×

2024-04-23 146 جار خوێنراوەتەوە

عێراق و هەرێم بە هەر نرخێک بێت دەیانەوێت دڵی ئێران بەدەستبهێنن

دۆسیەی تایبەت


سەرۆکوەزیرانی عێراق پێش وادەی 19ی ئەیلوول کە تاران بۆ چەک داماڵینی پارتە بەرهەڵستکارە کوردییەکانی ئێران لە عێراق دیاری کردووە، پەیوەندی لەگەڵ میدیاکان و سەرکردەکانی ئێران دەکات. هاوکات سەرکردە کوردەکانی عێراق لە پەیوەندیدان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە کە فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر پابەند نەبێت بە وادەی دیاریکراوەوە، هێرشەکان بۆ سەر ئامانجەکان لە کوردستانی عێراق دەست پێ دەکاتەوە.

سەدان ملیۆن دۆلار و سێ هەزار سەرباز

محەممەد شیاع سوودانی لە ٨ی ئەیلوول میوانداری شاندێکی لە ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی کرد لە بەغدا. لە دانیشتنەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتەکەی “شێلگیرانە” پەیڕەوی لەو ڕێککەوتنە ئەمنییە دەکات کە لە مانگی ئازاری 2023 لەگەڵ ئێران واژۆ کراوە، بەپێی زانیارییەکان ڕێککەوتنەکە بریتییە لە چەک داماڵینی پارتە بەرهەڵستکارە کوردییەکانی ئێران و دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران. هەروەها سوودانی ڕایگەیاند کە بەغدا (زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە و کارکردن بۆ جێگیرکردنی زیاتر لە 3 هەزار پاسەوانی سنوور بە درێژایی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران) لە هەمان کاتدا سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی نێوەندگیری دەکات لە نێوان تاران و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیدا، بەڵام بەهۆی نهێنی پرسەکەوە، وردەکاری زیاتری ئاشکرا نەکرد.
ڕۆژی دواتر سوودانی دڵنیایی دا بە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، کە ئاسایشی ئێران بۆ عێراق گرنگە و ئاگاداری کردەوە کە وڵاتەکەی (پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو لایەنانەی هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکەن)، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە (حکومەتەکەی، ئاسایشی ئێران بە ئاسایشی عێراق دەزانێت).
ڕەئیسی-ش لە ئاماژەیەکی ڕوون بۆ پارتە کوردییەکانی ئێران کە بارەگاکانیان لە کوردستانی عێراق بوونی هەیە، ئاماژەی بەوە دا کە (ناکرێت چاوپۆشی بکرێت لە چالاکییەکانی ئەو گرووپە جوداخوازانە).
محەممەد کازم ئالسادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کوردی عێراق دیداری کرد و ڕۆژی 11ی ئەیلوول، باڵیۆزی ئێران لەگەڵ نێچیرڤان بەرزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، لەو دیدارەدا سەرۆکی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەولێر پابەندە بە ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق و ڕێگە نادات هیچ هەڕەشەیەک لە خاکەکەیەوە بکرێتە سەر وڵاتێکی دراوسێ، هەروەها ئالسادق لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکات، شایانی باسە کە لە هەمان ڕۆژدا بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە.
بەر لەم پەیوەندی و چاوپێکەوتنانە، عەباس نیلفروشان، جێگری کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا هۆشداری دەدا لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کوردستانی عێراق ئەگەر لە 19ی ئەیلوول بەڵێنەکان جێبەجێ نەکرێت. نیلفروشان ئاماژەی بەوەش کرد، (ئێران چاوەڕێی ئەوە دەکات لە براکانمان لە کوردستانی عێراق ڕێگە نەدەن بە نەیارەکانیان لە ناوچەکە نیشتەجێ بن و بیکەن بە ناوەندێک بۆ هێرش کردنە وڵاتەکەمان).
ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران پێداگری لەسەر ئەوە کرد ئەگەر هیچ هەنگاوێک نەگیرێتە بەر، (دەگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و ئەو کاتە هیچ بژاردەیەکی ترمان نابێت جگە لە پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران).
جێگەی ئاماژە پێدانە کە ئێران لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی لە مانگ

ی ئازارەوە، هیچ هێرشێکی بۆ سەر ئامانجەکانی لە کوردستانی عێراق ئەنجام نەداوە.

