دوای شەش رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی رۆژنامەنووسێکی ماڵپەڕی رۆژنیوز، تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەی سی پی تی-دا هاتووە “تیمی ڕێکخراوەکەمان ئاگادارکراوەتەوە کە لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەوانی کوردی-سوریی کە بۆ سەردانی خانەوادەکەی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ پارێزگای سلێمانی کە شوێنی کارەکەی لەو پارێزگایەیە، لە دەروازەی سنوری فیشخابور دەستگیرکراوە”.
رێکخراوەکە جەختیکردوەتەوە؛ بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، پێویستە لەسەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم شوێنی دەستبەسەرکردن و هۆکارەکانی دەستگیرکردنی سلێمان بۆ خانەوادەکەی ئاشکرا بکەن.
ئەمە شەش رۆژە رۆژنامەنووسەکە بێسەروشوێنە، تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی زانییاری لەبارەیەوە ئاشکرا نەکردووە، کەس نازانێت هۆکاری دەستگیرکردنەکەی چییە و لەکوێ دەستبەسەر کراوە.
پێشتریش سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد، چارەنووسی (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز ئاشكرا بكەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەی سەنتەری میترۆدا داواش کراوە، کە دەبێت ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، بە سەلامەتی بگەڕێتەوە شوێنی کارەکەی
بە مەبەستی بەدواداچون بۆ کەیسی ڕۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکە سەنتەری میترۆ راوێژكاری یاسایی خۆی راسپاردووە و دەڵێت لەگەڵ هەر پێشكەوتنێك لە كەیسەكەدا ڕای گشتی ئاگادار دەكەینەوە.
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانو نوسەرانی سەربەخۆش لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو؛ وێڕای سەرکۆنەکرنی بەردەوامی پەلاماردانو دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان، داوای هەرچی زوتر ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەم ڕۆژنامەنوسەو ڕێزگرتن لەیاساو ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی دەکەن.
رۆنووس جهختدهكاتهوه، “هێشتنەوەی دۆسیەی ئەم ڕۆژنامەنوسە بەگوێرەی ئەوەی کە ئاژانسی (ڕۆژنیوز) ئاماژەی پێداوە، پێشێلکردنێکی بێ چەندوچونی یاسای کاری ڕۆژنامەنوسیو تاوانێکی ڕاستەوخۆشە دژ بەئازادیو ئازادی ڕادەربڕین، سەرەڕای ئەوەی نابێت هیچ دەزگاو لایەنێک لەهەرێمی کوردستان ڕێگە بەخۆی بدات، لەژێر ناوی ھەر پاساوو بیانویەکدابێت، هیچ کەسێک شوێنبزر بکات”.