پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
259 جار خوێنراوەتەوە
پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا
ناوەندی هەواڵ
"پاش تاوتوێکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە بەشداری بەرپرسی یەکەمی هەر پێنج لایەنەکە بڕیاری پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکە دراوە."
ئەو پێنج لایەنە لەڕاگەیەندراوەکەیاندا دەڵێن:" ئێمە ئەم حیزبە سیاسییانەی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"مان واژۆ کردووە، بە پشتبەستن بە مێژووی خەبات و تێکۆشانمان و بە سەرنجدان بە پێویستییەکانی وەڵامدانەوە و خۆدیتنەوە لە دۆخی سیاسیی ئیستای ئێراندا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی بۆ نەماوەتەوەدەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە،ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە".
ئەو پێنج لایەنەی هاوپەیمانییەکەیان پێکهێناوە پێکدێن لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
دەقی ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان!
ئازادیخوازان و خەباتگێڕانی سەرانسەری وڵات!
بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە بە شێوەی ڕێکخراو و بەردەوام دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ناوەندگەرا لەپێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیدا خەبات دەکات. کوردستان دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییش هەر سەنگەر و ناوەندی سەرەکیی خەبات و خۆڕاگری دژی ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرە بووە. کوردستان لەو ماوەیەدا تێچوویەکی زۆری بۆ خەبات و خۆڕاگرییی خۆی داوە. شەڕی بەسەردا سەپاوە، دەیان ڕێبەریی سیاسیی ئێعدام و تێرۆر کراون، هەزاران ڕۆڵەی خەباتکار و چالاکیی سیاسیی شەهید بوون و لە زیندانەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە، کوردستانیش وەک جوغرافیایەکی داگیرکراو میلیتاریزە کراوە و بە سیاسەتی سەرکوت و تاڵانوبڕۆ لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئیدارە کراوە.
ئێمە ئەم حیزبە سیاسییانەی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"مان واژۆ کردووە، بە پشتبەستن بە مێژووی خەبات و تێکۆشانمان و بە سەرنجدان بە پێویستییەکانی وەڵامدانەوە و خۆدیتنەوە لە دۆخی سیاسیی ئیستای ئێراندا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی بۆ نەماوەتەوە، بەڵام مخابن بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە دژبەرەکانی ڕاوەستاو بووە؛ لە کوردستان وزە و ڕیزەکانی خەباتگێڕیی خۆمان یەک خستووە و هاوپەیمانییەکی سیاسیمان ڕاگەیاندووە. مەبەستی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە کە پاش قۆناغی گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە "ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری"دا پێکهاتووە، یەکڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە.
ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئێمە بە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا پێ لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و هاوخەباتی سیاسیی و مەیدانیی نێوان حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران دادەگرین. ئێمە وێڕای داکۆکی لە شکڵگرتنی قۆناغێکی گواستنەوەی دێموکراتیک و گشتگیر، بنەمای هەر هاوکاری و هاوپەیمانییەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە به رهسمییهت ناسینی مافى نەتەوەیی نەتەوەکان، قبووڵکردنی دێموكراسی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک دەبێت.
ئێمە لەو هاوپەیمانییەدا باوەڕمان بە پاراستنی ژینگە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، چەسپاندنی هەڵبژاردنی ئازاد، دابینبوون و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان و بە دامەزراوەکردنی سیستمی بەڕێوەبەری و دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەوە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و سێكۆلار لە ئێران کە مافی پێکهاتە نهتهوەیی و ئایینییه جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە دەستەبەر بکات؛ بە ئەرکی خۆمان دەزانین.
ئێمە باوەڕمان وایە لە ئێستادا پتر لە هەرکاتێک یەکیەتیی سیاسی و هاوگوتاری لایەنە سیاسییەکان و تێکۆشانی هاوبەشی مەیدانییان مەرجی بەهێزکردنی پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییە بەردەوام بگۆڕەکانی ئێرانە. بۆیە ئامادەی هاوکاری کردنین لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەمان و هەموو خەڵکی کوردستانیش بۆ خۆدیتنەوە لە هاوپەیمانییەدا بانگهێشت دەکەین.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
ئەندامانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە
- پارتی ئازادیی کوردستان
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣/١٢/١٤٠٤ (٢٢/٢/٢٠٢٦)

-
پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا
|
-
"مێتا" ئەپڵیكەیشنی "مەسنجەر" دادەخات
|
-
"ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە"
|
-
ئۆجەلان بۆ تورکیا: لە پرۆسەی ئاشتی دەکشێمەوە
|
-
هەڵوێستی روسیا لەئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریكا و ئێران چی دەبێت؟
|
-
تورکیا بە نیازە عێراق و سوریاش دژ بە پەکەکە تێوەبگلێنێت
|
-
لەنێوان بازگەی کەڵەوانان و پیرەمەگرون چی روویدا؟
|
-
ئێران لەبەردەم دوو هەفتەی چارەنوسسازدا
|
-
عومهر ئیلخانیزاده: له هێرشه درۆنییهكهی ئەمشەودا پاسهوانێكم شههید بووە
|
|
|
|