پێداگریی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە

ئێران لە مێژە پارتە بەرهەڵستکارە کوردییەکانی ئێران کە بارەگاکانیان لە کوردستانی عێراقە، بە ئەنجامدانی چالاکیی جوداخوازی و تیرۆریستی بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە. پارتە کوردییە سەرەکییەکانی ئێرانیش بریتین لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، کۆمەڵە و پارتی ئازادی کوردستان.
لە ساڵانی ڕابردوودا سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەو شوێنانەی لە کوردستانی عێراقدا کردووەتە ئامانج کە دەوترێت سەر بە پارتە چەکدارە کوردییەکانی ئێرانن، یان پەیوەندییان بە سیخوڕە ئیسرائیلییەکانەوە هەیە.
هەروەها تاران پارتە کوردییە بەرهەڵستکارەکان تۆمەتبار دەکات بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی نائارامی دوابەدوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 ناڕەزایەتییەکان سەریان هەڵدا بەهۆی گیانلەدەستدانی کچێکی گەنجی کورد لە کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە.
گرووپە سیاسییە جۆربەجۆرەکانی عێراق ڕەخنەیان لە هێرشەکانی ئێران گرتووە و پێیان وایە ئەو کارە پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. ئێران لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق لە مانگی ئازاری ڕابردوودا هیچ هێرشێکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام نەداوە. وەستاندنی هێرشەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران بەردەوام بووە لە فشارە سیاسییەکان بۆ ڕازیکردنی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە پارتە کوردییەکانی ئێران لە کاتی چەک داماڵیندا دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکانی ڕۆژئاوای عێراق. بەڵام نوێنەری پارتە بەرهەڵستکارەکان هەر چەشنە چەک داماڵینێکیان ڕەت کردووەتەوە و تەنها ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ڕووکردنە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی عێراق.
لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە کاتێک سوودانی بە پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی ئێران لە بەغدا دەست بەکار بوو، کاری کردووە لەسەر گەیاندنی ئەو پەیامە بۆ ئێرانییەکان کە شێلگیرە لە نەهێشتنی نیگەرانییەکانی ئێران، سوودانی دوای مانگێک لە دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٢، گەشتێکی کرد بۆ ئێران و لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران باسی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێرانی کرد.
بەشێک لە چاودێران پێیان وابوو ڕەنگە سوودانی لە ڕووی سیاسییەوە سوودی لە هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران وەرگرتبێت بۆ سەر پارتە بەرهەڵستکارەکانی ئێران، ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق ڕەنگە ئەو ڕێوشوێنانەی خێراتر کردبێت کە بەغدا لەمێژە دەیویست بیگرێتە بەر.

چی روودەدات؟

دوا وادەی ئێران بۆ داماڵینی چەک لە پارتە کوردییەکانی ئێران، هەم دەرفەت و هەم هەڕەشەی خستووەتە بەردەم سەرکردەکانی عێراق.
داماڵینی چەک لە پارتە بەرهەڵستکارەکانی ئێران سەرمایەیەکی سیاسی بۆ سوودانی فەراهەم دەکات و لە لایەنێکی دیکەشەوە ڕێگەی پێ دەدات پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ واشنتۆن هەبێت. ئەگەر هەولێر ڕەتی بکاتەوە هاوکاری لەگەڵ ئێران بکات، دەکرێت بەغدا ئەم هەلە بقۆزێتەوە و وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا لەڕێگەی هێرشکردنە سەر پارتە بەرهەڵستکارە کوردییەکانی ئێران. سەبارەت بە سەرکردە کوردەکانی عێراقیش، ملدان بە داواکارییەکانی ئێران، ڕەنگە هانی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی کوردستان بدات و کورد بێبەش بکات لە کارتێکی گوشاری گرنگ لە دژی سوپای پاسدارانی ئێران. لە کۆتاییدا، ئەم هەنگاوە دەتوانێت دەروازەیەک بکاتەوە بە ڕووی بەریەککەوتنێکی کراوە لەگەڵ پارتە بەرهەڵستکارەکانی ئێران.

سەرچاوە: امواج میدیا

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی