23   کاتژمێر پێش ئێستا 242 جار خوێنراوەتەوە

رێکخراوی CPT: چەندان ڕۆژنامەوان و چالاكی سیاسی لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانن و تۆمەتی جیاجیان خراوەتە پاڵ

ناوەندی هەواڵ

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT ئەمریكی، لە ساڵیادی تیرۆركردنی سەردەشت عوسماندا، داوای ئازادكردنی ڕۆژنامەوانانی زیندانی و باشتر كردنی ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین دەكات، دەشڵێت، داوا لە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە تاوانبارانی دۆسیەی سەردەشت ڕووبەڕوی دادپەروەری بكرێنەوە، سەنتەری میترۆش دەڵێت "تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان تەنها رۆژنامەنوسێكی بە دونیا نەناساند بەڵكو خێزانێكیشی بە ئێمە ناساند كە تەسلیم نەبوون و بەردەوام بوون لە خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بۆ عەدالەت". 

16 ساڵ بەر لە ئێستا، ڕۆژنامەوان سەردەشت عوسمان لەبەردەم زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ڕفێنرا و دواتر بە كوژراوی تەرمەكەی لەسەر ڕێگای موسڵ دۆزرایەوە. لە ساڵیادی تیرۆركردنی ئەو ڕۆژنامەنوسەدا، تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT ئەمریكی دەڵێت: بەڕێز و شكۆوە یادی كارە ڕۆژنامەوانییەكانی دەكەینەوە. بە بەرزی لە تێكۆشانی ناوبراو دەڕوانین بۆ فراوانكردنی مەوداكانی ئازادی ڕادەربڕین و زمانی ڕەخنەیی.

پابەندی خۆمان بۆ دەستهەڵنەگرتن لە دۆسیەی سەردەشت ڕادەگەیەنین

"سەرباری دووپاتكردنەوەی هاوخەمی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT، پابەندی خۆمان بۆ دەستهەڵنەگرتن لە دۆسیەی سەردەشت ڕادەگەیەنین و بەڵێن دەدەین كە ڕژدتربین لە بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلكارییانەی كە بەرامبەر بە هاوكار و هاوڕێ ڕۆژنامەوانەكانی سەردەشت عوسمان لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە ئەنجامدەدرێن".

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT ئەمریكی باس لەوەشدەكات، "لە كاتێكدا یادی سەردەشت دەكەنەوە، كە نزیكەی شەش ساڵە ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی، لە زینداندایە و بە بڕیاری نادادپەروەرانە حوكمدراوە. تاوەكو ئێستاش دیار نیە كە ئایە دۆسیەی تری بۆ دەكرێتەوە یاخود ئازاد دەكرێت!. لە ئێستادا بەهۆی نادادی و سەربەخۆ نەبوونی سیستەمی دادوەری لە هەرێمی كوردستاندا، ماوەی 15 ڕۆژە، شێروان شێروانی مانی لە خواردن گرتووە و داوای دادپەروەری دەكات. بەهۆی سەختی مانگرتنەكەیەوە، بارودۆخی تەندروستی باش نیە. دەبێت دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی ناوبراو".

ڕۆژنامەوانانی پارێزگای سلێمانیش ڕووبەڕوی كۆسپ و تەگەرە و سەختی دەبنەوە

بە وتەی ئەو رێكخراوە، ڕۆژنامەوانانی پارێزگای سلێمانیش ڕووبەڕوی كۆسپ و تەگەرە و سەختی دەبنەوە و لەكاتی گرژی و ئاڵۆزییەكاندا دەستگیردەكرێن، میدیاكانیان دادەخرێن و سزادەدرێن. "زیاتر لە هەشت مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر پەلاماردانی دەزگای میدیایی زووم نیوز و سەرباری شكاندنی كەلوپەلەكانییان، تاوەكو ئێستا ئامێرەكانییان بەتەواوی پێ نەدراوەتەوە. ڕۆژنامەوانان لەلایەن دەزگاكانی ئاسایشەوە دەستگیردەكرێن و لیكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت بە بێ ڕوونكردنەوەی هۆكاری دەستگیركردنییان و ئازار دەدرێن. چەندان ڕۆژنامەوان و چالاكی سیاسی لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانن و تۆمەتی جیاجیان خراوەتە پاڵ".

تاوانبارانی دۆسیەی سەردەشت ڕووبەڕوی دادپەروەری بكرێنەوە

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT ئەمریكی لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا نوسیویەتی:"لەگەڵ وەبیرهێنانەوەی تەواوی ڕۆژنامەوانانی تیرۆركراو، زیندانیكراو و ئەشكەنجەدراو، لە شازدەهەمین ساڵیادی تیرۆركردنی سەردەشت عوسماندا، داوا لە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە تاوانبارانی دۆسیەی سەردەشت ڕووبەڕوی دادپەروەری بكرێنەوە. ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی و ڕۆژنامەوان و چالاكانی مەدەنی تر لە زیندانەكان ئازادبكرێن و ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین بگیرێت".

