5   کاتژمێر پێش ئێستا 379 جار خوێنراوەتەوە

بومەلەرزەی دژە گەندەڵی لە عێراق؛ ٧٤ بەرپرسی باڵا دەستگیرکران و لێکەوتەکانی دەگەنە هەرێم

ئەم گۆڕانکارییە جۆرییە نیشانیدەدات کە هێڵە سوورەکانی بەردەم گەندەڵکاران لە عێراق خەریکە دەشکێن، لە کاتێکدا هاووڵاتیانی هەرێم هێشتا چاوەڕێی هەنگاوێکی هاوشێوەن بۆ ڕاگرتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی لە لایەن دەسەڵاتی خۆجێییەوە.

ناوەندی هەواڵ

لەکاتێکدا هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر باری گرانیی بژێوی، نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و ناسەقامگیریی ئابووریدا دەناڵێنن، پرسی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی وەک هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانە دێتە بەرباس. 

لێدوان و شیکاریی چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشەی ڕاستەقینەی عێراق و هەرێم نەبوونی داهات نییە، بەڵکو نەبوونی شەفافییەت و پاوانخوازیی دەسەڵاتە؛ ئەم دۆخە پڕ لە چەقبەستوویی و قەیرانە داراییانە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتێکی نادروست و نادادپەروەرییە لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانیدا، کە تێیدا بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان خراونەتە پێش بژێوی و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانەوە. بەڵام ئێستا حکومەتەکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بێپێشینە و "شۆکئامێز"ی دژی گەندەڵکاران دەستپێکردووە کە پشکی بەرپرسانی کوردییشی تێدایە.

ئۆپەراسیۆنی شەو": بەغداد چۆن گەندەڵکارانی ڕاوکرد؟

شەوی ڕابردوو، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دادگاو وڵاتەکە، هێزێکی هاوبەشی گەورە (پێکهاتوو لە دژە تیرۆر، سوپا، دەستەی نەزاهە و ئاسایشی نیشتمانی) ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز، چەندین گەڕەکی بەغداد و پارێزگاکانی تری عێراق دەستپێکرد.

ژمارەی دەستگیرکراوان: تا ئێستا ٧٤ بەرپرسی باڵا، پەرلەمانتار، پارێزگار و گەورە بازرگان دەستگیرکراون.

کلیل و سەرچاوەی زانیارییەکان: ئەم زەمینەلەرزەیە دوای دانپێدانانە مەترسیدارەکانی عەدنان جومەیلی (بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت) هات، کە ناوی ١٦٨ بەرپرسی باڵای ئاشکرا کردووە. لە باخەکەی جومەیلیدا زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلار و ٣١ ملیار دیناری عێراقی دەستی بەسەردا گیراوە.

لابردنی پارێزبەندی: ئەو پەرلەمانتارانەی گیراون، پێشتر لەلایەن هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانەوە پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرابوو.

گەندەڵی لە هەرێم و پشکی بەرپرسانی کورد

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان، لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا پەردەی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادا و ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی سیستمی حوکمرانی هەرێم کرد:

"لەو پرۆسەیەی عێراقدا بەرپرسی کوردیشی تێدایە، لە ئاستی وەزیر و سێ بریکاری وەزیری کورد ناویان هەیە کە گەندەڵییەکەیان لە پڕۆسەی گرێبەست و تەندەریندایە."

حەمەساڵح بەراوردکارییەک لە نێوان بەغداد و هەولێر دەکات و دەڵێت:لە کاتێکدا لە بەغداد گەورە بەرپرسان دەگیرێن، لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم هەموو گەندەڵی و قەیرانە، تا ئێستا هیچ وەزیر و بەرپرسێکی باڵا دەستگیرنەکراوە.

عەلی حەمە ساڵح، هۆشداریدەدات کە ئەگەر پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی لەو شێوەیە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، "هەرچی بەرپرسە دەگیرێت"، چونکە گەندەڵی تەواوی جومگەکانی گرتووەتەوە.

 دەستگیرکردنەکان لەناو دڵی هەولێردا

سەلماندنی ڕاستی لێدوانەکان لەسەر بوونی گەندەڵکاران لە هەرێم، لە ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانی ئەمرۆدا دەرکەوت؛ کاتێک هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەولێر، دوو پەرلەمانتاری عێراقیان لەناو جەرگەی هەولێردا دەستگیرکرد و بە هێلیکۆپتەر گواسترانەوە بۆ بەغداد، ئەوانیش:

محەممەد کەربوولی (پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عەزم)

زیاد جەنابی (پەرلەمانتاری هاوپەیمانی تەقەدوم)

 داهاتووی پرۆسەکە: بەرەو نێودەوڵەتیبوون

حکومەتی عێراق لە ئێستادا کار لەسەر ٩٣٤ دۆسیەی گەندەڵی دەکات. پرۆسەکە تەنیا ناوخۆیی نابێت؛ بەو پێیەی بەشێک لە بەرپرسان پارەکانیان بردووەتە دەرەوە، بەغداد بە نیازە بە هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) پرۆسەی گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەش دەستپێبکات کە ڕایانکردووەتە دەرەوەی وڵات.

ئەم گۆڕانکارییە جۆرییە نیشانیدەدات کە هێڵە سوورەکانی بەردەم گەندەڵکاران لە عێراق خەریکە دەشکێن، لە کاتێکدا هاووڵاتیانی هەرێم هێشتا چاوەڕێی هەنگاوێکی هاوشێوەن بۆ ڕاگرتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی لە لایەن دەسەڵاتی خۆجێییەوە.

ناوی بەشێک لە دەستگیرکراوان
موسەنا سامەرائی
زیاد جەنابی
بەها نوری
محەمەد کەربولی
عالیە نسەیف
محەمەد مەیاحی
حەسەن خەفاجی
عەبدولرەحمان. لوێزی
مزر کروی
هند عەباسی
محەمەد فەرمان
محەمەد سەیهود
عەلی مەعاریج بریکاری وەزارەتی نەوت
ئیبراهیم سمێدعی 

  • هاوپەیمانێتی یەکێتی و نەوەی نوێ؛ نەخشەی ململانێ و ئایندەی پێکهێنانی حکومەت

  • زانکۆی سلێمانی پێشنیاری دوورخستنەوەی د. عەبدوللەتیف سەلەفی ئاراستەی وەزارەت دەکات

  • بومەلەرزەی دژە گەندەڵی لە عێراق؛ ٧٤ بەرپرسی باڵا دەستگیرکران و لێکەوتەکانی دەگەنە هەرێم

  • لێکۆڵینەوەکان بە نهێنی دەکرێن و فراوانتر دەبن؛ شەوی رابردوو بۆ "دزەکان" لە عێراق نەهات بوو

  • نەوەی نوێ وەک مقاش؛پارتی بە نیازی چییە و یەکێتی چی دەوێت؟

  • بڕیار لەسەر کەیسەکەی عەبدوللەتیف سەلەفی دەدرێت

  • هەرێم نایەوێت 120 ملیار بداتە عێراق؛ سێ وەفدی هەرێمی كوردستان دەچنە بەغداد

  • پێدەچێت کەیسەکەی د. عبدالتیف لە وەزارەت بڕیاری لێنەدرێت و ئاراستەی دادگا بکرێت

  • یه‌كێتى و پارتى له‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كتر بێئومێد بوون؛ چى ڕووده‌دات؟

سەرەکی