4   کاتژمێر پێش ئێستا 73 جار خوێنراوەتەوە

"ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە"

ناوەندی هەواڵ

دەسەڵاتدارانی كورد دوو ساڵە كێشەی گەڕەكێكی كوردییان پێ چارەسەر ناكرێت، لەبەر پۆست لە بەغدادن و بیری كێشەی كوردی ئەو شارەیان نییە كە بە دڵ و قودس ناوی دەبەن.

لەکاتی هەڵبژاردندا کەرکوک قودس و دڵی کوردستانە

دوو سالە ناو بەناو كێشەی گەڕەكی نەورۆز لە كەركوك سەرهەڵدەداتەوە، تائێستا بەرپرسانی كورد لە كەركوك و بەغداد نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن، بەڵام بۆ پۆست و رێككەوتنە سیاسییەكانیان بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی حزبی و حكومین لە بەغداد و كەیفیان خۆشە و بەدەم یەكەوە پێدەكەنن.

دەسەڵاتدارانی كورد لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بۆ وروژاندنی هەستی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی دەنگ، بە پینەو پەڕ بۆ ماوەیەكی كاتی بەرپرسانی عێراق رازی دەكەن دەستبەرداری ئەو گەڕەكە كوردییە ببن كە كێشەكەی لەدادگایە، بەڵام هیچ كات چارەسەرێكی بنەڕەتییان بۆ نەكراوە.

بەرەبەیانی رۆژی 22 ی شوباتی 2026 جارێكی دیكە هێزێكی سوپای عێراق هەڵیكوتایە سەر گەڕەكی نەورۆز و چەند خێزانێكی كوردیان ئازاردا، ئامانجیان ئەوەیە خەڵكی ئەو گەڕەكە كوردییە چۆڵی بكەن، لەكاتێكدا كێشەیان لەگەڵ دانیشتوانە عەرەبەكەی هەمان گەڕەك نییە كە پێی دەوترێت گەڕەكی واست.

سوپای عێراق ئەو خانووانەی گەڕەكەكە بە موڵكی خۆی دەزانێت، لە كاتێكدا پێشووتر ئەو خانووانە خێزانی كوردی تێدابوون. كێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگایە و تائێستا یەكلایی نەبووەتەوە.

خاوەنی یەكێك لە خانووەكان كە كوردە دەڵێت بۆ پارشێو چووەتە ماڵی باوكی بەڵام هەواڵی پێگەیشتووە كە سوپا چووەتە ماڵیان، كە هاتووەتەوە بینیویەتی 10 بۆ 10 سەربازی سوپای عێراق لە ماڵەكەیدان، دوای ئەوەی رەتیكردووەتەوە بچێتە دەرەوە لە ماڵەكەی خۆی بە پاڵ و لێدان كردوویانەتە دەرەوە.

چیرۆكەكە بەمشێوەیەیە

دوو ساڵ لەمەوبەر هێزەكانی سوپای عێراق چوونە سەر ئەو گەڕەكە بە نیازی ئەوەی دەست بەسەر هەموو خانووەكاندا بگرن، بە بیانووی ئەوەی وەزارەتی بەرگری خاوەنی زەوی و خانووەكانی گەڕەكەكەیە و دەبێت كورد چۆڵی بكات.چواردەوری ئەو گەڕەكە كوردییە، كە ناوی گەڕەكی واستییە، ماڵی عەرەب و نەتەوەكانی دیكەن و سوپای عێراق بەلای ئەواندا نەچوون و تەنیا چوونەتە سەر ماڵی كوردەكان.

دوو ساڵە پێنج خانووی گەڕەكەكە لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، نزیكەی مانگێك لەمەوبەر و دوای ئەوەی سوپا بێهیوا بوو لەوەی بتوانێت دەست بەسەر هەموو گەڕەكەكەدا بگرێت، ئەو پێنج خانووەشی جێهێشت و خاوەن ماڵەكان چوونەوە ناو ماڵەكانیان، كەچی شەوی رابردوو ئاگاداركراونەتەوە كە چۆڵی بكەن، ئەگەرنا بە زەبری هێز دەریان دەكەن، ئەوەبوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی سوپای عێراق هەڵیكوتایە سەریان و دەریانكردن.

23 ساڵە کورد لەو گەڕەکەدایە

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، هاوڵاتییانی کورد خانوو و زەوییەکانی ئەو گەڕەکەیان کڕییەوە و ماوەی 23 ساڵە لەو گەڕەکەدا نیشتەجێن و هەموو ژیانیان لەو گەڕەکەدا بونیاد ناوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە سوپای عێراق لە هەوڵی داگیرکردنی گەڕەکەکەدایە و دانیشتووانەکەش خێمەی مانگرتنیان هەڵدابوو و ڕەتیان دەکردەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن.


  • "مێتا" ئەپڵیكەیشنی "مەسنجەر" دادەخات

  • "ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە"

  • ئۆجەلان بۆ تورکیا: لە پرۆسەی ئاشتی دەکشێمەوە

  • هەڵوێستی روسیا لەئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریكا و ئێران چی دەبێت؟

  • تورکیا بە نیازە عێراق و سوریاش دژ بە پەکەکە تێوەبگلێنێت

  • لەنێوان بازگەی کەڵەوانان و پیرەمەگرون چی روویدا؟

  • ئێران لەبەردەم دوو هەفتەی چارەنوسسازدا

  • عومه‌ر ئیلخانیزاده‌: له‌ هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ی ئەمشەودا پاسه‌وانێكم شه‌هید بووە

  • ئوستورالیا رێگە بە گەڕانەوەی چەند ئەندامێكی داعش بۆ وڵاتەكەی نادات

سەرەکی