2   کاتژمێر پێش ئێستا 46 جار خوێنراوەتەوە

كردارێك سیناریۆی 2014 بە بیر دەهێنێتەوە

ناوەندی هەواڵ

خەریكە وردە وردە سەرەتای پیلانە مەترسیدارەكە دەردەكەوێت، لەكاتێكدا باس لە هەڵاتن یاخود ئازادكردنی بە ئەنقەستی هەزاران ئەندامی داعش لە سوریا دەكرێت، كە بەشێكیان خۆیان گەیاندووەتە عێراق و هەزارانیشیان بە دەستبەسەری هێنراونەتە عێراق، حكومەتی عێراق دەستی كردووە بە لێسەندنەوەی چەك لە ئێزدیەكان.

ئێزدیەكان لە 2014 روبەڕووی كۆمەڵكوژی داعش بوونەوە، هەزارانیان لێكوژرا و هەزارانی دیكەشیان لێ بێسەروشوێنكرا، كە زۆربەیان ژن و منداڵبوون، ئێستاش خەریكە بە پیلان كار بۆ دووبارەكردنەوەی ئەو سیناریۆیە دەكرێت.

فشارەكانی توركیا

دوای فشارەكانی توركیا بۆ سەر عێراق و هەڕەشەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دژی ئێزدییەكانی شنگال، سوپای عێراق سەرەڕای ئەوەی بە زارەكی دژی بوو، دەستیكردووە بە درووستكردنی خاڵی نوێی سەربازیی لە شنگال.

بەپێی زانیارییەكان هێزەكانی عێراق دەستیان كردووە بە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دانیشتووانی شنگال كە بۆ خۆپاراستن هەڵیانگرتووە.

هەر بەپێی زانیاریەكان، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنێك بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی ئێزدییەكان لە سەرجەم گوند و كۆمەڵگەكانی شنگال ئەنجام دەدەن.

هەمان سیناریۆی 2014

ئەوەی جێگەی سەرنجە پێش كۆمەڵكوژیی 2014، هێزەكانی عێراق كە ئەو كات ئەركی پاراستنی شنگالیان پێسپێدرابوو، دەستیان بە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی هاوڵاتییان كردبوو، دوابەدوای ئەوەش چەكدارانی داعش هێرشیان بۆسەر ئێزدییەكان دەستپێكرد.

شنگال، دوای كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە 3ی ئابی 2014، لە لایەن ڕێكخراوی داعشەوە داگیركرا و بەو هۆیەوە وێڕای كۆمەڵكوژی دانیشتوانەكەی، هەزاران هاوڵاتی ڕفێندران و دەیان هەزاریش ئاوارە و دەربەدەر بوون.

لە تشرینی دووەمی 2015، هێزە كوردییەكان و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش توانیان شنگال ڕزگار بكەن.

لە مانگی ئابی 2017دا، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئەو كاتی عێراق، سەركەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند.

لە مانگی ئابی 2023 لە ساڵیادی داگیركرانی شنگالدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، هێشتا چارەنووسی 2 هەزار و 600 هاوڵاتی بە تایبەتی ژنی ئێزدی نادیارە و پڕۆسەی گەڕان بە دوای گۆڕە بە كۆمەڵەكان بەردەوامە.

چارەنوسی هەزاران ئێزدی نادیارە

نۆ ساڵە عێراق، سەركەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاندووە، كەچی هێشتا چارەنووسی هەزاران ئێزدی بە نادیاری ماوەتەوە و هەزارانیشیان هێشتا لە كەمپەكانی ئاوارەدا ژیان بەسەر دەبەن.

بە گوێرەی خەمڵاندنی نەتەوەیەكگرتووەكان، داعش 200 گۆڕی بە كۆمەڵی لە دوای خۆی بەجێهێشت، كە مەزندە دەكرێت ڕوفاتی 12 هەزار كەسیان تێدا بێت.

رێككەوتنی شنگال

لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020 بەپێچەوانەی خواست و ویستی دانیشتوانی شنگال بە هاندانی توركیا پارتی رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی واژۆكرد.

ئامانج لەو رێككەوتنە لەباربردنی دەستكەوتەكانی ئێزدییەكان و گەڕانەوەی دۆخی شنگال بوو بۆ پێش 3ی ئابی 2014، كە خەڵكی شارەكە لەبەرامبەر داعش بێ بەرگری بەجێهێڵران.

هەرزوو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال و دانیشتوانی شارەكە بە توندی دژی ئەو رێككەوتنە وەستانەوە و رەتیان كردەوە.

لە ڕێكەوتنەكەدا هیچ بەشدارییەك بە هێزە كوردییەكان شنگال نەكرابوو، كە دەسەڵاتداری سەرەكی ناوچەكەن و لە لایەن توركیا و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە باڵی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان دەناسرێن.

بە گوێرەی ڕێكەوتنەكە دەبوایە هێزێكی پۆلیسی خۆجێی بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی شنگال دروست بكرێت و بەشێكی لە خەڵكی نیشتەجێی شنگال و بەشێكیشی لە خەڵكی دانیشتووی كەمپەكان بێت.

هەروەها بڕیار درابوو، سوپا و حەشد و هێزەكانی دیكە لە شنگال دوور بخرێنەوە و پەیكەری ئیداری ناوچەكە ڕێكبخرێتەوە و دەست بە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بكرێت.

  • چی روویدا؟

  • كردارێك سیناریۆی 2014 بە بیر دەهێنێتەوە

  • پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا

  • "مێتا" ئەپڵیكەیشنی "مەسنجەر" دادەخات

  • "ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە"

  • ئۆجەلان بۆ تورکیا: لە پرۆسەی ئاشتی دەکشێمەوە

  • هەڵوێستی روسیا لەئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریكا و ئێران چی دەبێت؟

  • تورکیا بە نیازە عێراق و سوریاش دژ بە پەکەکە تێوەبگلێنێت

  • لەنێوان بازگەی کەڵەوانان و پیرەمەگرون چی روویدا؟

سەرەکی