سەنتەری میترۆ: حوكمدانی شیروان شێروانی و هاوڕێكانی نمونەی زەقی زەبروزەنگی دەسەڵاتدارانە 

هەر لەو بارەیەوە، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان، تەنها رۆژنامەنووسێكی بە دونیا نەناساند, بەڵكو خێزانێكیشی بە ئێمە ناساند كە تەسلیم نەبوون و بەردەوام بوون لە خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بۆ عەدالەت ، سازشیان نەكرد و لە بری "تۆڵەكردنەوە"داوای "دادپەروەری"یان كرد.

سەنتەری میترۆ لە یادی 16 ساڵەی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا دەشڵێت: ئامادەبوون و رێكخستنی مەراسیم هەموو جارێك بۆ یادەوەریی سەردەشت، گوزارشتە لە پەیامی سووربونمان لەسەر ئاشكراكردنی بكوژانی ئەو رۆژنامەنووسە لاوە، ئێمە لە ژینگەیەكدا كار دەكەین كە یاسا سەروەر نییە، یاسای هێز شوێنی بە هێزی یاسا لێژكردووە، دەربازبوون لە سزا و هەڵهاتنی بكەرانی تاوان لە عەدالەت و بێ مافكردنی قوربانیان و خێزانەكانیان لە عەدالەت دژ بە هەموو پرەنسیپەكانی یاسای نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤە.

لە هەرێمی كوردستان، هەموو ڕێكارەكانی زەبروزەنگ بەكارهێنراوە 

میترۆ جەختیش دەكاتەوە، لەوەی لە هەرێمی كوردستاندا، هەموو ڕێكارەكانی زەبروزەنگ بەرانبەر بە ئازادی ڕۆژنامەگەری بەكارهێنراوە بە ئامانجی كپكردنی دەنگی ئازاد و جیاواز، بە شێوەیەكی نایاسایی نوسینگەی كەناڵەكانیان داخستووە، فەزای كاری مەدەنیان بەرتەسك كردووەتەوە، دادگاكانیش بە چاوێكی پیشەیی و سەربەخۆ تەماشای كەیسی رۆژنامەنووس و چالاكوان نەكردووە و هەندێ له بریارەكانیان لە بەرژەوەندی عەدالەت و بەرزكردنەوەی ناوبانگی دامەزراوەی دادوەری هەرێمی كوردستان نەشكاوەتەوە.

" نمونەی زەقی ناو ئەم دیمەنە، حوكمدانی شیروان شێروانی و هاوڕێكانی بووە. نازانین رووبكەینە كێ؟ داواكارییەكانمان بۆ كێ بەرین؟ بەڵام، لەگەڵ هاورێكانی ترمان داوای ئازادكردنی شیروانی مانگرتوو و حوكمدرا و قارەمان شوكری دەكەین." سەنتەری میترۆ وا دەڵێت.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەی میترۆدا هاتووە:"مافیاكانی تاوان ویستیان لە رێی تێرۆری (سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، مامۆستا عەبدولستار، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن)، لە رێگەی هەڕەشە و لێدان، و زیندانیكردن، لە رێگەی هەڵمەتی ناشرین كردنی كەسایەتیی نووسەران و رۆژنامەوانان، بێدەنگ بین و یەك رەنگ بین بەڵام شكستیان هێنا".

  • رۆڵی ئۆجەلان دیاری بكرێت؛ بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئاپۆیی: هەنگاوی پێویست لەلایەن توركیاوە نەنراوە

  • هانتا؛ ئەو ڤایرۆسەی لەسەر كەشتییەكی گەشتیاری لە زەریای ئەتڵەسی بڵاوبوەوە چییە؟

  • رێکخراوی CPT: چەندان ڕۆژنامەوان و چالاكی سیاسی لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانن و تۆمەتی جیاجیان خراوەتە پاڵ

  • ترەمپ دوو بژاردە دەخاتە بەردەم ئێران؛ رێككەوتن بە نیەتی باش یان دەستپێكردنەوەی جەنگ

  • ئاشتی لە نێوان گومانی كورد و دڵنیاییەكانی حكومەتی توركیادا

  • ململانێی وەزارەت؛ ئەركی سەرۆكوەزیرانە راسپێردراوەكەی عێراق قورس دەكات

  • سەردەشت عوسمان؛ ئەو رۆژنامەنوسەی لەسەر خەیاڵەكانی تیرۆر كرا

  • داتای 2026؛ ئازادی رۆژنامەوانی لەسەر ئاستی جیهان دابەزیوە

  • پێشنیارە 14 خاڵییەکەی ئێران بۆ ئەمریکا؛ کۆتایی بە ململانێ دەهێنێت؟

سەرەکی