەککەوتنی کارگەکان بە هۆی نەهێشتنی سوتەمەنی و بۆردوومان کردنیان .

نەهێشتنی چاندن و تیکدانی زەوییە کشتوکاڵیەکان و وسککردنی سەرچاوکانی ئاو بۆ ئاودێری و کشتوکاڵ .

کۆچ پێکردنی ناچاری : بە توندکردنەوەی گەمارۆکان و پەکخستنی ژیان لە شارەکە، تورکیا و سوریا و گروپەکانیان گەنجان و هاوڵاتیانی ناچار بە کۆچ دەکەن، بەم هۆیەوە بە پێی لێدوانی فەرمی ڕێژەی ئەوانەی کۆچبەربوون زیاتر لە 12هەزار خێزانە کە کۆچبەری قامیشلۆ و شارۆچکەکانی تر بوون ، لەم رێگەیەوە دەیانەوێت شارەکە بکەنە شارێکی سەربازی و مەترسیدار .

بۆچی تورکیا و سوریا گروپە چەکدارە چەتەیی و تیرۆرستیەکانیان خستۆتە پێش خۆیان لە داگیر کردنی شارەکە :

تورکیا و سوریا ئامانجیانە لە ڕێگەی گروپە چەکدارە تیرۆرستەکانەوە شارەکە وەک شارێکی مەترسیدار بناسێنن ، دواتر وەک ناوچەی مەترسی بۆ سەر هەردوو وڵات دەستنیشانی بکەن و لە ژێر ناوی بوونی گروپی تیرۆرست و داعشدا ڕەوایەتی بە داگیرکردنی بدەن .

 

  • کێ گەمارۆی سەر کۆبانێی داوە و بۆ ناتوانرێت هاوکاریەکان بگەیەنرێتە شارەکە

  • دامەزراوەی پەی بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، مەترسی لەبەردەم دەرگایە، كەی بە هۆش دێنەوە؟

  • مەریوان وریا قانع: هیچ جیاوازییەک لەنێوان جیفری ئیپستین و داعشدا نییە

  • پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی عومان؛ ئەمریکا پەیامێک ئاراستەی ئیسرائیل دەکات

  • ئێران: ئەمەریکا هێرشمان بکاتە سەر، سەرەکیترین ئامانجمان ئیسرائیل دەبێت

  • وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی جێفری ئێپستینەوە چی دەڵێت؟

  • "سوپای سێبەر"؛ ناسنامە و ئەرکی گروپ و چەتەکانی سەربە تورکیا لە هیرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان

  • له‌ كوردستان خۆپیشاندانى ملیۆنى به‌ڕێوه‌ده‌چێت

  • ئەمریکا حەوت مەرج بۆ عێراق دادەنێت

سەرەکی